بۆ” گۆران سدیق ” هاوڕێ شاعیرم پێشکەشە…
بۆ” گۆران سدیق ”
هاوڕێ شاعیرم پێشکەشە…
ڕۆژگارێک لەگەڵ ئەودا
چیمان بویستایە،
خۆمان دەگەیاندە ئەودیوو
سنورەکانی خەیاڵ
هەنگاو.. بەهەنگاو
پیاسەی هاوڕێ بوونمان
دەنوسیەوە..
کەتاریکی دەکرد،
لەژێر ئاسمانی نوتەکی شاردا
ئەستێرەی ڕوانینمان،
کوچەی دڵمانی ڕۆشندەکرد
تا حیکایەتی هاوڕێ بوون
بۆپەپولەکانی پارکی شار
بگێڕینەوە…
لەوێڕا، باخەوان بۆ مێژوو
چەندوێنەیەکی گرتین،
ئیدی لەوڕۆژەوە وونبون لێم
دنیام تەیکرد بەشوێنیاندا,
بۆکوێ چوون ..؟!
ئەو وێنانەم بۆ بهێنەوە..
تائەگەر خۆشت لێرە نەبی
من لێرەوە،
هەست بەتەنهایی تۆنەکەم
ئەو وێنانەم بۆ بگێڕەوە،
باگۆرانی حوزن،
بەهەنسکی بەجێماوی
فرمێسکەکانم نەچڕم
ئەو وێنانە..
بۆ مانەوەی هاوڕێیەتی
خوڕەی ئاوی سازگاری
جامەکەی دەستی دایکم بوو
بۆ سەفەری دووری
هەنگاوەکانمان دەیڕشت
ئەو وێنانە،
لەمێژبوو سەفەری خۆیان دەکرد
تا ئەو پەڕی دنیا
بەکەناری حەقیقەت دا، ڕاگوزەر
لەدوورگەی وڵاتی بەفر
سەریان دەردەکرد
کەس بەدویاندا نەدەگەڕا
چون، پێش ئێمە گەڕابونەوە،
لە گەلەریەکەی کۆڤانا
لەپێشانگای دایکی شەهید،
ببوونە سکێجی هاوڕێ بوون
له زەمەن و شوێنی
ڕێگاکانا..
جەمال نوری —-
شەوی ٨/ ٣ / ٢٠٢١ سلێمانی