نمایشی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە!!… عەبدوڵا مەحمود

0

بەرواری ٢١ سێبتەمبەر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حکومی!!، مەراسیمی یەکخستنی هەردوو هێزی پێشمەرگەی ٧٠ و ٨٠ ی پارتی و یەکێتی بەڕێوەچوو.

دوای ئەو مەراسیمە بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و میدیا و میدیاکارانی حزبی، یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە و گۆڕینی ناوەکانیان بە ‌هیزی دەڤەری یەک و دوو، وەکو دەستکەوتێکی گرنگ و مێژووی خستە ڕوو.

هێزی چەکدار و ئەمنی لە هەرێمدا لەلایەکەوە یەکێک لەپایە سەرەکییەکانی راگرتنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و لەلایەکی تریشەوە پایەی سەرەکی لێترازانی ئەو دوو هێزە سیاسیەن.

دیارە هیزی چەکدار تەنها یەکەی هەفتاو هەشتا نین و ئەوانە بەشێکن لە هێزگەلێکی فراوانتری چەکداری… لە چەشنی هێزی تایبەت، زێرڤانی، دژەتیرۆر، کۆماندۆ و هیزی ئاسایش و فیدایی حزبی و بنەماڵە…تاد. تەنانەت زۆر هێزی تر لەچەشنی فەرج و لیوای تایبەت و پاریزگاری بەرپرسان هەن و لەوەش زیاتر بەشیک لە عەشیرەتەکان خاوەنی هیزی چەکدارن.

یەکێک لە پایە سەرەکی و گرنگەکانی پاراستنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هێزی چەکدارە، یەکخستنی ئەو دوو هێزە چەکدارەو دوور خستنەوەیان لە دەسەڵات و هەژموونی حزبی، بەمانای لەدەست دەرچوونی یەکێک لە کۆمەڵەکە سەرەکیەکانی دەسەڵاتیان و هاوکات بەمانای لابردنی کۆسپێکی گەورەی لیکترازانی نێوانیانە.

ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە پارتی و یەکێتی لە دۆخێکدا مەراسیمی یەکخستنی بەشێک لە هیزەکانیان، هیزی ٧٠ و ٨٠ راگەیاند، کە نیوانی پارتی و یەکێتی زۆر لەیەک دوور و پڕ ئاڵۆزییە تا ئەو رادەیەی بەجیا لەوەی زیاتر لەدوو ساڵە ناتوانن حکومەتێکی نمایشی و دیکۆری لەچەشنی حکومەتەکانی پێشوو پێکبهێنن و لەسەر پۆست و دەسەلاتەکان ڕیک بکەون، بەڵکو ناتوانن کۆبونەوەی هاوبەش لە ئاستی باڵای نێوانیان بەڕێوە ببەن… کەچی لەو دۆخەدا دوو هیزی چەکداری گەورەی وەکو ٧٠ و ٨٠ چەکداری حزبیان، یەک دەخەن!!.

پارتی و یەکێتی کە هۆکاری شەقکردنی هەرێم بۆ دوو هەرێمی جیاوازن،  دێگەڵە بەوێنەی دیواری بەرلین و شورای چین زۆنەکانی لێک جیاکردۆتەوە… وەخاوەنی دوو ئیدارەو دوو دەسەلاتن لە زۆنی خۆیان و لەدەرەوی زۆنەکەی خۆیاندا هیچکامیان هیچ دەسەڵاتێکی واقعیان نییە… وە هاوکات خاوەنی هیزی ئاسایشی جیاواز، پۆلیسی جیاواز، هێزی دژە تیرۆر و هەواڵگری و ئەمنی جیاواز و هاوکات خاوەنی وەزارەتی جیاوازی ئیداری و حکومرانین،  لەوانەش بناغەیی تر سەر بەدوو جەمسەری ناوچەیی جیاواز “ئیران و تورکیا” ن، کەچی لە جێگای ئەوەی لە یەکخستنی دۆسیەو پرسە سەرەتاییەکانەوە دەست بە یەکگرتن و یەکخستن بکەن، لە دۆسیە هەرە هەستیار و بناغەییەکەوە کە هیزی چەکدارە، نمایشی یەکخستن دەکەن.

لە هەرێمی دابەش بوونی دەستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، تا ئەو ساتە وەختە هەلی کار و دامەزراندن لەهەموو ئاستێکدا بە پسوڵەو پشتگیری حزبە و بەتایبەتیش لە کەرتی چەکداری و ئەمنییدا، هەستیاریەکی زۆر هەیە و ئەو هیزە چەکدارەش لەشکرێکی ئامادەی پارتی و یەکێتییە لە گەمەی هەڵبژاردنەکاندا… جیا لەوانە پارتی و یەکێتی نەک تەنها پۆستە هەستیارەکان، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تری وەکو پەروەردە، تەندروستی، وەرزشی و رۆشنبیری و تا دەگاتە دەسەڵاتی دادگا و دادوەری جیایەیەکی وایان دروست کردووە، کە هەموو کەسێکی ئاسایی درکی دەکات و دەیبینێ… لۆژیک لە ئاستە هەرە نزمەکەییدا ئەوە بوو پارتی و یەکێتی بەر لە نمایشی یەکخستنی هیزی چەکداری حزبی و پیشمەرگە، دەست بۆ یەکخستنی پۆست و وەزارەتە ئاساییەکان ببەن و هاوڵاتیان لە هەرێمدا لە دەرەوەی بازنەی ئینتیمای حزبی ببینن و مامەڵە بکەن، جا دواتر بیر لە دۆسیەکانی تری ئەمنی و چەکداری… بکەنەوە. ئەوەی کە پارتی و یەکێتی ناچارکردووە لە هەستیارترین دۆسیەی وابەستە بە پاراستنی هەژموون و دەسەڵاتەوە دەست پێ بکەن، نیشانەیەک نییە بۆ توانایی و ئیرادەیەکی بەهیز بۆ زاڵ بوون بە گرفتێکی گەورەی سیاسی کۆمەڵگەدا، بەڵکو نمایشێکی سیاسی و یاسایی پێش وەختە دۆڕاوە.

