کۆمۆنیزمی چەپ و پرسی ئایین؛ ڕەخنەیەک لە تێگەیشتنی میکانیکی بۆ ڕزگاریی مرۆڤ!…نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

 ماوەیەکە جۆرە کۆمۆنیزمێکی تێکەڵ پێکەڵ و میکانیکی سەری هەڵداوە و لایەنگرانی لە نێو چەپی ئەمڕۆ دا کەم نین. ئەم جۆرە کۆمۆنیزمی چەپە بە مارکسییەوە گرتووە و هەر جارەی لە پەیوەند بە پرسێکەوە، دەکەونە قارسکرن و دابڕدابڕکردنی مارکس. ئەمجارەیان کەوتوونەتە وێزەی تێگەیشتنی مارکس لە ئایین و دەوری ئایین؛ بەتایبەتی ئەو گوتە و دەربڕینەی مارکس کە لە نەقدی ئایینی سەردەمی خۆیدا هێنایە ناو ڕەخنەی ئایینییەوە کاتێک دەڵێ: (ئایین تلیاکی گەلانە. ئایین دەرمانی هێورکەرەوەی دەردەکانی بەشەرە لە دنیای چینایەتیدا، ئایین ئاهو نزولەی بەشەری پلیشاوەی ئەم دنیایەیە، ئایین دڵی ئەم دنیا بێ‌دڵەیە).

جا ئەوەشی پێ زیاد دەکەن کە مادام کۆمەڵگەی چینایەتی هەیە، دینیش هەر دەمێنێ؛ کەواتە لەبری ڕەخنەی ئایین، دەبێ ڕەخنە لەو هەلومەرجە ماددییە بگیرێ.

ئەم تێگەیشتنە خاو و کاڵە لە تێگەیشتنی مارکس بۆ ئایین، کێشەیەکی بنەڕەتیی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە وا نیشان دەدەن هەتا ئەم بارودۆخە ماددییە چارەسەر نەکرێت، نابێت دەست بۆ ئەم دەزگای خورافاتە و بزووتنەوە ئایینییانە ببرێت کە لە ڕاستیدا دەورێکی گەورەیان هەیە لە کۆیلەکردن و ملکەچکردنی مرۆڤی ئەمڕۆدا. وەک بڵێی خەبات بۆ بنبڕکردنی چەوسانەوە و کۆیلایەتیی چینایەتی، لەگەڵ خودی خەبات دژی ئایین و بزووتنەوە ئایینییەکان و ئایدیۆلۆژیای ئایینیدا لە دژایەتیدا بێت!

بێگومان لەو بیرکردنەوە تێکەڵوپێکەڵە (ئیلتیقاتی)یەی چەپدا ئاوایە و ئەم دژایەتییە بوونی هەیە. بەڵام نە بۆ مارکس و ئەنگڵس لە سەردەمی خۆیاندا، نە بۆ کۆمۆنیستی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ و نە بۆ بزووتنەوەی ڕاستەقینەی کرێکارانی کرێگرتە بۆ ڕزگاری، ئەمە نەک هەر لەگەڵ خەبات بۆ سڕینەوەی چەوسانەوە و کۆیلایەتیی کرێگرتەدا لە دژایەتیدا نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لەو ڕزگارییە.

