بزوتنەوەی شورایی بۆ ئیدارەدانی شورایی… نووسینی: عەبدالرحمن رەسوڵ
بزوتنەوەی شورایی بۆ ئیدارەدانی شورایی…
نووسینی: عەبدالرحمن رەسوڵ
ئەگەر دەتەوێت کەسێکی بێ نرخ نەبیت پشت لەخەمی خەڵک مەکە ئەمە یەکێک لە وتە جوانەکانی کارڵ مارکسە. جوانی وبەنرخی مرۆڤ لەوەدایە کە دڵسۆزبێت بۆ تێکۆشانێکی باشتر بۆهێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆمرۆڤەکان بەتایبەتی تێکۆشانی دڵسۆزانە بەردەوام لەناو ئازارو کێشە وناخۆشییەکانی هەژاران وچەوساوەکاندا ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی ژیانیان لەچەوسانەوە و نایەکسانی وکاری قورسی تاقەت پڕوکێن ڕزگاربکرێت، بۆئەوەی لەکاتی هەبوونی بێکاری دا سەربەرزانە مافی بیمەی بێکارییان بۆ دابین بکرێت، بۆئەوەی لەکاتی خانەنیشینی وتەمەنی بەساڵاچوواندا بیمە وموچەیەکی باشیان بۆ دابینکرێت و چارەسەری نەخۆشییەکانیان لەتەمەنی بەساڵاچوواندا بکرێتە خۆڕایی، یارمەتی بدرێن بۆ سەفەرو گشتکردن و بەسەربردنی کاتێکی شاد لەگەڵ ئازیزانیان، هەموو ئەوانە چەندەها مافی تر بۆ باشبوونی ژیان وگوزەرانی گەنجان ولاوان وژنان و تەواوی کۆمەڵگە مسۆگەر بکرێت لەگرەوی ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازیدایە لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری کە هەمووان لە هەنگاوێکی تێکوشانیان بۆهێنانەدی ماف وژیانێکی باشتر هاوپشتیان بێت، بەکردار لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دا بێت بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژیانێکی باشتر.
خۆشەویستانی خوێنەر ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بەیەکترە بۆئەوەی ژیانی هەریەکەمان باشتر وئاسوودەتربێت ،پێویستمان بە هاوخەباتی ڕێکخراوبوونی جەماوەرییە بۆئەوەی ئازادییەکان و مافەکانمان کە هەق ومافی خۆمانە بەدی بهێنین، هێنانەدی ژیانێکی دوور لەچەوسانەوە وئازارەکان تەنها بە ڕێکخرابووبوون لەڕێکخراوێکی جەماوەری بزووتنەوەی شوراکان کە ڕادیکاڵانە بەیەکەوە دڵسۆزانە تێکۆشان بۆ ڕووخان و ڕاماڵینی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەر و دزەکان بکەین.