پارتی و یەکێتی کە توانای یەکخستنی وەرزش و پەروەردە، رۆشنبری و یاساو دادگا و ئاسایش و پۆلیسیان نەبێت، چۆن دەتوانن هیزی چەکداری حزبی یەک بخەن؟

پارتی و یەکێتی گەر توانای لابردنی رێکخستنی هیزێ پێشمەرگەیان لە مەڵبەند و لقەکان نەبێت، چۆن دەتوانن بانگەشەی یەکخستنی هیزی پیشمەرگە لە سەرەوە بکەن. پارتی و یەکێتی نەتوانن کارمەندێکی ئاسایی لە سلکی مەدەنیدا بەبێ پسوڵەو ئینتیمای حزبی دابمەزرێنن، چۆن دەتوانن بانگەشەی بێ لایەنی هیزی چەکدار و ئەمنی بکەن. پارتی و یەکێتی تونای لابردنی ئەو هەموو بازگانەی نێوان شارەکانیان نەبێت، توانای لابردنی سنوری دێگەیان نەبێت وەکو رەمزی دابەشکردنی هەرێم بۆ دوو زۆن، چۆن دەتوانن دەستبەرداری هیزی چەکداری حزبیان، ببن، کە سەرچاوەی دەسەڵات و پاراستنی خۆیانە.

ئەوەی روویدا نمایش کرا، شانۆنامەیەکی بێ ناوەرۆک دەست ئاشکرایە… کەمپەینی یەکخستنی هێزی چەکدار لە عێراقدا بۆ ژیر چەتر و ریکخستنیان لە چوارچیوەی سوپا و دەسەڵاتی ناوەندیدا، سەرچاوەی ئەو نمایش و شانۆنامەیە بوو… هەڵمەتی گێرانەوەی چەک بۆ ژێر هەژموونی سوپا و دەوڵەت، سەرچاوەی ئەو هەنگاوەی پارتی و یەکێتی بوو، تا لەو رێگایەوە نیشانی بدەن و ئەوە بخەنە روو کە هیزی پیشمەرگە، هیزێکی یەکگرتووی یاسایی و ناحزبییە، تا لەو رێگایەوە وەکو هیزی پارێزگای سنور، پشتیوانی دەستوری بۆ مانەوەی زامن بکەن و لە کێشمەکێشی داهاتووشدا لەسەر پرسی چەک، پشتیوانی ناوخۆی و رای گشتی و رەسمی دنیای دەرەوەی بۆ رابکیشن، بەتایبەتیش ئەمریکا و غەرب.

ئەوەی لەو نێوەدا رۆشنە، هیچ کەسێکی هوشیاری سەربەخۆ و ئازاد چ لەناوخۆی کوردستان و چ لەعێراق و ناوچەکەدا… ئەو هەنگاوەی پارتی و یەکێتی بە یەکخستنی هیزی چەکداری حزبی و پیشمەرگە، بە ئاقاری دامەرزاندنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی نابینن. کۆتاییهێنان بە هیزی چەکداری حزبی، بە لابردنی سنوری دیگەڵە و ئاسایی کردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان و یەک زۆن کردنی، لابردنی کۆسپی حزبی بۆ دەستکەوتنی هەلی کار و دامەزراندن، یەکخستنی وەزارەتە ئیداری و ئاساییەکان… یەکخستنی دەسەڵاتی دادوەری و هەڵوەشاندنەوەی لەسەر بنەمای دابەشکاری حزبی، سەربەخۆیی دادگاکان، دەبن… هەموو ئەو هەنگاوانە دەتوانن ببنە زەمینە بۆ تیکەڵاوکردنی هیزی چەکدار و داماڵینی حزب لە چەک، بەڵام ئەوەی بەکردەوە رێگرە لەوەی هەرێم وەکو یەک زۆنی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دەسەڵاتی دامەزراوەیی و سەراسەری دابمەزرێت و هاوڵاتیان بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی حزبی تەماشابکرێن و دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان سەربەخۆ بن… خودی دەسەڵاتی پارتی و یەکتین.

دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و ئەو فۆرمە لەدەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و چەکداری، نە چاکسازی هەڵدەگرێت و نەدەتوانرێ بە شیوەی ئاسایی و یاسایی گۆرانی ریشەیی بەسەردا بێت… پێش مەرجی هەر ئاڵوگۆرێکی پێشرەو و شۆرشگێرانە و ئاڵوگۆڕهینانی بناغەیی بەسەر فۆرمی دەسەڵات و گێرانەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ هاوڵاتیان، لەگرەوی کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی و چەکداری پارتی و یەکێتییدایە. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.