مامۆستا عەزیز محمەد عەبدوڵا… سیمای ناسراوی چەپ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی… بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا!!
مامۆستا عەزیز محمەد عەبدوڵا… سیمای ناسراوی چەپ و کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی… بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا!!
بەرواری ٢٤ی ئەم مانگە، مامۆستا عەزیز… بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و جێیهێشتین. مامۆستا عەزیز یەکێک بوو لە تێکۆشەرانی نەسرەوتوی کۆمۆنیزم و ڕزگاری چینی کرێکار و بێبەشان. ئەو نزیک بە چوار دەهە بێوەستان و ماندوبوون تێکۆشا.
تێکۆشانی نەپساوەی مامۆستا عەزیز، چ لە مەیدانی سیاسی و رێکخراوەیی و چ لە زەمینەی کاری جەماوەری و هەوڵی بێ درێغی بۆ وەڕیخستنی کاری هەرەوەزی… ئەوی کردبووە سیمایەکی خۆشەویست لە هەر دوو مەیدانی خەباتی سیاسی و جەماوەریدا. ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی ئەو لەپاڵ باوەڕی قوڵی بە یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو و رۆڵی کارای لە زەمینەی پەروەردەو فێرکردن، وەکو مامۆستایەکی زانکۆ، مامۆستا عەزیزی کردبووە روخسارێکی خۆشەویست لەناو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و مامۆستایان و قوتابیانشدا.
مامۆستا عەزیز… لە ریزی پێشەوەی زوربەی خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوردستاندا بوو لە پێناو ژیان و گوزەرانیکی باشتردا.
بەداخەوە کۆڕۆنا ڤایرۆس، ڕیگەی نەدا مامۆستا عەزیز چیتر درێژە بەخەبات و تێکۆشانی بدات، لە پێناو دنیایەکی باشتردا و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
ژیانئاوایی یەکجاری مامۆستا عەزیز خەسارەتێکی گەورە بوو لە بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدا.
ئێمە وەکو ستافی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، بۆ مەرگی ناوادەی مامۆستا عەزیز، سەرخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی خێزان و کەس و کارو هاوڕێ و هاوپیشەکانی و سەرجەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی و جەماوەری دەکەین.
بەرزو بەڕیز بێت یادی خەباتکارانەی مامۆستا عەزیز و سەرجەم رێبوارانی رێگای دنیایەکی باشتر
ستافی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە
٢٥/٨/٢٠٢١