کارەساتی سروشتی و هاواری فاشیستی!

0

کارەساتی سروشتی و هاواری فاشیستی!

سوتانی دارستانەکان، و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و وەڕیکەوتنی سێلاو بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ساڵانە زیاد دەکات و قوربانی زیاتری لێدەکەوێتەوە. بێگومان ئەمانە کارەساتی سروشتن، بەڵام بێدەبەستی و نائامادەیی دەوڵەتەکان و سەرفنەکردنی ئیمکاناتی پێویست بۆ رووبەڕووبونەوەی کارەساتە سروشتیەکان، روداوی سروشتی نین و نیزامی چاوچنۆکی سەرمایەداری لێی بەرپرسیارە.

دیارە دەستکاریکردنی سروشت و جیناتی سروشتیش لەلایەن نیزامی سەرمایەداری و کۆمپانیاکان، بۆ دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەی سروشتی و کەڵک لێوەرگرتنی بۆ سودی سەرمایە هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی روداوە سروشتیەکان و ئەویش دیسان نیزامی سەرمایەداری دەوڵەتەکان لێی بەرپرسن. بەکورتی پیسبوونی ژینگە، کارەساتە سروشتیەکان، بونەتە سەرباری دەیان و سەدان موسیبەتی تر کە یەخەگیری کۆمەڵگەی بەشەری بوونەتەوە و نائامادەیی دەوڵەتەکانیش بۆ رووبەڕووبونەوەی رادەو ئاستی قوربانیانی ئەم کارەساتانەی زیاتر کردووە.

 پاراستن و بەرگریکردن لە پیس بوونی ژینگە و بەرپرسیارێتی نیشاندان بۆ پاراستنی دارستانەکان و سەرچاوەکانی ئاو و گرتنە بەرێ رێکاری تەندروست بۆ بەرگرتن بە کەوتنەوەی ئاگر، هاوکات ئەرکی هەر ئینسانێکی بەدەربەستە کە خۆشەویستی سروشت و دیمەنە جوانەکانیەتی.

سروشت و دارستانەکان، شاخ و بەرزایی و دەریا و دەریاچەکان، ئەگەر لەلایەن وڵاتانی دنیاوە خاوەندارێتیان دەکرێت و وەکو سەرچاوەیەکی گەورەی وزە و هینانی داهات بەکار دەبرێن و تیکەڵ بە پرۆسیسی کەڵەکەی سەرمایە کراون، بەڵام ئەوە هیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە، کە ئینسانەکان، بەتایبەتیش جەماوەری هەژار و کەم دەرامەت  قوربانی یەکەمی ئەو رووداو کارەساتانەن.

دڵخۆش بوون بە شەپۆلی بڵاوبونەوەی سوتانی دارستانەکان، یان خەندە هاتن بە سیڵاوی دەریاکان، تەنها بەو هۆیەوە لە وڵاتێکدا روودەدات کە دەسەڵاتەکەی فاشیست و دیکتاتۆرە، هیچ لە درندەیی ئەو رژێم و دەسەڵاتە کەم ناکاتەوە، وە قوربانی ئەم روداوانەش هەر ئەو جەماوەرە برسیکراو بێبەشەن کە ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستانە لێی بەرپرسیارن. بەهاناوەچوونی قوربانی ئەو روداوە سروشتیانە، هەوڵدان بۆ ریگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەرکێکی تەواو ئینسانییە. دڵخۆش بوون بەوەی لافاو گەرەکی قەراغ دەریاکان رادەماڵێت و ژیان لە دانیشتوانی دەشیوێنی و دەبنە قوربانی ئاوارەیی دەستی شەپۆلی ئاو، یان گڕی سوتانی دارستانەکان بەسەدان دۆنم دارستان سوتماک دەکات و قوربانی لێ دەکەوێتەوە، دیدێکی تەواو داماڵراو لە هەست و سروشتی سادەی ئینسانە و فاشیزمێکی ئاشکرایە، کە کاریگەریەکەی لە سێلاوی دەریاکان و گڕی دارستانەکان، کەمتر نییە.

هەلهەلە کێشان بۆ سوتانی دارستانەکانی تورکیا، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و فاشیستیە، خستنەرووی دیوی دیوەمی فاشیزم” ناسیونالیزمە” کە خۆی سەرچاوەی پێگرتنی فاشیزمی دەسەڵاتی تورکیاشە. دارستانەکان موڵکی هیچ دەسەڵاتێکی دیاریکراو نین، موڵکی گشتین و سەرچاوەیەکیشین بۆ پاککراگرتنی ژینگە کەهەموو هاوڵاتیەک چ نزیکی بیت یان دوور لێی بەهرەمەند دەبێت… کاریگەری تیکچوونی ژینگە، سوتانی دارستانەکان و رمانی شاخ و بەرزاییەکان، کاریگەری لەسەر کۆی ئینسانی گۆی زەوی هەیە. دیارە ئەوانەی دڵخۆشن بە گڕ گرتنی دارستانەکان، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن و هاوکاتیش نیشانەی ئەو پەری ناهۆشیاریانە بەرامبەر بە ژینگەو سروشت.

جەماوەری سروشت پەروەر لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایە بن، پێویستە هاوکاری پاک راگرتنی سروشت و هاوکاتیش هیزی گوشار بن لەسەر دەسەڵات و کۆمپانیا چاوچنۆکەکان، کە ئامادەیی تەواو بۆ پاراستنی ژینگە لە ئەستۆ بگرن و توانایی کۆنترۆڵ کردنی روداوە سروشتیەکان بگرنە ئەستۆ.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.