شکستهێنان بەم هەڵبژاردنە ئەرکی جەماوەری ناڕازییە نووسینی: عوسمان حاجی مارف
شکستهێنان بەم هەڵبژاردنە ئەرکی جەماوەری ناڕازییە
نووسینی: عوسمان حاجی مارف
ڕێژەی جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق لە درێژەی تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا پێویستە بیناسینەوە و لێکی بدەینەوەو بەهەند وەریبگیرین و بزانین کاردانەوەمان چۆن دەبێت، چونکە واوەترە لەوەی بە بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان مامەڵەی بکەین، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخت بێت یا لەکاتی خۆیدا بێت، لە دۆخێکی نالەبارو نەگونجاوی وەهادا خراوەتە بەردەم خەڵکی عێراق، کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە سایەی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی و تائفیەکاندا بۆتە حاڵەتێکی مەحاڵ، کە لەهەر سەرێکەوە جگە لە ڕاماڵینی دەسەڵات و هێزە میلیشیاکان هەر مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، قوڵبونەوەی ناجێگیری و گێژاوی سیاسی چڕتر دەکاتەوەو ئەگەری کارەساتی زیاتر دەخاتە سەر ژیانی دانیشتوانی عێراق و ئایندەیەکی مەترسیدارتر بەرەوڕووی چارەنوسی کوردستانیش دەکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە پێش وەختە بەدوای ئاڵوگۆرێک لە هەلومەرجی سیاسی خراوەتە سەر شانۆی سیاسی لە عێراقدا کە، یەکەم: ڕاپەرین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە مەیدانی ئازادی بەغدا و شارەکانی خواروی عێراق، ڕاتەکاندن و گورزێکی وەها گەورە بو لە ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی تەوافقی نێوان ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە، کە نەتوانن بە ئاسانی پشتیان ڕاست کەنەوەو جارێکی تر ناتوانن بە هەمان شێوازی کێشمەکێش و پێگەو مەوقعیەتی سیاسیان حکومەتێکی تەوافق، کە دڵخوازی تەواوی لایەنەکانی دەسەڵات و هاوسەنگی هێزەکانیان بێت پێکبهێننەوە، لەم دۆخەدا نەک قڵشتێکی گەورە کەوتۆتە نێوان ئەو دەسەڵاتەو جەماوەری ناڕازی، بەڵکو ئاکامی جێکەوتنی ئاراستەی ئەو ناڕەزایەتیە لەلایەک بە خواستی پێداگری تەواو لەسەر کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە و لەلایەکی ترەوە پەرچەکرداری دەسەڵات بە کوشتاری ڕیزێکی بەرین لە خەڵکی ناڕازی، دوژمنایەتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کردۆتە زامێكی وەها گەورە هیچ جۆرە تیمارێک ساڕێژی ناکات، جگە لە کۆتاییهێنان و ڕامالێن و “ئیرحەل” ڕێگاو چارەیەکی تر بۆ خەڵکی ناڕازی نەماوەتەوە.
دووەم: ئاڵوگۆڕی سیاسی لە چۆنیەتی پاشەکشەو شکستی دەوڵەتی ئەمریکا بەگشتی لە ناوچەکەداو کێشمەکێشی ئەمریکا لەبەرامبەر دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەو عێراقدا، یا بونی دەورانێکی جیاواز لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتیکی سیاسی لە عێراقدا، کە نادیارە لە چوارچێوەی دەخالەتی وڵاتان و بودەڵەیی هێزە میلیشیاکانی عێراق ئاخۆ دەبێت پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە چۆن یەکلایی کرێتەوەو بە قازانجی کام هێزی میلیشیا دەبێت؟.
سێیەم: نەبونی هێزێکی باڵادەست و بەتواناو یەکلاییکەرەوە لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، تا ئیمکانی ئەوەی هەبێت هێژمۆنی مەرکەزیەت لە عێراقدا جێ بخات، لەڕێگەی هەڵبژاردن بێت یا کودەتاو شەڕی ناوخۆ لە ئێستادا هیچ هێزێک نییە لەتوانایدا بێت یەکپارچەیی و مەرکەزیەت بەرگری لێبکات، یان جێگای متمانەی تەواوی ئەمریکاو وڵاتانی تری دەخالەتگەر بێت لە عێراقدا.
گەر پێناسەی هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق و کوردستان لە ژێر ناوی ئەزمونی پرۆسەی دیموکراتیدا وێنایەکی کاریکاتۆریان پێ نیشاندابین و جۆرێک شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بە هەڵبژاردن و چەواشەکاری و ساختە یەكلایی دەکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخەتەی ئێستا زیاتر لە کاریکاتۆرو گاڵتەجاری و ساختەکاری چەندین هەنگاوی بۆ دواوەوە ناوە، ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگای سیناریۆی هەڵبژاردنەوە ڕێگایەک بۆ دەربازبون لەو قەیرانە قوڵەی دەرگیری بون بدۆزنەوە، ئەو قەیرانەی کە ناتوانن بەهەڵبژاردن یان بە هێزی چەکدارو لەشکرکێشی دەسەڵاتی سیاسیان رێکخەنەوە، دەیانەوێت و لەهەوڵی بێ هودەی ئەوەدان بەهەر قیمەت جارێکی تر دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا رێک خەنەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشن لەسەر چارەسەر بۆ قەیرانی دەسەڵات و چارەنوسی سیاسی لە عێراقدا لە ئارادا بێت، جگە لە چاوەروانیان بۆ پێشهات و ئاڵوگۆرەکان.
