دوای پێنج ساڵ بەسەر تیرۆکردنی وەدات حسێن دا، بکوژانی ئاشکرا نەکراون!!
دوای پێنج ساڵ بەسەر تیرۆکردنی وەدات حسێن دا، بکوژانی ئاشکرا نەکراون!!
١٣ ئابی ٢٠١٦ رۆژنامەنووس وەدات حسێن لە ناوجەرگەی شاری دهۆکدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، ڕفێنراو پاشان بەبرینێکی سەختەوە لەسەر رێگای سومێل- دهۆک جەستەی زامدارو لەخوێن هەڵکێشراوی دۆزرایەوە، پاشان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
١٣ ئەم مانگە پێنج ساڵ بەسەر ئەم کردەوە تیرۆریسیەدا تێپەربوو، کەچی تا ئێستا بکوژ و نەخشەدارێژەری ئەم رفاندن و تیرۆکردنە، وەکو باقی تیرۆرەکانی تری رۆژنامەنووسان، ئاشکرا نەبووە.
دوا پێنج ساڵ لە تیرۆری رۆژنامەنووس وەدات حسێن، دەزگاکانی حکومەت!! و دەسەڵات، نە سەرەداوێکی ئەم تیرۆرەو نە تاوانبارێکی ئاشکرا نەکردووە، لەکاتێکدا هەر ئەو دەزگایانە بۆ سەرکوتی رابەرانی جەماوەری و خۆپیشاندەران، بۆ دۆزینەوەی نەیارانی دەسەڵاتیان، چاوتیژ و تیژڕەون و لەماوەیەکی کەمدا روداو و دۆسیەی زۆر ئاڵۆز لە رێگای دەزگا و جاسوسیەکان و پیاوە نۆکەرەکانیانەوە، ئاشکرا دەکەن و دەدۆزنەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە خودی دەسەڵات ئاگاداری ئەم پیلانە چەپەڵەی تیرۆرەو لەژێر باڵی ئەوان بەدەستی خۆیان یان بەئاگاداری ئەوان، ئەنجام دراوە. بەناو ئۆپۆزیسێۆنی دەسەڵات و ئەو هێزانەش کە بانگەشەی بەرگری لە ئازادی و رۆژنامەنووسان دەکەن و لەهەموو شارەکانی کوردستاندا بوونیان هەیەو دەتوانن کاری دۆزینەوەو ئاشکراکردنی تۆمەتباران ئەنجام بدەن، بێدەنگەیان هەڵبژاردووەو ئامادەنین، بەکردەوە خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو دۆسیانەی پەیوەندیان بە ئازادی و ئازادی کاری رۆژنامەگەرییەوە هەیە. ئەوەی دەنگی نەفرەت و تورەیی بەرووی ئەم پلانەدا بەرزکردۆتەوە یان خەریکی ئیدانەو چالاکی و بەدواداچوونە، ژمارەیەکی کەم رێکخراوەی مەدەنی دەست کورت و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی ویژدان زیندووی نەکڕدراو کەڕ نەکراون و کوێرنەکراون. دۆسیەی وەداد و تەواوی رۆژنامەنووس و هەڵسوراوانی سیاسی و ئازادی و قوربانیانی، دۆسیەکی کراوەیەو تا سەر دیزە بەدرەخۆنە ناکرێن و ناشاردرێنەوە، رۆژێک دێت، تۆمەتباران و نەخشە دارێژەرانی پشتیان، توشی لێپێچینەوەی عەدالەتخوازی بکرێن، ئەم رۆژە هەر دێت.