بزووتنەوەی گۆڕان: لە ئامرازی هەڵمژینی ناڕەزایەتییەوە بۆ پەرژینی پاراستنی دەسەڵات… نووسینی: توانا محمەد نوری

0

ئەمڕۆ ١٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگەیاندنی لیستی گۆڕان لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٩؛ ئەو هێزەی کە دواتر لە ٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩دا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرد و توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێنێت. ئەو کاتەی ئەم حیزبە هات، بە دروشمی گۆڕانکاریی هات، بەڵام ئێستا دەبینین خۆشیان بوونە بەشێک لەو حکومەتەی کە خەڵک لێی تووڕەیە. ئەمە تەنها شکستێکی سادە نییە، بەڵکو وەک زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژەی بۆ دەکەن، گۆڕان هەر لە سەرەتاوە تەنها “بەرگی چاکسازی” لەبەر کردبوو بۆ ئەوەی جەوهەری ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و سیستمەکە لە داڕووخان بپارێزێت.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە گۆڕان هیچ کات هێزێکی ڕادیکاڵ نەبووە کە ویستبێتی سیستمەکە لە ڕیشەوە بگۆڕێت، بەڵکو خۆی باڵێکی ناو خێزانی “کوردایەتی” بوو. کێشەی سەرەکی گۆڕان لەگەڵ جەوهەری سیستمەکە نەبوو، بەڵکو تەنها لەگەڵ باڵادەستیی پارتی بوو. ئەوان تەنها زمانێکی توندیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی ئەو هێزە ڕەهایەی پارتی بشکێنن و پشکی خۆیان لە دەسەڵاتدا زیاتر بکەن، نەک ئەوەی مۆدێلێکی نوێ بێننە کایەوە کە لەگەڵ یەکێتی و پارتی جیاواز بێت.

لە ڕاستیدا گۆڕان نەهاتبوو سیستمەکە بڕوخێنێت، بەڵکو تەنها باڵێکی ناڕازیی ناو دەسەڵات بوون. ئەم دۆخە ڕێک ئەو شتەیە کە بیرمەندی مارکسی ئەنتۆنیۆ گرامشی لە کتێبی (دەفتەرەکانی زیندان)دا ناوی ناوە “شۆڕشی پاسیڤ”. گرامشی دەڵێت کاتێک دەسەڵات دەبینێت خەڵک خەریکە لێی هەڵدەگەڕێتەوە، دێت و سەرکردە ناڕازییەکان و دروشمەکانیان “هەڵدەمژێت” و پۆستیان دەداتێ تا بێدەنگیان بکات و تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. گۆڕان ڕێک ئەم ڕۆڵەی بینی و بوو بە هۆکاری ساردکردنەوەی شەقام و پاراستنی سیستمەکە لە هەرەسهێنان.

جگە لە لایەنی سیاسی، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕووی فیکری و کۆمەڵایەتیشەوە نەیتوانی و نەشیویست دەست بۆ عەقڵیەتی کۆنی کۆمەڵگە ببات. ئەوان بە ناوی “پاراستنی پیرۆزییەکانی ئیسلام”ەوە، جۆرێک لە هاوپەیمانیی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دروست کرد تاوەکو سۆزی ئاینیی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن. زۆرێک لە کارەکتەرە دیارەکانی گۆڕان کە پاشخانێکی قووڵی ئیسلامییان هەبوو، پۆپۆلیزمی ئاینییان تێکەڵ بە دروشمە سیاسییەکان کرد. ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە گۆڕان هیچ کات بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ نەبووە؛ چونکە هێزی ڕادیکاڵ دەبێت دەست بۆ ڕیشەی هەموو ئەو عەقڵیەت و پیرۆزییانە ببات کە سیستمەکەی لەسەر وەستاوە، نەک وەک گۆڕان هەوڵ بدات لەناو هەمان بازنە کۆنەکاندا خەڵک بخەڵەتێنێت. گۆڕان لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو هۆشیارییەکی نوێ ببات، جەماوەری لەناو هەمان ئەو تاریکییەدا هێشتەوە کە دەسەڵاتی پێ پارێزراوە.

