لە هۆڵی سانت مارتینزەوە هەتا ئەمڕۆ؛ ١٦٢ ساڵ دوای لەدایکبوونی نێونەتەوەییی کرێکاران لە فارسیەوە کراوەتە کوردی لەلایەن: توانا محەمەد نوری

0

٢٨ی سێپتەمبەری ١٨٦٤، لە هۆڵی سانت مارتینزی لەندەن، کرێکارانێک لە وڵاتانی جیاوازەوە کۆبوونەوە و «کۆمەڵەی نێونەتەوەییی کرێکاران»یان دامەزراند؛ ڕێکخراوێک کە دواتر بە «نێونەتەوەییی یەکەم» ناوبانگی دەرکرد. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتاوە سەر بە یەک ڕەوتی فکریی دیاریکراو نەبوو. سەندیکالیستە ئینگلیزییەکان، سۆسیالیستەکان، کۆماریخوازەکان، پرۆدۆنیستەکان و ڕەوتەکانی دیکەی بزووتنەوەی کرێکاری تێیدا ئامادە بوون و لە ساڵانی دواتردا، ناکۆکییە قووڵە تیۆری و سیاسییەکانی نێوانیان ئاشکرا بوو. مارکس لەم نێوەندەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە داڕشتنی بەڵگەنامە سەرەکییەکان و فۆرموولەکردنی ئاراستەی سیاسیی کۆمەڵەکەدا هەبوو. بەڵام گرنگیی ئەو ڕۆژە نە لە ناوی مارکسدا کورت دەبێتەوە و نە لە خودی ئەو ڕێکخراوەدا کە چەند ساڵ دواتر، لە کێشمەکێشی هەمان ناکۆکییەکاندا، هەڵوەشایەوە. ئەوەی لە هۆڵی سانت مارتینزدا شێوەی گرت، پرسێکی مێژوویی نوێ بوو: ئایا کرێکاران دەتوانن پەرتەوازەییی خۆیان بکەنە هێزێکی هاوبەش؟

سەرمایە پێش کرێکاران بووبووە نێونەتەوەیی. کەلوپەل و کاڵاکان بە سنوورەکاندا تێدەپەڕین، سەرمایە لە گەڕان بەدوای بازاڕ و هێزی کاردا لە جووڵەدا بوو و کێبڕکێی ئابووری چیتر لە سنووری شارێک یان وڵاتێکدا قەتیس نەدەما. بەڵام کرێکاران هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوە خۆجێیی و نەتەوەیییەکاندا ڕووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە. سەرمایە دەیتوانی کرێکارانی وڵاتانی جیاواز لە بەرامبەر یەکتردا دابنێت، مانگرتنی کرێکارانی وڵاتێک بە هێزی کاری وڵاتێکی دیکە پووچەڵ بکاتەوە و تێچووی کێبڕکێکەی بخاتە سەر شانی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەشدا بوون بەڵام هێشتا ئەو هاوبەشییەیان نەکردبووە هێزێکی هۆشیارانە.

کۆمەڵەی نێونەتەوەییی کرێکاران لە دڵی ئەم دژبەرییە (تەناقوزە) لەدایک بوو. پرسەکە تەنیا هاوپشتییەکی ڕواڵەتی لەنێوان کرێکارانی وڵاتانی جیاوازدا نەبوو. بابەتەکە ئەوە بوو، چینێک کە سەرمایە لە سەرتاسەری جیهاندا پەرتەوازەی دەکات، چۆن دەتوانێت خۆی وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی بناسێت و ڕێکی بخات.

مارکس لە “وتاری دەستپێک”ی کۆمەڵەکەدا، هەمان خاڵی لە گۆشەنیگایەکی ڕوونەوە فۆرموولە کرد: ژمارەی زۆری کرێکاران بە تەنیا لە خۆیدا هێز نییە. ئەم ژمارەیە ئەو کاتە دەبێتە دەسەڵات و هێزی کۆمەڵایەتی کە ڕێکخستن و هۆشیاری بیکاتە هێزێکی هاوبەش. ئەم دەربڕینە بۆ مارکس تەنیا ڕاسپاردەیەکی ڕێکخراوەیی نەبوو. لە پشتییەوە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی هەبوو: چینی کرێکار شتێک نییە کە تەنیا لە کتێبەکاندا پێناسە بکرێت؛ چین لە ڕەوتی خەباتدا، لە پێوەندی لەگەڵ سەرمایەدا و لە ڕێگەی ڕێکخستنی کردارییەوە خۆی بنیاد دەنێت. لەم گۆشەنیگایەوە، نابێت مێژووی نێونەتەوەییی یەکەم تەنیا بە مێژووی ڕێکخراوێک بزانرێت. ئەم مێژووە، بەشێک بوو لە هەوڵی چینی کرێکار بۆ تێپەڕین لە پەرتەوازەیی.

