خەڵکی کوردوستان لە سیناریۆی ئەمجارەی هەڵبژاردندا حیزبە بنەماڵەیی و خێڵەکیەکانی تووشی شۆک کرد.! (بایکۆتی بە کۆمەڵی خەڵک بۆ دەنگدان شکستی بە سیناریۆی هەڵبژاردن هێنا) نووسینی: حەسەن ڕازانی

0

خەڵکی کوردوستان لە سیناریۆی ئەمجارەی هەڵبژاردندا حیزبە بنەماڵەیی و خێڵەکیەکانی تووشی شۆک کرد.!

(بایکۆتی بە کۆمەڵی خەڵک بۆ دەنگدان شکستی بە سیناریۆی هەڵبژاردن هێنا)

نووسینی: حەسەن ڕازانی

هەڵوێستی ئەم جارەی خەڵکی کوردوستان لە بەرامبەر سیناریۆی هەڵبژاردندا، ئەو قسەو گوتانەی بەدرۆ خستەوە کە دەیان گوت جەماوەرو خەڵک هیچی پێناکرێت لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتەدا. یان دەیان گوت دەسەڵات هیچ ترسێکی لە جەماوەر نییەو خەڵک بچێت بۆ دەنگدان و نەچێت ئەو دەسەڵاتە هەر وەک خۆیەتی و مێش میوانی نابێت. بەڵام بایکۆتی ئەمجارەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردوستان و تەنانەت بەشێکی زۆری هێزی چەکدارو ئاساییش و پۆلیسیشی، کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو دەسەڵاتەبوون گرتەوە، سەلماندی کە هەر کات خەڵک بیەوێت دەتوانێت شکست بە سیناریۆیەکانی دەسەڵات بهێنێت.

لە ساڵی ٩٢ وە تاکو ئەمساڵ وا بۆ چەندین جار دەچێت دەسەڵات خەڵکی کوردوستان دەهێنێتە سەر سندوقی دەنگدان و نوێنەرانێک دەهێنێتە ناو پەڕلەمان و گوایە دەبنە نوێنەری خەڵک، بەڵام تەجروبەی خەڵک لەگەڵ ئەو پەڕلەمانەو لەگەڵ توانای ئەو نوێنەرانەدا کە ئاخۆ دەتوانن هیچ بکەن بۆ خەڵک، سەلماندی کە پەڕلەمان و نوێنەرانی خەڵک لەناو ئەو پەڕلەمانەدا تەنها سیناریۆیەو ئەوانە دەبنە نوێنەری حیزب و خێڵ و بنەماڵە. خەڵک بۆی دەرکەوت کە پەڕلەمان تەنها بڕینی قوتی خەڵک و بە هەدەردانی داهاتی گشتی و بێکاری و بێمافی بە یاسایی دەکاتەوە بۆ دەسەڵات.

 ئەوەتا وردە وردە، ساڵ لە دوای ساڵ، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن خەڵکی کوردوستان باوەڕی بە دەنگدان و هەڵبژاردن کەم دەبێتەوە. جا بۆ بەرواردکردنێکی نێوان یەکەم هەڵبژاردن کە لە ساڵی ٩٢ دا ئەنجام درا لەگەڵ تازەترین هەڵبژاردن کە لە ١٠-١٠- ٢٠٢١ دا ئەنجام درا، من تەنها یەک تێبینی کەسێک دەهێنمەوە کە خۆی شاهیدەو لە هەردووک جاراندا بەشداری کردووە. تا بزانرێت یەکەم جار خەڵک چۆن باوەری بە دەنگدان هەبووەو چۆن کەوتۆتە ناو تەڵەی دەسەڵاتەوە. بەڵام لە تازەترین هەڵبژاردندا بایکۆتی خەڵک موعادەلەکە پێچەوانە دەکاتەوە. ئەم جارە لەباتی ئەوەی کە خەڵک خۆی، وەک هەموو جارانی پێشوو، بکەوێتە تەڵەی دەسەڵاتەوە، خەڵک خۆی حکومەت و دەسەڵات و حیزبە بنەماڵەیی و خێڵەکیەکانی خستە ناو تەڵەکەی خۆیانەوە.

