تاڵیبان مۆتەکەی ژنانی ئەفغانستان نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

تاڵیبان مۆتەکەی ژنانی ئەفغانستان

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

وڵاتی ئەفغانستان و خەڵکە چەوساوەکەی کە ساڵەهایە قوربانی ململانێی شەر و داد و ستەدی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانن لە دانیشتنێکی ژێر بە ژێر و پیلانێکی درێژماوە ڕادەستی تالیبان، یەکێک لە دڕەندەترین و مەترسیدارترین هێزە توندڕەو و تێرۆریستەکانی جیهان کرا. ئەمریکا بە پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو وەک هەمیشە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بە مەیدانی ڕمبازێن وتاڵانی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە و هەروەها دوای شکستی لە بەڵێنەکانی بۆ پاساوی مانەوەی هێزەکانی لەو ناوچانە کە بە بیانووی بوونی هێزی تێرۆریستی تاڵیبان و گروپە توندرەوەکان و نەبوونی ئارامی لە ئەفغانستان جێگیری کردبون، هەروەها دوای  کۆتایی بەرژوەوەندیەکانی و شکستی ئەزمونی چەند ساڵەی، ئەفغانستانی ڕادەستی هیزی تێرۆریستی تاڵیبان کرد. تالیبانێک کە خوڵقێنەرەکەی وڵاتانی زلهێز لەسەروی هەموویانەوە ئەمریکای پاوانخواز بوو. بوونی تاڵیبان و دروست بوونی، هەلێکی باش بوو بۆ ئەوە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بە بیانووی تێرۆریزم و نەبوونی ئارامی، بتوانن دەست تێوەردان لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بکەن  و تا ئەو جێگایەی کە بۆیان دەلوێ سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە بە تاڵان ببەن و بوونی هێزی نیزامیان هەرەشەیەک بێ بۆ ولاتانی دراوسێی ئەفغانستان. هاتنەوەی تاڵیبان ماڵوێرانی بۆ هەموو خەڵکی ئەفغانستان پێیە  بێگومان ئەوە پرسێکی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ئەو هێزە تێرۆریستە تا سەر ئێسقان دژی ماف و ئازادی و تەنانەت هەناسەکێشانی ژنانیشە. تالیبان کە دەستی بە سەر ئەفغانستاندا گرتەوە لە گوندەکانەوە دەستیکرد بە نیکاح و بە غەنیمەت بردنی کچانی مێرمندال و دەستدڕیژی بۆ سەریان. هێزی تێرۆریست و ئیسلامی تاڵیبان لە بواری سزای سەدەناوەڕاستی و دژە مرۆڤ کەسەرچاوە گرتوو لەئایینی قێزەونی ئیسلامە بەدژی ژنان وەکوو  بەردباران، ئەشکەنجە وکوشتن  وبڕین  و تاوان،  کارنامەیەکی ڕەشی بۆ خۆی تۆمار کردووە. ئەوەی کە جێگای سەرسورمانە، دنیای دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا خەریکە خۆسەپاندنی تالیبان بۆسەر ولاتی ئەفغانستان و خەڵکی ئەو وڵاتە بە پرسێکی ئاسایی دادەنێ و مەشروعیەتی پێ دەدا، ئەوان بە ڕوهەڵماڵڕاوەیی وەک کاتی هاتنی خومەینی بۆ ئێران تریبون و ڕاگەیاندنیان لە بەردەستی ئەو هێزە تێرۆریستە داناوە و پڕوپاگەندە بۆ تالیبان و دروشم و وادە و بەڵێنەکانی دەکەن.  بێ هیوایی و نیگەرانی ژنانی ئەفغانستان لە هاتنەوەی هێزی دژە ژنی تاڵیبانبان بە هیچ ڕستەیەک پێناسە ناکرێ. ژنان دەترسێن دوای ساڵەها خەبات  وبەربەرەکانێ لەگەڵ دواکەتوویی و بیرۆکەی دژە ژن بیانبەنەوە ناو کونجی ماڵەوە و  لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوریان بخەنەوە. لە ماوەی ساڵانێک کە  تالیبان لە وڵاتی ئەفغانستان حوکمی دەکرد ژنان نەیاندەتوانی بێنە ناو کۆمەڵگە و بە دزی دەیانخوێند و هیچ ژنێک بۆی نەبوو بێ پیاو بێتە ناو بازار و شەقامەوە. بەردبارانی ژنان، کوشتن  وئێعدامی سەحرایی، بڕینی دەست و لاقی ژنان  و سزای شەرعی لە ژێر ناوی سەرپێچی لە ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئەو وڵاتە پرسێکی ڕواڵەتی بوو. ژن تەنیا کەرەسەیەک بوون بۆ دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی پیاوان و ئەندامێکی زاوزێ بۆ مناڵ بوون. ژنانی ئەفغانستان باش دەزانن ئێستاکە کە تاڵیبان بە ڕوهەڵماڵڕاوەیی مەشروعیەت بە دەسەڵاتە تێرۆریستەکەی دەدا وادەو بەڵینەکانی رێک وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە سەرەتای خۆسەپاندنی بەسەر ئێران دا بە ژنانی دا. کۆماری ئیسلامی کە مێژوی لە بواری کوشتن  وبڕین و تاوان بە تایبەت بە دژی ژنان لە تاڵیبان رەشترە لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری وادەی ئازادی ژنانی داو رایگەیاند،  پۆشش زۆرە ملی نییە، وادەیەک کە تەنیا چەند مانگی خایاند و یاسای شەرع و دواکەوتوویی بەسەر خەڵک و ژناندا سەپاند، هەر بەو جۆرەی کە دەبینین ژنان لە ئێران تەنانەت لە مافی سەرەتایی واتە پۆشش بێ بەشن. ژنان لە ئێران لە هەموو مافەکانیان بێ بەشن و سەرەرای ئەوانەش بە پێی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامی کوشتن و بەردبارانی ژنان نیهادینە کراوە. لە بەرامبەر هێزی داگیرکەری تاڵیبان ژنان بە خۆراگریەوە بێ دەنگ نەبوون و لە شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان دەستیان کرد بە خۆپێشاندن بۆ مافی خوێندن و کار و بەشداری سیاسیان لەو وڵاتە. ژنانی ئەفغانستان  بەوە گەیشتوون کە تاکە ڕێگەچارەی ئازادیان بێ دەنگ نەبوون لە بەرامبەر هێزی داگیرکەر و دژە ژنە، ئەوان  بە بوێریەوە ڕژانە سەر شاقامەکان و لە بەرامبەر بینای سەرۆک کۆماری داخوازی ڕەوای خۆیان بەرز کردەوە. لەو ماوە کەمە کە تالیبان هاتوە سەر کار ژنان بە شیوەیەکی ئەکتیڤ خەریکی خۆرێکخستنن.

ژنانی ئێران کە ساڵەهایە لە لایەن ڕژیمێکی ئیسلامی و دژە ژن دەچەوسێنەوە و ئازار دەکیشن بە هانای دەنگی ژنانی ئەفغانستانەوە هاتون و بە رێکخستنی کەمپەین و نارەزایەتی  چ لەناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی وڵات هاوتەریبی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی ژنانی ئەفغانستان راگەیاندووە و بڕیاریانداوە تا نەمانی ڕژیمە تێرۆریستەکانی وەک کۆماری ئیسلامی و تاڵیبان دەست لە خەبات هەڵناگرن..

Leave A Reply

Your email address will not be published.