ئاخر چۆن ڕەوایە بەشێک لەمرۆڤەکان زۆر تێرو تەسەل لەژیانێکی شەهانەیی دا بگوزەرێن و بەئارەزووی خۆیان گەشت وسەیرانی وڵاتان بکەن وخاوەنی زۆرینەی داهات و پارەی گشتی کۆمەڵگە ببن ئەویش هەموولایەک باش دەزانێت کە سەرجەم پارەکەیان هی دزی وگەندەڵییە، بەڵام زۆرینەشی لەخەڵکی پێویستی بەژەمێکی خواردنی ئارەزوومەندانە کە خۆی لەشوێنێکی ڕاقی و شارستانی و لەگەشتێکدا لەگەڵ ئازیزانیدا تێربێت. ئاخر تاکەی کێشەی برسی و بێکارانی گەنج و لاوان نەبێته کێشەی تەواوی گشتی کۆمەڵگە هەنگاو بە تێکۆشانێکی دڵسۆزانەی ڕادیکاڵانە نەدرێت بۆئەوەی گەنجان و لاوانی بێکارو هەژاران و کرێکاران و زەحمەتکێش ودەستفرۆشانیش بتوانن بەئاسوودەیی ژەمەکانی ڕۆژانە بخۆن و بەسەربەرزانە دەستیان ڕابگات بەکارێک کەخۆیان حەزیان لێیەتی و توانای فکری وجەستەییان دەی خوازێت. ناکرێت چیتر ڕێگا بە ویژدانمان بدەین کە مرۆڤە هەژارەکان بەردەوام کێشەی گەورەی ئەوەیان ئەوەبێت کە چۆن بتوانێت خواردنی سێ ژەمەکەی ڕۆژانی دەست بکەوێت وشوێنی خەوی ئارام بێت، بەڵام ئەو سێ ژەمە و خەوە ئارامەشی پێ ڕەوا نەبیندرێت لەلایەن ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەرو دزو گەندەڵەوە کە ڕۆژانە بەناوی شوێنی تەجاوەزات و زیادەڕۆیی شارەوانییەوە لەهەژارو زەحمەتکێش و کرێکاران بڕوخێندرێت هەر بەرپرسانی دەسەڵاتیش سەرجەم شوێنە ستراتیژییەکانی ناوچەقی شارەکان و قەراغ شارو ڕێگا گشتییەکان و گردەکان لەسەرخۆیان و کەسوکاریان تاپۆ بکەن و بیکەنە شوێنی بازرگانی. تەنانەت شوێنی مردووەکانیشان بۆتە چراغان و کارەبای تایبەتی بۆدابینکراوە، پارەیەکی خەیاڵیش گۆڕەکانی باوک و باپیرانیان بەپارەی دزراوی خەڵک خەرج دەکەن، خەڵکیش بەردەوام پێی ڕادەگەیەنن کە کاتژمێرەکانی کارەبا کەم دەکرێتەوە یان سووتەمەنی دابەش ناکرێت، وبەنزین گران دەبێت .
ئەی ئەوە چەند بەئازارە هەژارێک دەهێندرێتە سەر تەلەفیزیۆنەکان دەڵێت ناتوانم کرێی یەک ژوور یان دوو ژوورم بدەم وکرێچیم خاوەن خانوەکە دەری کردووم، خاوەن چەند مناڵێکم بەهۆی ئەوەی بێ پارەبووم نەم توانیووە کرێی مانگانە بدەم. ئەزیزانم ئەگەر ئێمە یەکگرتووبین لەتێکۆشانی ڕێکخراوییدا زۆر بەئاسانی دەتوانین ئەو دەسەڵاتە فاشیزم وچەوسێنەرە بگۆڕین خۆمان یاسایەک دابنێین کە هیچ مرۆڤ بێ شوێنی نیشتەجێ بوون نەبێت، کەهیچ مرۆڤێک بەوجۆرە سەرگەردان نەبێت لەناو کارتۆن و کەلاوە کۆن وڕووخاوەکانی قەراغ شارەکاندا بەسەرما و گەرمای هاوین و زستان نەمێنێتەوە، بەڵکو شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بکرێت .
ئاخر چۆن ویژان ڕێگا دەدات کە مرۆڤەکان لەسەر خیابان و شەقامەکانی شاردا دەست پان بکەنەوە وداوای خێرو سەدەقە و زەکات بکەن تەنها بۆئەوەی بژین نەمرن لەبرسان، مناڵەکانیان برسیان نەبیت .
ئاخر چ ویژدانێکە ڕێگا بدرێت زۆرێک لەمرۆڤەکان پارەو ئیمکاناتی دەرمان و چارەسەری نەخۆشی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ دابین نەکرێت و نەخۆشخانە گشتییەکانیش هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەکی لەدەرمان و دکتۆری شارەزای نەبێت. ئاخر ئەمە تاکەی ڕێگا بدرێت کە بەردەوام بێت کە خەڵک بەگشتی لەزۆر گەڕەک بێ ئاوی پاکی تەندروستی ژیان بکات، بەشی زۆری ئاوی خواردنەوە شیاوی خواردنەوە نەبێت، بەڵام بەهۆی ناچاری دەخورێتەوە لەکاتێکیشدا باشیش دەزاندرێت… لەداهاتوویان تووشی چەندین نەخۆشی دەبن .
