ڕۆژنامەنووسان و ستوون نووسانی عەرەب: تاڵیبان و قاعیدە و برایانی موسوڵمان و حیزب اللە یەک ئایدۆلۆجی  هاوبەشیان هەیە! وەرگێرانی: حەسەن ڕازانی

0

ڕۆژنامەنووسان و ستوون نووسانی عەرەب: تاڵیبان و قاعیدە و برایانی موسوڵمان و حیزب اللە یەک ئایدۆلۆجی  هاوبەشیان هەیە!

سەرچاوە: میدڵ ئیست میدیا ڕیسێرچ ئینستیتیوت(مێمری)

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

هەر بەدوای هاتنە سەر حوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا، میدیای جیهانی عەرەبی بەتایبەتی ڕۆژنامەکانی سعودیەو ئیماڕات چەندین مەقالەیان بڵاوکردەوە کە پێیان وایە تاڵیبان هاوبەشە لەزۆر ڕووەوە لەگەڵ ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی تری جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی، لە نێویاندا قاعیدەو داعش و برایانی موسڵمان و حەماس و حیزب اللە یە. لەو نووسینانەدا دەگوترێت کە برایانی موسڵمان کە لە لایەن (سەید قوتب)ی تیۆریستییەوە و حەسەن بەننای دامەزرێنەریەوە شکڵ بە ئایدیۆلۆجیەکەی دراوە، وە تۆمەتی هەرتەقەو هەڵگەڕاوە لە دین دەداتە پاڵ هەرموسڵمانێک کە لەگەڵ ئەوان نەبێت، هەروەها بووەتە هۆی هەڵکشانی ڕێکخراوە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی تر کە لە دواییدا سەریان هەڵدا. لە نێو ئەمانەشدا قاعیدە بوو کە ڕابەرەکانی بریتیبوون لە ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری کە هەردووکیان کەوتبوونە ژێر کاریگەری نووسینەکانی سەید قوتبەوە.

لەو وتارانەدا دەگوترێت: “هەر لەبەر ئەمەشە کە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە برایانی موسڵمان لە چەندین وڵاتی جیاجیا، سەرباری ئەو دوژمنایەتییە مێژوویەی کە لە نێوانی( ب.م) ی ئەفغانی و تاڵیبان دا هەبوو، کەچی بە پەلە پیرۆزبایییان لە تاڵیبان کرد هەر ئەو رۆژەی کە کورسی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. ئەو نووسەرانە دەشڵێن هەموو ئەو ڕێکخراوانە نەک هەر لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە لەیەک دەچن، بەڵکو لە کردەوەشدا هەروەک یەکن.  دەڵێن گوایە تەقوا دەکەن، بەڵام ئایین بەکاردەهێنن بۆ فێڵکردن لە خەڵک و بۆ ئەو مەبەستەش شێعاڕاتی درۆیینە بەرزدەکەنەوە بۆ ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک و دنیا وێنایەکی ئەرێنییانە بەخۆیان بدەن. بەڵام هەر کە هاتنە سەرحوکم ڕێک پێچەوانەی شیعارەکانیان، کە تەنها بۆ تەرویج پێدانی ئامانجەکانیانە، دەکەونە کار.

وا لە خوارەوە چەند  پەڕەگڕافێک وەک نموونە لەوبارەوە لە نووسینی چەند ڕۆژنامەنووسێک و ستوون نووسێکی عەڕەبی بڵاودەکەینەوە:

نووسەرێکی ئیماڕاتی دەنووسێت: ئایدۆلۆجییەتی برایانی موسڵمان بووەتە سەرچاوەی ئیلهامبەخش بۆ هەموو ڕێکخراوە ئیسلامیە تیرۆریستەکان.

