بلانکیسزمی کۆمۆنیزمی ئێمە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

بەپێی بۆچوونی باوی چەپ و ڕەخنەگرانی جۆراوجۆری کۆمۆنیزمی کرێکاریی و باسی پێویستیی بوون بە  هێز و  دەسەڵاتی سیاسی؛ حوسی، حەشدی شەعبی، مەلا خاتەمی، جۆلانی و هەر کۆنەپەرستییەک کە مرۆڤ بتوانێت بیری لێ بکاتەوە، ئاساییە ببنە هێز و دەسەڵات و هەر خورافاتێک بکەنە یاسای ژیان. ئاساییە کە لایەنێک  حیکایەتی کەری  دەجال وحۆریی بەهەشت و ئابووریی  هی کەر و مەڕ و ماڵاتە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت تێبکۆشێت و چارەنوسی مرۆڤیان بە دەست بێت, پێی ئاساییە لە دنیای لیبرال و دیموکراتدا ستارمەر و تڕامپ و هەر ڕاستێکی ئەم دنیایە بە ١٥ لە سەدی دەنگ و بگرە کەمتریش و تەنانەت بەبێ هەڵبژاردنیش قبوڵ بکا وەک دەوڵەت و ژیانی خەڵکی بە دەست بێ، پێی ناڵێ تۆ بلانکیت و نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی که هیچ، لانیکەم پێی بڵێ تۆ نوێنەرایەتی بۆرژوازی ناکەی و دەوڵەتەکەت شەرعی نیە.

بەڵام کاتێک کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵ دەیەوێت و تەنانەت ڕای دەگەیەنێت کە لە بەرنامەیدایە و بە نیازە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، بۆ نفووز و هێزبوون تبکۆشێت، تووشی شۆک دەبن و دەکەونە یادی ئەوەی کە بیرمان بخەنەوە: ئەها ئەوەتا خەریکە دەبنە دیکتاتۆر و بێگومان دیارە پیلانێکتان لە سەردایە، و خەڵک  هۆشیار دەکەنەوە کە باوەڕ بەم قسانە بکەن.

 سەرلێشێواوانە لە بەرامبەر باسی دەسەڵاتبوون و هێزبوونی کۆمۆنیزم لە خەباتی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا بۆ دەسەڵات، پەلاماری کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەدەن و هۆشداری دەدەن کە: “ئەمە چ خەیاڵێکی جوان، بەڵام بلانکیزمە! ئەمە خەیاڵێکی شاعیرانەیە! چینی کرێکارتان کوا؟ شۆڕاکانتان کوان؟ هەر لە بنەڕەتەوە حزبی سیاسی واتە چی؟ حزبی سیاسی و پرسی دەسەڵات واتە ستالینیزم و پێشێلکردنی ئیرادەی چینایەتی. چین خۆی هەموو شتێکە و خاوەنی هەموو شتێکە، ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مێژوودا هەڵدەستێت و کارگەکان داگیر دەکات.

مرۆڤێکی ڕاستەقینە بە کەمترین تێگەیشتن و هۆشیاریی مرۆڤی ئەمڕۆییەوە، دەکرێت سەری لەم لۆژیکە سووڕ بمێنێت و بپرسێت: بۆچی ئەم هەموو کۆنەپەرستی، خورافات و پۆخڵاوەتە کە هیچ ڕەکێکی لە بوون و هۆشیاریی مرۆڤی ئاساییدا نیە، واقیعیە و بۆ ئەم چەپە قابیلی تێگەیشتنە؟ بۆچی حکومەتی ئاخوند، مەلا خاتەمی و جیهادییە موسلمانەکان واقیعی و مەنتیقیە و خەیاڵ نیە؟ بۆچی حکومەتی بارزانی، تالەبانی، ئەردوغان و هەر دیکتاتۆرێکی تری ئەم جیهانە قابیلی تێگەیشتن و لۆژیکییە، بەڵام کەسێک کە دەڵێت مرۆڤەکان دەکرێت ئازاد بن، دەکرێت خاوەن بڕیاری ژیانی خۆیان بن، کەسێک کە دەڵێت بۆچی مرۆڤ دەبێت بۆ بەدیهێنانی بژێویی فیزیکی ببێتە کۆیلەی کاری بەکرێ، بە خەیاڵی شاعیرانە ناودەبرێت و ئەوانی تر بە ڕاستەقینە دەزانرێن؟ کەسێک کە دەڵێت ئەگەر من لەسەر دەسەڵات بم، بەرفراوانترین ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکانی خەڵک دەکەمە یاسا، ئەگەر من لەسەر دەسەڵات بم، یەکسانیی مرۆڤەکان دەکەمە یاسای ژیان، پۆلیسی نهێنی و دیپلۆماسیی پشت پەردە هەڵدەوەشێنمەوە و ئابووریی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خەڵک ڕێک دەخەم نەک لەسەر بنەمای قازانج، ئایا ئەمانە خەیاڵی شاعیرانەن؟

