جەلیل شەهباز: مەرامی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە ئەوەیە، کە ئەمریکا و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەیانەوێت کە شکست بە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی خەڵکی عێراق بێنن…  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جەلیل شەهباز هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست  سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق…

0

جەلیل شەهباز: مەرامی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە ئەوەیە، کە ئەمریکا و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەیانەوێت کە شکست بە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی خەڵکی عێراق بێنن…

 دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جەلیل شەهباز هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست  سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق…

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق؟

جەلیل شەهباز: بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩١ لە عێراقدا درا، لە ژێر فشاری خۆپێشاندان و ئیعتیرازی فراوانی جەماوەری لە بەغداد و باشوری عێراق دەستپێکرد. حکومەت و دەسەڵاتی میلیشیایی لە عێراق خستە ناو قەیرانێکی سیاسی دژوار، کە بوو بەهۆی شکستی حکومەتی عادل عبدالمهدی و دروستبوونی گێژاوێکی سیاسی زۆر ترسناک لە پرۆسەی سیاسی عێراق و بنبەستبووبی گشت ئەلتەرناتیڤەکانی بوژوازی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لەو گێژاوە سیاسیە. دەرئەنجام دروستبوونی حکومەتی کاتی کازمی بە ئیعازی ئەمریکا و رۆژئاوا، و رەزامەندی بەشێک لە خۆپێشاندەران دروستبووە. بەوە ئەیانەوێت پێشانی خەڵک بدەن، کە دوای هەڵبژاردنەکان سەقامگیری سیاسی و داخوازیەکانی خۆپێشاندەران جێبەجێدەبێت. هەڵبەت ئەمەش وەهمە، کە لە سایەی دەسەڵاتێکی مەزهەبی و قەومی داخوازیەکانی خەڵکی عێراق جێبەجێ بکرێت. راستیەکەی مەرامی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە ئەوەیە، کە ئەمریکا و دەسەڵاتی میلیشیایی ئەیانەوێت کە شکست بە خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ی خەڵکی عێراق بێنن.

بۆپێشەوە: سەرەتای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن؛ هەندێک لایەنی سیاسی پێداگری لەسەر بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکەن و هەندێکی تر داوای دواخستنی دەکەن، یان لە پرۆسەکە دەکشێنەوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

جەلیل شەهباز: ئەگەر بەوردی سەیری ئەم مەسەیەلە بکەین، ئەبێت لە پێشەکیدا وەڵامی پرسیاریکی زۆر سادە بدەمەوە، ئایا بۆچی هەرچوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەداریەکان روودەدات؟

لایەکی ئەم مەسەلەیە، بە نیسبەت عێراق، لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێکردوە، بەڵام لایەکیتری ئەم مەسەلەیە ئەوەیە، کە لەدوای چوار ساڵ چی هێزی سیاسی بە باشترین شێوە ئیدارەی کۆمەڵگە بەقازانجی سەرمایە بەڕێوەدەبات و رەوایەتی سیاسی جەماوەر وەردەگرێت بۆ دەسەڵاتی سیاسی. ئەم خاڵە وەک پرنسیپ لە گشت وڵاتانی سەرمایەداری هەروایە، بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراق تایبەتمەندیەکی دیاریکراوی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگە لەسەر بناغەی دین و مەزهەب دابەشکراوە و دەسەڵاتیش لە عێراقدا هەر لەسەر ئەم تەقسیمبەندییە دروستبووە، کە هەر یەک لە ناوچەیەکی دیاریکراوی خۆی سەپاندوە بەسەر خەڵکدا. لە رەوشێکی ئەوهادا پارسەنگی هێز و کێشە سیاسیەکان لە عێراقدا بوونی هەیە. لەبەرئەوە کاتێک هێزە سیاسیەکان داخوازی هەڵبژاردن دەکەن، مەبەست لێی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خەڵک نییە، بەڵکو کێبڕکیەکی سیاسی کۆنەپەرستانەیە بۆ ئەوەی هەر هێزێکی سیاسی پشکی دەسەڵات و دزینی سەروەت و سامانی وڵات بەرئەکەوێت، یانیش بە واتایەکی تر هەر هێزێکی سیاسی پشکی شێر لە دەسەڵات و سەروەت و سامانی بەردەکەوێت. بەهۆی ئەم ئەگەرانەوە، کە هەندێک لایەنی سیاسی لەم کێبەڕکیەدا زەرەرمەند دەبن، هەندێکیتر وەک خۆیان دەمێنن یانیش زیاد دەبن. ئەمەیە ئەسڵی مەسەلەکە بۆ داخوازی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی بکرێت یانیش دوابخرێت.

