دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی شورایی لە جیهاندا ئامادەکردنی: مستەفا باهیر

0

دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی شورایی لە جیهاندا

ئامادەکردنی: مستەفا باهیر

کرێکاران لە دوای کۆمۆنەی پاریس بۆ یەکەمین جار ١٠٤ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە ڕۆژ ژمێری کۆنی ڕوسی، لە ڕێگای شوراکان و حزبی بەلشەفی بەڕابەرایەتی لینین توانیان لە ڕوسیا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. لەدوای ئەوەی کە جەنەڕاڵ کۆرنیلۆڤ لە کۆتایی مانگی ئابی ١٩١٧شکستی خوارد لە کودەتاکەی، حکومەتی کاتی بەڕابەرایەتی کرنسکی نەیدەتوانی جوابی داخوازییەکانی گەل بداتەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەلشەفیەکان بەرەو بەهێزبوون دەڕۆشتن و لە شوراکاندا دەبوون بە زۆرینە و دروشمی (ئاشتی، نان، زەوی) و هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان بوو بە دروشمی زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕوسیا. لینین داوای لە هاوڕێکانی کرد کە ئیتر کاتی ئێمەیە، بۆ ئەوەی دەسەڵات بەدەستەوە بگرین و بتوانین جوابی داخوازیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و جوتیارانی ڕوسیا بدەینەوە.

لینین نامەی نوسی بۆ کۆمیتە ناوەندی، هەرچەندە چەندین جار نامەکانی لینین پشتگوێ دەخرا، بەڵام دوای ئەوەی لینین هەڕەشەی  دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆمیتەی ناوەندی ڕاگەیاند. ناچار کۆمیتەی ناوەندی لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ماڵی سۆخانۆڤ کۆبونەوەی کۆمیتە ناوەندی ڕێکخرا. لەوکۆبونەوەدا ١٢ کەس ئامادەبون دوای گفتوگۆ کردن بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر، پێشنیارەکەی لینین خرایە دەنگدانەوە کە بریتی بوو لە “وەلانانی دەسەلاتی کرنسکی و دامەزراندی حکومەتێکی شورای، لەشوێنیدا ” لەو ژمارەیە ١٠ کەس ڕەزامەند بوون بەو پێشنیارەو دوو کەسیش کە هەریەک لە زینۆڤیڤ و کامینیڤ ناڕازی بوون. لینین ڕۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبەر خۆی گەیاندە سمۆڵنی بارەگای بەلشەفیەکان، چونکە تا ئەوکاتە لینین خۆی حەشاردابوو لەبەرئەوەی  حکومەتی کاتی هەوڵی زۆریان دەدا تاوەکو دەستگیری بکەن.

 بەلشەفیەکان توانیان لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ حکومەتی کاتی بەڕابەرایەتی کرنسکی بروخێنن و لە شوێنیدا حکومەتێکی کاتی دروستبکەن. ترۆتسکی لەبیرەوەریەکانی خۆی کە لەساڵی ١٩٢٤ نوسیوەیەتی دەڵێت” ئەو ڕۆژە من و لینین (واتە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەر)  لەژورێکدا بوین لە سمۆڵنی کە ئەو ژورە خاڵی بوو لە هەموو پێداویستیەکی ناو ماڵ، تا خوشکی لینین کەمێک پێخەفی بۆ هانین و لەسەری دانیشتین. ڕۆژی دوهەم کە لینینم بینی قسەمان لەسەر سەرکەوتنی شۆرش کرد و باسی دامەزراندی حکومەتمان کرد. لینین وتی حکومەتەکەمان ناوبنێین چی، چونکە من زۆر لە ناوی وەزیری بێزارم. من کۆمەڵێک پێشنیارم بۆکرد پاشان لەسەر یەکێک لە پێشنیارەکانی من وەستاو بە کەمێک دەستکاریەوە وتی چۆنە حکومەتەکەمان ناوبنێین” ئەنجومەنی کۆمیسێری گەل” هەردوولا لەسەر ئەو ناوە ڕێکەوتین، لەباتی ناوی وەزیر لەسەر ناوی کۆمیسێر، لەباتی حکومەتیش لەسەر ناوی ئەنجومەن ڕێکەوتین”.

