ئەو هۆیانەی وەک ئاماژەن کە خۆری بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو ئاوا بوون دەڕوا! نووسینی: حەسەن ڕازانی

0

ئەو هۆیانەی وەک ئاماژەن کە خۆری بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو ئاوا بوون دەڕوا!

نووسینی: حەسەن ڕازانی

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە: من شاگەشکە نابم لە خۆشیدا بە ئاوابوونی خۆری هیچ لایەن و هێزێکی سیاسی لەم کوردوستانەدا کە سەردەمانێک خەڵکێکی زۆری داماوو بەشمەینەت و ستەمدیدەو تووڕە لە دەسەڵاتی لەگەڵدا بووبێت،. بۆ نموونە گۆڕان کە سەردەمانێک زۆرینەی خەڵکی وەزاڵە هاتوو لەدەست دەسەڵاتی خۆیی،  هەروەها گەنج و نەوەی دوای ڕاپەڕین بەرەو گۆڕان هەنگاویان نا. گۆڕان ئەوکات تاکە بەدیلی دیارو کاریگەر بوو کە بتوانێت ئەو نەوەیە، تووڕە لە دەسەڵات، وەخۆ بگرێت. ئیتر ڕێبەرایەتی گۆڕان ئەگەر پلان و ئامانجێکی تری شاراوەی هەبووە جیا لەو پلان وئامانجە ئاشکرایەی کە خەڵکەکە بینیویەتی ئەوە مەسەلەیەکی ترە. مێژوو پڕە لەو نموونانە. نابێ هیچ کەسیش ئەم بۆچوونانەی من وا لێک بداتەوە کە من پاساو بۆ شکستەکانی گۆڕان دەهێنمەوە و پشتگیری لە گۆڕان دەکەم. ئەم نووسینەم نە وەک پاساو نووسیوەو نە وەک ئامۆژگاریش نووسیومە کە بڵێم گۆڕان: ئاگاتان لە خۆتان بێت چونکە ئێوە لەبەر ئەم هۆیانەی کە من نووسیومن بەو مەرەدەی ئێستاتان لێهاتووە. من گۆڕان نیم، بەڵام پەیوەندی دۆستایەتیم لەگەڵ هەندێک لە خەڵکی گۆڕان هەیە لە ئاستە جیاجیاکاندا.

بەڵام با لە دیدی خۆمەوە بە ڕوونی ئەوەی کە خۆم پێم وایە ڕاستە، بیخەمە ناو دوو توێی ئەم نووسینەم.

زۆرینەی خەڵکی کوردوستان دادو فیغانیان بوو لەدەست دەسەڵاتی خۆیی کوردی. ڕێبەران و پێکهێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بە تەواوەتی  درکیان کردبوو بە تووڕەیی زۆرینەی خەڵکی کوردوستان، بە تایبەتی چینی گەنج و خەڵکی لە دایکبووی دوای ڕاپەڕین. بە ئاشکرا دیاربوو کە  نەوەی خوێن گەرم و گەنجی دوای ڕاپەڕین و خەڵکی توورە لە دەسەڵات سەفاو مەڕوای دەکردو بە هەر چوارلای خۆیدا کەوتبووە جووڵە جووڵ بە هیوای دۆزینەوەی چارەیەک بۆ دەربازبوون لەو بێهیوایی و سەرگەردانییە، هەروەها بۆ ڕزگاربوون لەوسیستەمە سیاسییە کە دەسەڵاتی کوردی سەپاندویەتی بەسەر کۆمەڵگeی کوردیدا. بزووتنەوەی گۆڕان هاتە بوون و بە شێوەیەک خۆی دەرخست کە تەنها گۆڕان شوێن و چارەیە کە ئەم خەڵکە بەدوایدا وێڵە. گۆڕان، بە بڕوای من، بۆ ماوەیەکی باش توانی ببێتە باوەشێکی فراوان وگەرم  بۆ وەخۆگرتنی ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕین. ئیتر وردە وردە، ڕۆژلە دوای ڕۆژ، مانگ لە دوای مانگ، ساڵ لە دوای ساڵ، ئەم نەوەیە کە ببووە هەوێن و داینەمۆو هێزی مرۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، هەستی بە نامۆیی خۆی دەکرد لە ناو بزووتنەوەکەو  هەروەها لە ناو کۆی سیستەمی سیاسی بزووتنەوەکەش ببوە میوان و دۆستێکی ڕەزا گران. بۆیە ئەو نەوەیە کەوتە گومانەوە. ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری ئەو گومانە بەسەر بزووتنەوەکەوە دیاری دەدا.