هاوڕێم مامۆستا حەسەن، لەسەر ئیجازەی ئەو تێبینییەکەی دەگوێزمەوە، کە خەڵکی بناری پشدەرە، لە واڵەکەی خۆی  لە فەیسبووک  نووسیبووی: “جیاوازی نێوان هەڵبژاردنی ساڵی ٩٢ لەگەڵ هی ٢٠٢١دا ئەوەیە کە لە هی ٩٢ دا خەڵک هێندە بە جۆش و خرۆشەوە بەردەرگای سندووقەکانی دەنگدانی گرتبوو کە لەبەر زۆری خەڵکەکە وەبەرکەوتنی سەرە کارێکی ئەستەم بوو. پێیان گوتم ئەگەر پیرو پەک کەوتەت لە کۆڵێ بێ دەتکەنە ژوورێ. من بۆ ئەوەی سەرەم بەرکەوێت، سێمانە تۆقەی باوزێم کردە کۆڵ و کردیانمە ژوورێ. بەڵام ئەم ساڵ بۆ ئەوەی دەنگ بدەم چوومە هێرۆ. لەوێ بنکەی دەنگدانەکە چۆڵ و هۆڵ بوو. خوا خوای کەسێکیان بوو بەرەو ڕوویان بچێ. هەر بۆیەش لە دوورەوە کە منیان بینی بە پیرمەوە هاتن هەر وەک ئەوەی میوانێکی زۆر خۆشەویستیان هاتبێ.” تا ئێرە تێبینی ئەو بوو.

بە بڕوای من ئەم تێبینییەی مامۆستا حەسەن ئەوە دەگەێنێت کە خەڵک بۆی ڕوون بووەتەوە کە هەڵبژاردن تەنها سیناریۆیەو هیچی تر. ئەو جۆش و خرۆشەی خەڵک لە ساڵی ٩٢  بە بەراورد بە ئەو چۆڵ و هۆڵیەی بنکەی دەنگدان لە ساڵی ٢٠٢١ دا مانای ئەوەیە کە لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا خەڵک تەجروبەی وەرگرت و تێگەیی کە ئەوە هەمووی سیناریۆیەو دەسەڵات بۆ سوودی خۆی بەکاری دەهێنێت، نەک بۆ سوودی خەڵک. بەڵگەی خەڵکیش ئەوەیە کە لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەدا دەسەلات و نوێنەران بە سەدان بەڵێنیان بەخەڵک داوەو خەڵکیش بە هەزاران پێشنیارو داواکاریان هەبووە، بەڵام هیچ بەڵێنێک جیبەجێنەکراوەو هیچ داواکاریەکی خەڵکیش نەهاتۆتەدی. کەواتە بۆ خەڵک دەرکەوت کە حیزبەکان و حکومەت و بەرپرسەکان هەموو جار درۆیان لەگەڵ خەڵک کردووە.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە بۆ خەڵک ڕوون بۆتەوە کە زۆر بە کەمی دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە لە کوردوستان گوێی داوە بە دەنگدانی خەڵک. خەڵک دەزانێت و بۆی دەرکەوتووە کە هەموو جارێک حیزبەکان لە پشتی دیوارەکانەوە لە ڕێگەی ڕێکەوتن لە نێو خۆیاندا کورسیەکانی نێو پەڕلەمانیان دابەش کردوون و زۆریش بە کەمی حسابیان بۆ دەنگی خەڵک کردووە. هیچ جارێک نەبوە کە تەزویرو ساختەکاری بە دەنگی خەڵکەوە نەکەن. بۆ نموونە دەنگی خەڵکیان دزیوە، لە جیاتی خەڵک دەنگیان داوە، دەنگی خەڵکی مردوویان حیساب کردووە، هەندێک جارانیش دەنگی وەهمی و دەنگی کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایان خستۆتە ناو سندوقەکانەوە، هەندێک جارانیش لە ڕێگەی چەکداری دەمامک دارەوە سندوقیان ڕفاندووە. هەموو ئەو خروقاتانە بەڵگەی ئەوەن کە دەسەڵات هیچ گوێ بە دەنگی خەڵک ناداو هەڵبژاردنیش لە لای دەسەڵات تەنها سینارۆیە. بەڵام  ئەم جارەیان خەڵک بە بایکۆت شکستی بەو سیناریۆیەی هەڵبژاردنە هێنا.