لە ڕۆژی  ٢٥ی ئۆکتۆبەر لە سمۆڵنی کۆنگرەی سەرتاسەری شوراکانی هەموو ڕوسیا دەبەسترا. لەدوای ئەوەی لە لایەن کۆنگرەوە کۆمەڵێک بڕیاڕنامە پەسەند کرا. کۆنگرە بەردەوامی دا بە دانیشتنەکانی خۆی، لە کاتژمێر (٢،٣٠) دوو سی خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، کامینیڤ بڕیاری ڕاگەیاندنی حکومەتی خوێندەوە، کە تا کاتی هەلبژاردنی پەڕلەمان، ئەم حکومەتە بتوانێت کاروباری دەوڵەت بەڕێوە بەرێت. شورای کرێکاران و سەربازان وجوتیاران ڕەزامەند بوون لەسەر ئەوەی کە حکومەتەکەیان ناو بنێن “ئەنجومەی کۆمیسێری گەل” .  ئەم ئەنجومەنە دەبێت بڕیارەکانی کۆنگرە، بەهاوکاری نوینەرانی کرێکاران و جوتیاران جێبەجێ بکات پاشان بڕیارەکە بەم شێوەیە داڕێژرا.

کۆنگرەی سەرانسەری نوێنەرانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان ڕای دەگەیەنن کە تا پەڕلەمان پێکدێت، دەوڵەتێکی کاتی کرێکاران و جوتیاران بەناوی “ئەنجومەنی کۆمیسێرەکانی گەل” پێکدێت بۆ بەرێوەبردنی وڵات. بەڵام ئەم حکومەتە لەژێر چاودێری شوراکان و لیژنەی تەنفیزیەکەی دەبێت.

یەکەمین حکومەت لە ١٥ کۆمیسێر پێک هات، لەمانە حەوت ٧ کەسیان ئەندامی کۆمیتە ناوەندی بەلشەفی بوون. ئەم پاڵێوراوانە ١١ کەسیان کەسانی ڕۆشنبیر بوون ٤ کەسیشیان کرێکاربوون. دوای مشتومڕێکی کەم لە قسەوباس لەسەر ئەم بابەتە، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، کامینیڤ ناوی تەواوی ئەندامانی کۆمیسێری ئەنجومەنی گەلی خوێندەوە کە بەم شێوەیە بوو.

 سەرۆکی کۆمیسێری گەل. فلادیمێر ئیلیچ ئۆلیانۆف لینین.

کۆمیسێر بۆ کاروباری دەرەوە (الخارجیة) لیۆن ترۆتسکی.

کۆمیسێر بۆ کاروباری ناوخۆ ڕیکۆڤ

کۆمیسێر بۆ کاروباری کشتوکال میلییۆتین.

کۆمیسێر بۆ کاروباری ئیش (العمل) شلیابانیکۆڤ

کۆمیسێر بۆ کاروباری بازرگانی وپیشەسازی نوغین

کۆمیسێر بۆ کاروباری پەروەردە لۆناتشارسکی.

کۆمیسێر بۆ کاروباری  داد (العدل) لەمۆڤ.

کۆمیسێر بۆ کاروباری ئابوری (المالیة) ستیبانۆڤ

کۆمیسێر بۆ کاروباری (التموین) تیودوروفیتش

کۆمیسێر بۆ کاروباری پۆستەو گەیاندن (البرید والبرق) ئەبیلۆڤ(غلیبۆڤ)

کۆمیسێر بۆ کاورباری میلەتان (القومیات)جوغافشلی (ستالین).

کۆمیسێر بۆ کاروباری سوپا، لە لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهات  کە هەریەک لە “ئەنتۆنۆڤ، کریلنکۆ، دیبنکۆ” بوون پاشان کە شەڕی ناوخۆ دروست دەبیت ترۆتسکی و ستالین دەورێیکی بەرچاویان دەبیت لەو لیژنەیەدا. پاشان زیاتر ترۆتسکی زۆربەی کارەکانی سوپا بەڕێوە دەبات بەتایبەتی لەگەڵ سوپای سووردا.

کۆمیسێر بۆ کاروباری هێڵی ئاسنین لەوکاتەدا دیاری نەکرا دواخرا بۆ دواتر، تا کەسێکی گونجاوی بۆ دەدۆزنەوە..  شوراکان پێشوازیەکی گەرمیان کرد لەم حکومەتە تازەیە. لە کاتی خویندەوەی هەرناوێک لە لایەن کامینیڤەوە. نوێنەرانی کۆنگرە بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێدەکرد بەتایبەتی لە کاتی خویندەوەی ناوی لینین و ترۆتسکی. ئەم حکومەتە بە یەکەمین حکومەتی کرێکاریی دەناسرێت لە جیهاندا کە سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت. بەم شێوەیە شوراکان (سۆڤێتات) توانی یەکەمین حکومەتی خۆی دامەزرێنیت. پاشان کۆنگرە ١٠١ کەسی هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شوراکان وەک لیژنەی تەنفیزی، بۆ جێبەجێکردنی کاروبارەکانی شورای سەرتاسەری هەمو ڕوسیا و چاودێری کردنی ئەوحکومەتە تازەیەی  کە هەڵبژێردراوە لە لایەن کۆنگرەوە.

٢٥ ئۆکتۆبەری ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.