بۆپێشەوە: لایەنە دەرەکیەکان لەوانە ئەمریکا، تورکیا و ئێران چ کاریگەریەکیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە؟

جەلیل شەهباز: ئەگەر بەوردی سەیری نەخشەی سیاسی عێراق بکەین بۆمان دیاردەبێت، کە دیارە زۆربەی هەرە زۆری هێزە سیاسیەکانی شیعەی عێراق سەر بە ئێرانن و زۆربەی هێزە سونی و کوردیەکانیش سەر بە ئەمریکان. لە لایەکیترەوە بەشێکی هێزە سونیەکان سەر بە تورکیان، هەروەها زۆنی زەرد لە کوردستان سەر بەتورکیایە و زۆنی سەوز سەر بەئێرانە. ئیتر ئەم تەقسیمبەندیەی هێز، خۆی لە خۆیدا نیشانەیەکی دیاری وابەستبوونی ئەم هێزە سیاسیە کۆنەپەرستیانەیە بۆ وڵات و هێزە دەرەکیەکان. هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، کە لە ژێر رۆڵی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەر عێراق کەوتە ناو شەپۆڵی گێژاو و قەیرانێکی سیاسی قۆڵ و دژاور. هەڵبەت ئەم هێزە دەرەکیانە هەوڵی جدی ئەدەن بۆ ئەوەی عێراق رزگار بکەن لەو قەیرانە سیاسیە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە سیاسیانەی، کە سەر بە ئەوانن لە عێراقدا بتوانن جێگە و رێگەیەکی باش بۆ خۆیان دروست بکەن لە کۆمەڵگەدا. ئینجا بچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ مسۆگەرکردنی پشکێکی باش لە دەسەڵات، هەریەکەو بەپێی سەنگی سیاسی خۆی. کۆنگرەی هەم ئاهەنگی و هاوپشتی ئەم دوایەی لە بەغدا کرا هەر بۆ ئەم مەبەستەبوو. ئیتر دیارە ئەم هێزە دەرەکیانە بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە هەوڵ ئەدەن بۆ پشتگیری لەو هێزە سیاسیانە، کە سەر بەخۆیانن بۆ مسۆگەرکردنی گەورەترین پشک لەدەسەڵات. بۆئەوەی لە دوای هەڵبژاردندا بۆ ئەو هێزە دەرەکیانە ببێتە ئامرازێک بۆ پتەوکردنی جێگا و رێگای خۆیان لەناو کێشە سیاسیەکانی ناوچەکە. تاکو بتوانن بەسەنگێکی زۆرەوە دەخاڵەت لە رەوشی سیاسی عێراق بکەن وەک پێگەیەک بۆ دابینکردنی رۆڵێکی باش لە بازاری عێراق و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە هەبێت.

هۆکاری سەرەکی چونە سەری ڕادەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، بۆچی دەگەڕێتەوە؟