با بۆ بەڵگەی زیاترلە نێو سەدان بەڵگەدا تەنها دەنگدانەکەی ساڵی ٩٢ تان بێنمەوە پێش چاو. لەو دەنگدانەدا پارتی و یەکیەتی خەریک بوو شەڕی براکان دەست پێبکەن لەسەر ئەوەی هیچیان بە یەکەمی بوونی ئەوی تر ڕازی نەدەبوون. دەگوترا کە پارتی دەنگی یەکەمی هێناوە، بەڵام یەکیەتی نەدەچووە ژێر باری یەکەمین بوونی پارتی. بۆیە دوای بێنەو بەرەیەکی زۆر هەردووکیان لە نێو خۆیانداو لە پشتی خەڵکەوەو بێ ئەوەی حساب بۆ دەنگی دەنگدەرەکانیان بکەن، هاتنە سەر ئەوەی کە نیوە بە نیوە بێ.

ئیتر پارتی و یەکیەتی لەوکاتەوە هەرچی شوێن و شت هەبوو، هەرچی دامودەزگای حکومی هەبوو، لە نێو خۆیاندا وەک سێوێک کردیانە دووبەشەوە. لەوێ  ڕۆژێوە زۆر بە کەمی گرنگی بە دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنەکان دراوە. هەموو جارێکیان دەنگدان تەنها سیناریۆ بووە. تاکو بۆ دەرەوەو ناوەندە دیموکڕاسیەکانی!! بیسەلمێنن کە لە کوردوستاندا هەڵبژاردن و پەڕلەمان هەیە. هەر لەو کاتەشەوە تاکو ئێستا ئەو دوو حیزبە خاوەنی هێزی سەربازی و پۆلیس و ئاساییش و سەرچاوەی دارایی تایبەت بەخۆیانن.

خەڵکی کوردوستان لە سەرەتای نەوەتەکانەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێ دەناڵێنن بەدەست نەبوونییەوە، بەدەست بێ ئاویەوە، بە دەست بێکارەباییەوە، بەدەست خراپی ڕێگاوبانەوە. بەدەست خراپی کەرتی تەندرووستی و پەروەردەو کشتوکاڵەوە، خەڵک بەهرەمەند نییە لە سادەترین خزمەتگوزاری کە دەبوایە حکومەت بیکردایە. هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەی کە ئێستا ماون لە کوردوستان هی سەردەمی پێش نەوەتەکانن. جا مادام خەڵک گەییشتۆتە یەقین و تەجرووبەی زۆری هەیە لەگەڵ درۆو بەڵێنەکانی بەرپرسان کە داویانەو هیچیشیان جیبەجێ نەکردوون، بۆیە خەڵک ئەم جارەیان هەموو دەسەڵاتی بەتەواوی حیزبەکانی نێو دەسەڵاتەوە تووشی شۆک کردوو هەڵبژاردنی شکست پێهێنا.

سەرباری ئەو ترس و چاوسورکردنەوەیەی کە دەسەڵات لە خەڵکی کردووە، لە ئەندام و لایەنگرانی خۆیانیان کردووە، لە ئاساییش و لە هێزی پێشمەرگەش، بەڵام هەموویان لەو هەڵبژاردنەدا بایکۆتی دەنگدانیان کرد. ئەم بایکۆتەی ئەم جارەی خەڵک بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان، بریتیبوو لە زەنگی ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات کە ئیتر خەڵک تێگەییشتووەو قەبوڵی ناکات. ئەم بایکۆتە بە دەسەڵات و حیزبە بنەماڵەیی و خێڵەکیەکانی گوت بەسە.، ئیتر بەسە، ستۆپ. بۆ نموونە ئەوەتا حیزبێکی وەکو گۆڕان کە ئیدیعای جەماوەری بوونی خۆی دەکرد،  لەو دەنگدانەدا تەنها گردە ڕووت و قووتەکەی بە دەستەوە هێڵرایەوە.