د. سالم حمید، لێکۆڵەرو شرۆڤەکاری سیاسی ئیماراتی، لە ستوونێکیدا کە لە ڕۆژنامەی ئیتیحاد لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ دا بڵاوبووەتەوە دەڵێت: “زۆرێک لە ڕێکخراوی تووندڕەوی ئیسلامی، کە لە نێویاندا داعش وحەماس و حوسییەکان و قاعیدەشە، لە بنچینەدا ڕەگ و ڕیشەەیان دەگەڕێتەوە بۆ (ب.م) و هەر لە ئایدیۆلۆجی (ب.م)ەوە ئیلهامیان وەرگرتووە”. هەر بۆیەش جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لە زۆریک لەوڵاتانی عەڕەبیەوە (ب.م) پیرۆزباییان لە تاڵیبان کرد کە لە ئەفغانستان هاتنە سەر حوکم. ئەو نووسەرە دەڵێت:”برایانی موسڵمان، داعش، حیزب اللە و چەندین ڕێکخراوی تر جیاوازن لە یەکتری لە ڕووی سەرچاوەی دەسەڵاتدارێتییانەوە، لە ڕووی ئامانجەکانیان و هەروەها لە ڕووی سیاسەتیانەوە، بەڵام یەک شت کە هەموویان هاوبەشن تێیدا ئەویش بریتییە لەبەکارهێنانی ئایین وەک هۆیەک بۆ فێڵکردن لە خەڵک. ئەو ڕێکخراوانە هەمیشە  قسە دەربارەی گەڕانەوە بۆ شەڕع و دەستووری ئیسلامی دەکەن، بە بەردەوامی هەوڵی گونجاندنی دەدەن لەگەڵ ئامانجەکانیان کە بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی بیرو مێشکی خەڵکی”.

کاریگەری (ب.م) لەسەر ڕێکخراوە تیرۆریستەکان کە پێیان وایە ئەوان موسڵمانی ڕاستەقینەن کاریگەرییەکی زۆرە. بیرۆکەکانی سەید قوتبی تیۆریستی (ب.م) بوون بە سەرچاوەو هەوێنی دەسەڵاتدارێتی بۆ زۆرێک لەو ڕێکخراوانە. سەید قوتب تۆمەتی هەرتەقەبوونی دەدایە پاڵ هەموو ئەو موسڵمانانەی کە بیرۆکەو ڕێباز و میتۆد یاخود جۆری لێکدانەوەو تێگەییشتنی ئەویان بۆ ئایین بەدڵ نەبوو. هەر بەهەمان شێوەی ڕابەرانی ڕێکخراوە توندڕەوەکانی زۆرێک لە وڵاتان، یاخود بە هەمان شێوەی حەسەن بەنننای دامەزرێنەری (ب.م) کە موسڵمانانی دابەشکردن بۆ دوو کامپی باوەڕداران کە تەنها (ب.م)ی دەگرتەوە و کامپی باتڵیش کە هەموو ئەوانەی تری دەگرتەوە. بۆیە بە ڕاستی ئەمەیە جێگاو ڕێگای هەموو ئەو ڕێکخراوە توندڕەوانەی کە تۆمەتی هەرتەقە بوون دەدەنە پاڵ ئەوانەی کە جیاوازن لەگەڵیاندا. هەرچەندە ئەوانە لەسەر بنچینەی جیاجیاو هێڵی جیاواز گەشەیان کردووە بەڵام ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی لە نێوخۆیاندا زۆر کاریگەر بوون بە یەکتری، هەتا هەندێک دەڵێن کە ڕابەرەکانی قاعیدە لە وێنەی ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری نووسینەکانی سەید قوتبیان بەسەرچاوەی کارو ڕێگای خۆیان داناوە.