 وا لێرەدا لە دیدی خۆمەوە ئاماژە بەچەند هۆیەکی دیار دەدەم کە بۆچی ئەم بزووتنەوەیە بەرەو پووکانەوەو داڕمان هەنگاو دەنێ یاخود ڕۆیی؟

یەکەم: بە بڕوای من یەکەمین هۆ کە وای لە هێزی مرۆیی گۆڕان کرد کە بکەوێتە گومان و دڕدۆنگییەوە، بریتیبوو لە تێکەڵاوبوونی گۆڕان لەگەڵ دەسەڵات لە ڕێگەی پەڕلەمان و حکومەتەوە.

دووهەم: کاتێک کە دەسەڵات بە هەزارانی لە خەڵکی سیاسی و دۆست و لایەنگرانی گۆڕان سزاداو نان بڕاوی کردن لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ گۆڕاندان، گۆڕان نەیتوانی کارێک ئەنجام بدات لە ڕاستای گەڕاندنەوەی نان بۆ نان بڕاوەکان و یا هەر هیچ نەبێ نان بڕاندن بوەستێنی. تا هەنووکەشی لەگەڵدا بێت هێشتا زۆر لە سزادراوانی سیاسی لەسەر بوون بە گۆڕانیان قەرەبوو نەکراونەتەوەو هێشتاش نان بۆ زۆرێک لە نان بڕاوان نەگەڕاوەتەوە. ئەمەش بوو بەهۆیەکی تری دڕدۆنگ بوونی جەماوەری گۆڕان لە گۆڕان. ئەم نان بڕاوو سزادراوانە لە باتی توووڕەییەکەیان ئاراستەی دەسەڵات بکەن، ئاراستەی گردەکەیان کردوو ڕقی خۆیان بە گردەکە ڕشت. ئەمەش لەسەر گۆڕان و قەبارەی گۆڕان بە خراپی کەوت. دەسەڵاتی سەوزیش کە لە تەنیشتیان بوو ئاگرەی خۆشتر دەکرد.

سێیەم: لە یەکەمین بەشداربوونی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا، گۆڕان بە ئاشکرا دیاربوو کە یەکەمی زۆنی سەوز بوو. ئەمە وای کرد کە زۆنی سەوزی گۆڕی بەرەو نیلی. بەڵام دوای ئەم هەموو بگرەو بەردەیە، سەوز نەی هێشت گۆڕان پارێزگاریشی پێ بدرێت کە دەبوایە زووربەی شوێنە گەورەو هەستیارەکانی ناوچەی سەوز، کە گۆڕا بەرەو نیلی، بەدەست گۆڕانەوە بێت. بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. ئەمەش بووە هۆیەکی تر کە جەماوەری گۆڕانی زیاتر خستە ناو گومان و دڕدۆنگی لە سیاسەتی بزووتنەوەکە. هەر بۆیەش لە هەڵبژاردنی دووەمدا جەماوەری  گۆڕان بۆ نیوە دابەزی. ئیتر دابەزین و داڕمانی گۆران بەردەوام بوو.