ئاخر چ ویژادنێک ڕێگا دەدات کە نەوەی دوای نەوە خەڵک بێ خزمەتگووزاری ڕێگای هاتووچۆی شارستانی بێت.
ئاخر پێم ناڵێن چ ویژدانێکە کە دەبیندرێت ساڵانە گەنجان قۆناغەکانی خوێندنەکانیان زۆربەباشی تەواو دەکەن دەبنە خاوەن بڕوانامەی خۆیان، بەڵام دەبێت بڕوانامەکەیان هەروەک یادگارێک لەدۆڵابەکانیان هەڵبگیرێت و خۆشیان بخزێنە ڕێزی شەپۆلی بێکارانی کۆمەڵگەوە. دوایی چەندین هەڵبژادنی پەرلەمانی دوایی چەندین جار بەڵێنی قەبە و درۆزنانەو فرێودەرانەی کەسانی سیاسی دینی و نەتەوەیی ولیبڕاڵی کەچی دوایی دەرچوونیان ئەم ئەندام پەرلەمانانە بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک ژیانی ئەم گەنجانە و ئەم هەژارو زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە گۆڕانی باشتری بەسەردابێت، کەچی بەشێک لەگەنجەکان و خەڵکی دیسان خۆشخەیاڵن پێیان دەنگیان پێ دەدەنەوە. ئاخر ئەمە چ جۆرە ویژدانێکە. ئاخر تاکەی ویژدانیان ڕاناچڵەکێت و واز لەم دزو فێبازو درۆزانە ناهێنن و دەنگیان پێدەدەن خۆشخەیاڵن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی. ئەوەتا لەکوردستان و عێراق لەدوایی کۆتاییهاتنی دەنگدانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ یەک ڕۆژ دواتر کاتژمێرەکانی کارەبا کەم کرایەوە بۆ خەڵک، نرخی سووتەمەنی زیاتر گران بوو، خزمەتگوزارییەکانی تر هەنگاو بەهەنگاو خراپتر دەبن، بەڵام بەشێک لەمرۆڤەکان لەپێناوی پاراستنی کەمێک بەرژەوەندی ماددی چاوی خۆیان کوێر کردووە لەئاست هەبوونی بێمافی و سەرکوت و هەبوونی بێکاری و برسێتی خەڵکدا تاکەی ویژدانتان ڕاناچڵەکێت و ناچنە پاڵ هێزی ناڕازی خەڵکی چەوساوە و بەرگری لەبەرژەوەندییەکانی کرێکارو گەنجان و ژنان و خەڵکی زەحمەتکێش ناکات. ئەوەتا خەڵک قۆناغ دوای قۆناغ وشیارتر دەبێتەوە، باشتر ڕێگای مرۆڤایەتی بوونی خۆی دەدۆزێتەوە. وشیاری چینایەتی یەکێکە لەپایە گرینگ وپێویستییەکانی هێزی گۆڕانکاری بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر. ئەرکە گرینگ وپێویستەکە ئەوەیە هێزی خەڵکی ناڕازی ڕێکخراوببێت لەناو بزووتنەوەی جەماوەری شوراکانیاندا. دەبێت تەواوی خەڵکی کوردستان و عێراق لەوە دڵنییا بێت کە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دزەکان کۆمەڵگە بەرەو وێرانتر دەبات، لەساڵی داهاتوو، لەبەرئەوەی حیزبەکان گشتیان بەرگری لەسیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دز دەکەن .