“من بۆیە ئەوە دەڵێم چونکە (ب.م) زیاتر لە یەک وڵاتی عەڕەبی پێشوازیان لە تاڵیبان کرد کە لە ئەفغانستان هاتنە سەر حوکم و گەییشتنە کابوڵ. بۆ نموونە برایانی موسڵمان لە سوریا بەیانێکیان دەرکرد و تێیدا پیرۆزباییان لە تاڵیبان کردو بە سەرکەوتنی ئەفغانستانیش ناویان هێناو وتیان ئەوە ئاهەنگی ڕاستەقینەیە بۆ هەموو خەڵکێکی بەشەڕەف. هەروەها (ب.م) لە غەزە، کە بە حەماس ناسراوە، ئەوانیش لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە کە لە لایەن  ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکیان ئەنجام درا بۆ هاوتاکەی بە ناوی عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی ئەفغانستان پیرۆزبایی خۆیان گەیاندە تاڵیبان. (ب.م) لە میسریش خۆشحاڵی خۆیان بۆ هاتنە سەر کاری تاڵیبان دەربڕی. هەموو ئەو پیرۆزبایی و خۆشحاڵییەی (ب.م) یش بە هاتنە سەرحوکمی تاڵیبان لە ئەفغانستان دا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ئەوەی تورکیا دەستی کرد بە ئامادەکاری بۆ دەرکردنی ئەندامانی (ب.م) لە تورکیا کە لە میسرەوە ڕایانکربوو، ئێستا ئەو ئەندامانەو (ب.م) بیر لە ئەفغانستان دەکەنەوە وەک جێگرەوەی تورکیا بۆ خۆیان بۆ ئەوەی ئیدامە بە کارو چالاکی سیاسی خۆیان بدەن”.

“جا بۆ ئەوەی تێگەییشتنێکی فراوانترمان هەبی لە وێنەکە، گرنگە کە تێبینی ئەوە بکەین کە وا ئێستا (ب.م)، کە لە وێ پێیان دەگوترێت داعش، خودی خۆیان لە ئەفغانستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە هاتنە سەرحوکمی تاڵیبان.  وە هیوای ئەوەیان هەیە کە ئەوانیش پشکێکیان پێبدرێت لە حکومەتی ئەفغانستان بە تایبەتی کە تاڵیبان ڕایانگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت لایەنەکانی تریش بەشداری پێبکەن. بەڵام ئایا لە دوا ڕۆژدا دەبێ ئەوە  ببێتە گرفتی مێژوویی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە؟”.

“بە کورتی، سەرباری دوژمنایەتی مێژوویی نێوان (ب.م) و تاڵیبان، (ب.م) لە زۆرێک لە وڵاتان بە پەلە هەر بە هاتنەسەر کاری تاڵیبان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەوەش هەوڵدانێک بوو بۆهەڵدانەوەی پەڕەیەکی تازە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیە. پەیامەکانی پیرۆزبایی لە زۆڕێک لەو وڵاتانەوە هاتن بۆ تاڵیبان کە (ب.م) تێیاندا چالاکن و هەتا لەو وڵاتانەشەوە هاتن کە ئەندامانی (ب.م) تێیاندا وەک مەنفی و دەرکراو دەژین. بەڵام ئەمە شتێکە و دیاردەیەکی نائاسایی نییە  کە چاوێک بخشێنین بە مێژووی (ب.م) کە پڕە لە هەلپەرستی و فێڵکردن لە خەڵک و چەواشەکاری.

نووسەرێکی سعودی دەڵێ: برایانی موسڵمان هیچ جیاوازتر نین لە تاڵیبان وحەماس و حیزب اللە؛ و هەمان بۆچوون و تێگەییشتنی قاعیدەیان هەیە.

