شکستی ئابڕوبەرانەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

شکستی ئابڕوبەرانەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەوڵەتی ئەمریکا لە چوارچیوەی جەنگ” لە دژی تیرۆریزم” دا، هیرشی سەربازی کردە سەر ئەفغانستان و دەسەڵاتی تاڵیبانی روخاند. ئامانج لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان دوورو نزیک پەیوەندی بە” شەر لەدژی تیرۆریزم” نەبوو. سەرچاوەکانی تیرۆریزم و دەوڵەتە تیرۆریستەکان، وەکو پاکستان، عەرەبستانی سعودی، ئیرانی ئاخوندەکان، تورکیا… بە بەراورد بە ئەفغانستان، غولەکانی تیرۆریزم و سەرچاوەی تیرۆری ئاشکرا بوون. بەبەرچاوی دنیاوە تیرۆریان ئیستیراد دەکەن، گروپی تیرۆریستیان دروست دەکرد و رەوانەی گۆشەو کەنارەکانی دنیایان دەکرد، هاوکاری باندە تیرۆریستەکانیان لە دنیادا لە ئەستۆ گرتبوو…تاڵیبان و ئەفغانستان لەچاو ئەو دەوڵەتە تیرۆریستانە، پیگەیەکی لاوازیان هەبوو. عەرەبستانی سعودی و پاکستان، بە وینەی دوو هاوپەیمانی ئەمریکاو غەرب، دوو دەوڵەتی پایەداکوتراو لەسەر تیرۆر و هاوکاری تیرۆریزم بوون. ئەمریکا کیشەیەکی لەگەڵ تیرۆر و تیرۆریزم نییە، هەروەکو چۆن دیموکراسییش، دەتوانێت تیرۆرو رەوتە تیرۆریستەکان، لە ئامیزی کراوەیی خۆی بگرێت و دەرفەتی کراوەیان بۆ بەفەرمی بناسیێت کە ناوەندی شارەکانی دنیا بکەنە دیمەنی قوتکردنەوەی مزگەوتەکان و بە پارەی پترۆ دۆلاری سعودی “روح پۆست مۆدیرنیزم” ئاو بدەن و ناسنامەی جیهانی ئینسانی، بکەنە پاشکۆی “کەلتوری خۆ” و ” لەژێر ناوی فرە کەلتوری و رێزگرتن لە جیاوازییەکان” دەستی قەوم و دین و مەزهەبەکان ئاوەڵا بکەن، و جەماوەری ئەم ناسنامە پێوە لکاوانە… بکەنە نیچیری بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسییەکانیان.

هیرشی ٢٠ ساڵ لەوەپیش بۆ سەر ئەفغانستان و پاشان عیراق… لەگەڵ ئەوەدا هەردوو دەسەڵاتی ئەو دوو وڵاتەی ڕوخاند، و هەردوو کۆمەڵگەکەی توشی دارمانێکی گەورەکرد و نەزیفی خوێن بەربوونی ئەو کۆمەڵگەیەیانەی لە جەنگی ناوخۆیدا، کردە جۆگەلەی دیموکراسی و بۆرژوایی و “نەزمی نوێ” دنیاوە. بەڵام پەیام و ئاراستەی ئەم ملهوری و جەنگەی ئەمریکا، نە ئەفغانستان و نە عیراق و نە لیستی وڵاتانی ناو میحوەری شەڕ وەکو ئیران و کوبا، بوو، بەڵکو هەوڵی ئەمریکا بوو بۆ سازدانی نەزمێکی نوێی یەک قوتبی کە ئەمریکا رابەر و کاپنی بێت و ڕیگە بگرێت لەوەی جارێکی تر، قوتب و بلۆکی تر لەبەرامبەریدا سەرهەڵبدەن و بەڕووی بەرژوەندیەکانیدا بوەستنەوە. جەنگ لە “دژی تیرۆریزم” و پاشان” پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە”  تەنها ناو و چوارچیوەیەک بوو، بۆ ئەم ئامانجە.