لە سەرەتادا، ئەو ستایشە زۆرەی نووسەرە لیبڕاڵەکان بۆ گۆڕانیان دەکرد، تەنها وەهمێکی دروست کرد کە خەڵکی خەڵەتاند. ئەوان وایان لە خەڵک تێگەیاند کە گۆڕان هەرێم دەباتە قۆناغی “دەوڵەتی یاسا”وە، بەڵام تەنها سەیری ڕووکاری دروشمەکانیان دەکرد و نەیاندەبینی گۆڕان لە جەوهەردا نەیتوانیوە و نەشیویستووە دەست بۆ ڕیشەی کێشە ئابووری و سیاسییەکان ببات. بۆیە کاتێک گۆڕان تێکەڵ بە دەسەڵات بوو و شکستی هێنا، ئەو نووسەرانە تەنها وتیان “هەڵەی کرد”، بێ ئەوەی تێبگەن کە هەر لە بنەڕەتەوە پڕۆژەکە بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست نەبووبوو.

دوای ئەوەی خەڵکیان سارد کردەوە، پاداشتەکەیان وەرگرت و چوونە ناو حکومەت. سەرکردەکانی گۆڕان کاتێک بوونە وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان، بوونە بەرگریکاری هەمان ئەو حکومەتەی پێشتر ڕەخنەیان لێ دەگرت. گۆڕان نەیتوانی ببێتە هێزێکی جیاواز، بەڵکو شەڕە پۆست و ململانێی شەخسی وای کرد لەناو دەسەڵاتدا بتوێنەوە. ئەمڕۆش کە دەوترێت گۆڕان تەنها لەبەر ئەوە شکستی هێنا چونکە بێ هێز و چەک چوو بۆ ناو حکومەت و بوو بە پاشکۆ، تەنها پینەوپەڕۆکردنی ڕاستییەکانە. کێشەکە تەنها “هەڵەی سیاسی” نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە لە سیستمێکی وادا چاکسازی هەر مەحاڵە. بە ناوی “پەرلەمان و یاسا”وە خەڵک بە پڕۆسەیەکی بێئاکامەوە خەریک کرا، کە لە ڕاستیدا تەنها کات کوشتن بوو بۆ ئەوەی سیستمەکە لە ئەو قەیرانە ڕزگاری بێت و تەمەنی درێژ ببێتەوە.

بیرمەندی بەناوبانگ سلاڤۆی ژیژەک لە وتاری (دژی وەسوەسەی پۆپۆلیستی)دا دەڵێت ئەم جۆرە حیزبانە فێڵ لە خەڵک دەکەن و کێشەکان کورت دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە “کێشەکە تەنها چەند کەسێکی گەندەڵن”. بەمەش وایان کرد خەڵک بیر لەوە نەکاتەوە کە سیستمەکە لە بنەڕەتدا بۆ چەوساندنەوە دروست بووە. گۆڕانیش خەڵکی بەوەوە خەریک کرد کە ئەگەر چەند کەسێک بگۆڕدرێن هەموو شتێک چاک دەبێت، بەڵام بینیمان کە کەسەکان گۆڕان و نادادی هەر وەک خۆی مایەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا، بزووتنەوەکە ڕۆڵی “ساردکەرەوە”ی بینی. لە کاتێکدا خەڵک دەیویست سیستمەکە بگۆڕێت، گۆڕان وای کرد خەڵکەکە تەنها داوای چەند “پاکێجێکی چاکسازی” بکەن. ئەوان بوونە هۆکاری ئەوەی تووڕەیی گەنجان بپووکێتەوە و تەنها لەناو کۆبوونەوە بێئاکامەکاندا کاتی بۆ بکوژرێت تا سیستمەکە لە کەوتن ڕزگاری بوو. کتێبی (پڕۆگرامی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان چیمان پێدەڵێت؟ ئاناتۆمی بۆرژوا ناسیۆنالیزم لەبەرگی چاکسازیدا) بە وردی باس لەوە دەکات کە ئەمە چۆن پڕۆسەیەکی داڕێژراو بوو بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکان بەلاڕێدا ببرێن.

