پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک بەسەر دەکاتەوە…  لەم ژمارەیەدا سالار حەمەسەعید لە وەڵام بەپرسی رۆژدا…

0

پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک بەسەر دەکاتەوە…

 لەم ژمارەیەدا سالار حەمەسەعید لە وەڵام بەپرسی رۆژدا…

ڕادەستکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بە بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر باوەشێنکردنەوەی کۆنەپەرستی بۆ ئیسلامی سیاسی لەناوچەکەو کوردستان؟ پشت بەستن بە ئەمریکا چ مانایەک دەگەیەنێت، کوردستان بە نموونە؟

سالار حەمە سەعید: پاش ٢٠ساڵی ڕەبەق و لە ١٥ ی مانگی ئابی ئەمساڵدا تالیبان دووبارە دەسەلاتی گرتەوە دەست. پاش ئەوەی ئەمریکا لەژێر ناونیشانی ”جەنگی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریزم” بارو ڕەوشێکی هێنایەکایەوە کە هەرچی لەوەدوا ڕوویدا ئاکامی ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزەی بوو. داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیدا لەچوارچێوەی  ”جەنگ دژ بەتیرۆر” بارو ڕەوشێکی هێنایە پێشەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیان خوڵقێنەری بوون بەتایبەتی  پاش ١١ی سپتمبەر ٢٠٠١ کە تەواوی ئارامی و ئاسایشی جیهانی هەژاند.

ئەمریکا و بزوتنەوەی تالیبان لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ دا گەیشتنە ڕێکەوتنێک بەوپێیە هێزەکانی ئەمریکا لە ١ی ئایاری ٢٠٢١ دا لە ئەفغانستان بکشێتەوە. هەروەها جۆبایدن لەدرێژەدان بە سیاسەتی ترەمپ لەمەڕ کشانەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستی دایە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکەی نێوانیان لەگەل تالیبان. ئەوەی ترەمپ دەستی پێکردبوو بایدن تەواوی کرد، هەروەک حکومەتی ترەمپ چۆن لە گفتووگۆ و ڕێکەوتن دابوو لەگەڵ هێزەکانی تاڵیبان لە مانگی شوباتی سالی ٢٠٢٠ کە لە دەوحە ڕێکەوتبوون، هەرواش بایدن درێژەپێدەری ئەو ڕەوتە بوو تاگەیاندیە ئەمرۆژە.

شەڕ لە ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی پێنەهاتووە، هێشتا بەلانی کەمەوە ئەمریکا توانای پەلاماری ئاسمانی هەیە. لەڕاستیدا یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانی دەستکێشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانساتدا ئەوەیە کە دەیەوێ ئەو توانا و ئیمکاناتەی هەیەتی بەهەدەری نەدا، و لەو ناوچانە بەبێ سوود نەیانهێڵێتەوە تابتوانێ دەستی کراوەتر بێت لە هەرچی زیاتر توندتر پێشبڕکێکردن لەگەڵ چیندا. ئەمریکا هێزەکانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە خزمەت کردن بە ئامانجێکە کە زۆر لەوە گەورەترە کە بەئاشکرا بانگەوازی بۆ دەکات ئەویش هەوڵدانیەتی بۆ پشتیوانی کردن لە هەژموونی ئەمریکا لەناوچەکە، نەک لاوازکردنی. ڕادەستکردنەوەی ئەفغانستان بە بزوتنەوەی تالیبان لەڕاستای بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گەورەیەیە.

هەروەک دەبینرێ لەئێستادا چەقی قورساییەکانی سەرمایەداری لە یەک شوێندا نییە، چیدی وەک جاران لە ڕۆژئاوا لەنگەری نەگرتووە. بەلام ئێستا سەرهەڵدانی زیاتر لە چەقێکی قورسایی دەبینرێ. چەقی قورساییەکان لە رۆژئاواوە دەچێت بەرەو رۆژهەڵات، و هێزگەلێکی وەک چین و روسیا سەر دەردێنن. لەڕاستیدا بەپێی دۆنالد ترەمپ بوایە دەبوا دوا رۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ١ ی ئایاری ئەمساڵ بوایە. بەڵام جۆو بایدن رۆژی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی گۆڕی بۆ ١١ی سپتەمبەر، واتە تەواو پاش ٢٠ سال لە پەلامارە تیرۆریستیەکە بۆسەر سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك. بەم ڕادەستکردنە ملیۆنەها خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەونە بەر چارەنووسێکی ترسناک و نادیارەوە. ئەوان تەنانەت ئەو درۆ شاخدارانەی کە دەرخواردی خەڵکیان دەدا، گوایە هاتوون بۆ ئەفغانستان تا دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری بسەپێنین بەسەر ئەو کەسانەی کە لە ١١ی سپتێمبەردا پەلاماریان داون، و بەپێی وتەکانی خۆیان بێت ئەوان چەندین ساڵ دەبێت کە ئامانجەکانیان پێکاوە.  بەم ئۆپەراسیۆنەی کە ئێستا لەحاڵی ڕووداندایە، گواستنەوەی چەند هەزار ئەفغانیەک بۆناو ئەمریکا و پاراستنیان لە دەسەلاتی تالیبان و رزگارکردنیان لە دڕندەیی و وەحشیگەری و ئۆتۆکراسی تاڵیبان، تەنها دەیانەوێ  سیناریۆیەکی کۆنی پووچ دووبارە بکەنەوە کە تەنها بۆهەڵخەڵەتاندنی خەڵکە. ئەم کارەساتە ئاکامی ترسناکی لێدەبێتەوە هەروەها نائارامی و ناجێگیری دەخاتە ناوچەکەوە.

 بێگومان بزوتنەوە و دەستەوتاقمە ئیسلامیەکانی کوردستان و ناوچەکە بەم گۆڕانکاریانەی ئەفغانستان و گرتنەوە دەستی دەسەڵات لەلایەن تالیبانەوە بەهەلێک دەزانن بۆ هەرچی زیاتر پێ درێژکردن لەسەر سەپاندنی بەرنامە کۆنەپەرستیەکانیان بەڕێگەی جیاواز و هەرچی زیاتر بەرەو پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منالان. ئەوەش بەڕۆشنی لە پەیامەکانی پیرۆزبایی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و حزبەکانی کوردستان بۆ دەسەڵات گرتنی تالیبان دەردەکەون. تەنانەت هیواو ئومێدی جیهاد دەدەن بە خەڵکی موسوڵمانی کوردستان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی لەجۆری تالیبان و هاوشێوەکانیان لە کوردستان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.