دەوڵەتی ئەمریکا، چ لە بنیاتنانی پایەکانی دنیای یەک قوتبی وەکو ئامانج و چ وەکو شەر “لەدژی تیرۆریزم” بەوێنەی پاساو و ئامرازی ئامانجی لەبەین بردنی ژینگەی زیندوبوونەوە دنیای چەند قوتبی… توشی شکست و دارمانێکی خێرا بوو.

بنیاتنانی دنیای یەک قوتبی زۆر زوو گۆڕا بە خەونێکی نەزۆک، لەلایەکەوە چین وەکو غولێکی گەورەی سەرمایەداری و کۆنترۆڵکردنی بازاری بازرگانی و پەل هاویشتنی بێ گەرانەوەی بۆ پانتایی دنیا، وە روسیا بەوێنەی نەیاری توانای سەربازی و چەک لەگەڵ ئەمریکا، و لەوەش زیاتر شۆڕکردنەوەی ئاستی دەخالەتی لەوڵاتانی ئەزمەگرتوو و نائارامی سیاسی و ناوەندی ململانێکان… ئەمریکایان لەگەڵ بن بەستێکی پێشبینیکراودا ڕووبەڕوو کرد. ئەمریکا نەک تونایی بوون بەژاندارمی تاقانەی لەبەرامبەر بلۆکی روسی و چینی و ئەوروپیدا لەدەستدا، بەڵکو لە ئاستی قوتبە ناوچەییەکانیشدا، ڕۆڵی رابەری لەدەستدا و بەشیک لە وڵاتانی دنیا وەکو ئیران و تورکیا خۆیان بوونە کاراکتەری کارای ناوچەیی و لەوە دەرچوو تەنها رۆڵی نیابەتی بۆ زلهێزەکان بگێرن… تەنانەت وڵاتانی لەچەشنی سعودیەو قەتەریش بەجیا لەوەی هاوپەیمانی ئەمریکان، بەڵام خۆشیان وەکو سیانریست لەسەرشانۆی روداوە سیاسییەکان رۆڵ دەگێرن. پێگەی وڵاتانی دنیا لەوە دەرچووە تەنها رۆڵی گوێرایەڵییان هەبێت و ملکەچی بێ چەندو چونی زل هێزەکان بن. لەو نێوەشدا رۆڵی ئەمریکا لەنزیک بوونی قوتبە ناوچەیەکان و کاریگەرییەکانی لەسەریان، لە بەرامبەر رەقیبەکانیدا لە هەموو کات لاوازترە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریکا بەوێنەی گۆڕەپان و ژینگەیەک بۆ دەخالەتگەری ئەمریکا تا هاتووە بەرتەسک بۆتەوەو لەبەرامبەردا روسیا و ئەوروپا، ئەسپی خۆیان تیادا تاو داوە. بۆیە لە ئاستی دنیاو ناوچە و ناوەندەکانی جێگا ململانێی دنیادا، ئەمریکا توشی پاشەکشەو دارمانێکی کەم وێنە بۆتەوە. لەوەش زیاتر توانستی بەرگرتن بەو پیشرەویانەشی نییە کە چین لە مەیدانی ئابوری و بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی بازاردا بەخێرایەکی زۆر دەچیتە پیشەوەو لە ئاستی توانایی چەک و سەربازی و دەخالەتی سیاسیشدا، روسیا نەک هەر لە پێشرەویدایە، بەڵکو بە کردەوە بۆتە یاریچیەکی سەرەکی لە زۆربەی ئەو ناوچەو ولات و دەوڵەتانەی مەیدانی بەرامبەرکێ و چەقی گۆرانی هاوسەنگی هێزن لەئاستی جیهانیدا.

