دڵم بۆنی بارانی لێدێت

0

دڵم بۆنی بارانی لێدێت

 

ئەو گەڵایانەم بۆهەڵناگیرێتەوە!!

دەستم لە یەخەی ،

ئەم قەدەرە شومەی خۆم نابێتە وە

ئەوێم بۆ ناهێنرێتەوە بۆ ئێرە

ئەم ئەزەلیەتە دەم و چاو گرژەم،

بۆ ناخرێتەوە سەر جێگاكەی خۆی

 

ژورەكەم پڕە لە هەناسەی شكاو،

لەژمارەی هیچ 

كراسێكی تەنكم، بۆ ناكرێتە بەری

ئەم زەردەخەنە ڕوت و قووتانەی،

بەر دەرگا خاپوركراوەكەم

ئەو پۆستەچیەم بۆ ناناسرێتەوە  

كە قردێلەی لەپەرچی نامە كوژراوەكانم دەترازان

بە حەرفێكم حەرفێكی بزێوی ڕادەچڵەكاند.

 

دڵم بۆنی بارانی لێ دێت !!!

واهەست دەكەم ،

جەستەم ڕەنگی دار پرتەقاڵەكەی دایكمی گرتووە

چی دەبوو ؟؟؟

گەر بم توانیایە  !!!

لەچركە چركی ،

كاتژمێرەكەی دەستی ئەزەلیەتی خۆم ،

جیاببومایەتەوەو

لێرەوە توڕەبونێكی چەتونی خۆمم ڕابگەیانایە

 

نا، بڕواناكەم خۆم  بۆ ببرێتەوە،

ژێر سێبەرە چاوكاڵەكەی خۆم

چیتر ناتوانم…

تەماشای شیعری ناو دیوانی،

هاوڕێ درۆزنەكەم بكەم

ناتوانم پەشیمانی خۆم لەبونی خۆم ڕاگەێنم

 

دڵم بۆنی بارانی لێ دێت !!

كێ دەڵێت عەشق داناكات ، 

ئەی ئەوە نییە هەموو بەیانیەك

بەبێ چەتر….

  بەخۆم و هەناسە شكاوەكانمەوە

بەكۆڵانی دڵتا دەڕۆم

سات بەساتی بێزاری خۆمت ،

بۆ دەخەمە سەر مێزەكەت و

 

 

پێت دەڵێم  :-

گیانەكەم ….

با كراسێك بۆ بەری ئەم كەونە درۆزنە بدورین

با ساتێك هەوای ئازادی پێكەوە هەڵمژین

گۆرانیەك بەقەدەری ئەم  ئینجانە تۆراوانەدا

شۆڕكەینەوە

دڵم بۆنی بارانی لێ دێت !!!!

 

حەکیم میرزا 

Leave A Reply

Your email address will not be published.