لەوانەیە هەر لێرەدا بتوانین واتای یەکێک لە بنەڕەتیترین بنەماکانی ئەو ئەزموونە باشتر تێبگەین: «ڕزگاریی چینی کرێکار دەبێت بە دەستی خودی چینی کرێکار وەدی بێت.» ئەم ڕستەیە تەنیا ڕاسپاردە یان دەستەواژەیەکی ڕازاوە و تەشریفاتی نەبوو، بەڵکوو پرەنسیپێکی سیاسی بوو. واتە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت جێگەی کرداری مێژوویی خودی کرێکاران بگرێتەوە. دەوڵەت، ڕێبەر، حیزب، ڕۆشنبیر یان هەر پێشەنگێک کە خۆی لە جێگەی چینەکە دابنێت، هەرچەندەش ئیدیعای داکۆکیکردن لە کرێکارانی هەبێت، ناتوانێت لە بری ئەوان خۆڕزگارکردن ئەنجام بدات. گرنگیی ئەزموونی نێونەتەوەییی یەکەم ڕێک لەم خاڵەدا دەردەکەوێت.

 

کرێکاران بۆ یەکەم جار لە ئاستێکی وەهادا تێکۆشان کە خەباتی خۆیان لە سنوورە نەتەوەیییەکان تێپەڕێنن، ئەزموونەکانی خەبات بۆ یەکتری بگوازنەوە، لە بەرامبەر شکاندنی مانگرتن و کێبڕکێی نێوان کرێکاراندا کاردانەوەی هاوبەش پێشان بدەن و پرسی چەوساندنەوە لە ئاستێکی سەرووتر لە کارگە و وڵاتدا ببینن. بۆ ئەوان، خەباتی کرێکاری ئینگلیز لە خەباتی کرێکاری فەرەنسی یان ئەڵمانی جیاواز نەبوو؛ هەمان ئەو پێوەندییانەی کە لە وڵاتێکدا خۆیان لە مووچە، کاتژمێرەکانی کار و بارودۆخی بەرهەمهێناندا دەردەخست، لە وڵاتێکی دیکەشدا بە شێوازی جیاواز بوونیان هەبوو. هەر لەبەر ئەوە، نێونەتەوەییی یەکەم تەنیا دەربارەی مووچە و کاتژمێری کار نەبوو. پرسی ئەو، پێوەندیی نێوان چەوساندنەوەی ئابووری، دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بوو. تەنانەت پرسی شەڕ و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتانیش نەیدەتوانی لە دەرەوەی ئەم پێوەندییەدا بێت. دەبوو کرێکاران فێر ببن سیاسەتی دەوڵەتەکانیان لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە چینایەتییەکانەوە تاوتوێ بکەن و ڕێگە نەدەن ئاڵای نەتەوەیی، پێوەندییە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکەیان بشارێتەوە.

ئەم پەیامە هێشتا بۆ ئێمە زیندووە. سەرمایە ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە ساڵی ١٨٦٤ نێونەتەوەیی بووەتەوە. زنجیرەکانی بەرهەمهێنان بە چەندین وڵاتدا تێدەپەڕن؛ کەرەستەی خاو لە شوێنێک دەردەهێنرێت، پارچەکان لە خاڵێکی دیکەدا دروست دەکرێن، کاڵاکە لە خاڵێکی سێیەمدا مۆنتاژ دەکرێت و قازانجەکەش لە تۆڕێکی جیهانیدا دابەش دەکرێت. سەرمایە دەتوانێت لە چەند چرکەدا بگوازرێتەوە و خاوەنکار دەتوانێت کرێکارانی وڵاتانی جیاواز لە بەرامبەر یەکتردا دابنێت. قەیرانیش چیتر بە ئاسانی لە سنوورە نەتەوەیییەکاندا ناوەستێت.  

