قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار و چاوچنۆکی سەرمایە! لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا، پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە…
قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار و چاوچنۆکی سەرمایە!
لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا، پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە…
بەرواری ١١ی ئۆکتۆبەر لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی “محەمە باقی” خەڵکی ناحیەی خورماڵ، لەکاتی کارکردنیدا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیان لەدەست دەدات.
٩ی ئۆکتۆبەری ئەم مانگە، لەگەرەکی شەهیدانی قەزای کەلار کرێکارێک بە ناوی “محەمەد شێرکۆ” لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٥ لەکاتی کارکردندا، بەهۆی تەزوی کارەباوە گیان لەدەست دەدات…
٧ ئۆکتۆبەر کرێکارێکی گواستنەوەی خواردن بەناوی “ڕیکار” لە کاتی کارەکەیدا و گواستنەوەی خواردن بۆ ماڵان، توشی روداوی هاتوچوو دەبێت، بەم هۆیەشەوە بەسەختی بریندار دەبێت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لە یەکێک لە خەستەخانەکانی شاری هەولیر گیان لەدەست دەدات.
٥ی ئۆکتۆبەر کرێکارێکی دائیرەی کارەبا بەناوی “دیار یونس” لەکاتی کارکردندا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیان لەدەست دەدات.
بەرواری ٣ی ئۆکتۆبەر، لەیەکێک لە کارگەکانی دروستکردنی چیمەنتۆ کریکارێک بەناوی “ڕیبەر محەمەد” لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٨ دەکەوێتە حەوزێکی ئاوی کارگەکەو بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.
گیان لەدەستدانی ئەم کرێکارانە و بەردەوام بوون و زۆربوونی قوربانیانی نائەمنی شوێنی کار، بە جێگایەک گەیشتووە کە کەم رۆژ هەیە کرێکارێک گیان لەدەست نەدات یان بریندار نەبێت… هۆکاری سەرەکی ئەم هەموو قوربانیەش، نائەمنی شوێنی کار، نەبوونی پێداویستییەکانی کار، ژینگەی نالەبار، کە خاوەن کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان و لەوانەش زیاتر دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارن، کە هیچ پارێزبەندیەکی یاسایی بۆ بەرگری لە کریکاران نییە و بەمانای وشە پاریزەری کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانن و ئەوەی بۆیان گرنگە سود و قازانجی زۆرترە نەک گیانی کرێکاران، کە کۆمەلگە لەسەر شان و ماندووبوونی ئەوان دەچەرخێ… ڕێگایەک بۆ بەرگری و سنوردانان بۆئەم هەموو قوربانی و مەرگەساتەی کرێکاران، ڕیکخراوبوونی کریکاران و لێدانی سەنگەری خەباتکارانەیانە، بۆ گوشارهێنان بۆ خاوەن کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان تا ناچار بکرێن هەلومەرجی کار و ژینگەی کار باش بکەن و قەرەبوونی قوربانیانی شوێنی کار بکەنەوە…