بەشێكی ترلەدەقی“ شەو  نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت“ هۆنراوەی: حەکیم عەبدولڕەحمان میرزا

0

بەشێكی ترلەدەقی“ شەو  نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت“

هۆنراوەی: حەکیم عەبدولڕەحمان میرزا

 

هیچم نەبرد

ئەوەندە شپرزەت كردم

زنجیری جانتاكەم بۆنەكرایەوەو

نەمزانی دڵم لەكوێدا لێدەدات

دەستم بەقۆپچەی كراسەكەمەوە دەلەرزی

پێڵاوەكانم  لەپێدابوو كەچی  بۆیدەگەڕام

بەعەینەكەكەی چاویشمەوە هیچم نەدەبێنی

ئەوەندە شپرزەت كردم

بەدوای سێبەرەكەی خۆمدا دەگەڕام

ناوەكەی خۆمم لێ ونبوبوو

ئەوەندە شپرزەت كردم

نەمتوانی بڵێم ماڵئاوا و ئیتر ئێواران

بۆئێرە ناگەڕێمەوەو

دەست ناخەمە سەر زەنگی دەرگاكەت

هیچم نەبرد ویستم

بەدزیەوە هەناسەیەكت لەسوچێكی

ژووری نوستنەكەتا بۆدانێم

ئەوەندە شپرزەت كردم

ئەوەشم نەكرد هەواڵە بەخوابیت

ئیشێكی باشت نەكرد

 

لەبەر خاتری خۆم

دەفتەرێكی بچكۆلەی بەر باخەڵ دەكڕم و

كاتو ساتی هاتنی ئێوەی تیا دەنوسمەوە

بۆئەوەی كەبیرمكردن

تێر تێر بتانخوێنمەوە

لەبەر خاتری خۆم

بەڕۆژ شیعرەكانم دەفرۆشم و

بەشەو ئەیدەم بەئارەقوو ئەیخۆمەوە

 

هیچم نەبرد

ئەوەندە شپرزەت كردم

ئاو و ئاگرم بۆلەیەك جیانەكرایەوە

نەمزانی بەیانیەكی تێكشكاوە

یان ئێوارەیەكی گۆچان بەدەست

 

لەبەر خاتری خۆم

شانم دەنێم بەشانی مردنەوەو

لەبەری هەڵدەسم و

لەژوورسەری خۆمەوە دای دەنیشێنم

هەموو بەیانیانێك

بەیانی باشی لێدەكەم

هەموو ئێوارانێك دەینوسێنم بەڕۆحمەوەو

شیعرێكی حەزینی بۆ دادەگیرسێنم

 

لەبەر خاتری خۆم

لەگۆڕستان لای پیاوێكی كەڕو لاڵ

ژوورێك بەكرێ دەگرم و هەموو سەری مانگانێك

بەبیانوی كرێوە دەستەكانی ماچ دەكەم

پێیدەڵێم تاكێكی پەنجەرەكەت بكەرەوە

باتۆزێك هەوای قەبرەكەت بگۆڕێت

 

هیچم نەبرد ئەوەندە شپرزەت كردم

نەمتوانی بڕۆمە بەر ئاوێنەكەو

پرچی هەناسەیەك شانەكەم و

سەری ماڵئاواییەك بەملا بشۆم

ئەوەندە شپرزەت كردم

ڕێگای چونەدەرەوەم بۆ نەدۆزرایەوە

چاوم هیچی نەبینی

نەمدەزانی بەپێوەم

یان لەسەر كورسیەكی قاچ شكاو دانیشتوم

 

ئەوەندە شپرزەت كردم

نەتهێشت پێتبڵێم

وەرە بائاخر قاوە پێكەوە بخۆینەوەو

ئاخر هەناسە هەڵكێشین و

ئاخر چرپە چرپ

سەر بەسەر بەیەكتری بگۆڕینەوەو

ئاخر سێبەر بدەین بەكۆڵمانا

 

لەبەر خاتری خۆم

مەدرەسەیەك بەناوی باران دەكەمەوەو

خەڵكی فێری فڕیندەكەم

پێیان دەڵێم كەگەشتنە ئاستی هەور

چاوەكانتان بنوقێنن

گوێچكەكانتان داخەن

چونكە ئەمە زەمەنی كەوا بخۆیەو

بۆت نییە بەكراسێكی چڵكنەوە

لەسەروی هەموانەوە دانیشیت

 

ئەوەندە شپرزەت كردم

لەبری ئەوەی ئاو بخۆمەوە

ئاو دەیخواردمەوە و

هەوا هەڵیدەمژیم

پیری بەشەق هەتا دەرگای دەرەوە دەیبردم

هیچم بۆناوتری

هیچم بۆنابینرێ

ئەوەی ماوە كەبڵێم

خوا نەتگرێ

شەو نییە شانم بەرشانی مردن

نەكەوێ

Leave A Reply

Your email address will not be published.