”ئاڕاستەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان ” نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

0

ئاڕاستەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان “

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

باسی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەوەندە كۆن و دووبارەیە كە ئیدی نەبۆ خوێنەرو نەبۆ رۆژنامەنووسانیش نابێتە جێی سەرسوڕمان، بەڵام ئەم باسە بۆ ژنانێك كە رۆژانەو هەرجارەو روبەڕووی دەبنەوە وەك برینێكەو سەر لەنوێ تازە دەبێتەوە.

لەبەرئەوەی مێژووی مرۆڤایەتی وایهێناوە توندوتیژی بە سیفەتێكی (پیاوانە) بناسرێت و لەلایەن نێرینەوە پەیڕەو بكرێت، هەرئەم بۆچوونەش وا دەكات چەند شێوەیەكی جیاواز بە توندوتیژی بدەین بەپێی جیاوازی فەرهەنگەكان.

لەم باسەدا پێویست دەكات پیاوانە لە سیفەتەكانی پیاو ورد بینەوە، بە واتایەكی تر ئاڕاستەی بینینمان بە ئاڕاستەی خاڵی دەستپێكردن بێت بە ئەزموونی پیاوەتیدا بۆ ناسینی ئەو چوارچێوە دەستكردەی كە بۆ پیاوەتی دانراوە، مەرزەكانی و چۆنێتی بەڕێوەچوونی میكانیزمەكانی بەشێك لەمە پەیوەست دەبێتەوە بە مەسەلەی توندوتیژیەوە.

سەبارەت بە دیاردەی توندوتیژی پێموایە ناتوانین كۆمەڵێك مەرج بێنین بیانكەین بە ئەزمون و لێكۆڵینەوە بەبێ ئەوەی دركێكی قوڵتر لە رۆڵی پێناسی پیاوەتیدا بزانین، لێرەوە چەند پرسیارێك دێنە پێشەوە، ئەوانیش: بۆچی پیاوان راستییەكان بە توندوتیژی دەگۆڕنەوە؟ یان بۆچی پەنا بۆ یارمەتی توندوتیژی دەبەن؟، ئایا لەئاستی تاكدا توندوتیژی چی بەتاك دەدات؟ چی بە پیاوەتی دەبەخشێت و نەخشی توندوتیژی لە پێناسی پیاوەتیدا چیە؟

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك سەبارەت بە پەیوەندی توندوتیژی بە پیاوانەوە ئەنجامدراوە، تیشكخراوەتە سەر پیاوانی توندوتیژ، لە بەرامبەر ژنان و منداڵانداو لەهەمانكاتدا بەرامبەر بە پیاوانیش، تائێستا كەم لێكۆڵینەوە هەیە پیاوی كردبێتە خاڵی دەستپێك بۆ مەسەلەی توندوتیژی، بەڵام بە لێكۆڵینەوەیە دەتوانین بەشێوەیەكی زانستییانە تر لێی تێبگەین، بەو مانایەی پیاوەتی چ واتایەك بۆ هەر تاكێك دەبەخشێت نەك تەنیا بۆ خودی پیاو.

توندوتیژی دژی ئافرەت كاتێك پەیڕەو دەكرێت كە پیاو توانای خۆی لەدەستدەدات لەئاست كێشەكاندا، واتە كاتێك پیاو هەست بەوە دەكات ناتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات، چونكە لە بنەڕەتدا ئامانجی توندوتیژی بۆ بەردەوامی دووبارە پێدانی خودە كە تێكشكان یان روبەڕووبوونەوەی لەگەڵ راستیدا دەبێتەوە، لێرەوە دەتوانێت سنورێك بۆ كێشانی هێڵی مەرزی نێوان خۆی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بكێشێت و ئەو ڕق و توڕەیەیی لە ئافرەتدا خاڵی بکاتەوە.

* شێوەكانی پەراوێزگەرا و چەقگەرای توندوتیژی:

هەردوو دەستەواژەی (توندوتیژی چەقگەرا) و (توندوتیژی پەراوێزگەرا) چەمك و دەستەواژەی تایبەت بە تیۆری زانستی مرۆڤایەتین، ئەم دەستەواژانە تیۆرو وەرگیراوی شێوەی فەرهەنگی دەبەخشن بە بابەتەكە، ئەم هەوڵە دەتوانێت وابكات كە شێوە جیاوازەكانی توندوتیژی و دروست بكەن لەگەڵ پێناسی پیاوانەدا، هەروەها دەتوانێت یاری بكات، هەروەها دەتوانێت دەست و پەنجە نەرم بكات لەگەڵ پەیوەندی و پێناسێكی واقیعییانەتر بە كۆمەڵگە و پیاوەتیدا .

توندوتیژی چەقگەرا دەتوانێت وەك توندوتیژییەك درك بكرێت كە پیاوەتی!! دەسازێنێت، ئەم جۆرە دەربڕینە، شێوەیەكی توندوتیژییە كە تاك بە ئاڕاستەی ناوەندی كۆمەڵایەتی رادەكێشێت، هەرچی تووندوتیژی پەراوێزگەرایە بەپێچەوانەوە دەربڕاوێكی تووندوتیژیە كە تاك بەئاراستەی كەنار و دەرەوەی سنوورە كۆمەڵایەتیەكان پاڵ پێوە دەنێت، (تووندوتیژیەكی بێ رێزە)

بەو پێودانگە توندوتیژی چەقگەرا بە پێچەوانەی توندوتیژی پەراوێزگەراوەیە كە بە توندوتیژییەكی ئەرێنی و پەسەند و ئاسایی پیاوانە ناودەبرێت، توندوتیژییەكە سازراو لەگەڵ كۆمەڵدا، ئەم جۆرە بە بیروبۆچوونی كۆمەڵگەی پیاوانە پەیوەستە، بۆ نمونە ئەم جۆرە توندوتیژییە دەتوانێت بە توندوتیژی قارەمانی و دەربازبوون یان بەرگریكردن لەوانی دی دابنرێت.

جیاوازییەكانیان لەوەدا دەردەكەوێت كە پیشانی دەدات لە یەكلاوە توندوتیژی وەك جۆرێكی گرنگ و هەبووی كۆمەڵگەیەو ئەوە دەردەخات كە لایەنێك لەبەر پاراستنی جێ و شوێنی كۆمەڵایەتی خۆی تێدەكۆشێت، ئەم جۆرە توندوتیژییە وەك بونیادێكی گرنگتر كۆمەڵگە رۆڵی خۆی دەگێڕێت بەتایبەت بەرامبەر ڕەگەزی مێ و ئافرەتان .

Leave A Reply

Your email address will not be published.