هێزی بایکۆتی هەڵبژاردن، بابکەینە هێزی ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزەکان… نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

0

هێزی بایکۆتی هەڵبژاردن، بابکەینە هێزی ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزەکان…

نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

 

ڕێگە مەدەن لەژێر ناوی لەهەڵبژاردنێک کە ئامانج لێیان تەنها دەربازبوونیانە لەتووڕەیی و ناڕەزایەتی چەوساوەکانی کۆمەڵگەیە. چیتر زنجیرەکانی چەوسانەوە و بێمافییەکانتان زیاتر لەگەردنتان توندتر مەکەن. بەشداربوونتان لەهەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمانانی دزو گەندەڵ کە دەرکردنی یاساکانیان بەرپرسانی دزو گەندەڵ باشتر دەپارێزن و خۆیان وحیزبەکانیان زیاتر دەبنە خاوەن سامان و پارەی دزراوی گشتی کۆمەڵگە. ئەم ئەندام پەرلەمانانە لەگەڵ ئەوەی بەڕێگای تەزویر وفێڵ وفرێودانەو ودەنگ کڕینەوە دەبنە ئەندام پەرلەمان لەهەمان کاتدا هەرگیز واز لەبەرەی چەوسێنەران و زاڵمەکان ناهێنن یەکەمین کارو هەنگاوەکانیان بەدڵنییای یەوە باج وڕەسوماتی زیاتریش دەخەنە سەر هاوڵاتیان. ئەزیزانم هەرگیزاو هەرگیز ژیانی گوزەرانی خەڵکی بێکارو کرێکارو هەژار لەژێر سایەی حیزبە فاشیستەکانی پارتی ویەکێتی و ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گوڕان و بزوتنەوەی نەوەی نوێ باشتر نابێت و ناتوانن باشتری بکەن، چونکە هەریەکەیان بەشێکە لەکارگەی بەرهەمهێنانی یاساکانی چەوسانەوە وگەشەدانی برسێتی و هەژاری وبێکاری وئاوارەیی وناخۆشییەکانی ژیانی مرۆڤەکانن. هەر ئەم حزب و ڕێکخراوانە چەندین ساڵە لەناو پەرلەمانەکاندان، بەڵام کێ دەستی گرتبوون کە یاسای بیمەی بێکاری دەربکەن، یاسایەک بۆ باشبوونی ژیانی بەساڵاچوان دەربکەن، بەڵام ئەمانەیان نەکرد لەجیاتی ئەم یاسایانە هەستان بەدانانی یاسایی تایبەت بەپلە باڵاکان هەروەک یاساکانی سەردەمی کۆیلایەتی ودانانی یاساکانی باج وسەرانە بەسەر خەڵکدا. لەوانەش خراپتر ئەم حزبانە دەستیان زیاترخستە بیناقاقای خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش بەتایبەتی و خەڵک بەگشتی ئەویش بەهەنگاونان بە بەتایبەتیکردنی کەرتەکانی تەندروستی وکارەبا و ئاو و پەروەردەو خوێندن و سەرجەم بەشە خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵگە. هەر بۆیە زۆریش پێویستە کە لەگەڵ بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنەدا هەنگاوی دڵسۆزانە پێویستە بۆتێکۆشانی هاوپشتی و یەکگرتووانەی زیاتری تێکۆشانی گەنجان و لاوان و خەڵکی ناڕازی کەبەردەوام لەسەر شەقام وخیابانەکان نەفرەت لەم جۆرە دەسەڵات و سیستەم وحیزبانە بکەن و ڕۆژانە گوێبیستی درۆ وفێڵە کانیان دەبن وڕیسواو شەرمەزاریان بکەن. پێویستە بەیەکەوە سەنگەری تێکۆشان بۆڕاماڵینی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە فاشیزم ودژە ئینسانییە لەعێراق وکوردستان بەهێز بکەین .
