ئیلهام یان زمانی شیعر لە ئاڕاستەکردنی شاعیردا..! نووسینی: جەمال نوری
ئیلهام یان زمانی شیعر لە ئاڕاستەکردنی شاعیردا..!
نووسینی: جەمال نوری
شیعر یه‌که‌مین ئه‌رکی شاعیره. ئه‌گه‌ر شیعر ئه‌رکێکی دیکه‌ی هه‌بێت، ئه‌وه‌یه تەنیا کارێک بکات، مرۆڤ هه‌ست به‌مرۆڤبوونی خۆی بکات. زمانی شیعریی زمانێکه بزۆزە نه‌ک جێگیر، له ناخی هه‌موو شاعیرێکدا، زمانزانێکی داهێنه‌ر هه‌یه کەله‌زمانی که‌سانی دیکه ناچێ پێی ده‌دوێن، ئەم زمانەی شاعیر لەتوانایدایە شیعربخوڵقێنێت.
بۆنموو ئەگه‌ر به هۆی زمانی شیعرییەوە که ناوی خاوه‌نه‌که‌شی له‌سه‌ر نه‌بێت، شاعیره‌که‌مان ناسییه‌وه، ئه‌وا دەتوانین بە خاوەنی ئەو شیعرە بڵێین شاعیرێکە خاوەنی زمانی شیعریی تایبەت بەخۆیی هەیە کە پێی بناسرێتەوە ئه‌و شاعیره خاوه‌نی زمانی تایبه‌ت به خۆیه‌تی.
شیعر به زمانێکی هێنده باڵا ده‌نووسرێت، هه‌ر ده‌ڵێیت شای ده‌ربڕینه. بۆ شیکارو سەلماندنی ئەوەی ئاخۆ شیعر ئیلهامە؟ یان لەدایک بوونی شیعر پەیوەست نییە بە ئیلهامەوە؟ لێرەدا شاعیران و نوسەران و نوخبەی ڕۆشنبیر دەبن بە دووبەشەوە:-
❶-کایەی یەکەم پێیان وایە نوسینی شیعر پەیوەستە بەئیلهامەوە، واتە کاتێک شیعر لەدایک دەبێ یان دەنوسرێ کە شاعیر ئیلهامی بۆبێت تاوەکو ئەرکی شیعر جێبەجێ بکات.
بەمانایەکی تر ئەم گروهەی شاعیر بڕوایان بەوەیە شاعیر لەناو کۆمەڵگاکەیدا ڕۆڵی پەیامبەرێک دەبینێ و بڕوای وایە تاوەکو ئیلهامی بۆ نەیەت ناتوانێ ئەوەی لەناو ناخییدا کینگڵ دەدات بتوانێ گوزارشتی لێوە بکات، واتە ئەم گرووپە (بڕوای تەواویان بەبوونی ئیلهام هەیە، بەمانا تەسەوفیەکەی ، ئەم جۆرە سەر بەقوتابخانەیە دەبی کلاسیکیینن لەنموونەی نالی و حەزرەتی مەحوی وسالم هتد. ئەمانە شیعر دەگەڕێننەوە بۆ بوونی ئیلهام، وەک چۆن وەحی دەنێردرێت بۆ پەیامبەر لەپەیوەست بە بڕواداری ئایینیەوە بەم جۆرەشە بۆ وەزیفەی شیعر.
❷ کایەی دووەم، ئەمان بڕوایان بە بوونی ئیلهام هەیە بۆ نوسینی شیعر، بەڵام نایبەستنەوە بەوەی ئیلهام هیچ پەیوەندی بە بەرکەوتەکانی شاعیرەوە نەبێ و لەدەرەوەی هەستە باڵاکانی خۆیەوە بۆی دابەزێت. وەک گۆرانی مەزن لێرەدا بەشیعر دەڵێت:-
کەتێناگەم، کەنازانم دەڵێ چی
بەڵام لەگەڵیا خوڕ خوڕ ڕۆحم دەگری
زمانی شیعری جوان، هه‌ر له زمانێک ده‌چێت، ده‌ڵێیت کیژۆڵه‌یه‌کە، هێشتا په‌یمانی ژووانێکی به که‌س نه‌دابێت.
