بەشێکی تر لە دەقی شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەكەوێت

0

بەشێکی تر لە دەقی

شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەكەوێت

 

ئاوێنەكان شكان

دەمووچاوەكان كەوتنە خوارەوەو

مردویەك گاڵتە بەوەرزی قڵیشانی هەنار دەكات و

ژنێكی بێ نیشتیمان

شووشەی عەتری بەتاڵ  كۆدەكاتەوەو

لەتەرمیناڵەكاندا دەیفرۆشێت

من دەستم دەگرم بەدڵمەوەو

بەناو گۆڕستانێكی پەرژوو بڵاودا ڕادەكەم

بەدونیایەك خەونی پەشمەكیەوە

لەگەڵ مردووەكاندا قسەدەكەم

بەزۆر ئەیان هێنمە پێكەنین

بەزۆر دەستیان دەگرم و فێری پەڕینەوەیان دەكەم بەسەر پردی سیڕاتدا!!

پێیان دەڵێم سەیری خوارەوە مەكەن

شەیتان بەكۆشێك  خەنجەری كولەوە خۆی ماتداوەو بۆئەوەی  بكەونە خوارەوەو

بتان  خوات

 

ئاوێنەكان شكان

بەردەرگای ماڵەكەمان  پڕبوو لەوردە شووشەی مڕومۆچ

نازانم بۆ باران داناكات

دڵم بەرگەی ئەم هەموو تینوێتیە ناگرێت

ڕانەهاتوم یاری بەئاگر بكەم و

بە ئاو بڵێم ئەگەر ئازایت وەرە باپێكەوە

دواگەمەی مەرگ بكەین و سەرمان  بكێشین بەدارو بەردی  ئەم  مەملەكەتە جەنجاڵەداو 

 هەتا  هێزمان تیایە هاواربكەین  هۆخەڵكینە ئەرێ كەسێك

خوای  نەبینی بەكراسێكی دڕاوەوە بێرەدا بڕوات بۆكڵێسا

 

سەرم  ێشێت

ئەزانم بەرگەی ئەم دڵڕەقییە ناگرم و

ئەبم بەهەزار پارچەوەو كرم تێمدەدات

بۆگەنی جەستەم ئەم دەڤەرە هەراسان دەكات

تاكەم  بەرزە و دەستم  ناگاتە ناوچەوانی  خۆم و دەرگای  ژوورەكەم  بۆناكرێتەوە

شتێكم بۆناوترێت  بمباتەوە  بۆگەڕەكە  كۆنەكەمان و 

لەوێ  لەژێر سێبەری گۆرانیەكی  تەنگە نەفەسدا دامنیشێنێت

 

ئاوێنەكان شكان

نیشتیمان بوو بەهەزار پارچەوەو بابردی

ئەزانم بەرگەی ئەم هەموو درۆیانە ناگرم

ئەترسم ڕۆژێك بەسەرخۆشی هەموو شتێك بدركێنم و حەیام  بچێت

نازانم بۆ باران نابارێت و ئەم هەموو دڵڕەقییەم بشواتەوەو

 بەمردن بڵێت ئەوەندە  بێرەدا مەڕۆ و ئەوەندە تەعلیق لەتەنیاییم مەدە

 

شتێكم بۆناوترێت

تاكەم بەرز بەرز بۆتەوەو جێگا بەخۆم ناگرم

خەڵكی ئەم مەزاتخانەیە  

سەریان لێشێواندوم

خۆمم بۆناناسرێتەوە ئەڵێی كەسێكی ترم لەسەر مووتوربەكراوە

شەونییە هەزار كەڕەت بەدەم  خەوەوە

ڕانەچڵەكم

 

ئاوێنەكان شكان

من بەدڵێكی هەلا هەلاوە گۆرانی بۆمردووەكان دەڵێم

فوو لەخوێنی مەیوی  سەركردە خۆفرۆشەكان دەكەم

دەستم ناوەتە بینە قاقای خۆم و

پڕ بە حەسرەتی ئەم نیشتیمانە سەربڕاوە

هاواردەكەم

ئەم خوێنە بگرنەوە گرێیەك لەلێوی

تەنیایی من بدەن

ئاخر شەوو  نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

………….

حەكیم  میرزا

٢٦/٩/٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.