ئاراس ڕەشید: ١٦ی ئۆکتۆبەر درێژکراوەی شکستەکانی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی کوردی (پارتی و یەکێتی بە پلە یەك) بوو لە ماوەی دوای خرۆشانی ١٩٩١ەوە ….   دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ئاراس رەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە سەبارەت با ١٦ ئۆکتۆبەر و نۆکەرپیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

0

ئاراس ڕەشید: ١٦ی ئۆکتۆبەر درێژکراوەی شکستەکانی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی کوردی (پارتی و یەکێتی بە پلە یەك) بوو لە ماوەی دوای خرۆشانی ١٩٩١ەوە ….

 

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ئاراس رەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە سەبارەت با ١٦ ئۆکتۆبەر و نۆکەرپیشەیی بزوتنەوەی کوردایەتی…

بۆپێشەوە: هەندێك دەڵێن ١٦ی ئۆكتۆبەر، ئاكامی شكستی ریفراندۆم بوو، هەندێكیش دەڵێن ١٦ی ئۆكتۆبەر بۆ شكستدانی ریفراندۆم بوو، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی ؟

ئاراس ڕەشید: ڕیفراندۆم وەك مافێکی بێئەملاو ئەولای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی سیاسی و پێکهێنانی وڵاتێك لەو جوگرافیایە بە هەرناوێک بێت، وەك شکست ئەژمار ناکرێت. چونکە وەك پڕۆسەی ڕیفراندۆم زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بەجیابوونەوەی کوردستاندا لە عێراق. دەمێنێتەوە سەرئەوەی ئایا کێشمەکێشە ناوەکی و ناوچەیی و زلهێزەکانی دنیا ئاکام و بەرئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەیان چۆن دەوێ و دەیانەوێت بەچ ئاقارێکیدا بەرن بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات. دەتوانین بڵێین ئەو هەمووە بەرژەوەندیانە لە چ کاتێکدا وا ڕێکدەکەون کە لەبەرژەوەندی خەڵکدا کۆتایی پێ بێت. بەبڕوای من بەشێکی گەورەی کاراکتەری سەرەکی ئەوەبوو کە ئەوهێزانە ڕیفراندۆمیان کرد (بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان) نیەتی ڕیفراندۆمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پرسی کورد نەبوو لە کوردستان! بە ئەندازەی بەکارهێنانی ڕیفراندۆم وەک کارتێکی فشار دوای تەواوبوونی شەڕی داعش و سەرلەنوێ دابەشکردن و داڕشتنەوەی سیاسەتی بەڕێوەبردنی عێراق بەگشتی. چونکە دەسەڵاتدارانی کورد دەیانزانی کە جێگەوڕێگەی سیاسی سەربازیان وەک پێش سەردەمی شەڕی داعش نابێت کە هاوپەیمانان و حکومەتی عێراقیش پێویستی پێیان بێت. لەلایەکی دیکە ئەو دووهێزەی دەسەڵاتدارن لە کوردستان (پارتی و یەکێتی) وەک دووهێزی هەمیشە وەستاو لەبەرامبەر یەکتر و دژ بە بەرژەوەندی خەڵکی کورستان، بەردەوام پشت لە بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵکی کوردستان و پێشخزمەتی هێزە دەرەکیە ناوچەیی و جیهانیەکان جوڵاونەتەوە. بۆیە بەڕای من زیاتر کۆبوونەوەی ناکۆکییە ناوەکی و دەرەکیەکان بوون بەهۆی ڕوودانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هیج لەبارانەبوونی دەسەڵاتی کوردی بە کاراکتەری سەرەکی دەزانم.

بۆپێشەوە: ١٦ی ئۆكتۆبەر پێگەی بزوتنەوەی كوردایەتی بەرەو لاوازی زۆر برد، و كەركوكیشی لەدەستیان دەرهێنا، ئەوە چ كاریگەرییەكی لەسەر خەڵكی كوردستان هەبوو؟

ئاراس ڕەشید: پێموایە ١٦ی ئۆکتۆبەر درێژکراوەی شکستەکانی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی کوردی (پارتی و یەکێتی بە پلە یەك) بوو لە ماوەی دوای خرۆشانی ١٩٩١ەوە، فەشەلی بەڕێوەبردنیانە لە ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵ. بەدڵنیایی بزووتنەوەی کوردایەتی بەتایبەت لە کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەگشتی بەرەو لاوازی برد، و حکومەتی ناوەندی جارێکی دیکە بەهێز کردەوە. ڕەنگە ئەو فرسەتەی لەبەردەم دەسەڵاتدارانی کوردایەتی دابوو تاماوەیەکی دوورو درێژی دیکە لەدەستیان دابێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ٪٥٠ یەی کوردستان کە بەهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەتەواوی لە دەستیاندا.

زەرەرمەندی گەورەی ١٦ی ئۆکتۆبەر خەڵکی کەرکوک بەتایبەت بوو، چونکە کەرکوك چەقی یەکلاکەرەوەی کێشەی بزووتنەوەی کوردایەتیە، یان باشتر بڵێم ئەو کارتەیە کە ئەو بزووتنەوەیە هەمیشە بەکاری دەهێنت بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی نەک بۆ بەرژەوەندی خەڵکەکەی. پرسی کورد لەو ناوچانە بەپێی دەستوری نوێی عێراق بۆ چارەسەری ئەو پرسە لە ماددەی ١٤٠ تاماوەیەکی دیکە بە نادیاری دەمێنێتەوە. ئەوە جگە لە زەرە ئابووریەی کە یەکێتی و پارتی لە نەوتی کەرکوك بەریان کەوت. هەروەها خەڵکی کورد زمانی ئەو ناوچانە ژیانێکی پڕ لەدڵەڕاوکێ بەسەر دەبەن. دوایین نموونە بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنیەکانی عێراق لەگەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکوك لە شۆرجە و ڕەحیماوا…تاد و گرتنی لاوانی کور، لە دوای تەواوبوونی هەلبژاردنەکانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١. بەهۆکاری بەکارهێنانی بەرژەوەندی تەسکی  حزبایەتی (کە دیارە ئەمجارە پارتی دەستپێشخەر بووە لەو کێشەیە، بەپێی هەواڵەکان).

