پرسی رۆژ گۆشەیەکە کە هاوڕی ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیاریک بەسەر دەکاتەوە… لەم ژمارەیدا دەروون شوان لە وەڵام بەپرسی رۆژدا… پرسیاری رۆژ: لە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ٢٥ی  تەموز ٢٠٠٩؛ ئەو بزووتنەوەیە بەچی دەستیپێکرد و ئێستا لەکوێ لەنگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی گرتووە؟

0

پرسی رۆژ

پرسی رۆژ گۆشەیەکە کە هاوڕی ئاراس رەشید/ هاوکاری سەرنووسەر ئامادەی دەکات… لەهەر ژمارەیەکدا کەسایەتیەک لە بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە خستنە رووی پرسیاریک بەسەر دەکاتەوە…

لەم ژمارەیدا دەروون شوان لە وەڵام بەپرسی رۆژدا…

پرسیاری رۆژ: لە ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ٢٥ی  تەموز ٢٠٠٩؛ ئەو بزووتنەوەیە بەچی دەستیپێکرد و ئێستا لەکوێ لەنگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی گرتووە؟

دەروون شوان: بۆ تێگەیشتن لە بزووتنەوەی گۆڕان؛  پێویستە بە شوێن دوو پرسیاردا برۆین؟

ئایا بزووتنەوەی گۆڕان کاردانەوە بوو یان کارێکی ستراتیج وبە بەرنامە بوو؟

ئایا گۆڕان توانی مۆدیلی یەکێتی و پارتی تێپەرێنێت یان دوبارەکردنەوەی ئەوان بوو؟

بۆ وەڵام؛ دەگەڕێینەوە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەکە و کۆتایی کارەکانی سەیر بکە، گۆڕان لە دەرئەنجامی شکان و بێھیوابوونی لە ململانێ و ھەڵبژاردنی ناوخۆیەکانی مەڵبەندەکانی یەکێتی لەدایک دەبێت. کاتێک نەوشێروان لە ھەر ٣٦ مەڵبەند لە ھەڵبژاردن دەدۆرێت و شکست دێنێت! لە پێش ئەوەش ھەوڵێکی واژۆ کۆکردنەوەی لە ناو یەکێتی کرد لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵ و عومەری سەید عەلی، و دواتر بەھۆی پاشەکشەی کۆسرەت رەسول لەو ھەوڵەش دەشکێت. ئیتر بە ١٠ ملیۆن دۆلارەوە دەست دەکێشێتەوە و دەچێت دەزگای میدیایی و پاشانیش حیزب دروست دەکات. کاتێک ٢٥ کورسی دەھێنن و دواتر ٢٤ کورسی؛ نەوشێروان دڵنیا دەبێت وەڵامی خۆی داوەتەوە، مام جەلام کە دەبوو پشت بە برادەرەکانی ببەستێت لە بەرانبەر ئەودا و دواتر مام جەلال بە ڕاشکاوی شان دەنێت بە شکانی یەکێتی لەبەردەم نەوشێروان. لەو ڕۆژەوە نەوشێروان دەستبەرداری گۆڕان بوو، لەو ڕۆژەوە دەیگووت مەبەستیەتی ئەو ھەڵە گەورەی نێوان یەکێتی و گۆڕان چاک بکاتەوە، لەو ڕۆژەوە دەیگووت قسەی ھێرۆخان بڕیای گۆڕانیشە.

لە وەڵامی پرسیاری دووھەمیش؛ گۆڕان نەیتوانی مۆدیلی حیزبایەتی یەکێتی و پارتی تێپەرێنێت، وەک ئەوان بێ ستراتیج بوون و دەیانەویست ھەموو ئایدیا و ئاین و تاکێکی کورد لە خۆیان نزیک بێت، بۆیە تێکەڵەیەک بوو لە عەلمانی و ئیسلامی و نوێگەربوون ترادسیۆن بوون …وەک ئەوان میدیای حیزبیان دروستکرد لە بری میدیای سەربەخۆ، وەک ئەوان گەورەترین رێکخستنیان بردە ناو ھێزی ناوخۆ و پێشمەرگە، وەک ئەوان سەندیکای پیشەیی و جەماوەری حیزبیان دروستکرد، وەک ئەوان نەوشێروان دوا قسەکەرو بریادەر بوو، وەک ئەوان نەوشێروان پەرلەمانی بە شایانی خۆی نەدەزانی و نەبوو بەنوێنەری خەڵک لە پەرلەمان و کورسیەکەی بەبەتاڵی هێشتەوە، وەک ئەوان کوڕەکانی بوونە خاوەن حیزب، وەک ئەوان بە سیاسەتی ڕۆژ قسەی دەکرد ڕۆژێ دەستور گرینگ بوو رۆژێ لای ئەو ھیچ نەبوە، رۆژێ پارتی خۆفرۆش بوو ڕۆژێك ھاوپەیمان و ٤ ساڵ ئارامی بوو، ڕۆژێک یەکێتی گەندەڵ بوو ڕۆژێک دەی ویست لەگەل یەکێتی یەکبگرێت یان هاوپەیمانی بێت لە هەڵبژاردن…تاد

لێرەوە تێئەگەین کە گۆڕان کاردانەوەو ھەڵچونێک و توڕەییەکی تاکەکەسی بوو لای نەوشێروان بۆ تۆڵە و شکانی  ھاورێکانی لە ناو یەکێتی. بەڵام لای زۆرینەی خەڵک نیەت و بەرنامەیەکی جدی بوو، بۆیە بە پەرۆشەوە کاریان بۆ دەکرد. ھەر ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی ئێستا خەڵک بێھیوابێت و باوەڕی بە ھیچ ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن نەمابێت! ئەوەش گەورەترین خزمەت بوو لە مێژوودا بە یەکێتی و پارتی کرا لە لایەن گۆڕانەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.