نالەباری هەڵومەرجی سیاسی بەدەرگیر بونی درێژماوەو بەردەوامی لە گێژاوی سیاسی و خوڵقاندنی ژیانێکی سەخت و دژوارو پڕ کارەسات و نائارام و مەترسی بۆ ژیانی دانیشتوانی عێراق، مایەی ئەوپەڕی بێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانە لە حەتمیەتی خواستی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەو تەواوی سیستمی سیاسیی و پێکهاتەی لە هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی و تائفیەکاندا، ئەزمونی دەسەڵاتی بۆرجوازی عێراق گەورەترین شکستی خۆی لە نمونەی دەسەڵاتی سیاسیەک نیشاندا کە ناتوانێ و ئیمکانی نییە ئەم جۆرە دەسەڵاتە ئایندەیەکی ڕۆشن لە جێگیری سیاسی دابین بکات. بە هەر ئاستێک لە ئارامبونەوەی چۆنیەتی ناڕەزایەتییەکان لە مەیدانی ئازادی بەغدادو شارەکانی خواروی عێراق، بەڵام نەبۆتە ئاکامێک لە ڕاگرتنی ئەوەی لە ساتە وەختێکدا شەپۆلی تەقینەوەی ڕاپەرینی جەماوەری لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە بکاتە ئەمری واقع، هەر بۆیە مەسەلەکە هەڵبژاردن و گاڵتەجاری و کارتۆنی پەرلەمان نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەیەکی سیاسی کە لە دوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق دانیشتوانی عێراقیان سەرقاڵ و چارەنوسێکی نادیار کردووە.
بانگەواز لەم هەلومەرجەدا لەهەر لایەنێکەوە بۆ بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان، خاڵیکی لاوازە لەو هەوڵانەی کە دەمانەوێت ئاراستەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بکات بۆ ئەو سەرەنجامەی کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێت، بۆیە پێوستە پێداگری و کارکردن لەسەر پەرەسەندن و ڕێکخستنی ئەو ناڕەزایەتیانە بکرێت، بەمانای هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازی بۆ شکستهێنان بە هەڵبژاردن، چونکە لە ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەرەوە بانگەوازی ئەوەی تیا کرا “ئەم دەسەڵاتە دەبێت بڕوات” واتە لەباری عەمەلیەوە هەوڵدان بۆ شکستهێنان بەم هەلبژاردنە کارسازەو ئەتوانێ ڕێرەوی ناڕەزایەتییەکان بەرەو ڕاماڵینی دەسەڵات بەرێت، بایکۆت گەڕانەوەیە بۆ پێش ناڕەزایەتییەکانی ئۆکتۆبەرو جیاوازی نەکردنی نێوان هەلومەرجی ئەم هەڵبژاردنەو هەلومەرجی هەڵبژاردنەکانی پێشوترە.
عێراق لە سەروبەندی کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکەدا، لەبەردەم لێواری ئاڵوگۆڕێکی سیاسی جدیدایە گەر ئاڕاستەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ئامادەسازی بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە نەکاتە ئەمری واقع و ئەلتەرنەتیفی دەسەڵاتێک کە تەعبیربێت لە دەورو دەخالەت و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک نەهێنێتە مەیدان، چینی بۆرجوازی عێراق لە فۆرمو شێوازی تردا لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بۆ عێراق پێشبینی دەکرێت خۆی دەگونجێنێت. ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و زنجیرەی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا کاری لەسەر دەکرێت کە پاریزگاری لەو مەترسیانە بکات دەسەڵاتی بۆرجوازی بەرەوڕوویەتی. بۆیە بانگەوازی بایکۆت لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا درک نەکردنە بەو ئاڵوگۆڕانەو ئەو هەلومەرجە سیاسیەی شکستی ئەم هەڵبژاردنەی هەرلەسەرەتاوە کردۆتە حەتمی قوڵبونەوەی قەیرانی زیاتری دەسەڵاتی سیاسی.
مەسەلەیەک کە پێویستە قسەی لەسەر بکەین جێگەو ڕێگەو دەورو کاریگەری ئەم هەڵبژاردنەی عێراقە لەسەر کوردستان، بەتایبەتی کە حزبەکانی کوردایەتی ئەم جارەش بەهەر کێشەو ئاڵوگۆڕێک کە لەبەردەم ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدایە، جارێکی تر پەیمانی سیاسەتی پاشکۆبونیان بە چارەنوسی نادیاری عێراقەوە گڕێ ئەدەنەوەو لە ئامادەسازیدان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و قەیرانی بێکۆتایی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێراقدا، گەر لەو جێگایەوە کە هەڵوێست و کاردانەوەی سیاسیمان بەرامبەر ئەم هەڵبژاردنە لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەو هەلومەرجانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەوڵدانە بۆ شکست پێهێنانی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی عێراق، بۆیە بەهەمان شێوە جەماوەری ناڕازی کوردستان کە ئێستا پێویستە لە بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەمان هەڵوێست و پشتیوانی و پەرچەکرداری سیاسیان بێت لە شکست پێهێنانی هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ رەتکردەنەوەی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، لە هەمانکاتدا پەرەدانی ناڕەزایەتییەکان بە ئاراستەی ڕێگەگرتنی حزبەکانی کوردایەتی بۆ بەشداریان لەو هەڵبژاردنەدا، واتە بە هەمان شێوە بایکۆت و بەشداری نەکردن لەدەنگدان لە کوردستانیشدا ناتوانێ لە پرۆسەی وەڵامدەرەوەی کۆتاییهێنان بێت بەدەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.