برێکزت: دە ساڵ لە شکستی ناسیۆنالیزمی بۆرجوازی و قەیرانی پەرەسندووی سەرمایەداری…نووسینی: توانا محەمەد نوری

0

بۆ تێگەیشتن لە برێکزت، دەبێت لەو ڕاستییەوە دەست پێ بکەین کە بەریتانیا پێش ٢٠١٦ لە ناو قەیرانێکی بونیادیدا بوو؛ مەبەست لە قەیرانی بونیادی، ئەو بنبەستە مێژووییەیە کە تێیدا سیستمی ئابووری توانای گەشەی ڕاستەقینەی نامێنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی نایەکسانییەکی قووڵ، کە تێیدا سامانی نیشتمانی لە دەستی کەمینەیەکی سەرمایەداردا کەڵەکە دەبێت و زۆرینەی کۆمەڵگا بەرەو هەژاری و بێبەشی دەبات. نیۆلیبرالیزمی مارگرێت تاچەری ساڵانی هەشتاکان، ئابووری بەریتانیای گۆڕی بۆ مۆدێلێکی خزمەتگوزاری و دارایی کە تێیدا پیشەسازیی کڵاسیک تێکشکا، یەکێتییە کرێکارییەکان سەرکوت کران و چینی کرێکار لە ڕووی سیاسییەوە پەراوێز خرا. قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ ئەم بونیادە لەرزۆکەی ڕووبەڕووی داڕمان کردەوە؛ لەو کاتەدا ملیارەها پاوەند لە سامانی گشتی بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان خەرج کرا و باری قورسی قەیرانەکە خرایە سەر شانی چینی کرێکار و خەڵکی کەمدەرامەت لە ڕێگەی سیاسەتی “کەمکردنەوەی خەرجی “(Austerity) لە نێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٦، لە کاتێکدا قازانجی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان بەرز دەبووەوە، بەهای ڕاستەقینەی مووچەی کرێکاران بەردەوام لە دابەزیندا بوو.

بەریتانیا پێش برێکزت لە ناو ململانێیەکی چینایەتیی قووڵدا بوو، ئەمەش بە ڕوونی لە پەراوێزخستنی باکووری وڵات بەرامبەر لەندەن، سەپاندنی گرێبەستەکانی “کاتژمێر سفر”، قەیرانی نیشتەجێبوون و دواجار لە تەقینەوەی ئاژاوەکانی ساڵی ٢٠١١دا وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ ڕاپەڕینێکی گشتیتر دژی خودی سیستمەکە ڕەنگی دابووەوە. چینی دەسەڵاتدار بۆ ڕێگریکردن لەوەی ئەم تووڕەییە گەورەتر بێت، ئەو وزە ناڕەزایەتییەی جەماوەریان بەرەو دوژمنێکی وەهمی وەک “ئەوروپا و کۆچبەران” ئاراستە کرد، کە ئەمەش ڕێک ئەو “هۆشیارییە درۆینە”یە بوو کە مارکسیستەکان باسی دەکەن؛ کاتێک بۆرجوازی هەستی نەتەوایەتی بۆ پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی چینی کرێکار و شاردنەوەی ململانێی ڕاستەقینەی نێوان چەوسێنەر و چەوساوە بەکاردەهێنێت. بەم جۆرە، برێکزت نەک هەر قەیرانەکەی چارەسەر نەکرد، بەڵکو دووقاتی کردەوە، چونکە وای لە کرێکار کرد دوژمنە ڕاستەقینەکەی خۆی (خاوەن سەرمایە) ون بکات و پەنا بباتە بەر ناسیۆنالیزم، ئەمەش ڕاستی وتەکەی ئەنگلز دەسەلمێنێت کە دەڵێت: “کرێکارانی بێ هۆشیاریی چینایەتی، تەنها دەبنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای باڵە جیاوازەکانی چینی دەسەڵاتدار.”

لە ڕووی ئابوورییەوە، برێکزت سەلماندی کە سەرمایە هیچ پابەندییەکی نیشتمانیی نییە و تەنها شوێن “کەڵەکەبوونی قازانج” دەکەوێت. بەپێی ئامارەکان، برێکزت بووە هۆی بچووکبوونەوەی نزیکەی ٥٪ بۆ ٦٪ی ئابووری بەریتانیا بەراورد بەوەی ئەگەر لە ناو یەکێتییەکەدا بمایەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری دارایی “EY” (Ernst & Young Financial Services Brexit Tracker) ، زیاتر لە ١.٣ تریلیۆن دۆلار لە سەرمایە و دارایی بانکە گەورەکان لە لەندەنەوە بۆ ناوەندە داراییەکانی ئەوروپا وەک پاریس و فرانکفۆرت گواستراونەتەوە تا قازانجەکانیان لە دەرئەنجامەکانی برێکزت بپارێزن. ئەمە لە کاتێکدا کە کرێکاری بەریتانی لە ناو سنوورە داخراوەکاندا گیریکرد و ڕووبەڕووی بێکاری و هەڵاوسان بووەوە، کە ئەمەش جەوهەری سەرمایەدارییە: ئازادیی ڕەها بۆ جوڵەی سەرمایە و کۆتوبەندکردنی توندی هێزی کار.