چوارهەم: نزیک بوونەوەی سەرکردایەتی گۆڕان، وەکو کە دەگوترا، لە پارتی. ئەم نزیکبوونەوەیەی ڕابەرایەتی گۆڕان لە پارتی زیاتر لە لایەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزەوە تەرویجی پێ دەدراو زەق دەکرایەوە. ئەمەش بووە خاڵ و هۆیەکی تری باش بۆ ئەوەی گۆڕان لە جەماوەرە ئەسڵەکەی خۆی، کە زۆرینەیان مەیلێکی ئەنتی پارتیانەیان هەبوو، دابماڵرێ.

پێنجەم: نزیک بوونەوەی گۆڕان لە ماڵێ تاڵەبانی و نەرمی نواندن لە زۆر ڕوەوە لەگەڵیاندا، نەک لەگەڵ یەکیەتی وەک حیزب. ئەمەش جەماوەری گۆڕانی وە گومان خست. چونکە بە لای جەماوەری گۆڕان و هێزە مرۆییەکەی گۆڕانەوە جیاوزای نییەو نەبووە لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیدا. ئەمەش بوو بەهۆی دابەزاندنی جەماوەری گۆڕان. چونکە جەماوەرەکەی گۆڕان کە زۆرینەی جەماوەری دوای ڕاپەڕین بوو مەیلێکی ئەنتی بنەماڵەیی و ئەنتی خێڵ و تاقمە گەرییان هەبوو.

شەشەم: سەرباری ئەوەی کە ماوەیەکی زۆریشی بەسەرچوو، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، گۆڕان نەیتوانی هیچ پۆستێکی هەستیارو گرنگی ناوچەی سەوزی بە کرداری بکەوێتەدەست. سەرباری ئەوەی کە گۆڕان لە زۆنی سەوزدا زۆرینە بوو. ئەمەش جەماوەری گۆڕانی بێ هیواترکرد.

حەوتەم: کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا کە لە لایەکەوە ڕێکخەری بزووتنەوەکە  بوو لە لایەکی تریشە قوتب و تیوریست و کاریزماو هەروەها وەک مێشک و گیانی  بزووتنەوەکەش سەیری دەکرا. هەر لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا، بزوتنەوەکەش بەرەو فرە کوێخایی و فرە باڵ و فرە بۆچوونی سیاسی هەنگاوی نا. واتە گۆڕان یەک بڕیاریی و ناوەندی بڕیارو مەڕجەعی کۆکرنەوەی بیرڕاکانی لەدەستدا. ئەمەش هێندەی تر گۆڕانی بەرەو هەڵتەکان و پەرش و بڵاوی لە کردارو لە بڕیاردا برد. وای لێهات کەس حسابی بۆ کەسیان نەدەکرد.

هەشتەم: دوای مردنی ڕێکخەری بزوتنەوەکە، کاریگەری ڕاستەوخۆ کەوتە سەر بزوتنەوەکە. بە دانانی ڕێکخەرێکی تر کە لە نێو زۆرایەتی و هێزە مرۆییەکەی گۆڕاندا لایەنگرو دۆست و هاوکاری زۆری نەبوو، وای کرد کە ئەمەش ببێتە هۆی لێ تەکینەوەی بەشێکی ترلە جەماوەری گۆڕان لە بزووتنەوەکە.

نۆهەم: دوای مردنی نەوشیروان موستەفاو دابەشکردنی میراتی بزووتنەوەکە، کە بە ملیۆنان دۆلارمەزندە کراوە، بەسەر بنەماڵەدا، واتە گواستنەوەی خاوەنداریەکەی بۆ کوڕەکانی نەوشیروان، وای کرد کە جەماوەری گۆڕان بۆچوونیان لەسەر ئەم بزوتنەوەیە بە گشتی و بە تایبەتیش لەسەر خودی نەوشیروان موستەفا بگۆڕێت. جەماوەری گۆڕان هاتنە سەر ئەو بڕوایەی کە ئەوەتا نەوشیروان موستەفاش هەمان ڕێچکەی تاڵەبانی و بارزانی گرتە بەر.