حیزبە ئیسلامیییەکان هاو ئاوازی حزبەکانی پارتی بارزانی ویەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵانی ڕابردوو هێزێک بوو گورزێکی کەمەرشکێنی لەڕەوتی بزووتنەوەی چینایەتی ونارەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی دا بەوەی هەتا بۆی کرا درۆی لەگەڵ خەڵک کرد و سواری پشت و شانی خەڵکی ناڕازی بوو، خۆی کردە دەم سپی وگفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان دا دەکرد بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکی ناڕازییەوە، هەتا بۆی کرا پۆست و پلە وپارەی لەدەسەڵاتی وەرگرت، بەخەڵکیشی دەگوت ڕیفۆرم دەکەین، کەچی بارودۆخی خەڵک ساڵ دوایی ساڵ خراپتربوو، جۆری خزمەتگوزارییەکان خراپتربوون. ئەم هێزە وەکو ژەهر وابوو بۆجەستەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک هەتا ماوەیەک خامۆشیشی کرد و بێ هیوا وبێ ئومێدی کرد گەنجان و لاوانی ناڕازی هەربۆیە کوردستانیان بەجێ هێشت .
ئەزیزانم دەبێت ئەوەش بزاندرێت یەکێتی و پارتی بەئاسانی لەدەسەڵات واز ناهێنن بەدڵنییایی نەوەی نوێ هەمان کاراکتەری سیاسییە دەوێت بەهەمان ئاوازی بزووتنەوەی گۆڕان خەڵک فرێوبدات، ئەوەتا لەدوایی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتوبەری ٢٠٢١ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار ڕاگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ یەکێتی وپارتی وئیسلامییەکان دابنیشن و ببنە یەک تیم لەبەغدادی عێراق، ئەی ئەو هەموو هاتوو هاوارەتان لەچ دابوو؟! ئەها سەیر بکەن لەناو ئەو جوڵانەوەدا لەیەک خێزاندا دوو ئەندام پەرڵەمان هەیە لە ئەویتریان ئەوا دوو جارە خوشکی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەکەیە دەبێتەوە ئەندام پەرلەمان، ئەی بۆ سەیری ئەوە ناکەن، لەکوێی بەرنامە و پلاتفۆرمی نەوەی نوێدا باسی بیمەی بێکاری بۆخەڵکی بێکار کراوە یان نەمانی جیاوازی چینایەتی وکەلێنی هەژاری و سەرمایەداری بەڕێگای دزی و گەندەڵی بکات کۆتایی پێ بهێنێت. بەکام بەرنامە ئابوورییەی. ئەی چۆن یەکگرتوویی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری گۆڕانکارییان پێ دەکرێت لەکاتێکدا کە لەحکومەت بوون خەڵک زیاتر بەرەو هەژاری و بێکاری وبێ خانەلانەیی زیاتر چوو، ئاخر چوونە پەرلەمان وحکومەت کە نەتوانێت ژیانی خەڵک لەڕووی ژیان و خزمەتگوزاری و ماف و ئازادییەکانەوە باشتر بکرێت کەوایە ئەمانە حیزبی بارزگانن نەک سیاسی، باسی حیزبەکانی زەحمەتکێشان و پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران و ڕزگاری و کۆماری هەموو ئەمانە هاوشێوەی پارتی بارزانی بەرگری لەمانەوە ئەم سیستەم و دەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزە دەکەن، وردبێنێکی ئیداری و ژمێریاری وەک چاودێرێکی دڵسۆزی خەڵک ئەنجام بدرێت دەرئەنجام بۆتان دەردەکەوێت کە بەرپرسانی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی و کادیرەکانیان مانگانە موچە و پارە لەحکومەت وەردەگرن وەک فەرمانبەری حکومی بەشێوازی خانەنیشنی حکومی یان فەرمانبەری حکومی، بەڵام تەنها دەوامیان لەبارەگا و نووسینگەکانی ئەو حیزبانەیە، هەیانە لەم حیزبە ئەندام پەرلەمانی هەیە، بەڵام لەپەرلەمان هیچ بەبێ پارتی ناکات کەوایە ئەو حیزبانە دووکانن و بازرگانی دەکەن نەک سیاسەت بۆ بەرەو هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر. هەربۆیە ئەم حیزبانە بەدڵنییایی هەر یەکەیان ئەندام پەرلەمانی بچێتە پەرلەمان هەروەک ئەندام پەرلەمانی پارتی بارزانی بێت، چونکە لەژێرەوە دروستکراوی پارتین بەتایبەتی پاراستن. هەربۆیەشە ناڕاستەوخۆ و هەیانە ڕاستەوخۆ لەکاتی هەڵبژاردن ڕای گەیاندووە کە دەنگ بە بەربژێرەکان و نوێنەرانی پارتی بارزانی دەدات. پێم ناڵێن ئەمانە کەی بنەمای حیزبایەتییان تێدایە تا خەڵک بەقسەیان بکات .