ناکرێت چیتر ڕێگا بدرێت لەژێر ناوی کوردایەتی و کوردستانی و خەڵک فریو بدرێت ڕاپێچی دەنگدان بە نوێنەرە دز وگەندەڵەکانیان بکرێت، ئەی ئەم حیزبانە سی ساڵە جگە لەخوڵقاندنی کێشەو قەیرانەکانی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی کارو نەبوونی ئازادی و هەبوونی سەرکوتی زۆر و بێکاری و هەژاری وبرسێتی و نەدانی موچەو کرێی کارکردنی ڕۆژانەی کرێکاران ومامۆستایان و فەرمانبەران هیچ سوودی تریان نەبووە هەروەها کردنەوەی دەرگای کوردستان بەڕووی میت و ئیتڵاعاتی دەوڵەتانی فاشیزمی ئێران و تورکیا بۆئەوەی هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز تیرۆربکەن. ئەمانە بۆ ئەوەنابن دەنگیان پێ بدەین، بەڵکو دەبێت ڕیسوابکرێن و لەدەسەڵات بهێندرێنە خوارەوە.
لە کۆی وڵاتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەبوونی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخوازیانەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیچ جۆرە سوودێکی بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەتایبەتی خەڵکی بەگشتی نییە، چونکە ئەوەی کە گۆڕانکاری بەسەردادێت لەدوایی هەڵبژاردن تەنها گۆڕینی بەشێک لەدزو گەندەڵکارانە بە بەشێکی تازەترە لەدزو گەندەڵکار و ملهوڕی چەووسێنەری تر. لەماوەی زیاتر لە چل ساڵ ئێران هەڵبژاردن دەکرێت بارودۆخی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەتایبەتی خەڵک بەگشتی خراپتر دەبێت، بەردەوام ساڵ لەدوای ساڵ گەشەی بێکاری وهەژاری زیاد دەبێت. لەعێراق و  کوردستانیش بەهەمان شێوە وێڕای هەبوونی نەوت وغازو سامانی زۆری ژیر زەوی وسەرزەوی، بەڵام خەڵکی عێراق وکوردستان بەرەو بێکاری وهەژاری وبرسێتی زیاتر دەچن لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنیش ئەنجام دراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دزەکان وگەندەڵکان گۆڕاون بەدزوگەندەڵی تر نەسیستەم ونەدەسەڵات ونەشێوازی ئیدارەدان نەگۆڕاوە، دەرئەنجام  کۆمەڵگە بەرەو خراپتر و نارامی تر وەرچەرغاوە. کەوایە پێویستە لەڕێگایەکی ترەوە بەرەو بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی باشتر بچین ئەویش گەشەدانە بەشۆڕشی چەوساوەکانە، نەک بەشداربوون لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕووکەشی درۆزنانەیان.
ئاخر لەکوێی مێژوویی مرۆڤایەتیدا سیستەم و دەسەڵاتێکی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دز بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی چاکسازی و گۆڕانکاری باشتری بۆکۆمەڵگە کردووە؟! بەڕاستی  ئەوکەسانەی کە زەڕەیەک، دڵیان بەو هەڵبژاردنە خۆشە و پێیان وایە دوایی هەڵبژاردن کۆمەڵگە بەرەو باشتر و نوێتر ئاراستە دەکرێت سەرتاپایی بۆچوونەکەیان هەڵەیە، چونکە لەدوای هەڵبژاردن حکومەت و دەسەڵات ڕوبەڕوویی چەندین کێشەو قەیرانی تر دەبێتەوە بەبێ ئەوەی توانایی چارەسەری کێشەو قەیرانەکانی ڕابردووشی هەبێت. بەدڵنییایی خەڵک دێنەوە سەر شەقامەکان و بەداواکاری و خواستی ئینسانی خۆیانەوە. لێرەدا دەمەوێت لەبارەی ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست و شیوعییەکانەوە تێڕوانینێک بخەمەڕوو کە:
ئەوەی حیزبی شیوعی دەیکات خولانەوەیە بەدەوری بازنەی خەیاڵاتی هیچدا. دواتر هەروەکو ڕابردوو خزمەت بەڕەوتی دەسەڵاتی چەوسێنەر دەکات. هێزی مانەوەی بەدەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دز دەبەخشێت. حزبی شیوعی عێراقی لەلایەک بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات و لەلایەکیش حزبی شیوعی کوردستان ڕیکلامی هەڵبژاردنی بەناوی بەرگریکردن لەسەربەخۆکان گەرم کردووە.

