تاڵیبانی گۆڕاو! قۆنتەراتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆژئاوا
تاڵیبانی گۆڕاو!
قۆنتەراتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆژئاوا
ئیسلامی سیاسی بە ئاوتاوەوە گەڕانەوەی تاڵیبانی بۆدەسەڵات وەک سەرکەوتن کردە جەژن. بەڵام گەڕانەوەی تاڵیبان ئەمجارە سەرکەوتنێکی قارەمانانەی موجاهیدینی ژنکوژ و سەربڕ و مافیای تلیاکی ئیسامی نەبوو لە دژی کوففار و شەیتانەکانی دیموکراسی ڕۆژئاوا، بەڵکو بەرهەمی ڕێککەوتن و موبارەککردنی ڕەسمی و ڕاگەیەنراوی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بوو.
هەرئێستا زەمزەمە و ورورتی تاڵیبانی گۆڕاو لەسیاسەت و میدیای ڕەسمی ئەمریکا و ڕۆژئاوا دێتە گوێ. ئارەزوی دەستڕاگەیشتن بە تاڵیبان و ئیسلامێکی سیاسی کۆنتڕۆڵکراو کە ڕازی بووە بە گێڕانی ئەو دەورە، لە ڕوانگەی بۆرژوازی ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە هەرچەند وەحشی و خۆێناوی و هەمەجی بێت و ژن لەسایەی حاکمیەتیدا بە مرۆڤ حیساب نەکرێ و هەرچەند ئەتکردنی حورمەتی مرۆڤ و ژیان بە هەموو ماناکانی خۆی کردبێتە نۆرم و ڕێسای ژیانی کۆمەڵگەیەکی چەند ملیۆنی، ئارەزویەکی واقیعی بۆرژوازی ڕۆژئاوایە. ئەمە دەریدەخا کە ئارەزوەی بۆرژوازی ڕۆژئاوا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتەکانی ئەو ئیسلامە سیاسیە کە ئامادەیە دەوری ئەو یاساوڵە و پاسەوانە خوێناویە لە ناوچەکە دا ببینێ خەریکە دەبێتە واقیع. ئەوەی کە دەڵێن تاڵیبان تاڵیبانی پێشو نییە و گۆڕاوە، ئەگەر مانایەکەی تەنیا ئەوەیە کە تاڵیبان ڕووی تیرۆریزمەکەی چیتر ناکاتە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا. تەنانەت خودی تاڵیبان کۆمەڵێک ئاماژەی وای نیشاندوە کە ئارەزوی ئەوەی لەسەردایە وەک پاسەوانێکی تری خوێناوی و شمشێر بەدەستی بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا و سەرمایە و پیشەسازی و بازرگانی حەشیش و سەرچاوەکانی وزەی تازە لەچەشنی لیتیوم وزێڕ له ناوچەکەدا بەسەرسەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە قبۆڵ بکرێ. هێزێکی خوێناوی، کە لە ژێر ڕیش و عەبا و فتوا و نیکاح و سەبی و کەنیزەککردن و فەسادێکی گەورە و ڕێکخراوی ئیسلامی خەریکی جێبەجێکرنی ئەو ئەرکە و هەروەها ڕۆڵی زەلیل کردنی کۆمەڵگە و بەشەرییەتی کرێکار و زەحمەتکێشە و نرخی ئەو ڕۆڵ و دەورەی خۆی لە بورژوازی ڕۆژئاوا وەردەگرێ. بەوپێیە ڕادەستکردنی دەسەڵات بە تاڵیبان قۆنتەراتێکی سیاسی بۆرژوازی ڕۆڕژئاوا و ئەمریکا بوو بۆ ئامادەکردنی یەکێک لە هارترین باڵ و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بۆ گێڕانی ئەو دەورە لە ئایندەدا.
ابراهیم حسێن.
22.8.2021