گیراوەکانی بادینان و بەردەوامی ملهوڕی پارتی…

0

گیراوەکانی بادینان و بەردەوامی ملهوڕی پارتی…

بڕیار بوو ٦  ئەم مانگە بەشێکی تر لە گیراوەکانی بادینان دادگایی بکرێن، بەڵام کاتی دادگایەکەیان دواخست بۆ مانگی ١٠ ئەمەش کاردانەوەی گیراوەکانی لیکەوتەوە و چوار لەو گیراوانە دەستیان دایە مانگرتن بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن و لەوە زیاتر بێ دادگایی لە زینداندا رانەگیرێن.

گیراوەکانی بادینان بەتۆمەتی سیخوریکردن، کار بۆ لایەنی دەرەکی، تێکدانی ئاسایشی هەریم و دروستکردنی گروپی چەکداری… ماوەی ساڵێکە دەستگیر کراون و دادگایی ناکرێن، لەکاتی دادگایشیدا هیچ مافێکیان بۆ بەرگری لەخۆیان پێنادرێت و لە کەشێکی تەواو پۆلیسی و لەژێر شکنجەو هەرەشەدا ناچاریان دەکەن مل بەدۆسیەی سازکراوی دەسەڵات بدەن.

راگرتنی گیراوەکانی بادینان بۆ ماوەی ساڵیک بێ ئەوەی تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ بووبێتەوە، و راگرتنیان بی دادگایی تەنها نمونەی دەسەڵاتی میلیشیایی و باندە مافیایەکانە. تەنانەت دەسەڵاتە هەر دڕندەو ئینسان کوژەکەی بەعس بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ زیندانە سیاسیەکان نەکردووە، لە دنیای ئەم سەردەمەشدا شوێنێکی دنیا نادۆزرێتەوە کە کەسانتک بۆ ماوەی ساڵ و زیاتر بێ دادگایی لە زینداندا رابگیرێن.

ئەم رەفتارەی پارتی کە لەریگای دادگای حزبی و دادوەرە نۆکەرەکانیانەوە، ئەنجامی دەدات، هۆکارەکەی ئەوە نییە ئەم گیراوانە تۆمەتبارن، بەڵكو هۆکارەکەی بێتاوانیانەو هیچ بەڵگەیەکیان لەدەستدا نییە بۆیە دادگایان ناکەن و کاتی دادگایی کردنەکەشیان دوا دەخەن. ئامانجی پارتی لە راگرتنی ئەم گیراوانە و دواخستنی دادگایەکەیان بۆ ترساندنی دەنگە ناڕازییەکانی کۆمەڵگەیە، بۆ بێدەنگەپیکردنی هەلسوڕاوان و تیکۆشەرانی ماف و داخوازییەکانی خەڵکە.

لای پارتی و دەسەڵاتە بەعس ئاساکەی، داوای موچەو دادپەروەری، خۆپیشاندان و نارەزایەتی بەدژی سەرکوت و بێمافی، هاوشانە بە دۆسیە بۆ سازکردن و بەزۆر دانپیانان.

پارتی و هاوشیوەکانی لەدەسەڵاتدا، دەیانەوێت هەرچی بیمافی و جۆری سەرکوت و تاڵانی هەیە ئەنجامی بدەن و کەسیش نارەزایەتی دەرنەبرێت. بەڵام پارتی و هاوشیوەکانی بەهەڵەدا چوون و ترس و تۆقاندن ناتوانیت دەنگی حەقخوازانە کپ بکات و تاسەر پاشەکشە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بکات.

ئەو تۆمەتە پوچانە کە پارتی ئاراستەی ئەو گیراوانەی کردووە، خودی پارتی و هیزەکانی بۆرژوازی کورد بە بەڵگەی سەلمینراو ئەنجامیان داوە و لەسەری بەردەوامن… ئاخر ئەوە هیزەکانی بۆرژوازی کوردن بوونەتە نۆکەر پیشەی وڵاتەکان و پەلکێشی سەر خەڵکی کوردستانیان کردوون، ئەوە چاوساغی نۆکەرەکانی پارتی و یەکێتیە، کە هەلسوراوان و کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکە، لە قوڵایی کوردساندا دەکرێنە نیشانەی درۆنەکان و باندە تیرۆریستەکانیان…

بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و هەموو کەسێکی لایەنگی لە مافی ئینسان و ویژدان زیندوو ئەرکیانە لەبەرامبەر بەو سەرکوت و سزا سیاسیە ئاشکرایە بۆسەر گیراوەکانی بادینان دەنگی نارەزایەتی هەڵبرن و دریژە بە خەبات و تیکۆشانیان بدەن تا پارتی ناچار بکەن ئەو گیراوانە ئازادبکرێن و قەرەبووی ماوەی راگیرانیان لە زیندان و ئەو تۆمەتانەی بۆیان هەڵبەستراوە بکەنەوە. لەم هەڵبژاردنانەش کە لە پیشن پیویستە جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان، بایکوت وەکو گۆشەیەک لە درێژەی نارەزایەتی جەماوەری بەدەستەوە بگرن و ئەو شانۆگەرییە ریسوا بکەن کە ئەم جەلادانە دەکاتە سەروەر، تا بەو جۆرەی دەیانەوێت داهات و سامانی کۆمەڵگە فەرهود بکەن و ئەگەریش نارەزایەتی بەروویدا کرا، دادگا و دادوەری ویژدان مردووی حزبی بەگژدا بکەن و لە کونجی زینداندا رایان بگرن…..

Leave A Reply

Your email address will not be published.