پرسی ڕۆژ پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک بەسەر دەکاتەوە… لەم ژمارەیدا موزەفەر عەبدوڵا لە وەڵام بەپرسی رۆژدا…

0

پرسی ڕۆژ

پرسی رۆژ گۆشەیەکە هاوڕێ ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیارێک بەسەر دەکاتەوە…

لەم ژمارەیدا موزەفەر عەبدوڵا لە وەڵام بەپرسی رۆژدا…

 

پرسی ڕۆژ… سەردانی سەرانی حكومەتی هەرێم بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم ڕەئیستی؛ سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی كۆماری ئیسلامی ئێران، و تیرۆری موسا باباخانی، چ پەیامێكی لەپشتە بۆ حكومەتی ئێران و بۆ خەڵكی كرێكاروزەحمەتكێشی توڕەوناڕازای لە كۆماری ئیسلامی، هەروەها بۆ خەڵكی عێراق و كوردستان؟

موزەفەرعەبدوڵا: بەر لەهەر قسەیەك وەك وەڵام بۆ ناوەڕۆكی پرسیارەكەتان؛ پێویستە ئاماژە بە ڕاستییەكی سیاسی مێژوویی بكەین بۆ زیاتر ڕونكردنەوەی وەڵامەكەمان. ئەو ڕاستییە سیاسی و مێژووییەش ئەوەیە كە لەوەتەی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی لە ئێران  بە هێزی سەركوت و سێدارەو تیرۆرو كوشت و كوشتار دەسەڵاتی ڕەهای خۆی سەپاندوە، لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە پارتی پەیوەندی قوڵی لەگەڵ ئەو ڕژێمە هەیە. ئەم پەیوەندیەش تا ئەو ڕادەیەیە كە دەتوانین بلێین ئەوە پەیوەندی نێوان هێزیكی سیاسی دەرەوەی دەوڵەتێك نییە، بەڵكو ئەوە هێزو دەزگایەكی سەركوتگەرو داپڵۆسینەرو جاسوسی خودی ئەم ڕژێمەیە. باشترین بەڵگەش بۆ پاساودانی ئەم ڕاستییە ئەو دەورانە بوو كە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق ناوی قیادە موەقەتەیان لە خۆیان نابوو. ئەوكات ببوونە بەشێك لە دەزگای چەكداری پاسدارو حەرەس خومەینی لە هێرشی دڕندانەیان بۆ سەركوتی خەڵكی ناڕازی  ئێران بە گشتی و كوردستانی ئێرانی ئێرانیش بەتایبەت.

زانینی ئەم ڕاستییە بەر لەخەڵكی كوردستانی عێراق، خەڵكی كوردستانی ئێران و لایەنە ئۆپۆزیسیونەكانیان، بە تایبەتی خودی حزبی دیموكرات، باشتر دەزانێت كە چۆن لەگەڵ سوپای پاسداران كەوتنە گیانی خەڵكی ڕاپەڕیوی دژی ڕژێمی ئیسلامی، و سەدانیان لێ دەكوشتن، یاخود بە دیل دەیانگرتن و ڕادەستی ڕژێمیان دەكردنەوە.

جا لە ماوەی ئەم چوار دەیەیە دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئەم پەیوەندییە، یان بڵێن، ئەم  پێش لەشكریەی پارتی بۆ ئێران هەر هەبووە، ئەگەر چی هەندێك جار ڕەنگە دور كەوتنەوەیەك هەبووبێت.

بەڵام بەهۆی توندبوونەوەی كێشەو ململانێ سیاسی و سەربازی و هەڕەشە و گوڕەشەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ هێرش و شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئێران، بە تایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣، و بوونی عێراق بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێیی نێوان ئەو دووبەرە زلهێزە جیهانی و ناوچەییە، ئیتر پارتی  نەیتوانیووە ‌هەموو كات هێز و هاوسەنگی نێوانیان ڕاگرێت، جارجار تەرازوی هێزی بەلای ئەمریكادا شكاندۆتەوە. جا ئەمەش ڕژێمی ئیسلامی نیگەران کردووەو وای كردەوە لە بەرامبەر پارتیدا زیاتر دەست لەملی یەكێتی بكات كەنەیاری پارتی یە.