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دژبەرییەکی سەرەتایی هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە: سەرمایە دەتوانێت جیهانییانە بجووڵێتەوە و کار بکات، لە کاتێکدا کرێکاران هێشتا زۆربەی کات لە سنوورە نەتەوەیی، سەندیکایی و تەنانەت شوێنی کارەکەی خۆیاندا قەتیس دەمێننەوە. کرێکارێک کە لە کارگەیەکی ئەڵمانیدا کار دەکات، لەوانەیە بەشێک بێت لە هەمان ئەو زنجیرەی بەرهەمهێنانەی کە کرێکارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ئاسیا یان ئەمریکای لاتیندا تێیدا کار دەکات؛ بەڵام هەریەکەیان لەوانەیە خەباتی خۆی وەک پرسێکی جیاواز لە قەڵەم بدات. سەرمایە ئەم دابڕانە بە باشی دەناسێت و کەڵکی لێ وەردەگرێت. هەڕەشەی گواستنەوەی بەرهەمهێنان، بەراوردکردنی مووچەکان، کێبڕکێی نێوان هێزی کار و گواستنەوەی سەرمایە، هەموویان دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ شکاندنی دەسەڵات و هێزی بەکۆمەڵی کرێکاران.

کەواتە بابەتی ئەمڕۆ تەنیا ئەوە نییە کە ئایا کرێکارانی وڵاتانی جیاواز دەبێت هاوپشتییان لەگەڵ یەکتر هەبێت یان نا؛ پرسی قووڵتر ئەوەیە کە چۆن دەتوانن ئەو پێوەندییە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەی کە سەرمایە لەنێوانیاندا دروستی کردووە، بکەنە هۆشیاری و ڕێکخستنی هاوبەشی خۆیان. لێرەدایە کە ئەزموونی ١٨٦٤ دووبارە مانا پەیدا دەکاتەوە. بە دڵنیایییەوە بڕیار نییە ڕێکخراوی سەدەی نۆزدەهەم بە هەمان شێوە و هەمان پێکهاتە لە سەدەی بیستویەکدا بنیات بنێینەوە. نێونەتەوەییی یەکەم خۆیشی ڕێکخراوێکی بێ‌کەموکوڕی نەبوو. ناکۆکییە تیۆری و سیاسییەکانی ناوەوەی قووڵ بوون و لە کۆتاییدا هەر ئەم ناکۆکییانە، لە پاڵ بارودۆخە مێژوویییە نوێیەکەدا، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی.

بەڵام نابێت بەهای مێژووییی ئەزموونێک تەنیا بە تەمەنی ڕێکخراوەکەی بپێورێت. هەندێک جار ئەزموونێکی مێژوویی گرنگیی خۆی لەو پرسیارەوە وەردەگرێت کە بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی کرداری دەیخاتە بەردەم کۆمەڵگە. نێونەتەوەییی یەکەم ئەم پرسیارەی هێنایە ئاراوە کە چۆن چینێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێت لە پەرتەوازەیییەوە بگاتە دەسەڵات و هێز؛ چۆن مانگرتنی کارگەیەک دەتوانێت ببێتە پرسی کرێکارانی کارگەیەک لە وڵاتێکی دیکەدا؛ چۆن ئەزموونی بەشێک لە چینەکە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئەزموونی بەشەکانی دیکە؛ و چۆن کرێکاران دەتوانن زانیاری و تێگەیشتن لە دۆخی خۆیان، خۆیان بەرهەمی بهێنن، لەگەڵ یەکتری بەشی بکەن و لەسەر بنەمای ئەو دەست بدەنە کرداری هاوبەش. لە قووڵاییی هەموو ئەم پرسیارانەدا، پرسێکی بنەڕەتیتر هەبوو: چۆن کرێکاران دەتوانن بەبێ ئەوەی هێزێکی دەرەکی لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات، خۆیان ببنە بکەری ڕێکخراوی گۆڕانی کۆمەڵایەتی؟

 

