مستەفا باهیر نووسەری کتێبی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا، وەڵامی پرسیار و سەرنجی بەشێک لە هاوڕییان و خوێنەرانی دەداتەوە…
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە دوای بڵاوبونەوەی کتێبی ” شۆڕشی ئۆکتۆبەرو سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا “ کۆمەڵێک نامەو پرسیارمان ئاراستەکراوە، یەکێک لەو نامانە، نامەی هاوڕێ عووسمان علی بوو کە لە ژمارە ٢١٩ بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، تەواوی نامەکەمان بڵاوکردەوە، کە سەرەرای دەربڕینی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەکتێبەکە، سێ پرسیاری ئاڕاستە کردبووین. هەوڵدەدەم لە ڕێگای بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی خۆشەویستەوە هەرجارە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی هاوڕێ عوسمان بدەمەوە. لە ژمارە ٢٢٠ وە ژمارە ٢٢١بۆپێشەوەدا وەڵامی پرسیاری یەکەم و دووەمی هاوڕێ عوسمانمان دایەوە . لەم ژمارەیەدا وەڵامی پرسیاری سێهەمی دەدەینەوە .
وەڵامی پرسیاری سێهەمی هاوڕێ عوسمان علی.
ناوەڕۆکی پرسیارەکەی هاوڕێ عوسمان دەڵێت.
لینین دەڵێت / لە وڵاتی فرە نەتەوەدا پێویستە کرێکارانی هەموو نەتەوەیەك لە ژێر چەتری یەک حزبی کرێکاری کۆمۆنیستیدا کۆببنەوە، حزب و ڕێکخراوە کرێکاریەکان نابێت لەسەر بنەمای نەتەوایەتیدا دابمەزرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پەرشو بڵاوبوونەوە و لاوازی چینی کرێکار. کەچی میللەتی کورد وەك یەک نەتەوە لە عێراق دوو حزبی کریکاریی مەبەستی “حزبی کۆمۆنیزتی کرێکاری کوردستان و عێراقە”! ئایا ئەمە پێچەوانەی بۆچوونەکەی لێنین نییە، هۆکار چییە؟
مستەفا باهیر: بەڕای من ئەو بۆچونە دروستە، کە نابێت هیچ حزبێک لەسەر بنەمای نەتەوەی یاخود ئاینی دروستببێت. ئەمەش نەک تەنها لینین، بەڵکو لە کۆنگرەی دووەمی حزبی سۆسیال دیموکراتی روسیا، لە کاتێکدا کە بۆندەکان داوای ئەوەیان دەکرد کە وەک حزبێکی سەربەخۆ کارکەن، یەکەمین کەسێک کە دژیان وەستایەوە مارتۆف بوو ئینجا لینین و باقی رابەرانی ئەو حزبە. بۆیە لە لای کۆمۆنیستەکان ئەوە ڕوونە کە لەسەر ئەساسی قەومی و دینی نابێت هیچ حزبێکی کۆمۆنیستی دروست بێت.
بەڵام بە نسبەت ئەوەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی بۆچی لە عێراقدا دوو حزبی هەیە؟ یاخود بۆ ئیمە حزبی کۆمۆنیزمی کرێکاریی کوردستانمان جیا کردوەتەوە؟ دەمەوێت بڵێم کە ئێمە بەناو و ناسنامەی نەتەوەیی و کوردەوە حزبمان دروست نەکردووە، حزبەکەمان ناوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کورد نییە ، بەڵکو ناوی ” حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان”ە. واتە لەسەر بنەمای جوغرافیایەک دامەزراوە، هەموو ئەو کەسانەی لەو جوغرافیایەدا دەژین جا کوردزمانە، عەرب زمانە، تورک زمانە..،و هەردینێکی هەیە، دەتوانن ئەندانی حزبی ئێمەبن و بۆیان هەیە بۆ هەرپۆستێکی حزبی خۆیان کاندید کەن. هیچ جۆرە جیاوازیەک لەبەینی ئەندامانی حزبدا نییە. هۆکاری دروست بونی ئەم حزبەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە کوردستان بەکردەوە لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە، لە عێراق جیاببۆوە و ببوو بە کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە عێراق، کە ئەوە پیویستی بە ئارایشیکی نوێ کۆمۆنیزم هەبوو. کوردستان لەگەڵ ئەوەدا لە باری حقوقیەوە وەکو دەولەتێکی سەربەخۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پیادا نەنرابوو، بەڵام بەکردەوە چ لەباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵاتی و چ لەباری دەسەڵاتەوە، بەتەواوەتی لە عێراق وەکو دەوڵەتێک دوور کەوتبۆوە و جیاببوەوە. واتە بە کردەوە لە عێراق جیا بوو. کریکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بەگشتی نان و ئاو ژیانیان لای حکومەت!! و دەسەڵاتی هەرێم بوو، هیچ پەیوەندیەکیان بە حکومەتی ناوەندەوە نەمابوو. کێشەی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا بوو، هەربۆیە هەموخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان و خەڵکی کوردستان بەگشتی ڕوی لە حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمە، هەربۆیە حزبی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بەگشتی لە بەرامبەر حکومەتی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد ڕووبەروو بوەتەوە… بەڵام کاتیک کە حکومەتی ناوەند لە عیراقدا توانی کوردستان بخاتەوە سەرناوەند و حکومەتی هەرێم پێکەی خۆی بەتەواوی لەدەستداو بە فعلی ئیدارەی کوردستان راستەوخۆ کەوتەوە دەست حکومەتی عێراق، بەڕای من ئەو کاتە رابەرایەتی هەردوو حزب دەشی و دەبێ بیرێک لەوە بکەنەوە کە جارێکی تر ئارایشی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە عێراقدا چاوی پیدابخشێنەوە.
دووبارە زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکانت و هەربژیت.
مستەفا باهیر