تەنانەت بۆ خودی مارکس و ئەنگڵسیش ماناکەی ئەوە نەبووە کە مادام وایە، دەبێ تا ئەو ڕۆژەی چەوسانەوەی کرێگرتە مابێت و تا ئەو کاتەی سۆسیالیزم و کۆمەڵگەیەکی یەکسانی مرۆڤی ئازاد بەرپا دەبێت، مرۆڤی ئازادیخواز و ئەو نەوەیەی بۆ ڕزگاری تێدەکۆشێت، کاری بەسەر ئایین و ئەم دەزگای گێلکردن و ملکەچکردنی مرۆڤەوە نەبێت. ئەمە تەحریفکردنی ئاشکرای مارکسە. بۆ مارکس مەسەلەکە ئەوە نەبوو کە گوایە خەباتی چینی کرێکاری ئەو سەردەمە نابێ ڕەخنەی دین بکات و نابێ بۆ ئازادئەندێشی و بەرقەرارکردنی موازینی فەرهەنگی ئازاد لە ژیانی سیاسی و مەعنەوی خۆیدا خەبات بکات مادام کۆیلایەتیی کرێگرتە هەیە. دروست بە پێچەوانەوە، بۆ مارکس ئەو شێوە لە ڕەخنەی ئەسکولاستیک (قوتابخانەیی) کە دینی تەنیا وەک بابەتێکی موجەڕەدی ئەسکولاستیک دەبینی و پەیوەندیی دینی بە چەوسانەوە و بە مەسەلەی ڕزگاریی واقیعی بەشەرەوە و بە خەباتی چینایەتی و بە دەوڵەتەوە نەدەبینی، بە ڕەخنەیەکی ناتەواو و کەموکورت دەزانی.

بۆ نموونە، “باوێر” لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە چارەسەرنەکراوترین دژایەتی، دژایەتیی ئایینییە؛ ئەی چۆن دەکرێت ئەم دژایەتییە چارەسەر بکرێت؟ بە هەڵوەشاندنەوەی، واتە بە نەهێشتنی ئایین و دژایەتیی ئایینی. مارکس بە دەستبردن بۆ ڕەگ و ڕیشەی ماددی و ڕاستەقینەی ئایین لە جیهانی بەندکراوی ئەمڕۆدا، بەو ئەنجامە دەگات کە ئەمە ئۆتۆپیایە (خەیاڵپڵاوییە). ئەو دەڵێت ئازادیی ئایین بە واتای ئازادبوونی مرۆڤ لە ئایین نییە؛ تەنانەت دەڵێت دەوڵەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە هەر جۆرە وابەستەییەکی ئایینی ڕزگاری بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئایینیترین وڵاتی ئەو سەردەمەیە و خەڵک پێیان وایە کە کەسێکی بێبڕوا (بێ‌خودا) ناتوانێت مرۆڤێکی دەستپاک و دروست بێت.

دۆستانی چەپ، مارکسیان لەم ئاستەدا کورت کردووەتەوە تا بڵێن کە خەبات و تێکۆشانی مرۆڤی کرێکار و ئینسانی ئەمڕۆ دژی دین و ئایدیۆلۆژیا و بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دینی، پرسێکی گرنگ و بەشێک لە خەباتی ڕاستەقینەی چینایەتی نییە و تەنانەت دەڵێن ئەمە لەگەڵ جەوهەری خەبات بۆ ڕزگاریی واقیعی لە دژایەتیدایە!

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هاوڕێیانە هیچ ڕۆڵێک بۆ ئایین و بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیای سیاسیی ئایینی لە کۆیلەکردنی مرۆڤی ئەمڕۆدا دەبینن؟ ئەگەر وەڵامەکەیان بەڵێیە و قبووڵیانە کە ئەم ئایین و ئەم ئایدیۆلۆژیا سیاسییە ڕۆڵی هەیە لە گێلکردنی مرۆڤدا؛ ئەگەر قبووڵیانە کە ژنیان (نەک هەر لە دەقەکاندا بەڵکو لە واقیعدا و بە هێزی دەوڵەت) کردووە بە ڕەگەزێکی سووک و کەرامەتی کۆمەڵایەتییان پێشێل کردووە؛ ئەگەر قبووڵیانە کە ئەو هەڵسوکەوتەی لەگەڵ کچاندا لە کۆمەڵگە ئیسلامی و ئایین‌لێدراوەکاندا دەکرێت نائینسانی و دژی ئەخلاقیاتی مرۆییە؛ ئەگەر قبووڵیانە کە ئەم بزووتنەوە و ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەسەر ئەم شتانە خەڵک دەکوژێت و سەر و دەست و پێی خەڵک دەبڕێت و ئیعدام و بەردباران دەکات؛ ئەو کات پرسیاری هەر ژنێکی ئازادیخواز و هەر مرۆڤێکی یەکسانیخوازی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ ئەوەیە: “ئەگەر وا بێت، برای چەپ، تۆ چ کار و چ ئەرکێکت لەسەر شانە بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و مرۆڤایەتیی ئەم خەڵکە؟ ئایا هیچ ئەرکێک بۆ بنبڕکردنی ئەم کۆنەپەرستییە بۆ خۆت لەبەرچاو دەگریت، یان هەواڵەی دەکەیت بۆ ئەو ڕۆژەی کە تێیدا مرۆڤ لە کۆیلایەتی و چەوسانەوەی کاری کرێگرتە ڕزگاری دەبێت؟”

