چەند وشەیەک دەربارەی نووسەرانی کۆنەپەرست نووسەرانی کۆنەپەرست کێن؟

0

چەند وشەیەک دەربارەی نووسەرانی کۆنەپەرست

نووسەرانی کۆنەپەرست کێن؟

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەم کورتە نووسینە تیشک دەخاتە سەر نووسەرانی کۆنەپەرست و جەوهەر و تایبەتمەندییەکانی ئەو نووسەرانەی کە نەک هەر ناتوانن ببنە چرای ڕۆشنکەرەوەی دونیای نووتەکی کۆمەڵگە، بەڵکو خۆشیان کار لە پێناو خامۆشکردنەوەی جوانییەکانی ژیان و کۆمەڵگە دەکەن. هەوڵ دەدات زۆر بە کورتی و بە ڕوونی جەوهەر و تایبەتمەندی ئەو توێژە کۆنسەرڤەیتیڤە بناسێنێت و پۆرترەیتەکەی بنەخشێنێ.

سەرەتا دەمەوێ بڵێم کە نووسین وەک کردارێکی فیکریی بریتییە لە گواستنەوەی بیروبۆچوون و باوەڕی نووسەر لە پانتایی بیرکردنەوەی کەسێکەوە (نووسەرەکە) بۆ بەرچاوی کەسێک یان گروپێک یان کۆمەڵگە. نووسەر هەمیشە گوزارشت لە خۆی دەکات. واتە دەقی نووسین ڕەنگدانەوەی باوەڕی نووسەرەکەیە. دەمەوێ ئاماژەش بەوە بکەم کە مەبەستی ئەم کورتە نووسینە نووسەرانی بواری لقەکانی زانست و تەکنەلۆژیا ناگرێتەوە، بەڵکو ڕووی لە بوارەکانی سیاسەت و ئەدەب و هونەرە.

 من وای دەبینم نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە بەرژەوەندییان لە مانەوەی دۆخ و هەلومەرجی چەقبەستووی ئێستایە. ئەوان دژی هەر ئاڵوگۆڕێکن کە ئاستی ژیانکردن بەرێتە سەر و کۆمەڵگەش هەنگاوێک بباتە پێشەوە. ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییە ئابوورییە زاڵمەکان کە لەسەر کاری کرێگرتە وەستاوە، وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نائینسانییە(کە تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەتوانێ ئەنجامی بدات) دژایەتی دەکەن. بۆیە دەبینین نووسەرانی کۆنەپەرست نەک هەر شۆڕشگێڕ نین، بەڵکو لە ناخ و نووسین و بیرکردنەوەیاندا دژە شۆڕش و تا سەرئێسک کۆنسەرڤەیتڤن.

 نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە بە عەقڵی ساویلکەیان، گاڵتەیان بە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی دێت. ئەوانەن بە پێکەنینەوە باس لە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دەکەن. ئەوانەن لەگەڵ بەزاردا هاتنی وشەی مارکسیزم ژانەسەر دەیان گرێ. سەری زار و بنی زاریان چ بە قسە و چ بە نووسین دژایەتیکردنی مارکسیزم و پایەکانی ئەو جیهانبینییە چینایەتییە.

نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە دڵی ستەمکار ناشکێنن. ئەوانەن کە بە نووسینە بێتام و قێزەوەنەکانیان کۆتی کۆیلەتی خۆیان و خەڵکی ستەمدیدە تووندتر دەکەنەوە. ئەوانەن کە باکیان بە ژیانی ئینسان نییە و باسکردنیشیان لە ئازادی، باسکردنە لە ئازادی بۆرژوازیی بۆ تووندتۆڵکردنەوەی زنجیری دەست و پێی کرێکاران. ئەوان ئازادی لە ئازادی بۆرژوازیدا دەبیننەوە. ئەوان هێندە ئازادییان دەوێت کە نەبێتە مایەی ڕەنجاندنی دڵی ستەمکاران. ئەگینا لەدەرەوەی ئەو تێگەیشینەیان بۆ ئازادی ئەوان جگە لە کارەکتەرێکی بێڕەونەقی بەردڕکانە پێبڕاو هیچی تر نین. ئازادی بەلای ئەوانەوە لاوانەوە و دەست لەپشتدانی ستەمکارانە لە تووندوتۆڵکردنەوەی زنجیری دەست و پێی ئینسانە کۆیلەکانی کۆمەڵگە. هەر بۆیەش لەگەڵ هەر هاتنەمەیدانێکی خەڵک، ئەوان نەک باس لە ئازادی ناکەن، بەڵکو دێن باسی هۆنینەوەی ملوانکەی ملی حەبیبەکەیان و وەسفی دڵۆپە ئاوێکی سەرگەردان دەکەن.

نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە ئینسان شوێنی لێوە هەستانی نووسینەکانیان نییە. خۆ ئەگەر باسی ئینسان و بەهای ئینسانیش بکەن ئەوا لەو گۆشەنیگایەوە ئاماژەی پێدەدەن کە پەرە بە وەهم و ژێردەستەیی ئینسانەکان دەدەن، نەک ڕزگاری ئینسان لە ستەم و چەوسانەوە. لای نووسەرانی کۆنەپەرست بەهای نووسینەکانیان بە بەهای پارە پێوانە دەکرێ. نووسەرانی کۆنەپەرست بێ هەڵوێستترین نووسەرانێکن لەسەر کێشە مرۆییەکان. ئەمانە تەنها ئەوکاتە دێنە دەنگ کە پارەکانیان یان مەعاشەکانیان ببڕدرێ. بەدەر لەمە هیچ ڕوحییەتێکی بەرگریکارانەیان نییە و نووسینەکانیشیان هەرگیز خوێنەر بە ڕوحیەتی بەرگریکارانە و شۆڕشگێرانە پەروەردە ناکات. بەڵکو ئیش لەسەر میتۆدی دەستەمۆکردنی مرۆڤ دەکەن بۆ سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری. لای ئەوان کۆیلەتی و ژێردەستەیی ئینسانەکان بۆ سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری ئەبەدیی و ئەزەلییە و خۆشیان کارێکیان بەسەر ئەو سیستەمەوە نییە. ئەوان کۆیلەبوونی خۆیانیان قەبووڵە و تێدەکۆشن ئەو کۆیلەبوونە جوان و ڕەنگاوڕەنگ نیشان بدەن و بێدەربەستییەکەشیان لەوەدایە دژ بە ڕزگاری خۆیان دەجەنگن. نووسەرانی کۆنەپەرست، نووسەرانێکی بێدەنگن. کێشەی ئەوان کێشەی کۆمەڵگە نییە. خەم و خولیایان بریتییە لە دەستگرتن بە کڵاوەکانیانەوە. ئەم نووسەرانە بەهیج جۆرێک لایەنگری لەهیج ئاکسیۆن و مانگرتن و خۆپیشاندانێکی خەباتکارانەی جەماوەری ستەمدیدە و زەحمەتکێش ناکەن. ئەمانە ڕیفاهییەتی خۆیان لەبەهێزیی دەسەڵاتدا دەبینن، بۆیە هەر چالاکییەک دژ بە دەسەڵات، بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن و دژایەتی دەکەن.

کێشە گەورەکانی کۆمەڵگە، کێشەی نووسەرانی کۆنەپەرست نییە. ئەوان لەژێر ناوی جۆراوجۆر خۆیان لەو ئەرکە ئینسانییە دەەدزنەوە. جارێک بە بیانووی ئەوەی دونیای نووسین و خەیاڵ نابێت تێکەڵ بە سیاسەت و حیزب بکرێ، جارێکی تر بە بیانووی نوخبەویەت و پێشرەویی و ناوی سەیر سەیرەوە کە بۆ خۆیان داتاشیوە، بەربەست بۆ خۆیان دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن وا لە جەماوەر تێبگەێنن کە ئەوان ئەرکی داهێنانیان لەسەر شانە و نابێ خۆیان بەم کارانەوە سەرقاڵ بکەن، یاخود بە بیانووی ئەوەی کاری سیاسی خاڵییە لە ئیستاتیکا و خەیاڵ، بۆیە ئەوان وا لە خەڵک دەگەیەنن کە لەو پانتاییە ناتوانن هەنگاو بنێنن بۆ پێشەوە. ئەم نووسەرە کۆنسەرڤەیتیڤانە دێن دیوارێکی ئەستوور لەنێوان سیاسەت و خەڵک لەلایەک و پەردەیەکی تەنکیش لەنێوان خۆیان و سیاسەت لەلایەکی تر دروست دەکەن هەر بۆ ئەوەی خۆیان لەو ئەرکانە بدزنەوە کە کۆمەڵگە و ئینسانەکان و دۆخی پێشهاتوو دەیانخاتە دۆخی خەجاڵەتبارییەوە، کە لەڕاستیدا ئەوەی ئەنجامی دەدەن جگە لە خزمەتکردنی سیاسەتی بورژوازی هیچی تر نییە.

