ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، فریادڕەسانی دەسەڵات! نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، فریادڕەسانی دەسەڵات!
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەش لە کوردستان ئەم بەبەرییەتە بۆرژوازییەی ناوێ. ئەم شێوە ژیانە پەستو ناقابیلە و دەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارەی کوردایەتی بە شایستەی خۆی نازانێ و نایەوێ. ئەمە واقیعیترین دیاردە و دەرکەوتەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی ئەمڕۆیە. هەر هاوڵاتیەکی ئەم کۆمەڵگەیە کە دڵی خۆی دەکاتەوە پڕە لە ڕەتکردنەوە و نەویستن و قبوڵ نەکردنی ئەم ئەم کۆنەپەرستیتە بۆرژوایی و ئەم شێوە ژیانە پەستە کە ئەم دەسەڵاتە سەپاندویەتی. لەهەر گەرویەکدا کە دەکرێتەوە ئەم فریادەی ئینسانیەتی کرێکار و بێبەش دەبیستی.
سێرکی هەڵبژاردن شتێکی تر نییە جگە لە ڕووی دووەمی ئەم بەدبەختیە سیاسی و کۆمەڵایەتیە لە شێوە کۆمیدیەکەیدا.
لەم سێرک و نمایشه سیاسی و فەرمایشیەدا بڕیارە دەسەڵاتی هەمان کەمایەتی بۆرژواو هێز گەلێک کەخوڵقێنەران و پارێزەرانی ئەم بەدبەختیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەن، دەسەڵاتی بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان و سەرکەوبنکەی دەوروبەریان لە جۆری شاسوار و گۆڕان کە کوڕانی کەمێک ناڕازیتری هەمان سیستەم و هەمان دەسەڵات و هەمان خێزان و هەمان کەمایەتی سەرمایەدار و وبۆرژوای دژی ئازادی و خۆشبەختین، بەناوی هەڵبژاردنەوە بە خەڵک بفرۆشنەوە. ئەمە بێحورمەتی و سوکایەتیە بە هەڵبژاردن و مافی بڕیاردان و ئیرادەی سیاسی ئازاد.
کەمپەینی نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ ئەو کڵاو لەسەرکردنە، دەڵاڵیەکی سیاسی ڕیسوایە بە جوڵانەوەی گەورەی نەخێر و ڕەتکردنەوەی ئەم دەورودوکان و دەسەڵاتە و بە تاڵکردنەوەیەتی لە ناوەڕۆکە واقیعیەکەی و گۆڕینیەتی بە بەردەبازێک بۆ شەراکەتێکی زیاتر لە هەمان ئەو دەسەڵاتەدا کە خەڵک بە هەزار زمان حوکمی نەویستن و ڕەتککردنەوەیان داوە.
ئەگەر یەکێتی و پارتی و هێزەکانی خێزانی بۆرژوازی ڕاستەوخۆ دەرفەتی ژیان و نان و ئازادی و خۆشبەختی خەڵکیان بەبارمتە گرتوە، ئەوا کوڕانی ناڕازی لە بەشی خۆیان لەو دەسەڵات و دەورو دوکانە دەیانەوێ هەناسەی ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوەی ئەو خەڵکه بە بارمتە بگرن، دەیانەوێ فەزای ئەو ناڕەزایەتیە لەو بەشەریەتە کرێکار و بێبەشە بە بارمتە بگرن. ئەو دەسەڵات و ئەو ئۆپۆزیسۆنە پوچە لازم و مەلزومی یەکترن و تەواوکەری یەکترن.
بەو پێیە نوسخەیەک کە نەوەی نوێ بە هاوپەیمانی ناموبارەکی لەگەڵ ئیسلامیەکان کێشاویەتی، موسادەڕەکردن و دزینی( نا) و ناڕەزایەتی ئەمڕۆی کردستانە و خستنە بازاڕیەتی لەگەڵ برایانی تاڵەبانی و بارزانی بۆ حەڵاڵکردنی بەشێکی زیاتر لەدەسەڵاتێکدا کە هەر ئێستا خەڵک خەو بە ڕۆیشتن و گۆرگومکرنییەوە دەبینن.
کرێکاران و ژنان ولاوان و کۆمەڵگەیەکی پێنج میلیۆنی کە ژیان و ئازادی و خۆشبەختی لەسەر دەستی ئەوانە بەبارمتە گیراوە نابێ لە هیچ هێزێک و هیچ کەسێک قبوڵ بکەن کە سیناریۆی گۆڕان دوبارە تاقی بکاتەوە. کارێک کە هەرئێستا شاسوار و نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و لانیکەم لەگەڵ ئەو بەشە لە هاوڵاتیانی کوردستان کە بەهۆی نائومێدی وبەهۆی نەفرەتیان لە دەسەڵاتی هاوکار و هاوچینەکانی شاسوارەوە ئامادەن لەگەڵ شەیتانیش بڕۆن، خەریکە تاقی دەکاتەوە. ئەمانەی کە دەیانەوێ جارێکی تر زەمینەی دۆڕانێکی تری سیاسی ئینسانیەتی کرێکار و زەحمەتکێش بەو کەمایەتیە سەرمایەدارە و بە دەسەڵاتەکەی ئامادە بکەن، دەبێ شکست بدرێن و ڕیسوا بکرێن و ڕێگا نەدرێ کە ئەم جوڵانەوەی نەخێرە گەورەیە پیس و بێکەڵک بکەن.
چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ئازادیخواز کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ و حیزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی و ڕیزێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و دنیایەک شەرافەتی ئینسانی و ڕیزێکی بەرین لە توانا و ئیمکاناتی ئینسانی گەورەی هەیە کە نەخێری ئەو نەوە ئینسانیە گەورەیە بە دەسەڵاتی ئەم کەمایەتیە، بە هەموو کارەکتەر و نوێنەرو هەموو لایەنەکانی ئەم بەدبەختیە و ژیانە ناقابیلە، بە بارزانی وتاڵەبانی و شاسوار و ئیسلامی و قەومیەوە، تا ئەوپەڕی خۆی بەسەرەنجام بگەیەنێ و بۆ ئازادی وخۆشبەختی خۆی و بۆ بەدەستەوەگرتنی کۆمەڵگە و چارەنووسی خۆی بجەنگێ و هەوڵبدا سەربکەوێ.
دەوری ئۆپۆزیسیۆنی ساختەی بۆرژوایی و بێکەڵک کە ئیش و وەزیفەی سیاسی کڵاوکردنە سەر خەڵکە بەسەرچووە. لەم دەعوایە لەسەر ژیان و ئازادی و خۆشبەختیدا، چینی کرێکار، ژنان و لاوانی ئەم مەملەکەتە پێنج میلیۆنیە ئۆپۆزیسیۆن و ڕابەری ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی هەیە کە گرەنتی ئەوە دەکا سەری ئەم بەشەرییەتە لەم دەعوایەدا بێکڵاو نەمێنێتەوە.
18.9.2021