دەهەم: زۆرێک لە کەسی دیارو پڕ ئەزموون و خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری کە لە ناو بزووتنەوەکەدا بوون بزووتنەوەکەیان یا بەجێهێشت یان شوێنیان پێ لەق کراو گوێیان لێ نەدەگیراو هامش کرابوون. بۆیە ئەمەش بە خراپ شکایەوە بەسەر بزووتنەوەکەدا. هەندێکیش سەنگەریان گواستەوەو لەنێو لایەن و حیزبەکانی نێو دەسەڵاتدا بوونە ڕاوێشکاری بەرپرسە باڵاکانی حیزب و حکومەت. کە زۆر بە کارامەیی لە بزووتنەوەی گۆڕانیان دەدا. من پێم وایە کاریگەری ئەو جۆرە کەسانە زۆرتر بووە لەسەر گۆڕان لە هۆیەکانی تر لە سەر بزووتنەوەی گۆڕان  کە بەو مەرەدەی ئێستا ڕۆیشتووە.

یازدەهەم: داخرانی پەڕلەمان و ڕێگرتن لە سەرۆکی پەڕلەمان و تەواوی وەزیرەکانی گۆڕان، بە بڕیاری تاکلایەنەی پارتی وەک حیزبی باڵادەست و خاوەن هێز، کە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، گۆڕانی  خستە ناو بازنەی بێچارەیی و بێ توانایی لە زاڵ بوون بەسەر ئەو کێشەیەدا. لەو لاشەوە بێ هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی ناوپەڕلەمان بە تایبەتی دەسەڵاتی زۆنی سەوزی کۆنە هاوڕێیانی ڕێبەرانی گۆڕان نەک هەر ئەم کارەی پارتیان ئیدانە نەکرد، بەڵکو، بە بڕوای من، بۆی هەیە پێشی دڵخۆشبووبن. هەندێکیشیان،  وەک دەگوترا، بە نهێنی پشتی پارتیان گرتووە لەو کارەیدا. ئەمەش وای لەبزوتنەوەی گۆڕان کرد کە جەماوەرەکەی لێی بکەوێتە گومان و دەستی بە دوورکەوتنەوە کرد لێی.

دوازدەهەم: هۆی هەرە دیارو زەق و جەرگ بربۆ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوە بوو کە دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لە زۆر شوێن و کاتدا پشتی یەکتریان دەگرت و سیاسەت و پلانیان لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان یەک دەخست.  ئەمەش بزووتنەوەکەی  دەوەستاند لە پەلهاویشتن و گەشەکردن. نەک هەر ئەوە  بەڵکو هەندێک لایەنی سیاسی تریش هەبوون لە نێو پەڕلەماندا هیچیان بە کرداری لێ نەدەبینرا بۆ پشتگیری لە گۆڕان. وە هەندێک جارانیش وەک دەگوترا  لە دژی گۆڕان جووڵەو بزوتنیان هەبوو لەگەڵ پارتی و یەکیەتی. ئەمەش ئەوەی دەگەیاند کە گۆڕان سەرباری ئەو هەموو کێشەو کەموکوڕیانەی خۆی کە بەدەستیەوە دەیناڵاند، ئەمەشی بۆ زیاد دەکرا. دەگوترا لایەن هەبووە بەجۆرێک  ڕقی لە گۆڕان بووە کە ئەگەر خودی خۆشی تێدا بچوایە بەس بۆ ئەوەی گۆڕان تێدا بچێت دەیکردو دەچوو لەگەڵ پارتی و سیاسەتەکانی پارتی خۆی دەگونجان. ئەمانە ئەنتی گۆڕان بوون و هیچی تر. هەروەک کە دەگوترا گرێی دەروونیان لەگەڵ ڕێکخەرەکەی گۆڕان دا هەبوو.