ئاخر هاوڕێیان دواجار ئەگەر چەند ئەندام پەرلەمانێکیش دەربچن دیسان دەچن لەژێر ناوی پاراستنی مافی  خەڵکی کوردستان لەگەڵ نوێنەرەکانی یەکێتی وپارتی وئیسلامییەکان دەچنە یەک سەبەتەوە، جارێکی تریش دەبنە هێزی مانەوەی دەسەڵاتی فاشیزمی بنەماڵەیی لەکوردستان وعێراقدا. هەرگیز ناتوانن ئەندامانی هەڵبژێردراوی شیوعی و سەربەخۆکان هیچ جۆرە یاسایەکی کۆنەخوازی و دژە ژنە ودژە ئینسانی بگۆڕن و ناتوانن هیچ جۆرە یاسایەک دەربکەن کە لەبەرژەوەندی چینی کرێکارو ڕەوتی بەشارستانی بوونی کۆمەڵگەدا بێت. ئەم هات وهاوارەیان دیسان چەمانەوەیانە لەبەردەم سیستەمی  کۆنەخوازی هەروەک چۆن حزبی شیوعی عێراقی لەگەڵ سەدرییەکان هاوپەیمانی پێکهێنابوو کە کۆنەخوازترین هێزی عێراقە، ئاخر هاوڕێیان هەرگیز ئەم سستەم ودەسەڵاتە ملهوڕە چەوسێنەرەی عێراق و کوردستان بەم جۆرە سیاسەتکردنە ناگۆڕێت، بەڵکو زیاتر هێزی مانەوەی گەشەپێ دەدات. ئەو حیزبانەی بەشدارن لەهەڵبژاردن بوونە گۆجانی دەستی مانەوەی سیستەم ودەسەڵاتی دزو گەندەڵ و زاڵمەکان. ئەزیزانم تاکە چارەسەر گەشەدانە بەشۆڕشی چەوساوەکانە لەعێراق و کوردستان، پێویستە ڕاشکاوانە تێکۆشان بکرێت بە بەهێزکردنی ڕەوتی شۆڕشگێڕیی کەتائێستا زۆر بەداخەوە حیزبی شیوعی و دەستی بۆنەبردووە، چونکە زۆر شەرمنانە ئەویش بەرگری لەخەباتی پەرلەمانی کردووە، کەپێویست  بوو چەندین ساڵ لەمەوبەر خۆی لەبەرەی بۆرژوازی وکۆنەخوازی جیاکردبایەوە، هێزی شۆڕشگێڕی بخستایەتە خزمەت ڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی  بۆ هێنانەدی سۆشیالیزم کەبتوانێت نان، کار، ئازادی ئیدارەدانی شورایی بەدی بهێنێت. هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە زیاتر خزمەتی هێزی ملهوڕی چەوسێنەرو دزی دەسەڵاتدار دەکات، نەک خزمەتی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان وعێراق.
کاڕڵ مارکس دەڵێت: دەسەڵاتی پەرلەمانی هیچ نییە، پاشکۆیەکی درۆزنانەی دەسەڵاتی حکومی نەبێت. کەوایە بۆچی کۆمۆنیست وشیوعییەکان خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن و بانگەشەی بۆ بکەن؟!
