موچە بێ لێبڕین وەکو نیشانەی ریسوایی دەسەڵات!! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

موچە بێ لێبڕین وەکو نیشانەی ریسوایی دەسەڵات!!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

سەرئەنجام دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بریاری لابردنی لێبرینی مووچەیدا. و بریارە لەمەودوا موچە لەکاتی خۆیدا بەبێ لێبڕین بدرێت. هەر سێ هێزی بەشدار لەدەسەڵاتدا “پارتی و یەكیتی و گۆران” خۆیان بەخاوەنی ئەم بریارە دەزانن و لێدوان دەدەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەهەر سێ لایان بەرپرس بوون لە لێبرینی موچەو دەستبەسەراگرتنی قوتی هاوڵاتیان، بەمەش ئەو لایەنانەی کەدەیانەویست شانی خۆیان لە لێبرینی موچەو دواخستنی خاڵی بکەنەوە، و تەنانەت وەکو ئۆپۆزیسیۆن خۆیان دەربخەن، بەدرۆ خستەوە. دیارە شانازی کردن بە بڕیاری دانی موچە بەبێ لێبڕین، هێندەی نیشانەی شەرمەزاری دەسەڵاتی سێکوچکەی پارتی و یەکێتی و گۆڕانە، بەهیچ جۆرێک ناتوانیت جیگای شانازی بێت.

دەسەڵاتێک دەستی بەسەر داهاتی سەرزەوی و ژیر زەوەی کۆمەڵگەدا گرتبێت وخاوەنی سامانی زۆرو زەوەندی نەوت و غاز بێت، بەڵام موچەی فەرمانبەرانی بڕیبێت و دوای خستبێت، تۆمەتبارە بە دزییەکی ئاشکرا و برسیکردنی بە ئەنقەستی هاوڵاتیان، بۆیە ئەگەر یاسایەک و دەسەڵاتێکی یاسایی هەبوایە، دەبوو بەرپرسانی ئەو حزبانە توشی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە و سزای برسیکردنی خەڵک لە رێگای برینی موچەو دواخستنی بدرێن، نەک شانازی بەوە بکەن کەگوایە دەستیان لە درێژەدان بە تاوانێک هەڵگرتووەو لەمەودوا موچە بێ لێبرین دەدەن. کەسانێک کە تاوان دەکەن، پێویستە سزای تاوانەکەیان بدەن، کەچی جەنابانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدەست هەڵگرتنیان لە تاوانێک شانازی دەکەن و دەیانەوێت خەڵکی کوردستانیش سوپاس گوزاریان بێت.

جەماوەری بێبەشی کورستان و لە پێشیانەوە موچەخۆران و فەرمانبەران، لەچەند ساڵی رابردوودا، بەدژی پاشەکەوتی موچە، لێبرینی موچە، دواخستنی موچە، بەبەردەوامی لە خەبات و تیکۆشاندا بوون و لەم خەباتەشیاندا بۆ ئەم داوا زۆر رەوایەیان، لە خۆپیشاندانەکاندا، بە گوللە وەڵامیان دراوەتەوە و بەدەیان کەس گیانیان بەخشیوە.

موچە، دیارییەک نییە بدرێت بە کریکاران و کارمەندان، بەڵکو تەنها بەشێکی زۆر کەم لە حەقی کارکردن و ماندووبونیانە، بەشێکی ناچیزە لەبەرامبەر بە فرۆشتنی هێزی کاریان، بەشە زۆرەکەی خیرو قازانج و زیندەباییەکە دەچیتە گیرفانی خاوەن کۆمپانیا و خاوەن کارو سەرمایەدارەکان.

خەبات بۆ گێرانەوەی پارەی پاشەکەوت و لێبرینی ساڵانی رابردوو، تا دەگات بە زیادکردنی موچەو کرێی کریکاران و کارمەندان، زامنکردنی خزمەتگوازرییەکان…تاد. یەکێک لەمەیدانەکانی خەباتی داهاتووی چینی کریکار و موچەخۆرانە و نەبەردێکە کە ناتوانرێت دەستی لێهەڵبگیرێت..

دیارە هێشتا هیچ زەمانەتیک بۆ بەردەوامی موچەدان بە بێ لێبرین و لەکاتی خۆیدا نییە، چونکە خودی بریاری کۆتاییهینان بە لێبرینی موچە، ئاکامی نەخشەی دەسەڵات نییە، ئاکامی دەستهەڵگرتن لە دزی تاڵانی نییە، بەرهەمی چاکسازییەکی ریشەیی و گیرانەوەی داهاتی خەڵکی کوردستان بۆخودی جەماوەرکەی نییە، بەڵکو پشتی بە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم بەستووە. پەیوەندی دەسەڵاتی هەریم و بەغداش، پەیوەندیەکی مافیایی و قاچاخچیی و بازرگانییە، و هەر رۆژ و هەفتەو مانگیک دەشێت لیکبترازێت و خەڵکی کریکار و زەحمەتکێش باجەکەی بدات. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد داهاتی ناوخۆی کوردستان کە بەپێی شارەزایانی بواری ئابوری بەشی موچەو خزمەتگوازرییەکان دەکات، بەشی هەرەزۆری بەتاپۆی خۆیان دەزانن و بۆ حزب و دەزگا رەنگاورەنگە حزبیەکان و کەناڵ و راگەیاندنەکانی خۆیانی دەبەن و پارەی بەغداش ئەگەر هات بەشیکی دەدەن بەموچەی موچەخۆران و باقیەکەی لوش دەدەن، هەر ئەوەش وای کردووە ژمارەیەکی کەمی سەرانی حزبی دەسەڵات و بنەماڵە مشتیک سەرمایەدار، قۆرغی داهات و سامان بکەن و جەماوەری ملیۆنی کارگەر و بیبەشی کوردستانیش موحتاجی نان و ئاو کارەبا و سەرەتاییترین پێداویستەکانی ژیانیان ببن.

نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت، کە نزیک بوونەوە لەوادەی هەڵبژاردنی پیش وەختەی عیراق، هۆکارێکی سەرەکییە تا حزبەکانی دەسەڵات، بە مەبەستی فریودانی خەڵکی لە پارەی دەسبەسەرداگیراوی خودی خەڵکی کوردستان موچە بۆ چەند مانگێک بەبێ لێبرین بدەن و فوارەی درۆ و بەلێنیش بکەنەوە، و رێگای کرینی دەنگ بگرنە بەر، تا لەو رێگایەوە جارێکی تر خەڵکی رابکیشنە پای پەنجە مۆرکردن بۆیان. بەتایبەتیش کە ئەزموونی تاڵی هەڵبژاردنەکانی پێشویان هەیە، کە جەماوەری تورەو نارازی چ لەسەر ئاستی و عیراق و چ لەسەر ئاستی کوردستان بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا “نا” یان وەکو دریژکراوەی نارەزایەتی شەقام ئاراستەی دەسەڵات کرد و “بایکۆتیان” سەرخست. دیارە دەسەڵاتی سیاسی لە عیراق و کوردستاندا لەڕیگای هەڵبژاردن و بەپێی دەنگی هاوڵاتیان دەستیان لەدەسەڵات گیر نەبووە تا لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگ نەدانی هاوڵاتیانەوە گۆرەپانەکە چۆڵ بکەن، بەڵکو لە رێگای زۆری هێزو بەدەستەوە بوونی چەک، دەستبەسەراگرتنی داهات و سامان، خۆبەستنەوە و نۆکەرپیشەیی… دەستیان لەدەسەڵات گیربووە، بەڵام دەنگی هاوڵاتیان وەکو پسولەی شەرعیەتی یاسایی دەسەلاتیان بەدەستەوە دەگرن و رای گشتی پێ فریوو دەدەن.

بێگومان بۆ ئەوەی دەنگی هاوڵاتیان بەدەست بهێنن یان هاولاتیان رابکێشنە پای بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، دەست بۆ دانی موچەو هەندیک هەنگاوی تر دەبەن، بەڵام لەم ریگایەدا دوو ئامانجان هەیە، یەکەم دەیانەوێت لەو رێگایەوە تورەیی جەماوەری تارادەیەک خامۆش بکەنەوە، بەڵکو بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، دووەمیش زامنی دریژەدان بەدزی تاڵانی دەورەی دوای هەڵبژاردنەکان بکەن و دەسەلاتی خۆیان بهێڵنەوە.

بەکورتی بڕیاری کۆتاییهینان بە لێبرینی موچە، نەک جێگای ستایش نییە، بەڵکو مۆری نەنگییە بە ناوچەوانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردەوە و تاوانێکە قابیلی لێخۆش بوون نییە. نابێت دەسەڵاتی سیاسی وەکو تۆمەتباری برسیکردنی خەڵک لە سزای خەباتی جەماوەری دەربازی ببێت. هەروەها هیچ گەرەنتیەک بۆ بەردەوامی موچەو زامنکردنی خزمەتگوازرییەکان بەشێوەی ڕیک و پێک لەتوانای دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کوردا نییە. هەر ئاڵۆزیەک لە نێوان دەسەڵاتی هەریم و بەغدادا، یان دابەزینی نرخی نەوت، دوبارە پرسی لێبرینی موچەو دواخستنی دوبارە دەکاتەوە. هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق، هۆکارێکە تا دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا نیەتی دۆزنانە و ماکیفیلی خۆی بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان نیشان بدات. دەسەلاتی سیاسی هەرێمیش بە لابردنی لیبرینی موچەو بەخشینەوەی بەڵینەکانیانی دواتریان دەچێتە خانەی کەمپەینی هەڵبژاردنەوە تا جەماوەری تورەی کوردستان راپیچی بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بکەن.

جەماوەری کریکار و زەحمەتکیشتی کوردستان، پیویستە لەم بەرامبەرکی کۆمەلایەتیەدا، ئامادەییان هەبێت… گێرانەوەی موچە دزراوەکان کە لەژیر ناوی پاشەکەوتی موچەدا، چەند ساڵ درێژەی پێدرا، تا دەگاتە گێرانەوەی موچە لێبڕاوەکان، بەپاساوی نەبوونی داهات و پارە، پێوستی بە وەستانەوەیەکی کۆمەلایەتی خەباتکارانە بەدژی دەسەڵاتدا هەیە… زامنی موچەو خزمەتگوزارییەکان و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی تر تەنها لەرێگای خەبات و تیکۆشانی ریکخراوەوە ئیمکانی داسەپاندنی بەسەر دەسەڵاتدا هەیە… دەورەی داهاتوو دەورەی جۆشدانی ئەم خەباتە حەقخوازانەیە.

 

   کۆتایی تەموزی ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.