چەند شیعری/ خالید بایەزیدی (دلیر)
چەند شیعری/ خالید بایەزیدی (دلیر)
کرێکارێک
لە قرچە قرچی هاوین
ئیشی دەکرد
وە سەرمایەدارێکیش
لە گازینۆیەک
تنووک…
تنووک…
ئارەقی رژاوی
کرێکارەکەی دەدۆڕاند
…………………………………………
ئامێرەکان
مانیان گرتبوو
دەیان وت:
چی ترنامان هەوێت
کرێکاران
لە ژیردەست وپێمان
بچەوسێنەوە
نان… ئازادی … بەرابەری
…………………………………..
باوکم هەموو شەوێک
لە ژماردنی نەبوونییەکانی
خەوی لێ دەکەوت…
وەکازیووەی بەری بەیانیش
جەستەی ماندوو وە هیلاکی
تاکوو سەرئیشەکەی
راکێش راکێش هەڵدەگرت
تاکوو شەو درەنگان
بۆ پاروویە نان
دەمرد و دەمرد
وە هەموو ئاواتەکانی
بە گژو باوبوران و هەور دەسپارد
…………………………………………
کاتێک کە تۆ ڕویشتی
وەک باڵندەیەک
لەناو قەفەس
بەپەلە بووم
بۆ هەڵفڕین
…………………………………………
کراسی ژیان
تەنیا و تەنیا
بۆ بەری من
بچوک بوو
………………………………………
شەوێک لە شەوان
شیعرێک لە دایک بوو
تەنافی دارێکیش هەڵواسرا
ئەوکات زانیم
شیعری باش
لەسەر پەتی سێدارە
لە دایک دەبێ
……………………………………
کاتێک شەڕ کوتایی هات
بە کوترەکەی
«پیکا سو» دەڵێم
چ شەوانێک
تا کازیووەی بەری بەیان
خەونی ئاشتی و برایەتیمان
دەدیت
………..