ئاخر سەیر لەوەدایە بەشێک لەخەڵکی کوردستان بەجۆرێک سەیری پەکەکە دەکات پێی وابوو کە دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگە لە قەیران وکێشەکانی، بەڵام ڕێک پێچەوانەیە، چونکە زۆر بەڕوونی ئەم هەڵبژاردنە دەرکەوت کەئەوانیش بەرگری لەزاڵم و چەوسێنەران و دزەکانی کوردستان دەکەن و هاوڕان بۆ پاراستنی سیستەمی کۆنەپارێزو چەوسێنەر، باشترین نموونەش ئەوەیە ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی پەکەکە و ئەو حیزبەی لەباشووری کوردستان لەژێر کاریگەری سیاسەتی پەکەکەی دایە بەناوی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و داوایان لەخەڵکی کوردستان کرد کە دەنگ بە نوێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن ئەمە ڕێک هاوبەشی کردنە لەتاوانەکانی یەکێتی بەدرێژایی مێژوو و لە ئێستا وداهاتوو. ئاخر حیزبێک پاش سی ساڵ لەپەرلەمان وحکومەت نەتوانێت بەکەمترین جۆرو شێوە کۆمەڵگە ئاراستەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر بکات و هێزێک سەرەتایی گیانی پڕە لەگەندەڵی وتاوانکاری هاوشێوەی پارتی، بەڵام بانگەوازی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆبکرێت. حیزبی شیوعی ناتوانێت دەست لەم جۆرەسیاسەتە کۆنەپارێزی یە بەربدات و بەردەوام شاباش بۆ چوونە پەرلەمان لێ دەدات دواتر لەگەڵ هەمان ئەم حیزبانە کە دەسەڵاتدارو چەوسێنەرو دزی دەکەن دەچێتە ناو پەرلەمان وحکومەتەکەیان ئەمە چ جۆرە حیزبە کۆمۆنیستێکە کە نەتوانێت بچێتە ناو بەرەی خەڵکی ناڕازی لەناو خیابان وشەقامەکان خۆی ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکان بێت و ئاراستەی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتربێت، بەردەوام لەناو یاریگای بەرگریکردن لەوگۆمە ژەنگرتوویی دەسەڵات و سیستەمە ڕزیوو وکۆنەپەرستە یاری دەکات .
هەربۆیە خەڵک دەبێت وشیار بێت باشتر ئەم حیزبانە بناسێت کەهەرگیز ناتوانن کۆمەڵگایەکی باشتر بەدی بهێنن. چارەسەر ئەوەیە کە پشتیوان و هاوکاربن لەتێکۆشان کە شۆڕشی چەوساوەکان هەنگاوەکانی دەستی پێکردووە بۆ ڕاماڵینی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو دزەکان دواتر خەڵک خۆی لەڕێگا ئیدارەدانی شوراکان و ئەنجومەنەکانییەوە کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت.
