پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک    بەسەر دەکاتەوە… لەم ژمارەیەدا رەگەز کەمال چالاکوانی سیاسی و ئەندامی گروپی ١٧ی شوبات وەڵام بەپرسی ڕۆژ دەداتەوە

0

پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک

 بەسەر دەکاتەوە…

لەم ژمارەیەدا رەگەز کەمال چالاکوانی سیاسی و ئەندامی گروپی ١٧ی شوبات وەڵام بەپرسی ڕۆژ دەداتەوە

پرسی ڕۆژ: یەکێك لەپرسە هەرە گەرمەکانی ئەم یەك ساڵەی ڕابردوو دادگاییکردنی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانی هەولێر و بادینان بوو. ئازادکردنی ژمارەیەکیان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەڵگری چ پەیامێکە لەلایەن حکومەتی هەرێم؟ ئایا بڕیاری ئازادکردنیان؛ لە ژێر فشاری بەردەوامی ساڵی ڕابردووی هەڵسوڕاوانی ئازادیخوازانی کوردستان، و ڕێکخراوە ئازادیخوازە نێوەدەوڵەتی و هەندێک لە وڵاتانی دەرەوە بوو؟ یان شتێکی دیکە بوو؟

ڕەگەز کەمال: ڕەشبگیری و زیندانیکردنی چالاکوان و رۆژنامەوان و رەخنەگرانی بادینان درێژکراوەی هەمان ئەو مامەڵە و ئەقڵیەتەیە کە لەچەند دەیەی رابردوو، دوو هێزی حکومڕان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکەن؛ بریتیە لە ڕەدکردنەوەی هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی دنیا بینینی خۆیان بیردەکەنەوە.

بێگومان ئەو رەشبگیریەی ساڵی رابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی پارتی لە دەڤەری بادینان دەستیپێکرد، ئامانج تاکەکەسێک نەبوو، بەڵکو هێرشکردن بوو بۆسەر ئازادی رادەربڕین و کپکردنی دەنگ و رەنگی جیاواز کە پارتی ترسی هەبوو پێگەی لەو دەڤەرە لاوازتر ببێت.

ئەگەرچی لەناوخۆی وڵاتدا هەڵوێستێکی نارەزایەتی بەرفراوان نەبوو بۆ ئازادکردنی گیراوان! ئەوەی هەیە تەنها خۆی لە هاوخەمی و هاوسۆزیدا دەبینێتەوە، تەنانەت پارت و لایەنە سیاسیەکان هیچ هەڵوێستێکی جدییان نەبوو. بەڵام، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی جیهانی و وڵاتانی رۆژئاوای لێکەوتەوە، بەدیاریکراویش دوای سەپاندنی سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەر ژمارەیەك لە چالاکوان و رۆژنامەوانە دیارەکانی ئەو دەڤەرە کە بەشێکی زۆری لەڕێگەی ئێمەوە ڕێکخراوە جیهانیەکان هاتنەدەنگ، و دەیان راپۆرتیان بڵاوکردەوە و چوار لیستی ناو پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا لەو پێشێلکارییە ئاگادارکرانەوە و بەردەوام لەدیدارکانماندا لەگەڵ پارلەمانتارانی ئەوروپا داواماندەکرد کە فشارەکانیان زیاتربکەن بۆسەر حکومەتی هەرێم و بەدیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان.

بۆیە، بریاری ئازادکردنی ژمارەیەك لەو زیندانیانە تەنها بە فشاری نێودەوڵەتی بووە، گەرنا پارتی سووربووە لەسەر مانەوەی گیراوان لەزینداندا، بەتایبەت لە دواین سەردانی وەفدی باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان و لەدیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جەخت لەوەکرایەوە کە دەبێت حکومەتی هەرێم ڕێز لە ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەگەری بگرێت. تائێستاش ئەو فشارە نێودەوڵەتیانە بەردەوامن بۆ ئازادکردنی سەرجەم گیراوانی دیکەی بادینان.

دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت لەوە تێبگەن کە ناتوانن هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەکان دەستکراوەبن و تیرۆری سیاسی و پێشیلکاریی دژ بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ئەنجام بدەن، چونکە لەئێستادا هەرێمی کوردستان بەدنیای دەرەوەدا کراوەتەوە و ئێمە لەدەرەوەی وڵات لۆبیەکی باشمان بونیادناوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵسوکەوتی دیکتاتۆریانەی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و بەردەوام لە فراوانکردنی ئەو لۆبیەین لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.