تیرۆریستە دڕندەکانی داعش بە ئاشکرا لە چیای قەرەچوغ دا شوێنیان بۆ دابینکراوە! کێ داعش دەحەوێنێتەوە لە چیای قەرەچوغ؟ نووسینی: حەسەن ڕازانی
تیرۆریستە دڕندەکانی داعش بە ئاشکرا لە چیای قەرەچوغ دا شوێنیان بۆ دابینکراوە!
کێ داعش دەحەوێنێتەوە لە چیای قەرەچوغ؟
نووسینی: حەسەن ڕازانی
ماڵپەڕی شار پرێس لە ٢١ی-١٠- ٢٠٢١ دا چاوپێکەوتنێکی بڵاوکردۆتەوە کە لەگەڵ غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنووری (مەخمور-گوێڕ) دا، ئەنجامیداوە دەڵێت: “گرووپی تیرۆریستی داعش لە جیای قەرەچوغ بە ئاشکرا شوێنیان بۆ دابین کراوە”
بۆیە، بە بڕوای من، ئەو پرسیارە گرنگەی کە خەڵکی عێڕاق بە گشتی و خەڵکی کوردوستان بە تایبەتی دەبێ لە هەردووک حکومەتی عێڕاق و کوردوستانی بکەن ئەوەیە کە :کێ داعش دەحەوێنێتەوە لە چیای قەرەچوغ و کێ شوێنی لەوێ بۆ دابین کردوون؟
کاتێک کە مقۆمقۆ لە نێو خەڵكیدا بڵاوببوەوە کە دەیان گوت ئەوانەی کە داعشەکان پەروەردە دەکەن هەر لە ناوخۆدان، ئەم گوتەیە وا بە بەڵگەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی خۆیانەوە.
لە سەردەمی شەڕی داعشدا کاتێک کە پێشمەرگە بە دیل دەگیران و بەناو بازارەکانی حەوێجەدا لەناو قەفەس و بە جلی پڕتەقاڵیەوە دەسوڕێنرانەوەو لەلایەن تیرۆریستە داعشەکانەوە سوکایەتی و بێڕیزییان پێدەکرا، لە کاتێکدا کە بە دەیان پیئشمەرگە شەهید دەکران لەلایەن ئەو تیرۆریستە داعشانەوە، لە کاتێکدا کە ئەو داعشانە ڕویان لەهەر شوێنێک بکرایە ئەو شوێنەیان لەگەڵ زەویدا تەخت دەکردو وایان لێ دەکرد پەپووی تێدا بخوێنێت، لە کاتێکدا کە داعش جینۆسایدی یەزیدییەکانی ئەنجامدا بوو، هەروەها بە هەزاران کچ و ژنی یەزیدییان ڕفاندبوو وە لە بازارەکانی موسڵ و ڕەقەدا وەک سەبایا دەفرۆشران، لە کاتێکدا داعش بە زۆرەملێ خەڵکی غەیرە موسڵمانی لە شوێنی خۆیان دەردەپەڕاندو سەروەت و سامانیانی داگیر دەکرد، ئا لەو کاتانەدا هەندێک لە بەرپرسانی سەربازی و نێو دەسەڵات دەستیان کردبوو بە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دا. بۆیە خەڵکی کوردوستان هەقی بوو کە دەیان گووت “ئەم دەسەڵاتە نایەوێت داعش لەناوبچێت”.
بۆیە هەقەو کارێکی درووست و دەبێ بە پەلەش بێ کە خەڵک بە گشتی و کەس و کاری شەهیدانی دەستی داعش بە تایبەتی و هەروەها هەمووخەڵکی یەزیدی وخەڵکانی ناموسڵمانی تر لە وێنەی مەسیحی و کاکەیی و شەبەک و ئەوانەی تر بێنە دەنگ و داوای ڕوونکردنەوە بکەن لە هەردووک حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردوستان دەربارەی بوون و جێگای داعشەکان لە چیای قەرەچوغ.
دەبێ پرسیار بکرێت لە هەر دووک حکومەتی عێڕاق و کوردوستان کە کێ ئەو شوێنەی بۆ داعش دابین کردووە لە چیای قەرەچوغ؟ کێ نان و ئاویان دەداتێ؟ کێ چاوساغییان بۆ دەکات و چەک و تەقەمەنی و هاوکاریی پێویستییان پێ دەگەیەنێت؟ کێ و چ لایەنێک ڕێیان پیشاندەدا بۆ ئەوەی ئەو هەمووجارانە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەو خەڵکی و بە سەلامەتیش بگەڕێنەوە هەمان بنکەی خۆیان لە چیای قەرەچوغ؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر کە دەبێ خەڵک بە گشتی و بە تایبەتیش پسپۆڕو شارەزایانی سەربازی داوای ڕوونکردنەوە بکەن لە حکومەتی هەرێم و عێڕاق.
بوونی داعش لە چیای قەرەچوغ جێگەی پرسیارە. داعش لە نێو خەڵکی کوردوستاندا جێگەی نابێتەوەو مەحاڵە بتوانێت جێی خۆی بکاتەوە. کەواتە چۆن جێگەی بۆتەوە لە نێو دڵی چیای قەرەچوغ دا؟ دەیان پرسیارو گومان درووست دەبێت..بۆیە لە دیدو بۆچوونی خەڵکەوە ئەو سێ چوارینەتان پێشکەش. هەر بۆ زاخاوی مێشک
ئەی داعشی، چاو گەشم
تا تۆهەی، هەر دێ بەشم
بۆیە، پەروەردەت دەکەم
تا بێ تۆ، نەبڕێ بەشم
تا تۆ هەبی، لەو ناوە
تەق و تۆق کەی، ناو ناوە
بۆ مە خێری، زۆر تێدا
زۆرتر، لە چایی و قاوە
کێت کوشت و، یا مل پەڕاند
چەند جارت، یاسا بەزاند
گەردنی بابت، ئازاد بێت
وەزعت لە من، نەشێواند
لینکەکەی شارپرێس
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=196581