ئایا قبووڵتانە کە ئەم ئایینە ئەمڕۆ دەوڵەتە و دەسەڵاتی سیاسی لەدەستە و ئەو ژنەی ئامادە نییە حیجاب بپۆشێت بەردەبارانی دەکات؟ ئەو کەسەی دڵی بە ژیانێکی شادەوە بەستراوە و ڕەنگە گوێ لە مۆسیقایەکی خۆش بگرێت و نەیەوێت دەست لەم حەزە هەڵبگرێت، یان ئەو کەسەی جورئەتی دەربڕینی خۆی هەیە و دەخنکێنرێت و ئەگەر جورئەت بکات و بڵێ “ئەوەم پێ قبووڵ ناکرێ”، دەیبەن و بە پەتی سێدارەوە هەڵی دەواسن؟ ئەگەر قبووڵتانە، ئایا کارێک دەخەنە بەرنامەی خۆتانەوە بۆ جڵەوکردنی ئەم بزووتنەوە و ئەم ئایدیۆلۆژیایە، یان بە فەلسەفەچنینێکی بێ‌ناوەڕۆک لە ژێر باری هەر بەرپرسیارێتییەک ڕادەکەن؟ ئایا ئەگەر ڕۆژێک لە سوچێکی ئەم دنیایە هەر بە ڕێکەوت دەسەڵاتیان کەوتە دەست، یاسایەک دادەنێن بۆ پاراستنی کەرامەتی ژن و سەلامەتیی ڕۆحی و گەشەیەکی دروست و مرۆڤانەی منداڵان و بۆ پاراستنیان لە دەستدرێژیی دەزگای دین و دەڵاڵانی مەزهەبی و تۆڕی خورافە؟ تەنانەت ئەگەر تەنیا “تریاک”یش بێت، ئامادەن مەترسییەکەی بە ئەندازەی هێرۆین بۆ سەر سەلامەتیی خەڵک بناسن و دەستی ئەو دەڵاڵانەی کاریان بڵاوکردنەوەی تلیاکی دین و خورافەیە ببەستن؟ ئەی سەبارەت بە حیجاب دەڵێن چی؟

دەربارەی ئەو ملیۆنان ژنەی کە بێ ویستی خۆیان لە جیهانی ئیسلامیدا لەدایک دەبن و لەژێر باری سوکایەتیی حیجابی زۆرەملێدا، لە ڕووی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی بێڕێزی دەبنەوە و ژیانیان بەرەو تیاچوون دەچێت، چی دەڵێن؟

دەربارەی ئەو کچە منداڵانەی کە تەنها بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە چارشێویان بەسەردا دەدرێت و لە بیستنی مۆسیقا، سەما، مەلەکردن و تەواوی جیهانە شیرینەکەی منداڵییان بێبەش دەکرێن، چی دەڵێن؟ ئایا دەڵێن ئەمە کولتووری خەڵکە و “ئاهی مرۆڤی چەوساوەیە” و دەبێت تا ڕۆژی قیامەتە سۆسیالیستییە بەڵێنپێدراوەکەی ئەوان بەرگەی بگرین؟