مشاری الذایدی، ڕۆژنامەنووس و نووسەری سعودیە لە ستوونێکیدا کە لە ڕۆژنامەی شرق الاوسط لە ٣-٩-٢٠٢١ دا بڵاوبووەتەوە بە هەمان چەمک و تێگەییشتنەوە دەڵێت:” پرسیارم لە بەرپرسێکی دیارو گەورەی عەڕەب کردو وتم بە بڕوای تۆ کامیان زۆر ترسناکترە داعش یان قاعیدە؟ ئەو بە بێ ڕاوەستان و دوودڵی وەڵامی دامەوەو وتی بە دڵنیاییەوە قاعیدە. گوتم بۆچی؟ ئەو گوتی چونکە قاعیدە زۆرتر مولتەزیمە بە جێبەجێکردنی پلانەکانی( ب.م)وە. لەو بارەوە، ئەوان دەڵێن بن لادن خودی خۆی یەکێک بووە لە شوێنکەوتوانی (ب.م). هەروەک کە، لۆڕەنس ڕایت،  توێژەری ئەمەریکی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی (ئەو بورجەی وەکو تارمایی دەردەکەوێت) ڕوونی کردۆتەوە و دەڵێ: “زووربەی سەرکردە باڵاکانی قاعیدە بەرهەمی( ب.م)”. دەبێ ئێمە ئەوەش بزانین کە ئوسامە بن لادن و جێگرەکەی ئەیمەن الزەواهیری خۆشحاڵ بوون بە بەلاڕێدابردنی بەهاری عەڕەبی لە ساڵی ٢٠١١ لە لایەن برایانی موسڵمانەوە.

لە هەندێک ڕووەوە، سەرباری هەندێک گلەیی و ڕەخنە لە یەکتری لە ناوخۆیاندا،  قاعیدە بە باڵی سەربازی( ب.م) دادەنرێت.  هەروەها قاعیدەو (ب.م) هەردووکیان هەمان دیدو بۆچوون و تێگەییشتنیان هەیە دەربارەی سرووشتی ئیسلام و موسڵمانان و جیهانیش. ئەوەش ڕوونە کە قاعیدە پەیوەندی لەگەڵ بزاوتە ئیسلامیە سیاسیەکانی سەر بە خومەینیشەوە هەیە، ئەو پەیوەندییەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی و چالاکییە هاوبەشەکانی هەر دوو لا دەکات. هەر هەمان پەیوەندیش لە ئارادایە لە نێوانی( ب.م) و ئەو بزاوتە ئیسلامیە سیاسیانەی کە سەر بە خومەینین و لە لایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن وەک ئەو ڕێکخراوانەی کە لە عێڕا ق و یەمەن دا هەن .

جێگەی باسە کە داعش بەو هەموو توندوتیژی و بەربەڕیەتەی کە پێی ناسراوە، کەچی ئەو هەموو تۆڕی پەیوەندیانەی نین کە (ب.م) هەیانن لەگەڵ دنیا. داعش ئەو پلانە درێژخایانەی ( ب.م)ی بەلاڕێدا برد کە بریتی بوو لە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. هەربۆیەش داعش کەوتە بەر ڕەخنەبارانی (ب.م) کاتێک کە خەلافەتیان ڕاگەیاند. (ب.م) وتیان داعش ئەو کارەی بەبێ ئەوەی پرس بە مەرجەعی دەسەڵاتی ئیسلامی بکات کردووە، کە دیارە مەبەستیان لەو مەرجەعە  هەر لە (ب.م) خۆیانە.

ئێمە ئەمڕۆ لە ئەفغانستاندا ناتوانین هیچ جیاوازییەک بکەین لە نێوانی ئەو جۆرو ڤێرژنەی ئێستای تاڵیبان لەگەڵ چالاکی و زمان و ڕوحی ڕێکخراوەکانی (ب.م) کە لەم دواییانەدا بەرەو پێشچوونێکیان بەخۆوە بینی کە بە دڵنیایەوە بەرەو خراپتر ڕۆییشتوون. وە نە دەشتوانین جیاوازی بکەین لە نێوانی تاڵیبان و حەماسی فەلەستین یاخود حیزب اللەی لوبنانی لە ڕووی فێڵ وتەڵەکەی سیاسییان و چۆنایەتی پەیوەندیەکانیان .

ئەمریکا ئێستا هەوڵی ئەوەدەدا کە پێمان بڵێ ڕیشەی کێشەکە لە ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ داعشی خوڕاسانی. هەر بۆیەش مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە” ئاخۆ ئەمریکا هاوکاری تاڵیبان دەکا لە دژایەتییان بۆ داعشی خوراسانی؟ ئەو وتی ڕێی تێدەچێ”.