شەری دریژخایەن “لەدژی تیرۆریزم” پاشان بانگەشەی” رۆژهەڵاتی گەورە” روخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و دەسەڵاتی بەعس لە عێراق…وەکو پاساو ئامرازی داسەپاندنی نەزمی نوێی دنیا، هەم تیرۆرو پانتایی بۆ تیرۆریزم وگروپ و دەستە تیرۆریستەکان و هەم رۆڵ و پشتیوانی وڵاتانی لەچەشنی ئیران و پاکستان و تورکیا و قەتەر و عەرەبستانی سعودیە…تاد. بۆ تیرۆر و تیرۆرستان، زیاتر و ئاشکراتر کرد. ئەمەش ئاستی داوکاری وڵاتانی پشتیوانی تیرۆری تا ئەو رادەیە هینایە پیشەوە کە بەئاشکرا دوای بەشی سیاسی بۆ رەوتگەلی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسی لە واقعیەتی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەراست و دنیادا، بکەن. لەو ڕیڕەوەدا ئیسلامی سیاسی بووە یاریچیەکی کارا بۆ داوای بەشی سیاسی و بە فەرمی ناسینیشی… سات و سەودای بەردەوام لەگەڵ رەوت گەلی لە چەشنی داعش و تاڵیبان و بەرهەمی شکسی ئەمریکا و خستنەرووی درۆی جەنگ لە دژی تیرۆر و بەهەواداچوونی بانگەشەی” رۆژهەڵاتی گەورە و دیموکراسی” یە.

ئەمریکا لە عێراقدا دەسەڵاتی بەعسی روخاند… بەڵام ئەمە نە دیموکراسی!! بۆ عێراق هێناو نە توانی عێراق بنیات بنێتەوە و نە توانیشی مۆدێلکی حکومی لەبەعس باشتر دابمەزرێنی… بەپێچەوانەوە، عیراق بووە مەیدانی بەرامبەرکییەکی تیرۆریستی و جێگایەک بۆ پێگەیاندی تیرۆریستان و یەکێک لە نائەمنترین شوێنی دنیا، هاوکاتش شەری ناوخۆیی، دابەشکاری قەومی و دینی و مەزهەبی و تایفی… کردە دیوەزمەیەک بەسەر خەڵکی عێراق و ناوچەکەدا… وە هیزەکانی ئەمریکا بەناچاری و لە ژیر گوشارو چالاکی هیزەکانی سەر بەئیران ناچار بە پاشەپیکردنی هێزە سەربازییەکانی بوو…لە دێرێکدا لە عێراقدا بە کردەوە ئیران سەرکەوت و بووە خاوەن بریاری سیاسی و حکومەت لەبەغدا، بەپلەی یەکەم گوێ لەمستی دەسەڵاتی ئیرانە.

لەسوریاش بەهەمان شیوە دەستێوەردانی ئەمریکا، هەم سوریای کردە مەیدانی ململانێیەکی ناوچەیی و جیهانی و کۆمەڵگەی سوری داروخاند، هاوکاتیش بەکردەوە بووە مەیدانی باڵادەستی ئیران و دەستیوەردانی روسیاش بە قەبارەی گەورەتر لە رۆڵی ئەمریکا. واتە لە سوریاش شکست.

لەئەفغانستانیش کەپێش ٢٠ ساڵ تاڵیبانی روخاند… نەک هەر توانای بنیات نانەوەی ئەفغانستانی وێرانکاری دەستی خۆی نەبوو، توانای دامەزراندنی حکومەتی گوێ لەمستی خۆی نەبوو، هاوکات هەموو توانایەکانی نەیتوانی ئەمنیەت بۆ ئەفغانستان بگێرێتەوە و دەسەڵاتێکی لانی کەمی جێگا متمانە و سەقامگیر دابسەپێنێت. تەنانەت توانای بەرگری لە هیزەکانی خۆیشی نەبوو… بۆیە لەویش توشی ئابڕوچوونێکی کەمەر شکێن بوو… بۆیە بەناچاری لە هاوسەنگی هێزیکدا بە زیانی خۆی ناچار بە سات و سەودا لەگەڵ ئەو تاڵیبانە بۆەوە، کە پیشتر لەژێر ناوی تیرۆریست بوون و لایەنگری لە تیرۆریزمدا لەدەسەڵاتی.. خستبوو، وەبەشیک لەسەرکردەکانی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە داواکراو بوون، ئیستا لەگەڵ ئەو قەسابانە رێک کەوت و جارێکی تر خەڵکی ئەفغانستانی رادەستی ئەو دەسەڵاتە رەشە کرد.