لە عێراق و کوردستان سیستەمی پەرلەمانی ڕێگاچارە نییە
لە سـەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسـتدا، بە عێراق و کوردستانیشەوە. ئازادی و دیموکراسی واقیعی  سیاسـی بە شـێوەیەکی گشـتی بوونـی نییـە، کە خەڵک ئازادانە و بەئاسانی دەستی ڕابگات بەبیروباوەڕە جیاوازەکان بەگشتی و بەتایبەتی بیروباوەڕی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی ومرۆڤ دۆستی ومرۆڤ پەروەری یەکان، سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قۆرغکراوە بۆلایەنە دینی وقەومییەکان. هەموولایەکیشیان گەشە بە ڕەوتی ڕەگەزپەرستی وڕاسیزم و مەزهەب و دینی دەدەن کەجیاوازەکانی بەرامبەریان ڕەدبکەنەوە. ئەوەش ئاشکرایە بەبەهێزبوونی هەر لایەنێکی قەومی و ئیسلامی لافاوی خوێن بەرپا دەکەن بەسازکردنی شەڕ لەگەڵ یەکتری لەسەر بەرژەوەندی ماددی ومەعنەوییەکانیان. هەروەکو ساڵانی ڕابردوو کەچۆن پارتی ویەکێتی و ئیسلامییەکان بەربوونە گیانی یەکتری و لەشەڕەکانیشیاندا تەنها کوڕە هەژارو کرێکار و زەحمەتکێشەکان دەبوونە قوربانی. بۆ داهاتووش هەریەکەیان لەم حیزبانە گەشەبکەن و دەنگ بهێنن خەڵکی کۆمەڵگە زیاتر باج و قوربانی زیاتر دەبێت بدات.
لەلایەکی تریشەوە پاش چەندین ساڵ لەدوایی ڕووخانی حیزبی بەعس لەدەسەڵات عێراق و کوردستان لەژێر کاریگەری سیاسەتی  دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئێدارەدان بەڵکو بۆ بەتاڵان بردنی نەوت وسامانی گشتی خەڵکی عێراق. لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە هەتا قۆناغی ئەمڕۆ  وڵاتی عێراق لـە ڕێـی سیسـتەمێکی پادشـایەتیی ڕەهـا، سـووپا، دیکتاتـۆری، فاشیسـتی یان دەسـەڵاتێکی ئیمپریالیسـتیی بێگانەوە حوکمڕانی دەکرێت،(هەربۆیەش هەرکاتێک دەوڵەتی تورکیا یان دەوڵەتی ئێران بیانەوێت بەهێزی  سەربازی سنوور ببەزێنن کە کەسوپایان هێنابێت کەس پێیان پێ ناڵێت سنووری کوردستان و عێراق مەبەزێنن، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە عێراق وکوردستان لەلایەن کەسانێکەوە ئیدارە دەدرێت کە دەبێت نەخشەی سیاسی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی وەکو ئێران وتورکیا جێبەجێ بکەن.هەربۆیەشە لەناو کوردستاندا بەئاشکرا چەندەها بارەگای سەربازی ومیت وئیتڵاعاتی تورکیا و ئێران هەیە.  کەواتە بەشداریکردن لەم سیناریۆیەی بەناوی هەڵبژاردنەوە دەکرێت کارێکی بێ سود  دەبێت، پێویسته بایکۆت بکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەم بایکۆتەدا  پێویستە خەبات و نارەزایەتی شەقام  و خەباتی هەمەلانەی جەماوەری لە خوارەوە ئەڵتەرناتیڤی جدی و هەر گۆرانکارییەکی شۆڕشگێڕانە و بنەرەتی بێت باشترین ئەڵتەرناتیڤیش بۆ قۆناغی ئێستا وداهاتوو کە زۆر گرینگ وپێویستە ڕێکخراو و حزبە شیوعی وکۆمۆنیستەکان (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق و حزبی شیوعی عێراق و ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی  و حزبی کۆمۆنیستی کوردستان وحزبی شیوعی کوردستان و سەرجەم گرووپ و ڕێکخروەکانی تر کەخۆیان لەچوارچێوەی بەرنامەی کۆمۆنیستی دا دەبینەوە) کاری لەسەربکەن ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناڕازییە لەناو بزووتنەوەیەکی  جەماوەری شورایدا کە ئامانجی ڕووخان و ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزو گەندەڵکاران بێت لەعێراق وکوردستان. ئەرکی ئەم هێزە کۆمۆنیستانەیە هەنگاوی جدی بنێن بۆ ئەنجامدانی هەڵسوڕانی شۆڕگێڕی لەگەڕەک وشەقام و شاروشارۆچکەکان لەدژی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەر لەکوردستان وعێراق  بەرەو ڕاپەرین و هەنگاوی ڕاماڵینی دزو گەندەڵکارو چەوسێنەران هەنگاوبنێن شان بەشانی جەماوەری ناڕازی لەکوردستان وعێراق.