بەڵام کەس باسی قاعیدە ناکات، هەرچەندە ئەو ئێستا هاوپەیمانی تاڵیبانە. یەکەم لایەن کە پیرۆزبایی لە تاڵیبان کرد هەر کە حوکمیان بە دەستەوە گرتەوە لە ئەفغانستان قاعیدە بوو. هەروەها ئێرانیش بەردەوامە لە داڵدەدان و مەشقپێکردنی سەرانی تاڵیبان و سەرانی قاعیدە. هەموو ئەم شتانە بەباشی زانراوون و پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات.

ئێستا شتێک نەماوەتەوە کە شاراوە بێت بێجگە لەو ڕاستییەی کە مەلاو پێشەوا دینییەکانی پارێزگاکانی وەک قەندەهار و هێڵمەند باشتر مەشقیان وەرگرتووە و باشترو زیاتریش توانایان هەیە هەم لە ڕووی سەربازییەوە و هەم لە ڕووی سیاسیشەوە. هەر بۆیەش ماوەتەوە بڵێین ئاخیری خێر بێت بۆ ئەفغانستان و هەروەها بۆ خەڵکی تریش.

نووسەرێکی فەلەستینی لە ماڵپەڕی ئیلافی سعودیەدا دەنووسێت: تاڵیبان و حیزب اللە وحەماس و برایانی موسڵمان شیعاری درۆینەیان بە گوێی جیهاندا دا و جێگاو ڕێگای خۆشیان بەکار هێنا بۆ گەشەپێدان و جێبەجێ کردنی مەرام و ئەجینداکانیان.

فاضل المناصفە، ڕۆنامەنووسی فەلەستینی کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕی ئیلافی سعودی دا دەنووسێت، لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ دا نووسیویەتی کە تاڵیبان لە زۆر ڕووەوە لە حیزب اللە و حەما س و(ب.م ) دەچێت. ئەو دەڵێت هەموویان شیعاری درۆینانە دەدەن بە گوێی خەڵکدا بۆ ئەوەی وێنایەکی ئەرێنی لە جیهاندا بۆخۆیان درووست بکەن، بەڵام هەر کە هاتنە سەر دەسەڵات ڕێک پێچەوانەی شیعارەکانیان ڕەفتارو مامەڵە دەکەن، هەر ئەمەشە کە خزمەت بە ئەجینداکانیان دەکات. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەنووسێت” هەرچەندە لە حاڵەتی ئێستادا تاڵیبان هەوڵی ئەوە دەدا کە ڕووکارێکی مۆدێرنانە لەخۆی نیشانی جیهان بدات و بەڵێن دەدا کە بەپێی ڕێبازو بەهاکانی ئیسلامی!! ڕێزی مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بە تایبەتیش مافەکانی ژنان. بەڵام بە پێی ئەو وێنانەی کە لە کابوڵەوە دەگەنە دەرەوە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەن و ڕێگرییان بۆ درووست دەکەن لە چوونە ژوورەوەیان بۆ ئۆفیسەکانی میدیا، ڕێک پێچەوانەی بەڵێنەکانیان ڕەفتار دەکەن بە تایبەتی لەبەرامبەر ژناندا. هەروەها سەرباری ئەوەش زۆرێک لە ساڵۆنی جوانکاری و قژبڕینیان داخستن و هەموو لەوحەکانی ئیعلاناتیان تێکدا کە وێنەی ئافرەتیان تێدا بەکار هاتووە.