سێزدەهەم: گۆڕان بەهۆی مێژووی نەوشیروان موستەفاو کارو کردەوەکانی  ئەو لە دژی چەپ و کۆمۆنیستەکان و  هەروەها لە دژی ژنان، کە وەک دەگوترا ئەنتی ژن بوو، وای کرد کە لە دەرەوەو ناوەوەی کوردوستان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هێرش بۆ سەر نەوشیروان موستەفا بەردەوامی هەبێ.  ئەمەش بە خراپ شکایەوە بەسەر بزووتنەوەکەدا. بە بڕوای من ئەم هۆیەش خۆی لە خۆیدا قورسایی زۆری خستە سەر شانی بزووتنەوەی گۆڕان.

چواردەهەم: هەڵبژاردنی کۆتایی کە ١٠-١٠-٢٠٢١ دا کرا گۆڕانی تێدا ڕووت کرایەوەو تەنها گردی ڕووتو قووتی بەدەستەوە مایەوە. هۆی سەرەکی ئەمەش، بە بڕوای من، نزیکبوونەوەی گۆڕان بوو بە تەواوی لە مامە بچووکەکان و ماڵێ تاڵەبانی لەژێر ناوی هاوپەیمانیدا. هەتا ئەوەش بڵاوکرایەوە لە دەمی خەڵک و هەندێک بەرپرسەوە کە ماڵباتی تاڵەبانی نیازیان هەبووە بە تەواوی گۆڕان حەل بکەن و تێکەڵاوی خۆیانی بکەنەوە. ئەمەش بە تەواوی ئەو جەماوەرەی کە مابووش لە ناو گۆڕان و هاتووچۆی گردەکەیان دەکرد، کە وەک دەگوترا زیاتر بە مەبەستی زیارەتی پەیکەری نەوشیروان موستەفا بووە نەک جڤات و خانە، ئەویش نەماو ئیتر ئەمانەش  هیچیترنیازیان نییە بەرەو گردەکە سەرکەون.

پازدەهەم: گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا لەژێر ناوی هاوپەیمانیدا کە مامی بچووک سەرۆکایەتی دەکرد، هیچ لە کاندیدەکانی گۆڕان دەرنەچوون. ئەمەش هێندەی دیکە جەماوەری گۆڕانی تووڕەکردو و پێیان وابوو گۆڵیان لێکراوە لەلایەن ماڵێ تاڵەبانییەوە. بۆیە هێندەی تر گۆڕانخوازان لە گۆڕان دوورکەوتنەوە. کاریگەری ئەم هەڵبژاردنەی کۆتایی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا بەتەواوی ڕوون نییە بەرەو چ ئاقارێک بزووتنەوەکە ئاراستە دەکا.

شازدەهەم: بڕینی بودجەی حیزبەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە کە دیارە پارتی و یەکێتی بڕیار بەدەستن، وای لە گۆڕان کرد کە بەرەو بێ پارەیی بڕوات و نەتوانێت کارەکانی ڕاپەڕێنێ. لە بەرامبەردا دەسەڵات بە بای پیلان پارەیان تەخشان و پەخشان دەکرد. ئەمەش بوو بە هۆیەکی تر کە گۆڕانی لە نووزە و جووڵە بڕی.

حەڤدەهەم: هەندێک نووسەری نێو یەکیەتیش کە لە سەردەمی شاخدا هەمیشە ناتەبا بوون لەگەڵ هەندێک لە بەرپرسانی گۆڕان بە تایبەتی لەگەڵ نەوشیروان موستەفا. ئەمەش وای لەو بەرپرسە نووسەرانە کردوە کە لە ناوشارو سەردەمی باڵادەستی خۆیاندا تۆڵە بە شێوەی جیاجیا لە نەوشیروان و هاوڕێکانی بکەنەوە. ئەمەش بە زیانی بزوتنەوەکە تەواو بوو.