 بۆپێشەوە: چ جیاوازییەك، و چ هاوبەشیەك هەیە لەنێوان ٣١ ئاب و ١٦ی ئۆكتۆبەردا؟

ئاراس ڕەشید: چونکە پارتی یەکێتی لە منداڵدانی یەك بزووتنەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی هاتوونەتە دەرەوە، بۆیە کۆی ئاکار و شێوەکار و بەرنامە و ئەنجامی کارە سیاسیەکانیان لەیەك دەچن. بەڵام هەریەکەی لە سات و کاتێکی جیاواز ڕوودەدەن. ئەم دوو ڕووداوە لە کێشەی پاوانکردنی هێز و دەسەڵاتی ئەم دوو هێزەوە سەرچاوەی گرتووە و هەر چەند ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و ڕەگی لە کێشەی (مەلایی و جەلالی قوڵ بۆتەوە). بنەمای ئەم دوو هێزە لەسەر پشتکردنە بەرژەوەندی پرسی کورد و خەڵکی کوردستان، و کرێگرتەیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە (ئێران و تورکیا و عێراق) دامەزراوە و سیاسەتیان دادەڕێژن. بە بڕاوی من ئەمە لێکچوونە سەرەکیەکەیە. لێکەوتە هاوبەشەکانیش تێکدانی کەش و هەوای ئارامی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووری و دەربەدەری خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی دێنێت. هەروەها پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کوردیش بۆ دواوە دەگێڕێتەوە. متمانەی قوڵی جەماوەری نێودەوڵەتیش بۆ پرسی کورد لاواز دەکات.

بۆپێشەوە: چۆن دەكرێت رێگە لە دووبارەو چەند بارەبوونەوەی ٣١ ئاب و ١٦ی ئۆكتۆبەرەكان بگیرێت؟

ئاراس ڕەشید: ئەوە پرسیارە سەرەکی بناغەییەکەیە. مێژووی ١٠٠ساڵەی بزووتنەوەی کوردایەتی و خرۆشانە چەکداریەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەو ڕابەرایەتیەی کە هەیبووە تاوەکو ئێستا سەلماندوویەتی لەوە زیاتریان پێ نییە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی جەماوەری خەڵکی کوردستان. حکومەتی گەندەڵ و فاشیلی هەرێمی کوردستان ماوەی نزیك بە ٣٠ لە حوکمڕانیەکەی جگە دووبارەکردنەوەی ئاوارەیی و کوشتاری ٣١ ئاب و شەنگال و ١٦ی ئۆکتۆبەر و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان…تاد و داڕووخانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی تادەگاتە هەڵوەشانەوەی تەونی کۆمەڵایەتی؛ هیچی دیکەی نەکردووە.

بۆیە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەبێت هێزی بزووتنەوەی یەکگرتوویی خۆیان لە وەهمی قەومی ئەم حزبانە جیاکەنەوە. چی تر کات و ژیان و گیانی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن لەپێناو بەناو ئاڵا و خاكدا. دەبێت لە گەڕەك وشوێنی کار و ژیانیان  وردە وردە بەهۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەڕێوەبەری خۆیی هێزی خۆیان تاقیکەنەوە و دەستبەرن بۆ هەر شێوەیەك کە بۆیان گونجاوە لە خۆڕێکخستن و پشتیوانی و هاوکاری یەکتر و نزیکتر بوونەوە لەیەکتر لە دەستە و کۆمەڵی بچووکەوە دەستبەکاربن بۆ دروستکردنی بەدیلی ئەم دەسەڵاتە بێدەربەسەتە نا بەرپرسە لە ژیان و زیندەگی خەڵك.

هەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ هێزی و بڕوای جەماوەری نیشاندا بە دەربڕینی هەموو شێوەکانی ناڕازیبوونیان بەم سیستەمی بەڕێوەبردنەی سەرتاسەری عێراق، کە خۆی لە  نەچوونە دەنگدان و بەتاڵکردنەوەی دەنگەکاندا بینیەوە. بەڵام هەنگاوی یەکەمە هەنگاوی دوای ئەوە خۆڕێکخستنە لەژێر چەتری ڕابەرانی خەڵکی ناڕازی و هۆشیار بە بیری چینایەتی و لەگۆڕنانی ئەم ژیانە پڕ لە ناعەدالەتیە و توڕهەڵدانی ئەو حزبانە و سەرانیانە بۆ دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتی. بڕاوم وایە هۆشیاری جەماوەر زۆر چۆتە پێش و هەنگاوی زۆر مەحکەمی ناوە لە نموونەی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و هەڵوەشانەوەی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی تا دەگات بە کەمکردنەوەی دەنگ و کورسیەکانی پارتی و یەکێتی و شکستی گەورەی بزووتنەوە چەواشەکاریەکەی گۆڕان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.