ئایا بە بڕوای ئێوە، تەنانەت ئەگەر کولتووری خەڵک و بەشێک لەو ئاهـ و نوزەی مرۆڤە پانکراوەیەش بێت، دەبێت قبووڵ بکرێت؟ دەربارەی سیغە و موتەعە و جیهادی نیکاح و تەواوی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە بنەمای ئەخلاقیی فەخشایەکی قێزەونە لە جیهانی ئیسلامدا، چی دەڵێن؟ ئایا ئەو کولتوور و ئەخلاقیاتەی کە بەم شێوەیە کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەم چەند ملیار مرۆڤەی سەر ئەم گۆی زەوییەش قبووڵی بکەن، ئەوان ئامادەن واژۆی لەسەر بکەن؟

ئەی سەبارەت بە لیبرالیزم چی؟ لیبرالیزمیش ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی بۆرژوازییە وەک ئایین. ئایا بڕیار وایە مادام بۆرژوازی و چەوسانەوە هەیە و تا ئەمانە بنبڕ نەکراون و کرێکاری فەرزیی ئێوە کارگەکانی داگیر نەکردووە، دەبێ تەنیا تەماشای بکەن و بە لایدا تێپەڕن؟ چونکە گوایە کاتێک ئەو بارودۆخە ماددییە و پێداویستییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەی لیبرالیزم ڕەنگدانەوەی بوو نەما، ئەوا لیبرالیزم خۆی چارەسەر دەبێت؟

سەبارەت بە ناسیۆنالیزم و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و دەورەکەی چی؛ ئایا هاوڕێیانی چەپ دەگەنە هەمان ئەو ئەنجامانەی کە لەبارەی ئایین و دەورەکەی لە خەباتی ڕاستەقینەی چینایەتی و لە سەرکوتکردنی مرۆڤدا پێی دەگەن؟ ئەگەر وابێت ئیتر ئەوان چییان بۆ دەمێنێتەوە بیکەن؟ بە ڕەهایی هیچ!

ئەگەر کۆمۆنیزمی ئێوە ئامادە نەبێ کارێک بخاتە دەستووری خۆیەوە بۆ نەجاتدان و بە هاناوەچوونی ئەو مرۆڤانەی کە گیرۆدەی ئەو تلیاکە بوون؛ ئامادە نەبێ لە دژی ئەو جووڵانەوە سیاسی و ئەو ئایدیۆلۆژیایە بووەستێتەوە کە پایەیەکی ڕاگرتنی ئەم دنیا نایەکسانەیە و یەکێکە لەو دەزگا ترسناک و هێزانەی کە لەسەر هەموو ئەو شتانەی بەشێکن لە وجودی ئاسایی مرۆڤی ئەمڕۆ تاوانی ڕۆژانە دەکات، ئەی بە کەڵکی دەرمانکردنی چ دەردێکی بەشەر دێت؟

ئەگەر مارکسیزمی ئێوە بە ئەندازەی لیبرالیزم و بە ئەندازەی هەمان مەدەنییەتی ئێستا ئامادە نەبێت و تەنانەت ئینکاری پێویستیی خەباتێکی سەرسەخت بۆ بەرگری لە ئازادئەندێشی و ئەخلاقیات و پێوەری مرۆڤانە و یەکسانیخوازانە لە بەرامبەر دەزگای دین و پیشەسازیی دین و ئەو ئایدیۆلۆژیا سیاسی و کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستەی دنیای ئەمڕۆ بکات، کوێی بە کەڵکی ڕزگاریی کرێکار و مرۆڤی ئەمڕۆ لە چەوسانەوە دێت؟

پرسیاری تری زۆر هەیە سەبارەت بە شێوەی مامەڵەی ئەو جۆرە کۆمۆنیزمە هەڵبەستراوەی چەپ کە ئەگەر تەمەن و دەرفەت ڕێگە بدات دەچینە سەریان.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.