نارەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە…. بۆ سەرکەوتن پێویستی بە رێکخراوبوون و پشتگیری هەیە!
نارەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە…. بۆ سەرکەوتن پێویستی بە رێکخراوبوون و پشتگیری هەیە!
لەگەڵ دەسپیکی ساڵی تازەی خوێندنی هەر ساڵێك، مامۆستایانی وانەبێژ، لەزوربەی زۆری شارو شارۆچکەکانی کوردستان دەرژێنە سەر شەقامەکان، کۆبونەوەی نارەزایەتی لە ناوەندی شارەکان، بەردەم وەزارەت و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان، تادەگاتە بەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران! وەرێدەخەن… ئامانجی ئەم مامۆستایانە کە ژمارەیەیان زیاتر لە ٢٠ هەزار مامۆستایە، تەنها ئەوەیە کارەکەی خۆیان کە مامۆستایەتییە، بۆ بەفەرمی بناسن و لە وانەبیژەوە بکرێنە مامۆستا. هاوکاتیش لە وانەبیژی کاتی و خۆبەخشەوە بکرێنە مامۆستای بەردەوام، تا بتوانین چارەنووسی ژیان و گوزەران و ئاییندەی خۆیان دیاری بکەن.
ئەم ژمارە زۆرەی وانەبیژان، کاریکی گەورەو ئینسانی دەکەن، سەرچاوەی پێگەیاندنی سەدان هەزار منالێ تازە چرۆکردوون، کە ناردراونەتە قوتابخانەکان بەمەبەستی خویندن و فیربوون. هەر بۆیە پیویستە ئەو ریزە بەرینەی مامۆستایانی وانەبێژ، بە چاویکی بەرپرسانەوە لێیان بڕوانریت و مامەڵەبکرێن. چونکە چارەنووسی دەیان هەزار خویندکاریان لە ئەستۆدایە. مامۆستایانی وانەبیژ نابێت وەکو هیزی ئیحتیات تەماشابکرێن، هاوکات نابێت هەمیشە لە دڵەراوکێی و دەرکردن و ئەگەر و مەگەری دامەزاراندندا رابگیرێن… خودی ئەو حاڵەتە کاریگەری لەسەر کوالیتی خویندن و پەروەردە دەبێت. مامۆستایان بەگشتی و مامۆستایانی وانەبێژ بەتایبەتی، پیویستە لەکەشیکی گونجاو شیاو و رێزلیگیراو ئارام و بەزامنکردنی موچەی تەواو و پیداویستەکانیان کارەکەیان ئەنجام بدەن.
دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی کە باکی بە خوێندن و پەروەردە نییە، باکی بەهەلومەرجی ژیانی هەلواسراوی مامۆستایانی وانەبیژ و دڵەرواکێیانەوە نییە، باکی بە بەلەبەرچاوگرتنی ژیان و گوزەرانی هەزاران خیزانی مامۆستای وانەبیژەوە نییە، ئامادەیە دەیان هەزار لە کەسانی بیکارە حزبی تێر موچە و ئیمتیازات بکات، لەپێناو بەکارهێنانیان بۆ بەرگری لەدەسەڵاتی حزبیان، بەلام ئامادەنییە زیاتر لە بیست هەزار مامۆستای وانەبێژ کە رەنج دەدەن و بەرهەمی کارەکەیان دەدرەوشیتەوە، کارەکەیان بۆ بەفەرمی بناسێت و وەکو مامۆستاو هاوکاتیش رەسمیەت بە دامەزراندنیان بدات.
مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی خۆیان چ بۆ رەسمیەت وەرگرتن بە پیشەکەیان و چ بە دامەزراندنیان، بەدەستبهینن، پیویستان بەبەردەوامی دان بە نارەزایەتیەکانیانە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو نارەزایەتییە رەوایەیان بەسەرکەوتن بگات و دەسەڵات ناچار بە داننان بەمافەکانیان بکات، پیویستان بە رێکخرابوونی خۆیانە لە رێکخراوەی سەربەخۆی مامۆستایاندا، ریکخراوێک کە خەمی مامۆستایان و خویندن و پەروەردە، خەمی سەرەکی بێت، وە ریکخراوەیەک بێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی مامۆستایان و بەرگری کردن لەداخوازیەکانیان بێگویدانە ناسنامەی حزبی و بیروباوەر و ئایدۆلۆژیا… لەوانەش واوتر بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایانی وانەبیژ بۆ بەسەرکەوتن گەیشتنی نارەزایەتیەکانیان و مافەکانیان، پیویستیان بە هاوکاری و پشتگیری مامۆستایان، کەسوکاری خویندکاران و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە… دەسەڵات بەخۆشی خۆی ئامادەنییە هەواش ببەخشێت بە هاوڵاتیان و کارمەند و موچەخۆرەکان… چ جا موچەو بەرەسمیەت ناسینی داواکانیان. بۆیە دەبێ بەخەبات و تیکۆشان و کاری بەردەوام و ریکخراو نەخشەمەندانە دەسەڵات چۆکی پێدابنرێت و وەڵام بەخواستی مامۆستایانی وانەبیژ بداتەوە.