هەڵبەت نابێت ئەوەش لەبیربكەین كە لەپاڵ ئەم جۆرە لە پەیوەندی، یان بڵیین بەكرێگیراوی هەردووو باڵی بزووتنەوەی كوردایەتی (یەکێتی و پارتی) بۆ ئێران، هاوكات ئێران پەیوەندی باشی ئابوری لەگەڵیان هەیە و هەردووو لاش سودمەند بوونە لەم پەیوەندییە، بە تایبەتی بەهۆی ئابڵوقەی ئابوری ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

ئێستاش كە ئەمریكا دوای بیست ساڵ لەشەڕو داگیركاری ئەفغانستان شكستی هێناوە لەبەرامبەر تاڵیبان و بە ئاشكرا هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی كوردستان و عێراقیش كردووە؛ كە ئەگەر نەخشە و پیلانەكانی ئەمریكا بە تەواوی  جیبەجێ نەكەن؟ ئەوە وەك ئەفغانستان سوپاكەی دەكێشێتەوە و دور نییە لە پشتەوە ڕێكەوتنێك لەگەڵ داعش یان هەر هێزێكی تیرۆریستی تری وەك تالیبان بكات و بەریان داتە گیانی ئەم دەسەڵاتانە و خەڵكی ئەم وڵاتانە.

بە كورتی ئەتوانین هەموو ئەم ڕووداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیانە وەك پێشمەرجی ئاڵوگۆڕو وەرچەرخان ناو بەرین. دیارە ئەمە سەرەڕای ڕقو توڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی تا ڕادەی چوونە بەر دەرگای راپەڕینی جەماوەری لە چەند ساڵی ڕابردوو لە هەردوو دەسەڵاتی بەغداو هەولێر.

ئا لەم باردۆخەی ڕابردوو و ئێستادا پارتی و نێچیروان بارزانی بەناوی شاندی حكومەتی هەرێمەوە بۆ پیرۆزكردنی  ڕێورەسمی ئیبراهیم ڕەئیسی بە سەرۆك كۆماری ئێران دەیانەوێت پەیوەندیەكانیان وەك قۆناغی چل ساڵ لەمەوبەرتوند كەنەوە. بە كورتی یانی ببنەوە بە بەشێك لە دەزگای پاسداران و سوپای ئێران.

 لەبیرمان نەچێت هەموو ئەمانە لە كاتێكدایە كە خودی ڕژێمی ئێرانیش لەسەر بوركانی ڕق و توڕەیی و ناڕەزایەتی هەمەلایەنەی خەڵكی ستەمدیدەی ئێران وەستاوە، و دوور نییە لە داهاتووی نزیكداو لە یەك ڕاپەرینی جەماوەریدا بیڕوخێنن.

هەڵبەت یەكێك لە ئامانجەكانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ توندكردنەوەی ئەم پەیوەندییە، مەسەلەی بوونی حزبە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانیەكانە بە تایبەتی كوردستانی ئێران. ئەو حزبانەی كە  بنكە و بارەگای چەكداریان هەیە لەوانە  حزبە دیموكراتەكان و كۆمەڵەیییەكان كە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەكیتیدان و هاوكاریشیان دەكەن.

ئەوەش ئاشكرایە لەم چەند ساڵەدا هەردوو حزبی دیموكراتەكان جارجار كەڵكیان لە ساردی پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران وەرگرتوەو دەستیان زیاتر تێكەڵ کردووە لەگەڵ ئەمریكا و ڕژێمە نەیارەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک سعودیە، و بە هاوكاریان خۆیان گەیاندۆتە ناو خاكی ئێران و تەق و تۆقێكیان کردووە، ئەمەش ڕژێمی ئێرانی  نیگەران کردووە.

وە ئەم مەسەلەیەش لە گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێم و سەرانی ڕژێمی ئیسلامی باس كراوە و ئەگەری زۆر هەیە لەسەر ئەم پرسانە جۆرێك  ڕێككەوتنیان كردبێت.

 لە ڕاستیدا لێدوانەكەی نێچیروان بارزانی سەرۆكی وەفدەكە كە دەڵێت”خۆیان بە بەشێك لە ئێران و شۆرشی ئیسلامی دەزانن” و هاوكات بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەكاتی پشێوازی شاندەكە لە  فرۆكەخانە (هەرچەندە ڕۆژی دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران پۆزشی هێنایەوە کە هەڵەیەك کراوە لە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە پێشوازیەکەی وەفدی هەرێم لە فڕۆکەخانە) و هاوكات كوشتنی ئەو ئەندام سەركردایەتییەی حزبی دیموكرات لە شاری هەولێر. هەموو ئەمانە پەیامێكی ترسناكە بۆ ئەو لایەنە نەیارانەی كوردستانی ئێران و تەنانەت بۆ خەڵكی ئازادیخوازی هەرێم و حزب و ڕێكخراوە چەپ و كۆمۆنسیتەكانیش، كە هەمیشە پەیوەندیان لەگەڵ بزوتنەوەی چەپ وكۆمۆنسیتی ئێران هەیە و بە ئاشكراش دژایەتی ڕژیمی تیرۆریستی بە ئەركی خۆیان دەزانن.

