پارتی لە هەولێر داڵدەی تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان، دەدات نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
پارتی لە هەولێر داڵدەی تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستان، دەدات
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
٢٢ی ئەیلول کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دانپیانێکی ڤدیۆییدا و لەچوارچێوەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، وتی” ئەو بەرپرسە بەعسیانەی پێشتر کوردیان کیمیاباران و ئەنفال دەکرد ئێستا لە هەولێرن و پەشیمانن”!!
دوای چەند ڕۆژێک ناوبراو لەهەوڵێکیدا ویستی ئەو لێداون و دانپیانانەی راست بکاتەوە، و بڵێت کە بەم جۆرە نەبووەو لێکدانەوەی هەڵە بۆ وتەکانی کراوە، بەڵام پێشتر هێندە ڕۆشن دانپیانانەکەی راگەیاندبوو، کە کەس باوەری بە لێدوانی دووەمی نەکرد و نەیتوانی کەس، بەلاڕیدا بەرێت. پارتیش کە کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسییەتی هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوەو رەتی نەکردۆتەوە، کەواتە ئەو دانپیانانەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، نەک هەر راستە، بەڵکو دانپیانانی پارتیشە.
دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی، داڵدەی تۆمەتباران و جەلادەکانی خەڵکی کوردستان دەدەن… نزار خەزرەجی و تاریق رەمەزان، وەفیق سامەرایی و دەیانی تر یان پارێزراون و رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون یانیش کراون بە راوێژکار و جێگا متمانەی پیاوە زەبەلاحەکانی حزبی دەسەڵات.
ئەم رەفتارەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، راستیەک نیشانی رای گشتی خەڵکی کوردستان و هەموو بەرەی ئازادیخواز دەدات، ئەویش ئەوەیە کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی هیچ کیشەیەکی سەرەکیان لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرو درندەکان و سەرانی جەلادیان نییە، بەڵكو هاوکار و هاوپیشەیەیانن. هاوکاتیش هەردوو لایان دۆژمنی سەرسەختی خەڵکی کوردستان و ویست وخواستە رەواو ئازادیخوازیەکانیانن.
ئەگەر سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بایی سەرە دەرزیەک سۆز و هەستی ئینساندۆستیان هەبوایە بۆ کەسوکار و قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال، وە بایی سەرەدەرزییەک بڕوایان بە یاساو لێپرسینەوە لە تۆمەتباران ببوایە، سادەترین کارێک ئەوە بوو خۆیان بەدوای تۆمەتباراندا بگەڕین و هەوڵی دەستگیر کردنیان بدەن و رادەستی دادگایان بکەن. ئەوانەشی رایان کردووە لە رێگای پۆلیسی نیودەوڵەتیەوە دەستگیر کرابان و رادەستی دادگای نێو دەوڵەتی کرابان. دۆسیەی ئەم تۆمەتبارانە دۆسیەی سادەو تاوانی ئاسایی نین، بەڵکو دۆسیەی کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتین، کە پیویستی دەکرد دەیان دەزگا و ناوەندی لیکۆڵینەوە و بەدواداچوون، کاریان لەسەر کردبا تا راستی تەواوی ئەو روداوانەو بەشدارانی تا بریاردەرانی بە تەواوەتی ئاشکرا دەبوون. یەکێک لەو هۆکارانەی کەسەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەم سەرە جەلادانەی پیشووی بەعس دەپاریزن، ئەوەیە کە بەشیک لە سەرە گەورەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەرپرسەکانیان، خۆیان هاوکار و هۆکاری ئەم تاوانە دژە ئینسانیانەن، کە لەدژی ئازادیخوازی و خەڵکی کوردستان ئەنجام دراون.
شاردنەوە و دیزە بەدەرخۆنەکردنی دەیان تاوان و پارێزبەندی لە تۆمەتبارانی، دوژمنایەتی لە چارەنەهاتووی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتی و سەرانیان بەدژی خەڵکی کوردستان بەیان دەکات.
کاکەمین نەجار و سەرجەم بەرپرسە سیاسیەکانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە گەواهیدەری راسیتەکانی کۆمەڵکۆژی خەڵکی کوردستانن، پیویستە لە رێگای داواکاری گشتییەوە بانگهێشتی لیکۆڵینەوە بکرێن و نەهێڵرێت ئەم هەموو تاوانانەی دەرحەق بە ئازادیخوازان و خەڵکی کوردستان کراون، ون بکرین و تۆمەتبارانیان بێ سزای یاسایی بۆی دەربچن…. پارێزگاریش لەو تۆمەتبارانە، تاوانێکی لێخۆشبوون هەڵنەگرەو خەڵکی کورستان لە پرۆسیسی راماڵینی دەسەڵاتدا دەبێ لەبەرچاوی بگرن.
حزبەکانی تری بۆرژوازی دەرەوەی دەسەڵات، بە بێدەنگەکردنیان لەم تاوانکارییە ئاشکرایانە و لەبەرامبەر پاراستنی تۆمەتباران و لێدوانی کاکەمین نەجار و دانپیانانەکانی، نیشانی دەدەن کە ئەوانیش لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ حزبەکانی دەسەڵاتدا، پشتیوانی لەم تاوانکاریانە دەکەن…
ماوەتەوە بلێین کاکەمەین نەجار و هیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێت لیبوردن بۆئەم تۆمەتبارانە دەربکەن، ئەوان وەکو حزب و بزوتنەوەیەک هەرچی بکەن و بریار بدەن، رەوایەتی نییەو کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان سورن لەسەر سپاردنی تۆمەتباران بەدادگا…
ئەوەش کە سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاکەمین نەجار و پارتی تۆمەتبارانی جینۆسیایدی خەڵکی کوردستان دەپارێزن و داڵدەیان دەدەن و هەڵسوڕاوان و چالاکوان و رۆژنامەنووسان و رابەرانی بزوتنەوە نارەزایەتیەکانیش لەسەر داوای موچەو خزمەتگوزارییەکان دەخەنە زیندانەوەو بەساڵ رایان دەگرن بێ دادگایی… ماهیەتی دژە ئازادی و ئەو هێزانەو نۆکەرپیشەییان بۆ جەلادەکان و رژێمەکانیان، نیشان دەدەنەوە.