کۆنەپەرستبوونی نووسەران پەیوەندی بەوەوە نییە کە تا چ ئاستێک شارەزان لە بوارە جیاجیاکانی زمان و تەکنیک و مەعریفە بە گشتی یان هەر شارەزا نین. چونکە دەکرێ نووسەرێک خاڵی لە فکر و ئەندێشەی کۆنەپەرستی بێت و لەهەمان کاتیشدا نووسەریکی قاڵبووەوەی نێو جیهانی مەعریفە و فەلسەفە و زمان و زانستە مرۆییەکان بێت، یانیش دەشێ کۆنەپەرست بێت. پێوەری کۆنەپەرستبوون تەنها و تەنها بە دنیابینی و ناسینی هێزەکانی نێو ململانێی چینایەتی کۆمەڵگەیە دەپێورێ و لەم ڕێگەیەشەوە پشتیوانی لەهێزی پێشکەوتووخواز و شۆڕشگێڕ دەبێتە ئایدێندیتی نووسینەکانی و بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە دەتوانێ خۆی بە پێشکەوتووخواز بزانێت.

ئەو نووسەرانەی لە سەنگەری ڕادیکاڵییەتەوە بە نووسین تێدەکۆشن و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی خەباتی چینایەتی و هەوڵدانە لەپێناو ڕزگاری یەکجاری و گەیشتن بە دونیای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ، ئەو نووسەرانەن کە دڵیان لەگەڵ ژانی ئینسانەکان و ستەمی سەر ژیانی ئینسانەکان بەتووندی لێدەدا. ئەوانەن کە ساتێک چییە ناتوانن سەرفرازی مرۆڤ لەبیر و هۆشیان کاڵ بکەنەوە. ئەوانەن نەک دەست بەکڵاوەوە ناگرن، بەڵکو چەشنی فریدریک گارسیا لۆرکا و نیکۆڵای فابتزارۆڤ و ئامادەن گیانی خۆشیان لەپێناو ئازادی ئینسان بەخت بکەن. نووسەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر ترس ناناسێ و پێچەوانەی نووسەرانی کۆنەپەرست کە هەموو ژیانیان ترسە لە شۆڕش لەپێناو گۆڕینی ژیان.

نووسەرانی کۆنەپەرست دێن ئیش لەسەر ئایکۆنەکانی کۆنەپەرستی و جەهالەت دەکەن، ئەوان زۆر جوان لە ئایدیۆلۆژی چینی باڵا دەست حاڵین و دێن لەم سۆنگەیەوە ئیش لەسەر برەودان بەو ئایدیۆلۆژیایە دەکەن، ئەوان چاک دەزانن بنەماکانی ئایدیۆلۆژی سیستەمی زاڵ، بۆرژوازییە و دێن ڕوکنەکانی ئەو سیستەمە پیرۆز دەکەن. ئەوان دێن لە ژێرناوی ئازادی و ئازادی تاک، بەرگری لە مۆلکایەتی تایبەتی دەکەن، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی (ئەم بەرژەوەندییە هیچ نییە جگە لە بەرژەوەندی سەرمایەداران)، بەرگری لە پۆخڵەواتترین کلتوور و ئادابی دواکەوتوووانە دەکەن، دێن لەپێناو پاراستنی پیرۆزی، بەرگری لە ئایین و خورافەی ئایین دەکەن و دەستی بازرگانانی ئایین دەگرن و دەگووشن. دێن بەناوی شۆڕشگێڕێتییەوە، بەرگری لە ئیدەی خاک و نیشتمانی بۆرژوازی دەکەن. ئەوان ئیش لەسەر پیرۆزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێی میدیا گەمژەکەرەکانی دەسەڵاتەوە سوود لە نەخوێندەواری و نزمی ئاستی سیاسیی و مەعریفیی خەڵکی سادە وەردەگرن و ئەم خاڵە لاوازەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵات دەقۆزنەوە. هەر بۆشە ئەو نووسەرە کۆنەپەرستانە هەمیشە و بە درێژایی مێژووی خەباتی چینایەتی نە لووتیان خوێنی لێ هاتووە و نە کەسێکیان لەبەرگری لە خەڵک تیا چووە و نە بەشداری کردەیی هیچ جووڵانەوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیان کردووە. ئەوان هەمیشە دەست لە پشتیان دراوە و پارە و ئیمکاناتی باشیان خراوەتە بەردەست و ژیانیان زامن کراوە و ریفاهیەتیان بۆ دەستەبەرکراوە تا بەرگری لە چینی زاڵمی نێو کۆمەڵگە بکەن. لەکاتێکدا نووسەرانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر هەمیشە و بە  درێژایی مێژوو ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە بزاوتە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە و بەرگری سەرسەختی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕزگاری یەکجارەکی مرۆڤن لە ستەم چەوسانەوە. نووسەرانی شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ لەبری ڕەفاهییەت، هیچ کۆمەکێک ناکرێن و سەرباری ئەمەش لەلایەن بورژوازی و سەمایەداران و دار و دەستەکانیانەوە، هەوڵ دەدرێ ئەم نووسەرانە ناویان بزڕێ و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە شەخسییەتی مەعنەویان لەکەدار بکرێ و دەیان ناو و ناتۆرەی ناشایستەیان بۆ هەڵدەبەستن و زۆربەی جاریش دەستگیریان دەکەن و زیندانیکردن دەبێتە چارەنووسیان و لەهەندێ حاڵەتیشدا تیرۆر دەکرێن و تەسفیەی جەستەیی دەکرێن.