یەکێک لە پەیامە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەسەڵات ئەوە بوو کە دەیوت: “ئێمە شەقاممان بەدەستە و دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین”. بەڵام ئەم کۆنتڕۆڵکردنە نەک بۆ بەرژەوەندی خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە شەقام وەک کارتێکی فشار بۆ وەرگرتنی پۆست بەکاربهێنن. ئەوان لە جیاتی ئەوەی شەقام بکەنە هێزێک بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی، بوونە پۆلیسی شەقام و تووڕەیی خەڵکیان کەوی کرد و بردیانە ناو تەڵەی کۆبوونەوە بێئاکامەکانەوە. کاتێک گۆڕان وتی “ئێمە شەقام کۆنتڕۆڵ دەکەین”، لە ڕاستیدا پەیامێکی بۆ دەسەڵات نارد کە دەتوانێت ئەو جەماوەرە تووڕەیە بۆ ئەوان بێدەنگ بکات. هەر بۆیە کاتێک چوونە ناو حکومەت، شەقام سارد بووەوە و هێزی ناڕەزایەتی خەڵکیش لەناو چاوەڕوانییە بێئاکامەکانی ئەواندا پووکایەوە.

ئەگەر سەیری ساڵانی ٢٠٠٩ بکەین، ژیانی خەڵک زۆر باشتر بوو لە ئێستا. مووچە دەدرا و پڕۆژە هەبوو. بەڵام گۆڕان ئەو کاتە حکومەتی پێ باش نەبوو، کەچی ئێستا کە خەڵک لە نان و ئاو بڕاوە، ئەوان بێدەنگن یان پارێزگاری لە حکومەت دەکەن. کەسایەتییەکانی وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر، ڕێباز حەملان، مستەفا سەید قادر، دانا عەبدولکەریم، ئاوات شێخ جەناب، کوێستان محەمەد و بێستون فایەق، نموونەی ئەو کەسانەن کە بە دەنگی خەڵک گەیشتنە پۆست، بەڵام دواتر بوونە پارێزەری هەمان سیستم.

 

ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان نەک هەر نەیتوانی باروگوزەرانی خەڵک باشتر بکات، بەڵکو کاتێک گەیشتنە پۆستە باڵاکان، بوونە بەشێک لەو مەکینەیەی کە قورسترین سزای ئابووریی بەسەر فەرمانبەران و هەژاراندا هێنا. لە جیاتی ئەوەی “نانی خەڵک” بپارێزن، لە سەردەمی بەشداریکردنی ئەواندا لە حکومەت و وەرگرتنی وەزارەتی دارایی، مووچە پاشەکەوت کرا و بژێوی خەڵک کەوتە مەترسییەکی گەورەوه. گۆڕان بەڵێنی دابوو نادادی کۆتایی پێ بهێنێت، کەچی بوونە پاساوێنەر بۆ حکومەتێک کە قورسترین بڕیاری دژی ژیانی خەڵک دەدا. ئەوان بوونە پەرژینێک تا دەسەڵات بتوانێت بەبێ ترسی شەقام، دەست بۆ قوتی خەڵک ببات، ئەمەش وای کرد دۆخی گوزەرانی خەڵک نەک هەر چاک نەبێت، بەڵکو زۆر خراپتر و نائومێدتر بێت لەو سەردەمەی کە هێشتا گۆڕان دروست نەببوو.

گردی زەرگەتە نەیتوانی هیچ لە ژێرخانی ئابووری بگۆڕێت، چونکە گۆڕان تەنها خەریکی قسەی میدیایی بوو. ئەوان پێیان وابوو بە یاسا و پەرلەمان شت چاک دەبێت، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە تا چەک و پارە و نەوت لای بنەماڵەکان بێت، حکومەت تەنها دیکۆرێکی بێدەسەڵات دەبێت بۆ شەرعیەتدان بە هەمان مۆدێلی تاڵانی.