ئەگەر یەک زەڕە خۆشحاڵی هەبێت بۆ هەر حیزب و هەر نوێنەرێکی هەڵبژێردراوی دز کە دەتوانێت کەمترین ماف وئازادی بۆ خەڵک دابین دەکات ئەوە لەخەونی حوشتر دەچێ! ئەوە ساغ بۆتەوە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان کەئەم حیزبانەی پارتی و یەکێتی هەرگیز دیموکراسی و ئازادی قبوڵ ناکەن، چونکە ناتوانن لەبەرئەوەی سەرتاپای گیانی بیروباوەڕیان ئاخێندراوە بە کردەوەی فاشیزم و دژایەتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان.
تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ ڕزگاری خەڵک لەدەست ئەم دەسەڵاتە مافیاگەرە ئەویش گەشەدانی شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکانە بۆ ڕاماڵینی تەواوی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەران و دزەکانی کوردستان وعێراق. دواتر خەڵک خۆی لەڕێگای شوراکانی گەڕک و شارەکانەوە کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت بەئیدارەدانی شورایی.
خودی بەشداری نەکردنی خەڵکی عێراق وکوردستان لەسەدا ٪٨٠ نیشانەی هەبوونی ڕەتکردنەوەی کۆی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزە، هەرگیز ناکرێت بەکەم سەیر بکرێت، بەڵکو ئەو هەنگاوەی خەڵک بۆ بەشداری نەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاستەوخۆ بەمانای ئەنجامدانی شۆڕشی سپی یە کە بە تەواوی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەری عێراق و کوردستانی گوت کە ئێوەمان ناوێت بڕۆن لەدەسەڵات. ئەوەش هەبوونی بەردەوامی تارمایی شۆڕشی چەوساوەکانە وەکو هەور دێت و دەچێ هاکە لەپڕێک لەجیاتی باران بروسکەی ڕاپەرین لەدژی چەوسێنەرو دزان دەستی پێکرد. چونکە قەدی دارەکەی دەسەڵاتی چەوسێنەر ڕزیووە تەنها یەکخستنی هێزی شۆڕشگێڕی دەوێت بۆ کەوتنی بەیەکجاری، پێویستە هەریەکەمان ببینە بەشێک لەوهێزە شۆڕشگێڕە بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر.
زەنگێک بۆشۆڕشی هاوپشتی لەدەرگای ماڵی هەریەکە لەخەڵکی کۆمەڵگەی داوە، کەلەکاتی خۆیدا نەکرێتەوە ئەو دەرگایە،ئەوا فاشیزم بەجۆرێک گەشە دەکات تەواوی کۆمەڵگە لەناودەبات. ئەرکی هەموومانە کە هەریەکەمان دڵسۆزانە کار لەسەر هێنانەکەیەوەی بزووتنەوەی شورایی بکەین بۆئەوەی جارێکی بەناوی جیاوازی حیزبایەتی دووکانی بازرگانی تر نەکەنەوە بەسەر شان و ملی خەڵکی ناڕازیدا، هەر وەک ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان نەچنە پەرلەمان و ناوحکومەت خۆیان نەکەن سەرمایەدار هاوشێوەی پارتی ویەکێتی، بۆئەوەی فاشیزمێکی تر نەبێتە بەدیلی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دز، پێویستە ئازادیخوازو یەکسانیخوازان تێکۆشانی دڵسۆزانەی کرداری بکەن بۆگەشەدانی بزووتنەوەی شورایی وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی جەماوەری ناڕازی.
کەلەڕێگای بزووتنەوەی جەماوەری شوراکانەوە دەتوانرێت سەرجەم ماف و ئازادی و ئامانجە ئینسانیە بەدی بهێندرێت و تەنانەت خەڵک بیبینن کە کۆمەڵگە بەرەو ئەو لایە دەڕوات کە ئاسوودەیی بەدەهێنێت ئەمەش ئیدارەدانی کۆمەڵگە بەجۆری ئیدارەدانی شورایی لەلایەن خودی خەڵک خۆیەوە مەیسەر دەبێت