هەژدەهەم: هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات لەسلێمانی، بە بڕوای من، کاریگەری خراپی دانا لەسەر جەماوەری گۆڕانخواز. لەبەرئەوەی بەشێکی دیاری بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان پێکهاتبوو لە جەماوەری گۆڕان لە ناوشاری سلێمانی و دەوروبەری. بەڵام کاتێک کە لە تەلەفزیۆنی( کەی ئێن ئێن) وە بە بەیانێک ئیدانەی خۆپیشاندان کراو خۆپیشاندانەرانیان بە ئاژاوە گێڕ ناوهێنا هەر لەبەر ئەوەی گوایە هەندێک گەنجی خێر لە خۆ نەدیو بەردیان گرتۆتە هەندێک شوێنی سەر بە حکومەت، کە من لە گەڵ تێکدانی دام و دەزگای حکومی نیم بە هیچ شێوەیەک، جەماوەری گۆڕانخوازیان بە تەواوەتی خستە گومانەوەو لە گۆڕان و گردەکەیان دردۆنگ کرد. ئا لەو کاتەدا تەواوی میدیای سەر بەو لایەنانەی کە ناتەبا بوون لەگەڵ گۆڕان ئەوانیش ئاگرەکەیان خۆشتر دەکردو جەماوەری گۆڕانیان لە گردەکە زیاتر تووڕەو وەگومان دەخست. ئەمەش هۆیەکی تر بوو لەوەی کە گۆڕانی لە جەماوەرەکەی تەریک کردەوە.

زۆر هۆی تریش هەن بەڵام بە بڕوای من با لێرەدا بەس بێت بۆ ئەم نووسینە. بە بڕوای من هۆی شکست و داڕمانی جەماوەری گۆڕان هەنگاو بە هەنگاو، ڕۆژ دوای ڕۆژ، هەروەها  ساڵ دوای ساڵ، هۆیەکەی نە ڕێکخەرەو نە جڤاتەو نە خانەو ڕایەڵەکانە بە تەنها، بەڵکو هۆ سەرەکییەکە بریتییە لەکۆی بەرنامەو سیستەمی سیاسی بزووتنەوەکە کە لە دوای ٢٠٠٩وە دەستی بەلادان کردووە لەو سیستەم و دیدگا سیاسییەی پێشووی کە جەماوەری گۆڕانخواز باوەڕیان پێی هەبوو. گۆڕان نەیتوانیوە ببێتە مینبەری نەوە و خەڵکی دوای ڕاپەڕین  و گەنجی خوێنگەرم و تووڕە لە سیستەمی بنەماڵەیی. جەماوەری تووڕە لە دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ ئیتر تێگەییشت  کە سیاسەت و سیستەمی گۆڕان و بەرنامەی کارەکانی گۆڕان لە دۆڵێکن و ئەوەی کە خەڵک و جەماوەرەکەی گۆڕانیش دەیەوێت لە دۆڵێکی ترە. ئیتر ئەوەیە ئەنجامەکەیەتی و ئەمەش لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووی نەداوە.

لە کۆتاییدا پێم خۆشە دەربارەی ئەم مەسەلەیە ئەم دوو چوارینەتان پێشکەش بکەم بۆ زاخاوی مێشک. کە هەر خۆم نووسیومن.

گردەکەی گۆڕان، بۆچی چۆڵکرا؟

بۆ وا بەم زوییە، بەم دەردە برا؟

ئایا هۆیەکەی، خەتای عومەرە؟

یا شتی ترەو،  وا لای جووت برا؟

———————————

ململانێی ئێستای، بزووتنەوەی گۆڕان

لەگەڵ داڕمان و، جەماوەر تۆران!

هەروەک و خزمان،  لە پشدەر دەڵێن:

کەپەنکت بۆچیە، لە دوای باو و بۆران!

Leave A Reply

Your email address will not be published.