ئێستا کە سەیری گۆڕان دەکەیت، تەنها سەرقاڵی کێشەی ناوخۆ و دابەشکردنی پۆست و میراتی گردەکەن. ئەو حیزبەی زمانی توندی بەرامبەر دەسەڵات بەکاردەهێنا، ئێستا بووەتە هۆکاری بێئومێدییەکی گەورە. ئەوان نەک هەر هیچیان نەگۆڕی، بەڵکو تەمەنی سیستمەکەیان درێژ کردەوە و وزەی ناڕەزایەتی خەڵکیان بەفیڕۆ دا. خەڵک مافی خۆیەتی ئەمڕۆ بە توندی ڕەخنە بگرێت، چونکە گۆڕان تەنها کاتی بۆ سیستمەکە کڕی و لە کۆتاییدا بوو بە پاشکۆیەکی بێدەسەڵات.

ئەم دۆخە تەنها بۆ گۆڕان ڕاست نییە، بەڵکو لە بزووتنەوەی “نەوەی نوێ”شدا بە ڕوونی دەبینرێتەوە. ئەوان سوودیان لە بێئومێدی خەڵک وەرگرت و هەمان مۆدێلی دروشمی توند و پۆپۆلیزمی میدیاییان بەکارهێنا، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕاستەقینەیان بۆ گۆڕینی سیستم هەبێت. تەنانەت “ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی” و ئەو هەوڵانەشی کە لەناو گۆڕانەوە جیا بوونەوە و دەیانەوێت وەک دەنگی “پاک” ڕووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، هێشتا لەناو بازنەی وەهمی چاکسازی و سیستمەکەدا خول دەخۆن. ئەمانەش خەریکە دەبنە بەشێک لەو “بازاڕە سیاسییە”ی کە خەڵک تێیدا تەنها وەک دەنگدەر و ژمارە دەبینرێن، نەک وەک هێزی ڕاستەقینە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پۆپۆلیزمی میدیایی و خەباتی تاکەکەسی هەرگیز ناتوانن ببنە بەدیلی سیستم.

چاوپیاخشاندنەوەیەک بە مێژووی ١٧ ساڵەی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت بە ناوی “چاکسازی”یەوە خەڵک بخەڵەتێنێت. گۆڕان تەنها ڕووکارەکەی گۆڕی، بەڵام نادادیی بەهێزتر کرد و بوو بە پەرژینێک بۆ پاراستنی هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە بڕیار بوو بیگۆڕێت.

کارڵ مارکس دەڵێت: “ڕادیکاڵبوون واتە دەستبردن بۆ ڕیشەی کێشەکان”. کەواتە مەرجی سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕازی لەوەدایە کە چیتر هەوڵ نەدات لەناو ئەم سیستمەدا چاکسازی بکات؛ ئەم سیستمە چاک نابێت چونکە هەر لە بنەڕەتەوە خوار دانراوە و بۆ تاڵانی دروست بووە. سەرکەوتن پێویستی بە بزووتنەوەیەکە کە لە جیاتی دروشمی پۆپۆلیستی، ڕێکخستنی قووڵی لەناو شەقامدا هەبێت و خاوەن ئاسۆیەکی سیاسیی هێندە ڕوون بێت کە خەڵک وەک بەدیلێکی ڕاستەقینە بیبینێت. دەبێت ئەوە بزانین کە هێزی ڕاستەقینە لە توانای جەماوەردایە بۆ فشارخستنە سەر جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات. مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە چیتر وەهمی “گۆڕانکاریی ئاسان” بە خەڵک نەفرۆشرێت و بزووتنەوەکە خاوەن دیدێکی جیاواز بێت، نەک ببێتە پاشکۆیەکی بێدەسەڵات کە تەنها چاوی لە کورسییەکی وەزاری بێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت سیستمەکە بگۆڕدرێت، نەک بە بوون بە پاسەوانی سیستم.

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.