دیارە چوونە دەرەوەی ئەمریکا لەهەر جیگای و گۆشەیەکی دنیا، لە سودی خەڵکی ئەو وڵاتانەیە…. بەڵام ئەگەر بە هیزی نارەزایەتی جەماوەری وەردەرنەنرێت، وەکو فیتنام و وڵاتانی تری ئەمریکای لاتین، دەبێت بە کارەسات. ئەو کارەساتەی لە ئەفغانستان بەسەر جەماوەری بیبەش و نەداری ئەو وڵاتەدا هات، بەرهەمی شکستی ئابڕوبەرانەی ئەمریکا و سات و سەودای بوو لەگەڵ دەسەڵاتی رەشی تاڵیبانی ئیسلامی. هاوکاتیش ماهیەتی بانگەشەی پوچی جەنگ لە دژی تیرۆر و تیرۆریستانی بەدنیا نیشاندا و ناوەرۆک و قێزەونی دیموکراسی لەسەر سینیەک نمایش کرد و ئەو راستیەی خستە ڕوو، کە دیموکراسی نەک لەگەڵ ئازادی و مافەکانی ئینسان نایەتەوە بەڵکو ناکۆکە بە پرانسیبەکانی مەدەنیەتیش.

ڕاکردنی بەکۆمەڵی خەڵکی ئەفغانستان…. نا وتنی خەڵک و نارەزایەتیانە بە دەسەڵاتی دوبارەی تاڵیبان کە پیشتر خەڵکی ئەفغانستان بەخوێن و گۆشتەوە ئەزموونیان کردووە، هاوکاتیش نەفرەتی جەماوەرییە بەرووی ئەمریکا و غەربدا، کە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی ئەمڕۆیاندا دەستیان خستەوە ناو دەستی تاڵیبانی تیرۆریست و ڕێگایان بۆخۆشکرد بێتەوە سەر دەسەڵات… دیارە هیشتا هیچ شتیک کۆتایی نەهاتووە، جگە لەشکستی ئابڕوبەرانەی ئەمریکا و غەرب و بوونی نەفرەتی ملیۆنی لەدەسەڵاتی تاڵیبان… ململانێی لەنیوان تاڵیبانی نەفرەتلێکراو جەماوەری نارازی و بیبەشی تاڵیبان، بەتایبەتیش ژنان و بەرەی مەدەنی خوازدا، ئایندەی ئەفغانستان دیاری دەکات. کاردانەوە بەکردەوەکان بەدژی دەسەڵاتی تاڵیباندا، سەرباری فریوکارییەکانی جانەوەرەکانی تاڵیبان، روو لەپیشەو ئومێدی راماڵینی دەسەڵاتی تاڵیبانی لێدەکرێت. ئەو دەسەڵاتە توانایی بەرگری لەخۆی و زمنکردنی سەقامگیری نەک نییە، بەڵکە خۆی سەرچاوەی ناسەقامگیرکردن و داسەپاندنێکی رەشی تری سەرچاوە گرتوو لە شەرعە، کە ناکۆکی قوڵی لەگەڵ سەرەتاییترین ئازادی و مافەکانی ئینسان و سیماکانی کۆمەڵگەیەکی ئاسایی هەیە. ڕاماڵینی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ڕیگای بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە دەستی پێکردووە، هاوشان لەگەڵ نەفرەتی رای گشتی و ئازادیخوازی دنیا، نیشانەی وەرێکەوتنی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی ئەفغانستان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی دنیایە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی تر…. کە هەرگیز رێگای دوبارە گێرانەوەی دەسەڵاتی شێوە تاڵیبان و داعش و نۆکەر پیشەکانی ئەمریکا و غەرب نادات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.