“ئەوەی کە ئێستا تاڵیبان دەیڵێت لەبۆنەو کۆڕو کۆبونەوەی خەڵک و لە ڕاگەیاندن دەردەکەوێت نابێتە جێگای سەرسوڕمان، چونکە ئەوە تەنها لەبۆ ڕاگەیاندنەکانەو کورت ماوە دەبێت و زۆر ناخایەنێت. ئێمە حوکم و دەسەڵاتی تاڵیبانمان لەبیر ناچێتەوە لە ١٩٩٦ وە بۆ ٢٠٠١ کاتێک کە هەوڵیاندا بۆ ئەوەی وێنایەکی ئەرێنیانە پیشانی ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە بدەن، وایان نیشاندا کە ئەوان گرنگی بە ئیسلامی مۆدێرن دەدەن کە ئەوەش ناجوور نییە لەگەڵ داب و نەریتی خەڵکی ناوچەکە،  بەڵام هەر زوو یاسا توندوتیژیەکانی خۆیان سەپاند. لەو نێوەدا کارکردن و خوێندنیان لە ژنان قەدەغەکرد، لە ژنانیان قەدەغە کرد کە بە تەنیا لە ماڵ بچنەدەرو دەبوایە کەسێکی نێرینەی خزمیان لەگەڵدا بێت، هەروەها  دارکاری و شەلاق و ئیعدام کردنی ژنان لە ناو مەیدانەکانی وەرزش و مەیدانە گشتیەکاندا دەستی پێکرد و لە نێویشیاندا بەردبارانکردن بوو لەسەر زینا.

“چەندین خاڵی هاوبەش هەن لە نێوانی تاڵیبان و عەڕەبە هاوشێوەکانیان لەڕووی میتۆدی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. ئەوەتا حیزب اللەی لوبنان چەندین شیعاری بۆ ناوخۆی لوبنان  بەکارهێنان، لە نێویاندا بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکی خوارووی لوبنان دا کە خۆشگوزەرانیان بۆ بێنێتە دی، هەروەها بەرزکردنەوەی  شیعاری وەک ڕزگاری و بەرەنگاری بۆ ئەوەی لە لایەکەوە جەماوەری ناوچەکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێ و لە لاکەی تریشەوە وا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەێنێت کە ئەوان بە زەبری هێز نەهاتوونەتە سەر حوکم بەڵکو ئەوە خەڵکی خوارووی لوبنانن کە پشتیوانییان لە رێبازی بەرەنگاری کردووە. هەروەها حیزب اللە بەڵێنی ئەوەشی دا کە مانەوەی ئەوان لە خوارووی لوبنان تەنها بە مەبەستی بەرەنگاری و پاراستنی خاکی لوبنانە لە داگیرکاری ئیسڕائیل و هیج مەبەستیان نییە کە لە ناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕن. بەڵام وا دەرنەچوو، چونکە هەرزوو ڕاکێشرایە ناو هاوپەیمانێتی لەگەڵ کەسە گەندەڵکارەکانی ناو حکومەت و خۆی نوقمی سیاسەت کرد. بەمەش بە تەواوی داماڵرا لەو وێنەو بەڵێنانەی کە پێشتر دابوونی و لە دواجاریشدا خۆی کردە هێزی یەکەم وکاریگەر لە تەواوی لوبنان دا”.

“هەرلە نزیکی لوبنان ئەوەتا ڕێکخراوی حەماس دەسەڵاتی لە کەرتی غەزەدا بەدەستەوە گرت و (ب.م)یش هەمان کاریان لە میسر ئەنجامدا و هەردووکیانیش خیتابی دینییان بۆ مەرام و ئەجینداکانی خۆیان بەکارهێنا. لە کاتێکا کە ئەوانە پشتگیرییان دەکرد لە بەرەنگاری و خۆڕاگری و تێکشکاندنی دوژمن و حوکمی ژیرانە و بە پێی شەریعەتی ئیسلامی، بەڵام هەر کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکیان دابوو بوونە بڵقی سەرئاو و شیعارەکانیشیان تەنها لە پێناوی مەرام و ئەجینداکانی خۆیان دا بوون.

https://www.memri.org/reports/arab-journalists-columnists-taliban-al-qaeda-muslim-brotherhood-and-hizbullah-share-similar

Leave A Reply

Your email address will not be published.