ئایا ئەگەر بزووتنەوەیەک و کۆمۆنیزمێکی لەم شێوەیە هەبێت کە ئەم ئارەزووە کارگری و مرۆییە بگۆڕێت بۆ ئاڵایەکی سیاسی و بۆ هێزێکی سیاسی و ڕاستەقینە، چینی کرێکار بایکۆتی دەکات و دەڵێت ئەمە حزبی من نییە، یان دەڵێت ئەمە حزب، بزووتنەوە و کۆمۆنیزمی منە و لە پشتەوەی کۆدەبێتەوە و پشتیوانی دەکات؟ کێشەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بەپێی ڕێبازی چەپی نا-کۆمۆنیستی، وای پیشان دەدات کە ترسیان لەوە بووە ئەگەر  حزب و ئاڵایەکی لەو جۆرە هەبێت کە بیەوێت ببێتە هێز و دەسەڵات، ئیرادەی چینایەتی پێشێل دەبێت و خەباتی کرێکار لە کارگە و یەکێتییە کرێکارییەکاندا سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان پێشێل دەکرێ؛ بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوکاتە و لە هەلومەرجی بەو جۆرە دایە کە کرێکار پەیوەندی بە کۆمۆنزمەکەی و حیزبی سیاسی ئەو کۆمۆنیزمە لە هەر کات زیاتر واقیعی تر دەبێت. لەو هەلومەرجی دایە کە دامێنی دەخالەتی کرێکار لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە هەزاران جار زیاتر دەبێت، لەو هەلومەرجە دایە شوراکان و جوڵانەوەی شورایی و شێوە ڕاستەوخۆکانی ئیرادەی کرێکاریی مانا پەیدا دەکەن و دەتوانن ببنە دەستەبەری فراوانترین ئازادی سیاسی و مەدەنی. کرێکار کاتێک کە دەوڵەت بە دەستەوە دەگرێ و دەسەڵاتی سیاسی دەگرێ دەتوانێ خەباتی چینایەتی خۆی بۆ ڕیشە کێشکردنی چەوسانەوە و بۆ فەراهەم کردنی هەرچی فراوانتری هەلومەرجی پێویست بۆ بەرنامەی کۆمەڵایەتی خۆی دابین کات. بۆیە کێشەی ڕاستەقینەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی، نەبوونی ئەم جۆرە حزبانە بووە و هەیە کە تەواوی ئاسۆی ڕزگاریی کرێکاری بۆ دەسەڵاتگرتن و سەرکەوتنێکی سیاسی بەرز بکەنەوە، نەک بوونی کۆمۆنیزمێکی کرێکاری لەو جۆرە و حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسی لەو جۆرە.

ئایا ڕوانگەی کۆمۆنیزمی چەپ و ڕەخنەگرانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و باسی پێویستیی بوون هێز و هەنگاونان بۆ بوون بە حزبی سیاسی و ئاڵایەکی ڕاستەقینەی کۆمۆنیستی بۆ سەرکەوتنێکی کرێکاری، لە ڕووی  واقیعیەت و واقعبینییەوەیە، یان سازشکردنە لەگەڵ دۆخی ئێستادا؟

لە ڕوانگەی ئەو جۆرە چەپەوە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بلانکیزم تۆمەتبار دەکەن، ڕەنگە ئەمە ئەو باجە بێت کە دەبێت قەبووڵی بکرێت بۆ بوون بە هێز و گۆڕان کەسانێکی عاقڵمەند  و مەنتیقی. ئەگەر بابەتەکە  ئەوە بێت، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە  ئەو هێزانە کێن کە بە پۆلتیک لێدان و ئەوشێوەیە لە مامەڵەکردنی دنیا و مێژوو گۆڕانکاری لە مێژوودا، بوونەتە هێزێکی متمانەپێکراو و جدی لە بەدیهێنانی هیچ گۆڕانکاریەک لە ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆدا؟

مێژووی تا ئێستای جیهان و خەباتی چینایەتی لە جیهاندا، گەواهی  ئەم ڕاستییەن کە تەواوی ئەو هێزانەی بەم شێوەیە نیوەچڵ و نیو بەنیو و بەم ئەمما و ئەگەرانە ڕوویان کردە سیاسەت، کێشمەکێشی سیاسی و گۆڕانکاری، بوونە یاریدەدەر و شۆفێری چینی دەسەڵاتدار و نەبوونەتە هۆی هیچ گۆڕانکارییەکی شکۆمەندانە لە ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.