چەم و ڕووباری تێکۆشانەکان بکەنە یەک لافاو بۆ ڕاماڵین و ڕووخانی دەسەڵاتی زاڵم وچەووسێنەران.
لەمێژوویی مرۆڤایەتیدا دوو جۆری جیاواز لە هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینیوە، کە هەردوو جۆرەکە هەریەکەیان بەرژەوەندی و سوودی بۆ چینێکی تایبەتمەند لەخەڵک پاراستووە.
جۆری یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە کە زیاتر بۆ سوود وبەرژەوەندی دەسەڵاتداران بووە، کەسانی وەکو هیتلەرو سەدام وخومەینی و ئوردوگان  خویان تێدا هەڵبژاردووە ماونەتەوە لەدەسەڵاتیان. ئەبێت ئەوەبزاندرێت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی زیاتر بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە، ئیتر ئەمە بە لیبرالیست و ئیسلامی و مەسیحی و شیوعی و سیکۆلارەوە هەرچی بەشداربێت دەبێت بەرژەوەندی و سوودی سەرمایەی  دەسەڵاتداران بپارێزێت لەسەرحیسابی چینی چەوساوەکەی کۆمەڵگە کەچینی کرێکاران وزەحمەتکێشانە. ناکرێت چیتر خۆ گێل بکەین لەواقیع دا ئەگەر بەردەوام کتێبەکانی مارکس ولینین و گیڤارا وئەنگلیس بخوێندرێتەوە، بەڵام نەتوانین ئاراستەی کۆمەڵگە بۆبەرژەوەندی چینی کرێکار وزەحمەتکێشی کۆمەڵگە وەربچەرخێنین سوودی خوێندنەوەی کتێبەکان هیچ نییە. جگە لەخۆ فرێودان نەبێت.
لەگەڵ هاتنەکایەوەی شۆڕشی چەوساوەکانی فەرەنسا لەساڵی ١٨٧٠-١٨٧١ کەناسێندرا بە کۆمۆنی پاریس و توانیان شێوازێکی جوان لەئیدارەدانێکی ئینسانی بنیادبنێن ئەویش بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەڕێگای ئیدارەدانی شوراکانەوە، کە جۆرێک بوو لەحکومەتێکی هەرەوەزکاری و هاوپشتی خەڵکی کۆمەڵگە.