زمانی شیعری زمانێکه پێویستی بەبوونی موزیکە واتە، موزیک تێیدا له‌وپه‌ڕی چڕبوونه‌وه‌یدایه. زمانی شیعر له‌گه‌ڵ موزیک‌دا پەیوەندیەکی ئێستاتێکی جوان دەیانبەستێت بەیەکەوە و هه‌ر ده‌ڵێیت بۆ گۆرانی خوڵقاوه. .
بەنموونەی گۆرانی شاعیر دەڵێ؛-
کانییەکی ڕوونی گەش تریفەی مانگە شەوو
لەبنیا بلەرزێ مرواری، زیخ و چەوو
جوانترە لەلای من لەدەریایی بێ سنوور
شەپۆلی باتەبەر تیشکی ڕۆژ شڵپ و هوڕ
سەبارەت بە سالمیش، وێڕای ئەوەی دیدی بۆ شیعر دەخاتەڕوو، هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ شاعیرە کوردەکان دەکات و ستایشی نالیش دەکات. لای سالم شیعر تەنیا سەنعەت نییە، بەڵکو سەلیقە و لێزانیشە.
ڕەنگینە هەموو شیعرم وەک نەقشی تەکەڵتووی زین
مەزمون کەشە فیکرم وەک قوللاپی دروم
سەرئەنجام دەتوانین بلێین خەسڵەتی بنچینەیی شیعر زمانە
بەبێ بوونی زمان داهێنان سەری هەڵنەئەدا، وەلەهەمان کاتدا زمانیش به‌بێ باری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌به‌ستی ده‌ربڕین وگه‌یاندن و داڕشتنه‌وه‌و دروستکردنه‌وه، نه‌دەتوانرا بەم چەسنەی ئێستاکە لێی تێگەیشتوین بوونی هەبوایە. زمانه مرۆڤی کردۆته خاوه‌ن په‌یام، بۆی لواندوه (خواش) بدۆزێته‌وه‌و به‌ناوو خه‌سڵه‌تی هه‌مه‌جۆر، بیکاته حه‌قیقه‌تێکی ئایدیالی. زمانه بۆ مرۆڤی لواندووه دنیایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆشی: دنیای ده‌نگ و سایکۆلۆژی و زانست و بیربنه‌خشێنێ. زمانیش، به‌وخه‌سڵه‌ته‌ی ئایدیالییه‌ی هه‌یه‌تی، به‌و هه‌موو ئیحتیمالاتی بوون و دروستبوون و داڕشتنه‌ی که پێ به‌پێی پێداویستیه‌کانی جیهانی بابه‌تی و پێوه‌ندیه بێکۆتاییه‌کانی نێوان شت و دیارده‌کان ده‌ری ده‌خا زیاتر خۆی به‌ده‌ست شاعیران و فه‌یله‌سوفانه‌وه ده‌دا _ یان وردتر بڵێین، شاعیران بۆیه شاعیرن و فه‌یلەسوفان بۆیه فه‌یله‌سوفن، چونکه ده‌توانن هه‌ڵسوکه‌وتێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زماندا بکه‌ن و بیکه‌نه بۆته‌یه‌کی له‌باری ئه‌و هه‌موو خه‌ون و خولیا‌و پرسانەی له دونیای پڕ جوانی و خۆشی و خۆشه‌ویستی و ئاشتی وجه‌نگ و هتد له‌ناو بیر‌و مێشکیاندا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه.
لێرەوە لەو چرکە ساتەی شاعیر توانی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەوانەی لەناو دەوروبەرو ژینگەکەیدا بەری دەکەوێی و دەکەوێتە ژێر کاریگەریانەوە، ئەودەمە خستیە سەر خامە و بوو بە نووسین بەو لەحزەی نوسینە دەوترێ ئیلهام.