نموونەی هەرێ زەق و ئاشکرا کە دەریبخا ئەو دەسەڵاتە تەریک بۆتەوەو خەڵک نایەوێت و تەنانەت ئەندام و لایەنگر و هێزە چەکدارەکانی خۆشیان متمانەیان پێیان نەماوە، ئەوەیە لە دەنگدانی ئەمجارەدا، لە دەنگدانی تایبەتیش دا بە هەزاران لە هێزی چەکداری سەر بە حیزبەکان و سەر بە دەسەڵات دەنگیان نەداوە، یان چوون  بۆ دەنگدان، بەڵام دەنگی خۆیان سووتاندووە. ئەم هەڵوێستەشیان ئەوەی گەیاندووە کە شکست بەو دەنگدانە بهێنن و بە حکومەت و حیزبەکان و دەسەڵاتیش نیشان بدەن کە ئەوان لە دۆڵێک و ئەمانیش لە دۆڵێک.

هەڵوێستی ئەم جارەی خەڵک لەو دەنگدانەدا پێمان دەڵێت کە خەڵکی بەشمەینەت و ستەم لێکراوی کوردوستان ئەم دەسەڵات وحکومەتە بە هی خۆیان نازانن  و هی خۆیان نەبووە. ئیتر هیچی تر درۆو دەلەسەی کوردایەتی ناتونێت ختووکەی هەستی خەڵک بدات. هەموو ئەو تاکتیک و وەسیلانە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دادیان نادات.

خەڵک  لەم دەنگدانەدا سەلماندی کە ئەو حکومەتە هی خەڵک نەبووەو خەڵک بەهی خۆی نەزانیوە. ئەم حکومەتە لە خزمەتی خەڵکدا نەبووە، بەڵکو لە خزمەتی بنەماڵەو خێڵ دا بووە. حکومەتی خێڵ و بنەماڵەیە، حکومەتی حیزبی بن دیوارە، حکومەتی مووچەخۆری بندیوارە، حکومەتی بزنسچی و بارزرگانانی نەوتە بۆ گیرفانی خۆیان و بنەماڵەکەیان، حکومەتێک بووە کە بازرگانی بە خواردنی ماوە بەسەرچووەوە کردوە. بۆ نموونە دووگ، یان دەرمانی بەسەرچووی هێناوەتە ناو کوردوستانەوە بۆ نموونە ئەو دەرزیانەی کە چەند کەسێکی نابینا کرد. هەروەها حکومەتێکە کە چەندین پڕۆژەی وەهمی و نادیاری ڕاگەیاندوون و پارەی بە ناوەوە سەرف کردووەو هیچیشی دیار نییە. بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە لەگەرمەی شەڕی داعش دا بازرگانییان لەگەڵ داعش کردووەو چەک و تەقەمەنیان پێ فرۆشتوون کە هی پێشمەرگە بووەو لە هاوپەیمانانەوە پێیان دراوە بۆ شەری داعش. ئەم حکومەتە و دوو حیزبە سەرەکییەکەی ناوی هەر جارەی یەکێکیان سوپاو هێزی بێگانەو دوژمنانیان هێناوەتە ناو خاکی کوردوستان.

دەنگدان هیچی نەکرد بۆ خەڵک و هیچ جارێک دەنگدان هیچ کام لەو دوو حیزبەی نەگۆڕی. هیچ جارێکیش دەنگدان نەیتوانی حیزبێکی تری بەدەر لە پارتی و یەکیەتی بهێنێتە سەر دەسەڵات وحوکمەت بەدەستەوە بگرێت. پارتی ویەکیەتی سەر زەمین و ژێرزەمینی کوردوستانیان لە نێو خۆیاندا دابەش کردووە. کەواتە دەنگ بۆ بدرێت؟.

 بۆیە خەڵک پێی وایە بایکۆت جارێ لەو ڕۆدا چارەیەو لە هەنگاوی ترداو لە دەرفەتی تردا لە بایکۆت واوەتر ئەنجام دەدرێت. کەواتە ئەم دەسەڵاتە دەبێ لەوە دڵنیا بێت، ئەگەر بێت وهەر بەردەوام بێت لەو ستەمەی کە لەخەڵکی دەکات و بەردەوام بێت لە بڕینی قوتی خەڵک، ئیتر خەڵک هیچی تر ناتوانێت بەرگەی بگرێت و ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت کە لە بایکۆت واوەتر هەنگاو بنێت. وە زۆریش نزیکە کە ئەو واوەترە بریتی بێت لە ڕاماڵینی یەکجارەکی ئەو دەسەڵاتە لە ڕەگ و ڕیشەوە بۆ هەتا هەتایی..

Leave A Reply

Your email address will not be published.