قەیرانی تێچووی ژیان کە دوای برێکزت تەقییەوە، وێنەیەکی ڕوونی “تاڵانکردنی سیستماتیک”ی چینی کرێکارە. گرانبوونی خۆراک تەنها کێشەیەکی تەکنیکیی گومرگی نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان تا قازانجی زیادە لەسەر حسابی سفرەی هەژاران بەدەستبهێنن. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی سکوڵی ئابووری لەندەن(LSE) ، تەنها بەهۆی بەربەستە بازرگانییەکانی برێکزتەوە، هەر خێزانێکی بەریتانی ساڵانە بە تێکڕا ٢٥٠ پاوەند تێچووی زیادەی خۆراکی کەوتووەتە سەر. ئەمە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی سەروەتە لە گیرفانی زەحمەتکێشانەوە بۆ خەزێنەی کارتێلە گەورەکان کە لە سایەی دابڕان لە بازاڕی هاوبەش، نرخەکانیان بە ئارەزووی خۆیان بەرزکردەوە و باری قەیرانەکەیان خستە سەر شانی کرێکاران.

ئەم ململانێیە تەنها لە ژمارەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە سەر شەقامەکان بە شێوەی شەپۆلێکی بێپێشینەی “مانگرتنی سەرتاسەری” تەقییەوە کە وەهمی یەکپارچەیی نەتەوەیی تێکشکاند. وەک مارکس دەڵێت: “مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان تا ئێستا، مێژووی ململانێی چینایەتی بووە.” بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار(ONS) ، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن ڕۆژی کار بەهۆی مانگرتنەکانەوە لەدەستچووە، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە. مانگرتنی فراوانی کارمەندانی شەمەندەفەر، مامۆستایان و پەرستاران، سەلماندی کە چینی کرێکار چیتر بە دروشمی پۆپۆلیستی فریوناخوات و تێدەگات کە برێکزت تەنها بۆ چەوسانەوەی زیاتری ئەوان و لێدانی مافە سەندیکاییەکانیان بووە.

بۆ نەوەی نوێ، برێکزت واتای “پاوانکردنی مەعریفە” و گەڕاندنەوەی گەنجان بوو بۆ ناو قاوغی تەسکی نەتەوەیی. بێبەشکردنی دەیان هەزار خوێندکار لە پرۆگرامی “ئێراسموس”(Erasmus+) ، هەوڵێکی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتداران بوو بۆ ئەوەی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان تەنها وەک ئیمتیازێک بۆ منداڵانی چینی دەوڵەمەند بمێنێتەوە. کاتێک مافی خوێندن و کارکردن لە ٢٧ وڵات لە گەنجی کرێکار دەسەندرێتەوە، بە کردەیی “کۆیلایەتییەکی جوگرافی” بەسەردا دەسەپێنرێت. دابەزینی ژمارەی خوێندکارانی ئەوروپی لە بەریتانیا لە ٣٦ هەزارەوە بۆ ١٢ هەزار، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت دیوارێکی فیکری لە دەوری وڵات بکێشێت تا گەنجان وەک هێزی کارێکی هەرزان و بێ ئەلتەرناتیڤ لە ناوخۆدا بمێننەوە.

کەرتی تەندروستی (NHS) بووە قوربانیی هەرە گەورەی پۆپۆلیزمی بۆرجوازی و درۆ چەواشەکارەکان. ئەو ٣٥٠ ملیۆن پاوەندەی بڕیار بوو هەفتانە بۆ تەندروستی بگەڕێتەوە، تەنها تەڵەیەک بوو بۆ ڕاکێشانی دەنگی چینی کرێکار، بەڵام واقیعەکە پێچەوانە بووەوە. ئێستا بەهۆی یاسا ڕەگەزپەرستەکانی کۆچبەرییەوە، کەرتی گشتی بەدەست کەمیی زیاتر لە ٤٠,٠٠٠ پەرستار و ١٠,٠٠٠ پزیشکەوە دەناڵێنێت. ئەمە نیشانەی شکستی دەوڵەتی سەرمایەدارییە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی “بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار”؛ سیستمێک کە تەندروستیی هاوڵاتیان دەکرێنە قوربانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئۆلیگارشی دارایی و پاراستنی قازانجی مۆنۆپۆلە گەورەکان.

لە کۆتاییدا، دە ساڵ دوای برێکزت، مێژوو پێمان دەڵێت کە ڕێگەی ڕزگاریی چینی کرێکار لە ڕێگەی دروشمی ناسیۆنالیستی و دابڕان لە جیهانەوە نییە. ڕاپرسییەکانی (YouGov) کە دەڵێن ٥٧٪ی خەڵک برێکزت بە هەڵە دەزانن، بەئاگابوونەوەیەکی درەنگوەختەیە لەوەی کە “سەروەریی نیشتمانی” لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا تەنها واتای سەروەریی خاوەنکارە بەسەر کرێکاردا. تەنها ئەلتەرناتیڤێکی نێودەوڵەتی و ڕادیکاڵ، کە گۆڕانکارییەکی بونیادی لە پێکهاتەی ئابووریدا بکات و سنوورە دەستکردەکانی بۆرجوازی بڕوخێنێت، دەتوانێت کۆتایی بەو قەیرانە جیهانییە بهێنێت کە برێکزت تەنها یەکێکە لە نیشانە پڕ لە ئازارەکانی.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.