جەلیل شەهباز: بەدرێژای ١٨ ساڵ لە حکومڕانی هێزە مەزهەبی و قەومیەکان لە عێراقدا، بێجگە لە هەژاری و نەداری، شەری بەردەوامی تائیفگەرایی و مەزهەبی، بێبەشکردنی تاکی عێراقی لەسەرەتایترین مافەکانی مرۆڤ، دزی و گەندەلی جەردەیی، داڕمانی ژێرخانی عێراق، ئیغتیالاتی سیاسی، کپکردنی دەنگی موخالف…هتد هیچیتر بۆ خەڵکی عێراق نەهێناوە. لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە، هیچ متمانەیەک لە بەینی خەڵکی عێراق و ئەم هێزە کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانانە، کە بەردەوام دەسەڵات پێکدێنن، نەماوە. لە واقعی فعلیشدا، ئەم جۆرە هێزانە ناتوانن هیچ چاکسازیەک بکەن و هیچ داخوازییەکی خەڵکی عێراق جێبەجێ بکەن، بۆیە خەڵکی عێراق هیچ ئۆمێدێکیان پێنەماوە. لە هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکان لە عێراقدا هەر ئەم هێزە کۆنەپەرستانە دەستاودەستی دەسەڵات ئەکەن. ئیتر روون و ئاشکر بووە، کە بۆچی رێژەی دەنگدەران روو لە کەمی بەردەوام دەکات.

بۆپێشەوە: لەبەرامبەر بە هەڵبژاردنەکاندا کە بەدیلی بۆرژوازییە، بەدیلی چەپ و کۆمۆنیستەکان چییە؟ سیاسەت و نەخشەیان کامەیە؟ دەبینن کە هێزە بۆژوازییەکان بەچی خەریکی ئامادەکاریین، بۆچی ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئامادەکاری ئەوان لەبەرامبەر بەو هەڵبژاردنانەدا نابینرێت؟

جەلیل شەهباز: لە بەشی دوایی پرسیارەکەتان دەست پێ ئەکەم،  کۆمۆنیستەکان لە رۆی پرانسیپەوە نە دژی هەڵبژاردنن و نە دژی خەباتی پەرلەمانین، بەڵام بەشداربوونی کۆمۆنیستەکان لە هەڵبژادندا یان لە پەرلەماندا دەکرێت بە پێی مەرجێکی تایبەت بۆ خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندیە گشتیەکانی چینی کرێکار مسۆگەر بکات. بەپەیدابوونی ئەم مەرجە کۆمۆنیستەکان بڕیار دەدەن، کە بەشداربن یان نا. ئەم مەرجەش بەستراوەتەوە بە بارۆدۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر قۆناغێکی دیاریکراوی خەباتی چینایەتی، کە بریتیە لە دوو خاڵ:

١- ئایا هەڵبژاردن و پەرلەمان فەزایەکی سیاسی گونجاو دروست دەکات بۆ پرۆپاگەندە و تەحریزی سیاسی؟

٢- لە پارسەنگی دیاری هێزی چینایەتی ئەو بارۆدۆخەی پەرلەمان تیا دروست دەبێت، ئایا کۆمۆنیستەکان توانای ئەوەیان هەیە چاکسازی بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن، لە پێناوی فراوانکردن و قۆڵکردنەوەی خەباتی چینایەتی؟

دیارە پەرلەمان و هەڵبژاردن تەنیا بۆ ئەم دوو مەسەلەیە بە نیسبەت کۆمۆنیستەکان، چونکە پەرلەمان مەیدانی خەبات نییە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بەڵکو لە رێگای خەباتی چینایەتیەوە کۆمۆنیستەکان خەبات دەکەن لە پێناوی حکومەتی کرێکاری لە شێوازێکی سیاسیدا وەک کۆمۆنەی پاریس یانیش وەکو سۆڤیتاتی شۆرشی مەزنی ئۆکتۆبەر.

لە کۆتاییدا، لەبەر ئەم ئەگەرانەی بارۆدۆخی ئەمڕۆی عێراقدا، کە کۆنەپەرستی سیاسی دەسەڵاتی میلیشایی بەربەری سەر بە هێزە دەرەکیەکان زاڵە لەسەر ئەم بارودۆخە. ئیتر نە پەرلەمان و نەش هەڵبژاردن توانیای ئەوەیان هەیە، کە چاکسازی بکەن، و نە مەیدانی خەباتی کۆمۆنیستەکانە. بۆیە مەیدانی خەباتی کۆمۆنیستەکان، لە بارۆدخی ئێستای عێراقدا لە ناو شەقامەکان و لە ڕیزی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشاندایە و دەبێ لەهەوڵی ڕێکخراوبوونی ئەو ڕیزەدابن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.