ئەم جۆرە هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی نا حیزبییە راستەوخۆ لە ئیدارە ناوخۆییەکاندا، هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە هەموو بازنەیەکی شاردا لە شارەوانیەکاندا، لە فەرمانگەکاندا، لە دادگاکاندا. ئەمانە بەرپرس بوون لەڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵ و دابینکردنی پێداویستیە ئینسانیەکاندا و هەرکاتیش پێویست بوایە لەو بەرپرسیارێتیە دادەماڵران. کەواتە ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی شورایی ڕاستەوخۆ پشت بە ئیرادە ودەسەڵاتی خەڵک دەبەستێت بەمانایەکی ڕوونتر خودی ئیدارەدانی کۆمەڵگەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە. بەڵام دەسەڵاتی پەرلەمان یاسای پەیوەندیی چینە جیاوازەکان و دەوڵەمەند و هەژار دادەنێت، ئەمە لەکاتێکا کۆمەڵگە پێویستی بە ئیدارەیەکە شەونخونی بکێشێت بەدیار پێداویستیە ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە. ئەوەی لەمێژوویی پەرلەمانی کوردستان وعێراق وئێران وتورکیا دەرکەوتووە زیاتر شەونخونی بۆ پارەکۆکردنەوە وسەرمایەداربوونی خۆیان وحیزبەکان دەکێشن یاساکان لەبەرژەوەندی پلەباڵاکانی دەسەڵات دادەنێن، هەربۆیەشە بەردەوام ئەو یاسایانە دادەنێن وجێبەجێ دەکەن کە باج وسەران زیاتر دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، هیچ باکیشیان لەگەشەی بێکاری وهەژاری وبرسێتی نییە.
کەوایە ئەگەر دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی باشترو ئاسوودە بەدی بهێنین، پێویستە خەباتێکی باشتری یەکگرتووانە بۆ ڕا ماڵینی دزو گەندەڵکاران گەشە پێبدەین ئەوەش پێش هەمووکەس ئەرکی دەست بەجێی حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست وشیوعییەکانە کە وەک بڵێسەی ئاگر کورەی شۆڕشی سۆشیالیزم بۆ ڕزگاری چەوساوەکانی کۆمەڵگە گەرم بکەن بەخەباتی جەماوەری وشۆڕشگێڕانەیان. لەناو کۆمەڵگەدا دەگوترێت پارته کۆمۆنیست وشیوعییەکان زۆرجوان قسەدەکەن هەرچەندە قسەکردن زۆر ئاسانترە لەکاری کرداری وشۆڕشگێڕانە، ئەوەی ڕاستبێت کۆمۆنیست بوون واتە بانگەواز بۆ وشیاری و ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێڕانە دێت، لەئێستاشدا لەکوردستان تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە زۆر زۆر لاوزە و نابیندرێت، هەروەها بانگەوازەکە کەم تا کورتێک هەیە هەرچەندە ئەویش بەجۆرێکی دروست نابیندرێت، چونکە زیاتر بانگەوازی پۆپۆلیستی و مەحفەلیزمی زاڵە لەناو حیزب وگرووپە کۆمۆنیست و شیوعییەکاندا کە کەمتر گرینگی بەهاوخەباتی و یەکگرتووانەی هێزە چەپ وکۆمۆنیست وشیوعییەکان دەدرێت. کەوایە ڕێگاچارە گەرمکردنی کورەی خەباتی شۆڕشگێڕییە بەرزکردنەوەی ئاڵای تێکۆشانی سۆشیالیزمە کە جەسوورانە ودڵسۆزانە هاوپشتی وهاوخەباتی شۆڕشگێڕانەی هەموو ئەوانەی کە لەدژی چەوسانەوەو بێکاری و هەژاری و نایەکسانی دێنەمەیدان لەیەک بزووتنەوەی جەماوەریدا خۆیان ڕێکخراو بکەن ئەم هێزە لەناو ئەنجومەن و شورایی شۆڕشگێڕی دا  بەیەکگرتوویی بەرەو سەرجەم یاسا و دەسەڵات و تەواوی سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەردا بچێتەوە. ئەم هێزە بکرێتە هێزی  ڕاماڵینی گەندەڵکارو دزو چەوسێنەران دواتر خەڵک خۆیان لەڕێگای شوراکانی گەڕەک و ناوەندەکانی دێهات و شارەکانەوە حکومەتی شورایی خۆیان دامەزرێنن، لەهەمان کاتیشدا خەڵک خۆی چاودێرێکی ڕاستەوخۆ بێت بەسەر سەرجەم کاروبارەکانی ئیداری وبەڕێوەبردن ودیبلۆماسی دا…

Leave A Reply

Your email address will not be published.