چالاکانی مەدەنی سەردەشت جارێکی تر کۆماری ئیسلامیان بە چۆکدا هێنا نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
چالاکانی مەدەنی سەردەشت جارێکی تر کۆماری ئیسلامیان بە چۆکدا هێنا
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی توندوتیژی لەناو هەناوی کۆمەڵگەی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ و خەڵکی ئێران هیچ ئەمنیەتێکی گیانی و ماڵیان نییە. ڕژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە سەپاندنی یاسای سەدەناوەڕاستی کە سەرچاوەگرتوو لە ئایین و شەرعی ئیسلامی بوو، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ تا ژنان لەپڕۆسەی سیاسی و ئابووری دوور بخاتەوە. ژنان لەناو ئەو سیستمەدا لە هەموو مافە سەرەتاییەکانیان بێ بەشن و ڕۆژانە توندوتیژی و ئازار ئەزمون دەکەن. توندوتیژی، سەرکوت، ئیعدام، ڕەشبگیری، زیندان و ئەشکەنجەو دەستدرێژی، دیاردە کۆمەلایەتیەکانی هەناوی کۆمەڵگە وەکوو خۆکوژی، لەشفرۆشی، بێکاری و خەمۆکی، مادەی سڕکەر کە سەرچاوەگرتوو لە هەژاری لە ڕادەبەدەر و نەبوونی بوژانەوەی ئابوری بەهۆی ناکارامەیی و گەندەڵی ئەو سیستمەیە، بەرۆکی کۆمەڵگە و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی گرتووە. کۆمەڵگەی ئێران و خەڵکەکەی بوونە قوربانی سیستمێکی دژە مرۆڤ کە دوو ئەبزاری پیاو مەزنی و ئایینی قیزەونی ئیسلامی لە بەردەستە، بۆ دووبەرەکی نانەوە و توندوتیژی بۆ قازانجی دەسەڵاتەکەی خۆی. ژن لەناو سیستمی کۆماری ئیسلامی موڵکی سەرەکی پیاوە و تەنیا و تەنیا وەک ئەندامێکی زاو و زێ و بۆ دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی پیاو سەیری دەکرێ. وەک لە قورئان دا هاتووە و دەڵی ژنان کێڵگەی ئێوەن و چۆنتان دەوێت بیانکێڵن، ڕژیمی ئێرانیش بەو یاسا و شەرعە لەگەڵ ژنان هەڵسوکەوت دەکات و ئەو شێوازە ڕوانینەی خستۆتە مێشکی کۆمەڵگەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە بەرهەمی دەهێنێتەوە. ڕۆژ نییە ژنان بەهۆی ئەو سیستمەوە نەکەونە بەر دەستدڕێژی و تاوان و نەچەوسێنەوە. ماوەی سالانی رابردوو لە شارەکانی وەک ئیسفەهان کەسانی توند ئاژۆ و ئیسلامی سەر بە دەسەلات بۆ ئەوە ژنان تەنانەت هاتنە دەرەوە بە بڤە بزانن تیزابیان بە دەم و چاوی ژناندا دەکرد و دەسەلات نە تەنیا هیچ بە دواداچوونێکی نەدەکرد، بەڵکوو هەرەشەی لە چالاکانی مەدەنی دەکرد کە هەوالەکانی پەیوەندیدار بەو تاوانە بلاونەکەنەوە. هەروەها لە ماوەکانی رابردوو لە شاری ئیرانشهری ئێران چەندی ژن و کچی ژێر تەمەن لە لایەن کەسانی چەکدار و سەر بە دەسەلاتەوە دەستدرێژیان کرایە سەرو چەندین کەسیان نەیانتوانی بەرگەی ئەو ئازارە بگرن و جەستەی خۆیان سڕیەوە، چونکە هیچ یاسایەک پشتیوانی لێ نەکردن، لەو روداوەش دا ڕژیمی ئیسلامی نە تەنیا هیچ بە دواداچوونێکی نەکرد، بەڵکوو دادستانی گشتی ئەو کاتی ئێران بە ناوی مونتەزری ڕایگەیەند: هەر کەس هەواڵەکانی ئەو تاوانە بلاوبکاتەوە دەست بەسەر دەکرێ و چەندین چالاکی مەدەنی لەو پەیوەندیەدا گیران و راپێچی بەندیخانە کران. ئەو کارەسات و تاوانانە لە لایەن دەسەلات و مۆرەکانی ڕژیم تا بە هەنووکەش بەردەوامن و ڕۆژ نییە قوربانی لێ نەکەوێتەوە. بە پێی هەواڵ و بەدواداچونەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە تازەترین تاوان و دەستدرێژی بە دژی ژنان لە شاری سەردەشت ماوەی چەند ساڵیک دەبێ کۆمەڵێک چەکدار و مۆرەی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە کردەوەی قیزەونی دەستدێژی بۆ سەر ژنانی ئەو شارە. ئەو تاوانبارانە لە سەیرانگا و شوێنە چۆڵەکان بۆسە لە خەڵک دەکەن و بە زەبری چەک پیاوان ناچار دەکەن ژنان و کچانی ژێر تەمەنی خۆیان بۆ ماوەیەکی کاتی بەوان بدەن تا دەستدرێژیان بکەنە سەر. چەندین چالاکی مەدەنی و هەڵسوراوی مافی ژنان بەو کردەوە قیزەونەیان زانی و ناو و داتای چەند کەس لەو تاوانبارانەیان بلاوکردەوە و رایانگەیاند: ئەگەر دەسەلات لێپێچینەوە لەو جینایەتکارانە