ئەم پرسیارە چیتر پرسیاری ساڵی ١٨٦٤ نییە، بەڵام هێشتا پرسیاری ئێمەیە. لەوانەیە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێت کە نابێت ساڵیادی نێونەتەوەییی یەکەم بکەینە تەنیا یادەوەرییەکی مێژوویی. پرسەکە ئەوە نییە کە ڕێکخراوێکی کرێکاری ١٦٢ ساڵ لەمەوبەر لە لەندەن پێکهات؛ بەڵکوو ئەوەیە کە لە جیهانێکدا کە سەرمایە لە ئاستێکی بێوێنەدا ڕێکخراوە، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی کرێکاران هێشتا تا چ ڕادەیەک پەرتەوازەیە. ئێمە لەگەڵ دژبەرییەکدا ڕووبەڕووین کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاشکراتر دەبێت: بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لە هەموو کاتێک زیاتر بەستراوەتەوە بە هاوکاریی ملیۆنان مرۆڤ، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لەم هاوکارییەوە پەیدا دەبێت، مەرج نییە لە دەستی خودی ئەواندا بێت. مرۆڤەکان پێکەوە بەرهەم دەهێنن، بەڵام بە جیا بڕیار دەدەن؛ لە تۆڕە گەورە کۆمەڵایەتییەکاندا بەستراونەتەوە بە یەکترەوە، بەڵام زۆرجار لە خەباتدا بە تەنیا دەمێننەوە. سەرمایە لە هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ئەوانەوە هێز وەردەگرێت، لە کاتێکدا خودی ئەم هاوکارییە هێشتا بە تەواوی نەبووەتە هۆشیاری و دەسەڵات و هێزی سەربەخۆی خۆیان.

لەبەر ئەوە، دروشمی سەرەتاییی “کرێکارانی هەموو وڵاتان، یەکگرن!” نابێت تەنیا وەک یادگارییەک لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دووبارە بکرێتەوە. ئەم دروشمە هێشتا پرسێکی کرداری دەخاتە بەردەممان: سەرمایە سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاندووە؛ ئایا کرێکارانیش دەتوانن شێوازی نوێ لە هاوپشتی لە سەرووی ئەم سنوورانەوە دروست بکەن؟ سەرمایە تۆڕەکانی بەرهەمهێنانی جیهانیی دروست کردووە؛ ئایا کرێکاران دەتوانن تۆڕەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خۆیان دروست بکەن؟ سەرمایە لە هاوکاریی ملیۆنان مرۆڤ بەهای بێ‌بەرامبەر و نەدراو دەردەهێنێت؛ ئایا هەمان ئەم مرۆڤانە دەتوانن هاوکاریی خۆیان لە پێوەندییەکی ئابووریی سەپێنراوەوە بکەنە هێزێکی کۆمەڵایەتیی هۆشیارانە؟

میراتی نێونەتەوەییی یەکەم لەوانەیە دەبێت ڕێک لەم پرسیارانەدا بگەڕێین بەدوایدا، نە لە بنیاتنانەوەی نۆستالژیکی ڕێکخراوێکی مێژووییدا و نە تەنانەت لە گۆڕینی ناوی مارکس بۆ جێگرەوەی ئەزموونی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاریدا. نێونەتەوەییی یەکەم لە سەردەمێکدا لەدایک بوو کە چینی کرێکار تازە خەریک بوو خۆی وەک هێزێکی مێژوویی بدۆزێتەوە. ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە سەرمایە زۆر بەربڵاوتر و ئاڵۆزتر ڕێکخراوە و پشتبەستنی دوولایەنەی مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا بە ڕادەیەکی زۆر قووڵتر بووەتەوە. بەڵام هەمان ئەم پشتبەستنە، تا ئەو کاتەی کرێکاران نەتوانن هۆشیارانە بیکەنە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خۆیان، دەتوانێت هەروا لە خزمەتی سەرمایەدا بمێنێتەوە. ١٦٢ ساڵ دوای هۆڵی سانت مارتینز، پرسەکە هێشتا لێمان دەپرسێت کە چۆن ئەو شتەی سەرمایە لە ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بە شێوەیەکی پەرتەوازە دروستی دەکات، خودی ئەم مرۆڤانە دەتوانن بە شێوەیەکی هۆشیارانە و هاوبەش بیکەنە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی خۆیان.

وەڵامەکە ناکرێت لە پێشەوە لە ڕەچەتەیەکی مێژووییدا بدۆزرێتەوە. بەڵام یەک پرەنسیپ هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە: ڕزگاریی چینی کرێکار دەبێت بە دەستی خودی چینی کرێکار وەدی بێت. و لەوانەیە مانای ئەمڕۆییی «کرێکارانی هەموو وڵاتان، یەکگرن!» ڕێک هەر ئەمە بێت: نەک ئەوەی کەسێک لە جیاتی کرێکاران بدوێت و قسە بکات، بەڵکوو کرێکاران بتوانن خۆیان بدوێن، خۆیان ڕێکخراو بن و ئەو هێزەی لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکەیاندا شاراوەتەوە، خۆیان بیکەنە هێزێکی مێژوویی.

2ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.