بە پێی هەواڵەكان كە ڕاستیان تێدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ڕژێمی ئیسلامی بە ئاشكرا بە شاندەكەی گوتووە ئیتر ئەوان بوونی ئەو هێزە چەكدارانە لەژێر دەسەڵاتی هەرێم قەبوڵ ناكەن! خۆ ئەگەر وەدەریان نەنێن وەك موجاهیدنی خەڵق، ئەوە بە هێرش و موشەكباران بێت یان هەر شێوازێكی تر ئەوە تارو ماریان تێک دەدات.

هاوكات گوایە تاقمێك جاسوسی ڕژیمی ئیسلامی ماوەیەكە لە شارەكانی هەرێمن بۆ تیرۆری كۆمەڵێك سەركردەی چالاكی ئەو حزبانە، و ڕەنگە هەوڵ بدەن لەم نەخشە و پیلانانەدا تیرۆری ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی چەپ وكۆمۆنسیتی هەرێمی كوردستانیش بدەن، وەك پێشترێش هەوڵیان داوە تیرۆریان كردەوە. بۆیە پێویستە ئەمانیش لەم بارەوە ئاگادار بن.

ڕاستییەك هەیە پێویستە جەختی لێبكەینەوە؛ ئەویش ئەوەیە كە ئیتر ئەم دۆخەی لە جیهان، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و كوردستان هەیە، دەیان ساڵە بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕی سیاسی و سەربازی نێوان هەموو زلهێزە جیهانی و ناوچەییەكان، ئیتر بەرەو یەكلابوونەوە دەڕوات.

هەتا ئێستاش یاریكەری سەرەكی ئەم یەكلابوونەوەیە خودی ئەو دەوڵەت و ڕژێمانەن كە بە كام لادا یەكلادەبێتەوە. بەڵام ئەوەش بێگومانە كە چەند ساڵێكە كەم تا زۆر جەماوەریش لە ئێران و عێراق و كوردستانیش، ئەگەرچی هێشتا خاوەن ڕێكخراوی یەكگرتوو، و بەدیلی سیاسی نین، بەڵام ڕۆڵێكیان هەیە و بوونەتە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانە بۆ یەكلا كردنەوەی بارودۆخەكە .

جا ئەگەر پەیامی سەرانی ڕژێمی ئیسلامی سەركوت و سیدارە و تیرۆر بۆ خەڵكی كوردستان و تەنانەت خودی ئێران و حزبە نەیارەكانی ئێران، بە تایبەتی لایەنە چەكدارەكانی كوردستان كە لە هەرێمن، ترسناكە و بە ئاشكرا توندكردنەوەی سەركوت و تیرۆرە، ئەوە بە نیسبەت جەماوەری هەرێمی كوردستانیشەوە مەترسییەكەی كەمتر نییە. دەیەوێت هەردوو ئەم هێزە سەرەكییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، یانی پارتی و یەكێتی،  بە تەواوی بكاتە پارێزەری ستراتیژی سیاسی و سەربازی خۆی. هەر وەك چۆن لە ئاستی عێراق بەشێك لە هێزە سیاسییە شیعییەكانی عێراقی بەناوی  حەشدی شەعبییەوە كردەوە بە سوپای پاسداران و دەزگا سەركوتگەرییەكانی تر، ئەوە ئەو دەورەی لە پارتی و یەكێتیش دەوێت.

بۆیە بەهەند وەرگرتنی ئەم پەیامە لە لایەن ڕێكخراوە چەپ و كۆمۆنیستەكان لە ئاستی عێراق و هەرێمێش زۆر گرینگە و پێویستی بەخۆئامادەكردنی زیاترە بۆ شكست پێهێنانی نەخشە و پیلانە سەركوتگەری و تیرۆریستییەكانی ڕژێمی ئیسلامی و دارودەستەكانی. بێگومان ئەمەش لە گرەوی ئەوەدایە كە چەند ئەم ڕێكخراو و حزبانە ‌‌هێز لە جەماوەر وەردەگرن و ‌‌هێزیش دەدەنەوە بە جەماوەری ئازادیخواز.

Leave A Reply

Your email address will not be published.