نەکات دەست دەدەنە کەمپەین و نارەزایەتی دەربڕین. یەکێک لەو چالاکانە خاتوو ناسکە ئەفخەمی چالاکی مافەکانی ژنان و چالاکی بنەمالەی پەلکەزێرینە و کوێرەکانی دانیشتووی وڵاتی سوئیسرایە. ناوبراو هەستا بە لەقاودانی ئەو تاوانەو ئاشکراکردنی ناوی چەندین کەس لە تاوانباران و ناساندنیان بە خەڵکی سەردەشت و شارەکانی تری کوردستان. دوا بە دوای هەوڵەکانی ناوبراو تاوانباران کە سەر بە دەسەڵاتن و چەکدارن هەڵیان کوتایە سەر ماڵی باوکی ناسکە ئەفخەمی لە شاری سەردەشت ودەسترێژیان لێ کردن و نارنجۆکیان لە ماڵیان هاویشت، ئەو روداوە کارەساتبارە هەر چەند خەساری گیانی لێ نەکەوتەوە بەڵام زەرەر و زیانی مادی زۆری بۆ بنەمالەی ناوبراو و دراوسێکانیان بە دواوە بوو. تاوانباران رایانگەیاند ئەگەر ناسکە ئەفخەمی بێ دەنگ نەبێ و پەیجە کۆمەڵایەتیەکانی دانەخا دەست لە جینایەت و تاوانیان بە دژی بنەمالەی ناوبراو هەڵناگرن، بەڵام ناسکە بە بوێریەکی لە رادەبەدەر و بێ ترس دەستی لە چالاکی هەڵنەگرتوو و ئەو هەوالەی بە گوێی راگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات و سەر بە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری رژیم گەیاند. چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشتیش دەستیان لەسەر دەست دانەنا و دوای ئەوە کە تاوانباران ئاوا بە ڕوهەڵماڵڕاوەیی هەلیانکوتایە سەر بنەمالەی ناسکە لە سەردەشت و جارێکی تر بەوە گەیشتن کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە گوێ بە داخوازیان نادا دەستیان دایە کەمپەین و رێکخستن بۆ نارەزایەتی بەرامبەر بەو سیستەم و تاوانبارانە کە سەر بە دەسەڵاتن. دوای راگەیاندنی کەمپەینی چالاکانی مەدەنی سەردەشت مۆرەی ڕژیم و دادستانی ئەو شارە بە ناوی خداکرمی رایگەیاند: هەر کەمپەین و گردبوونەوەیەک بە سەرکوت و زیندان وەلام دەدەنەوە، بەڵام خەڵکی قارەمانی شاری سەردەشت گوێیان بە هەرەشە و گوڕەشەکانی ناوبراو نەدا و ڕۆژی شەممە سەرەرای بوونی فەزایەکی ئەمنیەتی و میلیتاریزە بوونی شار لە لایەن دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقام و گردبونەوەی نارەزایەتیان وەڕێخست. کۆماری ئیسلامی جارێکی تر بە هێزی سەرکوت وەلامی خەڵکی دایەوە، بەڵام خەڵک بێ گوێدان بە هێزی داپلۆسێنەر گردبووەی خۆیان بەریوە برد و داخوازیەکانیان هێنایە بەر باس. سەرەنجام و لە ئاکامی خەباتی خەڵکی قارەمانی سەردەشت بە ژن و پیاوەوە سەرهەنگی پاسدار (بەهاری)رایگەند کە سێ کەس لەو تاوانبارانە دەست بەسەر کراون و داوای لە چالاکانی مەدەنی کرد کۆتایی بە کەمپەینی خۆیان بێنن، بەڵام هێزی جەماوەر کە هیچ بڕوایان بەو ڕژیم و دەسەلاتە و وادە و بەڵینەکانی نییە رایانگەیاندووە: تا کاتێک هەموو تاوانباران دەست بە سەر نەکرێن و لە دادگایەکی عادلانە و خەڵکی دا دادگایی نەکرێن دەست لە کۆبوەوە و کەمپەینی و ناڕەزایەتی هەڵناگرن. چالاکانی مەدەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێزە داپلۆسێنەرەکەیان بە چۆک داهێناو جارێکی تر خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاری کردو توانیان دەنگی قوربانیانی دەستدرێژی شارەکەیان بن و داخوازیی و دەنگی مەزلومیەتی ژنانی ئەو شارە بە گویی دنیا دا بدەن. کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە بە خەیاڵی خاوی پێی وابوو دەتوانێ لە ڕێگای هێزی سەرکوت و میلیتاریزەکردنی شار و هەڕەشە و گوڕەشە خەڵک چاوترسێن بکات و نەهێلی خەڵکی شاری سەردەشت داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن وەک هەمیشە ئەو تاوانە پەردەپۆش بکات، بەڵام لەگەڵ هێزێکی مەدەنی پێکهاتوو لە ژنان وپیاوانی قارەمان و نەترس بەرەورووبۆوە و لە ئاکام دا چەندین کەسی لە تاوانباران کە سەر بە دەسەلاتی خۆی بوون دەست بە سەر کرد. خەڵکی ئێران باش دەزانن هۆکاری هەموو چەرمەسەری و بەدبەختی و توندوتیژی و تاوان کۆماری ئیسلامی ئێرانە و تا کاتێک ئەو ڕژیمە نەڕوخێ دەست لە خەبات هەڵناگرن…