میدیای سێبەر و حیزبی لە کوردستان؛ پارێزەری بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات… توانا محەمەد نوری
ئەگەر سەیری واقیعی ئێستای میدیای کوردی بکەین، بەتایبەت ئەو کەناڵە ئاسمانییە گەورانەی وەک ڕووداو، کوردستان ٢٤، و کەناڵی ٨، دەبینین بوونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ پاراستنی هەژموونی حیزبە دەسەڵاتدارەکان. ئەم کەناڵانە لە ڕووی پیشەیی و تەکنیکییەوە وەرچەرخانێکی گەورەیان لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردیدا دروست کردووە؛ بەڵام ئەم پێشکەوتنە لە ڕاستیدا وەک بەشێکی سەرەکی لە “سیستەمی حوکمڕانی” کاردەکات. ئەرکی سەرەکییان تەنها گەیاندنی هەواڵ نییە، بەڵکو بەکارهێنانی “ستانداردی جیهانی”یە بۆ جوانکردنی ڕووی ئەو دەسەڵاتەی کە سامانی ئەم نیشتمانەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاردێنێت.
دامەزراندن و تێچووی بەڕێوەبردنی ئەم میدیایانە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە لێرەدایە: ئەم هەموو بودجەیە لەکوێوە دێت؟ لە کاتێکدا هەرێم یاسایەکی ڕوونی بۆ شەفافیەتی دارایی میدیا نییە، سەرچاوەی داراییان بۆ خەڵک ڕوون نییە. بەپێی بەراوردکارییە ئابوورییەکان بۆ قەبارەی کارکردن و ژمارەی کارمەندان، تێچووی مانگانەی تەنها یەکێک لەم کەناڵانە لە نێوان ١ بۆ ٣ ملیۆن دۆلاردایە. ئەم پارە زەبەلاحە لە کاتێکدا خەرج دەکرێت کە فەرمانبەران و کرێکارانی کوردستان لەناو کێشەی بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا خنکێنراون. ئەمە بە ڕوونی ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەسەڵات وەبەرهێنان لە “مانەوەی سیاسی” خۆی زۆر لە بەرژەوەندیی گشتی خەڵک بە گرنگتر دەزانێت.
کەناڵی “ڕووداو” وەک یەکەمین میدیای مۆدێرنی کوردی، ڕۆڵی ئەو “هێزە نەرمە” دەگێڕێت کە خزمەت بە باڵێکی دیاری دەسەڵات دەکات. ئەم کەناڵە بە تێچوویەکی زۆر و تەکنیکێکی زۆر بەرز، توانیویەتی ستانداردێکی نوێی جیهانی لە کارکردن بهێنێتە ناو میدیای کوردییەوە و وێنەیەکی “جێگیر و گەشاوە” بۆ هەرێمی کوردستان نیشانی جیهان بدات. بۆ نموونە؛ کاتێک خەڵک لە ناوخۆدا لە قەیرانی قووڵدایە، ڕووداو لێهاتووانە تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە گەشتیارییەکان یان کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک “داڤۆس” تا بڵێت هەرێم لە گەشەکردندایە. بەڵام لە پشت ئەم وێنە جوانە و کوالێتییە بەرزەی وێنەگرتنەوە، زۆر بە وریاییەوە پرسی زیندانیانی سیاسی و ناڕەزایەتییە توندەکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان لە پەراوێزی هەواڵەکانیدا ون دەکات.
لە بەرامبەریشدا، “کوردستان ٢٤” وەک زمانحاڵێکی ڕاستەوخۆتر و توندتر بۆ بەرگری لە سیاسەتە فەرمییەکانی باڵێکی تری دەسەڵات کاردەکات. ئەم کەناڵەش هەمان ئامرازی تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو بەکاردێنێت بۆ پاکانەکردن بۆ بڕیارە سیاسییەکان و هێرشکردنە سەر هەر کەسێک کە ڕەخنە بگرێت. وەک نموونەیەک؛ لە کاتی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەم کەناڵە گوتارێکی ناسیۆنالیستی توند بەکاردەهێنێت و هەموو دەنگە ڕەخنەگرەکانی ناوخۆ بە “خائین” یان “دەستکەلای بەغدا” وێنا دەکات. لێرەدا میدیا تەنها گەیەنەر نییە، بەڵکو وەک “سەنگەرێکی جەنگ” بۆ پاراستنی پێگەی دەسەڵات بەکاردێت تا ڕێگری بکات لەوەی خەڵک پرسیار دەربارەی شەفافییەت و داهاتی نەوت بکەن.
کەناڵی “٨”یش وەک ئەکتەرێکی نوێ لەم گۆڕەپانەدا دەرکەوت، کە نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکانی ناو باڵە دەسەڵاتدارەکانی سلێمانی دەکات. ئەم کەناڵەش ڕێک بە هەمان شێوەی ئەوانی تر، بە بودجەیەکی گەورە و بەکارهێنانی ستۆدیۆ و گرافیکی ئاستبەرز هاتووەتە مەیدان بۆ ئەوەی ڕکابەریی هەژموونی میدیاکانی هەولێر بکات. ئەمان ململانێیە سیاسییەکانی ناو شارەکە وەک جەنگی “چاکسازی” نیشان دەدەن، بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بکەن ڕەخنە لەو سیستەمە ئابوورییە بگرن کە خۆیان بەشێکن لێی. هەروەها لە پشت ئەو وێنە بریقەدارەی بۆ باڵەخانە و پڕۆژە بازرگانییەکان دەیکێشن، زۆر بە کەمی باسی ئەو کارەسات و مەرگانە دەکەن کە بەهۆی ناسەلامەتیی شوێنی کارەوە ڕۆژانە بەرۆکی کرێکارانی ئەم وڵاتە دەگرێت، چونکە نایانەوێت ئەو کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژانە بخەنە ژێر پرسیارەوە کە خۆیان بەشێکن لە پایەکانی دەسەڵات.
