عەمار شەریف : هەڵبژاردن زیاتر بووەتە کێشەی ئارایشدان بە دەسەڵاتی ئەحزابی بورژوازی حاکم بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە نێوان ئەحزابی دەسەڵاتدار وهیچی تر….  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ عەمار شەریف کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق  سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق…

0

عەمار شەریف : هەڵبژاردن زیاتر بووەتە کێشەی ئارایشدان بە دەسەڵاتی ئەحزابی بورژوازی حاکم بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە نێوان ئەحزابی دەسەڵاتدار وهیچی تر….

 دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ عەمار شەریف کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق  سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق…

 بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق؟ لاتان وایە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت؟

 عمار شریف: لە رووی عەمەلیەوە بەرواری ئەم هەڵبژاردنە نزیکە بە کاتی خۆی تا وەکو پێشوەختە، چونکە کاتی نۆرماڵی هەڵبژاردن لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام لە باری ناوەڕۆک وەکو هەڵبژاردنی پێشوەخت حیساب ئەکرێت بەهۆی ئەوەی بریار دراوە لەسەری، لە ئەنجامی قەیرانی دەسەڵات لە ژێر فشاری راپەرینی ئوکتۆبەر لە ساڵی ٢٠١٩ دا، و لەدوای دوو مانگی نارەزایەتی بەردەوامی جەماوەریدا حکومەتی عبدالمهدی ئیستقالەی دا و رایانگەیاند کە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆی بکرێت یان نا، هەر دوو ئیحتمالەکە واردە. بەشێک لە هێزە سیاسیەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق سوورن لەسەر مەوعیدەکە کە دانراوە لە مانگی تەشرینی یەکەم/ ئوکتۆبەری ئەم ساڵ، بەشێکی تر داوا ئەکەن هەڵبژاردن دوا بخرێت. لەم چەند هەفتەی رابردوودا فاکتورێکی تر هاتە پێشەوە و ئاڵۆزی زیاتری هێنایە بەردەم مەسەلەکە، ئەویش ئەوەیە کشانەوەی رەوتی سەدری لە هەڵبژاردن و دواتر زیاتر لە ٢٥ لایەن کشانەوەی خۆیان راگەیاندوە، یەکێکیان حیزبی شیوعی عێراق. جا بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەت و نیازەکانی رەوتی سەدر بۆ فشار خستنە سەر لایەنەکانی تر بۆ بەدەست هێنانی ئیمتیازی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و هێز و سەنگی خۆی لە ناو پروسە سیاسیەکەی عێراقدا، دوور نییە مفاوەزاتی دوا لەحزەی لایەنە سیاسیەکان بۆ هێنانەوەی ئەو رەوتە بۆ بەشداریکردن درێژەی ئەبێت و لە نەتیجەدا کاتی هەڵبژاردن دوا بخەن.

بۆپێشەوە: دەستبردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ناسراو بە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەردایە، یان ویستی سیاسی هێزو قەوارە سیاسیەکانە؟

عمار شریف: ئەوەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق و گشت سیستمی سیاسی رووبەرووی بووە لەگەڵی لە راپەرینی ئوکتۆبەردا ئێجگار بەهێز و بێ وێنە بوو لە مێژووی مۆدێرنی عیراق هەم لە باری بەشدارکردنی جەماوەری فراوان و هەم لەرووی مەودای جوگرافی وتوندبوونی روبەروبوونەوە. بەشێک لە داخوازییە سەرەکیەکانی راپەرینی ئوکتۆبەر ئیستقالەی حکومەتی عبدالمهدی وهەڵوەشانەوەی پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و…تاد. بەتایبەت رۆیشتنی عبدالمهدی و حوکمەتەکەی بووە داواکارییەکی سەرەکی جەماوەر لە دوای کوشتنی سەدان و بریندارکردنی هەزاران خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان وملیشیاکان لە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق. عبدالمهدی خۆی و سەرانی ئەحزابی حاکم دانیان بەوە داوە کە ئیتر ئەو حوکمەتە ناتوانێ بەردەوام بێت و خۆیان لە بەردەم راپەرینێکدا ئەبینی. بۆیە دەستبردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ژێر گوشاری راپەرینی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩.

ئیستا لە دوای نزیک بە دوو ساڵ مەسەلەی هەڵبژاردن زیاتر بووەتە کێشەی ئارایشدان بە دەسەڵاتی ئەحزابی بورژوازی حاکم خۆیان تا وەکو مەسەلەی وەڵامدانەوە بە داواکاری خەڵکی ناڕازی، بەتایبەت ئیستا مەعلوم بووە بۆ زۆربەی خەڵکی بێبەش کە هەڵبژاردنی پێشوەخت یان پاشوەخت وەکو جاران بریتییە لە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە نێوان ئەحزابی دەسەڵاتدار وهیچی تر.

 بۆپێشەوە: لەدواین هەڵبژاردندا، بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەم بوو نزیک بە ٣٠% بوو، لاتان وایە لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری هاوڵاتیان چۆن دەبێت؟

 عمار شریف: بەپێی ئیدعای هێزە سیاسیەکان کە بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨، دەوری ٤٠% لە کۆی دەنگدەران دەنگیان داوە، بەڵام چەند لایەن و چاودێری سەربەخۆ جەختیان کردەوە کە ڕێژەی بەشدار بووان کەمتر٢٠% بوو. ئەو ژمارەی ئەخیر نزیکترە لە واقیعدا، هەر هاووڵاتیەک ئەتوانی بە کۆنکرێتی هەست بەوە بکات لە رێگەی خەڵکی دەوروبەری خۆی و ئەزانی رێژەی بایکۆت چەند بەرز بوو.

ئەگەر وەزعی ئیمرۆ بەرامبەر بە وەزعی چوار ساڵ لەمەوپێش بەراورد بکەین لە رووی ئابووری و سیاسی، ئەبینین خەڵکی مەحروم و زەحمەتکێش وناڕازی بێئومێدترن لە سیستمی سیاسی گەندەڵ و سەرکووتگەر. تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکان کە خۆیان نووسیوە لای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کشانەوەی خۆیان راگەیاند. ئەوانەی لایەنگری موستەفا کازمی بوون زۆریان بۆیان دەرکەوت کە کابینەی کازمی نە وەڵامیداوەتەوە بە سەرەتاییترین خواستی خەڵک، نە ئەمنیەتی خەڵک و هەڵسوڕاوانی پاراستوە. ئەوە سەرەرای هێرشی حوکمەتی کازمی بۆ سەر بژێوی خەڵک لە ڕێگەی کەمکردنەوەی نرخی دیناری عێراقی کە لە ئەنجامدا حەقدەست و دەرامەتی کرێکاران و فەرمانبەران و گشت دانیشتووان بە ڕێژەیەکی زۆر هاتۆتە خوارەوە. پێم وایە بایکۆت ئەبێتە دیاردەیەکی بەرچاوی هەڵبژاردنی داهاتوو.

 بۆپێشەوە: زوربەی جەماوەری برسی و نەدار دەڵێن هەڵبژاردن هیچ لە وەزعەکە ناگۆرێت، کەواتە ڕێگاچارە چییە، خەڵکی کرێکار و جەماوەری بێبەش دەبێ چ بکەن بۆ وەدیهێنانی لانی کەمی خواست و داواکاریەکانیان؟

عمار شریف: ئەوەی ئێوە باسی ئەکەن سەبارەت بەو نەتیجەیە جەماوەر پێ گەیشتوە تایبەت بە هەڵبژاردن، دروستە. هەڵبژاردن لە هەڵومەرجی ئیستای عێراق شتێک نییە بێجگە لە گاڵتەجاریی و هیچی تر، هەوڵێکە بۆ وەرگرتنی مۆری بە کۆیلایەتیکردنی خەڵکە. بەشێک لە ڕێگاچارە پووچەڵکردنەوەی ئەو گاڵتەجارییە وەکو بەشێک لە بزووتنەوەیەکی ناڕازی بەرین لە دەوروبەری بەدێلێکی کۆمۆنیست کە بتوانی رادیکالیزمی ئینسانی کۆمەڵگە یەکگرتوو بکاتەوە. رادیکالیزمێک کە لە راپەرینی ئوکتۆبەر بە پەرش و بڵاوی خۆی نیشان داوە و دەرکەوتوە لە هاتنە مەیدانی بێکاران و خوێندکاران، لە هاتنە مەیدانی سەدان هەزار ژن بەسەربەرزی لەناو کۆڕی خەبات، و لە بوونی مەیلێکی عەلمانی هوشیار و دژە کۆنەپەرستی. بەدیلی کۆمۆنیستی پیوستە بۆ ئەوەی جارێکی کە خەبات و قوربانی جەماوەری بێبەش نەچیتە گیرفانی لایەنە قەومی و نیشتمانی و ئیسلامیەکان بۆ خەرجکردنی لە سات و سەوداکانیان و گەیشتن بە نیازە دژە ئینسانیەکانیان، وە بۆئەوەی خەڵکی بێبەش و ئازادیخواز ویەکسانیخواز ماف و داواکارییە رەواکانیان بە دەست بهێنن.

بۆپێشەوە: بایکۆتی هەڵبژاردنەکان تا دێت زیاتر دەبێت، ئەمە چ ئەرکێک دەخاتە سەرشانی لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان؟

 عمار شریف: بایکۆت لە ئیستادا هەڵبژاردەیەکی دروستە، بەڵام بایکۆت بە تەنها لەم هەلومەرجەدا کاریگەر نییە. راپەرینی ئوکتۆبەر بە ئامانجە سەرەکیەکانی نەگەیشتوە، بەڵام هێشتا نارەزیەتی خەڵک بەردەوامە بەتایبەت بێکاران، هەروەها داخوازی گرتن و دادگاییکردنی بکوژانی سەدان خۆپیشاندەر و هەڵسوراو بێ وەڵام ماوە، خەدەمات خراپترە و مەسەلەی گەندەڵی و…تاد، بۆیە بایکۆت پێویستە کارێکی رێکخراو و چالاک بێت بەرامبەر بە بەدیلی ئەحزابی گەندەڵ، واتە هەڵبژاردن، وە ئەمەش وەکو لەسەرەوە باسم کرد لە چوارچێوەی بزووتنەوەی نارەزایەتی فراوانتر. لەهەمان کاتدا کە تەرحی سیاسەتی بایکۆت بکرێت ئەبێ بەدیلێک لە بەردەم کۆمەڵگە دابنرێت بۆ رێکخستن و ئیدارەی ئەو کۆمەڵگەیە، بەشێوەیەک کە ناوەرۆکەکەی و میکانیزمەکانی بوار بدات بەخەڵک لە خوارەوە لە جێگەی ژیان و کاری خۆیان دەخالەت بکەن و خاوەن بریار بن و نوێنەرایەتی خۆیان راستەوخۆ و بەردەوام بێت، جا ناوی ئەو دەزگایانە شورا، مەجلیس یان کۆمیتە بێت کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئامرازێک بەدەستی خەڵک بێت بۆ دەخاڵەت کردن. بەرای من ئەمانە ئەرکی گرنگی ئیستای لایەنە چەپ وکۆمۆنیستەکانن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.