لە کوردستانیش نووسەرانی کۆنەپەرست هەروەک مانگی چواردەی شەوانی هاوین بە ئاسمانی نووسینەوە دیارن. ئەوانەن لە بەرامبەر ملهوڕییەکانی حیزبیە کوردییەکان بێدەنگن، ئەوانەن بە کوشتنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان نقەیان لێوە نایەت، ئەوانەن لەئاست هێرشە بەربەرییەکانی حکومەتی حیزبە کوردییەکان باکیان بە ژیانی خەڵکی هەژار و ستەمدیدە نییە، ئەوانەن هەرگیز دژ بە جەنگ و شەڕ و ماڵوێرانی هەڵوێستیان نەبووە و قەتیش دژ بە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی گەورەکانیان فزەیان لێوە نەهاتووە و نایەت، ئەوانەن کە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچ جێگایەکیان لە ئیعرابی نووسینەکانیاندا نییە. بەڵێ ئەوانەی زمان لووس و سەفسەتەباز و قسەی باق و بریق کەر و خۆڵکەرە چاوی خەڵکن و خۆیان بە نوخبە و پێشڕەو و داهێنەر و خاوەن ستایڵی تایبەت بە نووسین دەزانن، سەرقافلەی کۆنەپەرستیی و دواکەوتوویین، کە پێی بزانن یان نا، خزمەت بە توندوتۆڵکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی ئینسانی بەشمەینەتی کوردستان دەکەن. نووسەرانی کۆنەپەرست لە کوردستان ئەوانەن کە هەریەک چەندین تایتڵ و چەندین مووچەیان هەبووە و هەر هەموویان خانوو و زەوییان لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردایەتی وەرگرتووە و بوونەتە توێژێکی چاو لە دەستی دەسەڵات و زۆربەشیان بەپلەی سەربازی بەرز هەر لەلایەن ئەو دەسەڵاتە کوردایەتییە کۆنسەرڤەیتیڤەوە خانەنشین کراون.

لە کۆتایدا شەرمهێنەرترین توێژی کۆمەڵگە ئەو نووسەرە جەهل پەرستانەن کە پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی ملهوڕ و دڕندە و چەوسێنەر دەکەن، توێژێک کە بەقەد ستەمکار و چەوسێنەری زاڵم، بەرپرسیارن لە دۆخە نەخوازراوەکانی ژیانی ئینسانەکان لە کۆمەڵگە. ئەم توێژە کۆنسەرڤەیتیڤە کاریان درۆکردن و چەواشەکردنی ئینسانەکان و شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە لایەک و دوورکەوتنەوە و بانگهێشتکردن بۆ دوورکەوەتنەوەی خەڵک لە هێلە سوورەکانی دەسەڵات. ئەمەش بە دەوری خۆی ڕۆڵ دەگێڕێ لە هێنانە ئاراوەی شێوازێکی گونجا و دڵخواز بۆ زەمینەسازکردن لەپێناو بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی دەسەڵات و گەیشتن بە مەرامە دژە ئینسانییەکانی.

نیوەی دووەمی ساڵی  ٢٠١٦  تا نیوەی یەکەمی ٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.