باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی…  ڕاکردنی بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە تاڵیبان!

0

باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی…

ڕاکردنی بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە تاڵیبان!

هەوڵی ڕاکردنی خەڵکی ئەفغانستان لە وەحشیگەری ئیسلامی تاڵیبان و دیمەنی ڕاکردنی ئەو لێشاوەی مرۆڤ هەڵپەی گەیشتن بە  فڕۆکەخانە و بەندەرەکان بوون تا  فریا بکەون لە ڕێگەی فڕۆکە و کەشتیەوە لە جەهەننەمی ئیسلامی تاڵیبان ڕزگاریان بێت و جارێکی تر و بۆ یەک چرکەو ساتێکیش ناچار بە ژیانکردن نەبن لە سایەی ئەم دێوەزمە کۆنەپەرست و فاشیستەی ئیسلامی سیاسی، ئەگەرچی لەلایەنی گرنگی خۆیدا نیشانەی داماوی و بێچارەیی و دەستەپاجەییەکی گەورەیە. داماوی و دەستەپاچەیی و بێچارەییەک کە خۆی بەرهەمی ئەو زۆنگاوەیە کە خێرۆمەندانی دیموکراسی ڕۆژئاوا بە کۆمەکی میلیتاریزم و کوشتار و برسیکردن و وێرانکردن ولەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی پایەکانی مەدەنیەت و ژیان لە ڕۆژهەڵات، خوڵقاندیان. زۆنگاوێک کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژی چەند دەهەیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی کردە مەیدانی تەراتێنی دێوەزمەی فاشسیزمی ئیسلامێکی سیاسی کە لە بێخ و بنەوە و تا ئەو جێگەیەی عەقڵ بڕکات دڕەندە، دژی مرۆڤ و ئینسانکوژ و دژی مەدەنیەت و خۆشی و خۆشبەختی و هەر ئەندازەیەکی ئازادی و ژیانی ئازادە.

ڕووی دوەمی ئەم ڕاکردنە بە کۆمەڵەی خەڵکی ئەفغانستان هەرچەند بە شێوە سلبیەکەی، بەڵام ئەوەی نیشاندا کە ئەو مرۆڤایەتیە وا بە ئاسانی ئامادە نییە و ئامادە نابێ ئەم بەدبەختیە ڕەش و هەمەجیە ئیسلامیەی تاڵیبان قبوڵ بکا. قبوڵی ناکەن، چونکە دوژمنایەتی ئەم ئیسلامە سیاسیە کە تاڵیبان یەکێک لە ڕۆڵەکانیەتی لەگەڵ مرۆڤ و هەر ئەندازەیەکی ئازادی و خۆشی و شادی و خۆشبەحتی مرۆڤ بەهەر مانایەک، ئەوەندە قوڵ و بنەڕەتی و عەقیدەتی و بونیادی و لەچارنەهاتوە کە جگە لەوەی بکەوێتە شەڕێکی هەموو ڕۆژە لەسەر مانەوەی ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نییە و درەنگ یا زوو ئەم ڕەوەندە دەست پێدەکا.

ڕاستە جوڵانەوەی ئیسلامی سیاسی جەژنی گەڕانەوەی تاڵەبانی بۆ دەسەڵات گێڕا و ئەوەش ڕاستە کە تاڵیبان و تاوانکارانی ئیسلامی ئەوپەڕی هەوڵدەدا هەموو دەسەڵاتی خۆی لەسەرکوت و زەلیلکردنی کۆمەڵگە بەکاربهێنێ، بەڵام تازە ئەوە تاڵیبان و ئیسلامی سیاسی دەخاتە ڕووبەڕووبوونەیەکی ئاشکراتر و توندتر و هەمەلایەنەوە و تازە پێویستی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئیسلامی سیاسی و تاڵیبان دەخاتە دەستورەوە و هەر ئێستا نیشانەکانی ئەم وەرچەرخانە و ئەم ڕەوەندی بەرگری و تەقەلا یە بۆ هەڵپێچانی تاڵیبان و ئیسلامی سیاسی  دەست پێدەکا.

ابراهیم حسێن

21.8.2021

Leave A Reply

Your email address will not be published.