ئاکامە بەراییەکانی برێگزت

0

ئاکامە بەراییەکانی برێگزت

سالار حەمە سەعید

– بودجەی قوتابخانەکان کەمدەکرێتەوە.

– هەقدەستی ڕۆژێکی مامۆستایان دەبڕدرێ.

– کرێکارانی نێو  ئیستگەکانی قیتاری ژێرزەوی دەردەکرێن.

– ٣٦٠ ملیون پاوەند لە بودجەی قوتابخانەکانی لەندەن دەبڕدرێت.

– عیادەی دکتۆرەکان دادەخرێ.

 

ئەمە ئاکامە  سەرەتاییەکانی جیابوونەوەی بەریتانیا یە لە ئەوروپا.

– مووچە وهەقدەستی کرێکاران بۆ ماوەی ١٥ ساڵ زیاد ناکرێت.

– هەڵاوسان لە بەرزبوونەوەدایە بە رێژەی ٣.٢% .

– نرخی خواردەمەنی و خزمەتگوزاریەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە.

– کرێی خانوو لە زیادبوونی بەردەوام دایە.

– نرخی بلیتی قیتارەکان بە ڕێژەی لەسەدا ١.٥ چۆتە سەرەوە.

– هەقدەستی کرێکاران وستافی نەخۆشخانەکان قەرارە تەنها لە سەدا ١ (یەک) زیاد بکات.

ئەمە ئەنجامە بەراییەکانی برێگزتە، کەس نازانێ بەیانی چی لەهەگبە دایە بۆ خەڵکی کرێکار و نەدارا.

دوابەدوای ڕیفراندۆمەکەی حوزەیرانی ساڵی رابردوو و دەنگدان بە چوونە دەرەوە لە ئەوروپا، باری ئابووری بەریتانیا کەوتە بەر کاریگەری راستەوخۆی ئەو بڕیارە جارەنووسسازە. ئاکامە بەراییەکانی ئەو بڕیارە رۆژ بەدوای رۆژ ڕۆشنتر دەردەکەون ونادڵنیاییەکی ئیجگار زۆر باڵی کێشاوە بەسەر وەزعی ئابووری و بازاڕی ئەم وڵاتە. ناڕەزایەتیەکان لێرەو لەوێ دەردەکەون ئەگەرچی زۆر ڕێکخراو بەهێز نین بەڵام بوونیان هەیە بەتایبەتی کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەری سەذرن ڕەیڵ و هێڵەکانی تری وەک نۆرذرن ڕەیڵ و مێرسی ڕەیڵ، بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەهێز وبەرچاویان ڕێکخست لەچەند مانگی ڕابردوودا.

ئەگەرچی بەڕێوبەرایەتی نەخۆشخانەکان ڕازیبوون بە زیادکردنی ١% مووچە وهەقدەستی کارمەندان وپەرستاران و دکتۆرەکانی نەخۆشخانەکان، بەڵام ئەم زیادکردنە ناڕەواو نادادپەروەرانەیە ناڕەزایەتی زیاتری خستەوە و وەک ئیهانە و سووکایەتیەک لەقەڵەم درا بە کرێکاران وکارمەندانی نەخۆشخانەکان. لەبەرئەوەی ١% ئەو زیادبوونە هێندە ناچیز و کەمە لەبەراورد بە رێژەی هەڵاوسان کە ٣.٢ % ە کە ناتوانێ هیچ یارمەتیەک بێت بۆیان.   

کلینیکەکان (عیادەی دکتۆری خێزان/ جی پی) لەداخستنی بەردەوام دان،هەر لەساڵی ڕابردوودا ٥٧ عیادەی دکتۆری خێزان داخراوە کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بۆسەر ژیان و تەندروستی خەڵکی کرێکار و بێدەرەتان. کە بەمە ٢٥٠،٠٠٠کەس بی دکتۆر دەبن وناچاردەکرێن بەدوای دکتۆردا بگەڕێن لە شوێنی دوور لە نیشتەجێی خۆیان وە بەمەش بارگرانی زیاتر دەکەوێتە سەریان. وە ژمارەیەکی زۆر لە دکتۆرەکان واز لەکارکردن دێنن وەک دکتۆری خێزان بەهۆی قورسی باری ڕەوشی کاریان و کەمی سەرف کردنی پارە بۆیان. کە ئەمەش هەر بەسەر ملی خەڵکی نەداردا دەشکێتەوە.

لەلایەکی ترەوە مامۆستایان شەکەت و فەرسوودە و داغان بوون لەژێر باری زۆری ئەرک وکارەکانیان و داوای بەردەوامی بۆ کارکردنی زیاتر و تا ئەو ڕادەیەی کە لە رۆژێکی کارکردنیان ببورن و بەخۆرایی کاربکەن یا لەکاتی پشوویاندا هەندێ کاری کاس وقوتابخانە ئەنجام بدەن بە مەبەستی پێدانی داتای پێویست بۆ فەرمانگەی پەروەردە وقوتابخانە کە دەگونجێ هێندەش بە سوود و پێویست نەبێت بۆ گەشەی قوتابی و فێربوونی. مامۆستایان خراونەتە ژێر باری ٥٤سەعات ونیو کارکردن لەهەفتەیەکدا، کە کارێکی تاقەت پڕوکێنە و لە وزەی مرۆڤی ئاساییدا نییە. وە وەک مامۆستایان خۆیان دەڵێن لەکاتی خۆیان وماڵ ومناڵ وخێزانیان دەگرنەوە و تەرخانی دەکەن بۆ کارەکانیان لە رۆژانی شەممە یا یەک شەممان کە رۆژی پشووە.    

 سەرباری هەموو ئەو بارەو ڕەوشە ناهەموارەی کە خەڵکانی کرێکار و رەنجکێش دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن لە بەریتانیا، کەم رۆژ هەیە هەواڵی یەک لەدوای یەکی بڕینەکان (استقطاعات) نەبێ.

یارمەتی پەککەوتەکان دەبڕدرێ و پێیان دەوترێ کە گونجاون بۆ کارکردن، ئەمە بە پیاوێکی پەککەوتە وتراوە کە هەردوو قاچی بڕدراوەتەوە و لەسەر عەرەبانەیە و یارمەتیەکانیان لێ بڕیوە و پێیان وتووە کە گونجاوی بۆ ئیشکردن و دەتوانی “بەگاگۆڵکێ بچی بۆسەرکار، هێشتا دەست وباڵت هەیە”. ئەم پیاوە کە تەندروستی باش نیە وجگە لەوەی کە هەردوو قاچی لەدەست داوە نەخۆشی موزمنی سییەکانی هەیە و تەمەنی ٥٣ ساڵە ناچار شتی ڕەهن کردووە تا بە پارەکەی بژی.

رۆژنامەکانی دەیلی مەیل، ذ میرەر، میترۆ، ئیڤینینگ ستاندارد.

Leave A Reply

Your email address will not be published.