پرسی ڕۆژ پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک    بەسەر دەکاتەوە…  لەم ژمارەیەدا د.محەمەد تەها حوسێن مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە د. مەحەمەد تەها حوسێن مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین لە وەڵامی پرسی ڕۆژدا

0

پرسی ڕۆژ

پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک

 بەسەر دەکاتەوە…

 لەم ژمارەیەدا د.محەمەد تەها حوسێن مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

د. مەحەمەد تەها حوسێن مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەدین لە وەڵامی پرسی ڕۆژدا

بۆپێشەوە: “کاریگەری شێواز و ئاستی  پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕووی دەروونی و سۆسیۆلۆجیەوە بەسەر هاوڵاتی بەگشتی و هەرزەکار و لاوان و نەوەی داهاتوو چۆن دەبینی؟

د. محەمەد تەها: بانگەشە بۆ هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان لە پڕۆسیسە سیاسیەکانی دوای دەرکەوتنی دیاردەی پارت و ڕێکخراوەکان، و دروستر بڵێم دوای دەرکەوتنی هۆشیاریی بە هزری دیموکراسی، بووەتە دابێکی گشتی و هەمیشە لە کاتێکی بەرلەهەڵبژاردنەکان پیادە دەکرێت.

بەدڵنیاییەوە ئەم کردەگەلە لە ئاستی دڵەڕاوکێ لای پارتەکان و دواتر دەنگدەرەکانیان بەرز دەکاتەوە، و ئەم دۆخەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جۆری بانگەشەکانیش، کەڕاستەوخۆ پەیوەستن بە کولتوری ئەو کۆمەڵگەیانەی کە کردەکانی هەڵبژادنیان تیادا ئەنجام دەدرێت.

لە کەلتوری ئێمەدا کە بەشێکی دنیای خۆرهەڵاتە، لەبەرئەوەی زیاتر تین و هێزی بانگەشە لەسەرچاوەی هەڵچوون و سۆزەکانەوە دێت، و زۆر کەمتر دەنگدەر لە کردەی هەڵبژاردندا عەقڵ و بیرکردنەوە بەکاردەهێنێت! هەربۆیە هەلومەرجەکە زیاتر دەشێوێت و سەرئەنجام خودی پڕۆسیسەکە هەرگیز ڕاستەڕێ نابێت، کە هەر لەبنەڕەتەوە زادەی هزری مۆدێرنیزم و گەشەی عەقڵی سیاسیە لە دنیای پێشکەوتوودا.

فەزای سیاسی لای ئێمە هیچ کاتێك لە هەڵبژاردنی دیموکراسیانە نەهاتۆتە ئارا و بەردەوام بڕیارەکان لە سۆنگەی شڵەژانە دەروونی و کۆمەلایەتیەکان دەرچوون، هەربۆیەش نائارامی هەم لەکاتی و ساتەکانی هەڵبژاردن و هەمیش دوای نیشتنەوەی کەفوکوڵەکەشی هەر بەردەوام دەبێت.

من پێموایە دیموکراسی ڕاستەقینە دەنگدەری ڕاستەقینەی خۆی هەیە، و ئەم جۆرە لە دەنگدەر چۆن بەهۆش و عەقڵ بڕیار دەدات، بۆیە ئەوەندە پێویستی بەوەنییە چەند ڕۆژێک بەرلەم کردارە یادگەکەی تیژبکەنەوە، تاوەکو سۆزی بجوڵێ و لایەنێک یان کەسێک هەڵبژێرێت. دیاردەی ئەم جۆرە بانگەشە سەرئێشەیە؛ پەیوەستە بە بازاڕکردنی دەنگی دەنگدەر و کولتوری بازاڕیش زۆرکەم وادەبێت ئارامی بداتە دەروونی تاکەکان، و سەرئەنجام هاوسەنگی کۆمەڵگەش ڕابگرێت.

هەمیشە لەئانوساتی هەڵبژاردنەکانی لای خۆمان، کۆمەڵێک دیاردەی دەروونی سەردەدەنەوە کە پێشتر کەمێك خەفە ببوونەوە، دڵەڕاوکێ لەلایەك، و بەرزبوونەوەی ئاستی توڕەیی تاک و جەماوەر لە لایەکی دیکە، و لەدەست دەرچوونی خودکۆنترۆڵی و بەرزەفتی دەروونی. هەموو ئەمانە هەم تاك دەشێوێنن و هەمیش کۆمەڵگە، و کاتی زۆری دەوێت تا ژیان دەچێتەوە سەر جۆرە کلاسیکەیە پێشینەکەی، نەک پەرەپێدانی ژیان و ڕەخساندنی هەلومەرجە ئارامبەخشە شادیهێنەکانی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.