ئەم کەناڵانە لە کاتێکدا سەرقاڵی نیشاندانی باڵەخانە بەرزەکان و دیپلۆماسییەتی بریقەدارن، بە ئەنقەست چاو لە ئاست ئازارە ڕاستەقینەکانی خەڵک دەنوقێنن. ئەوان هیچ کات بە جدی باس لە گرانیی بێوێنەی بازاڕ، سوپای گەنجانی بێکار و ئەو دۆخە ئابوورییە سەختە ناکەن کە خەڵکی ئاسایی تێیدا دەژی. لای ئەوان نرخ و بژێویی ژیان نابنە هەواڵی سەرەکی، چونکە نایانەوێت ئەو وێنە “سەقامگیرە” تێک بدەن کە بۆ ئابووری هەرێم دروستیان کردووە.
ئەم کەناڵانە نەک تەنها لە ناوخۆ، بەڵکو لە واشنتۆن و پایتەختە ئەوروپییەکان نوسینگەی زۆر گرانبەهایان هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد لەوێ وەک لایەنێکی “مۆدێرن و دیموکراتخواز” دەربخەن. بەڵام دەبێت ڕاستگۆ بین و بڵێین؛ بوونی ئەم ئامرازە تەکنیکییە پێشکەوتووانە هەرگیز مانای بوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری نییە، بەڵکو تەنها نیشانەی ئەوەیە کە کەرەستەکانی پڕۆپاگەندە مۆدێرن کراون. چونکە لە ناوخۆدا هێشتا دەنگی ئازاد کپ دەکرێت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن.
دیاردەیەکی تری مەترسیداری ئەم میدیایانە، دروستکردنی “سوپای ئەلیکترۆنی” و پەیجە سێبەرەکانە. زۆرجار بودجەی ئەم کەناڵانە تەنها بۆ شاشە نییە، بەڵکو بۆ بەڕێوەبردنی سەدان لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە ئەرکیان ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتیی نەیاران و جوانکردنی ڕوخساری دەسەڵاتدارەکانە بە پارەی گشتی. ئەمە جۆرێکە لە چەواشەکاریی سیستماتیک کە دژی هۆشیاریی کۆمەڵگا بەکاردەهێنرێت.
لەکاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مانگرتنی مامۆستایاندا، ئەو پەردەی بێلایەنییەی کە بەکاری دەهێنن، لادەچێت. لەو کاتانەدا یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، یان هەوڵ دەدەن مانگرتنەکان وەک “دەستی دەرەکی” یان “فیتنەی سیاسی” وێنا بکەن. لەبری ئەوەی تیشک بخەنە سەر گەندەڵی و نەبوونی بودجە، باس لە “زیانەکانی بایکۆت بۆ خوێندکاران” دەکەن تا بەم شێوەیە فشارەکان لەسەر حکومەت و حیزبەکان کەم بکەنەوە.
پێویستە لێرەدا جیاکارییەک بکەین؛ زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان و کارمەندە تەکنیکییەکانی ناو ئەم دامەزراوانە، وەک هەر هاوڵاتییەکی تر بۆ بژێوی ژیان کاردەکەن و زۆرجار خۆشیان قوربانیی هەمان ئەو سیستەمەن کە مووچەیان دوا دەخات. بەڵام جیاوازیی ژیانی “نوخبەی میدیایی” و بەڕێوەبەرە باڵاکانی ئەم کەناڵانە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی، نیشانەیەکی تری ئەم نایەکسانییەیە. لە کاتێکدا پێشمەرگەیەک یان فەرمانبەرێک لە چاوەڕوانی مووچەیەکی کەمدا ژیانی تاڵ بووە، بێژەر و بەڕێوەبەرە پلە باڵاکانی ئەم کەناڵانە مووچەی خەیاڵی وەردەگرن کە دەگاتە ٥ بۆ ١٠ هەزار دۆلار. ئەمە وای کردووە کە چینی بڕیاردەری میدیایی ببێتە بەشێک لە “نوخبەی دەسەڵاتدار” و دابڕێت لە ئازارەکانی خەڵکی هەژار.
میدیای حیزبی لە کوردستان چیتر تەنها میدیا نییە، بەڵکو پارێزەری ئەو نایەکسانییە ئابووری و سیاسییەیە کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە. تا ئەو کاتەی داهاتی هەرێم لەبری ئاوەدانکردنەوە، بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی و کەناڵی ئاسمانیی گرانبەها خەرج بکرێت، ئەم میدیایانە تەنها وەک “زمانحاڵێکی دەسەڵات” دەمێننەوە. ئەوان بۆ ئەوە دروست نەکراون کە ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێن، بەڵکو بۆ ئەوەن کە ڕاستییەکان بەو شێوەیە نیشان بدەن کە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت.