کاتێک دەسەڵاتی حزبی دەبێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی تۆمەتبار… نووسینی: هاوکار باهیر
لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا، هەمیشە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و ئۆرگانی لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوە یان کارەکتەرە خاوەن پێگە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا هەبووە. ئەم هاوپەیمانێتییە ناپیرۆزە زۆرجار وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ شەرعیەتدان بە نادادپەروەری، بێدەنگکردنی چەوساوەکان و چەسپاندنی هەژموونی هێزە باڵادەستەکان بەکارهاتووە. ئەوەی ئێستا لە فەزای گشتی و میدیایی هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت لە تێوەگلانی هەندێک کەسایەتی، کە خاوەن پێگەی ئەکادیمی و ئاینین، لە دۆسیەی گەندەڵی ئەخلاقی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووە شەخسییەکانیان، تەنها گوزارشت لە لادانێکی ڕەوشتیی تاکەکەسی ناکات، بەڵکو پەردە لەسەر داڕمانی سیستەماتیکی تەواوی ئەو بونیادە لادەدات کە تێیدا یاسا و دادپەروەری خراونەتە خزمەت نوخبەی فەرمانڕەوا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان. کاتێک کەسێک لەناو سنگی پەروەردەدا پێگە و هەژموونی خۆی بەکاردێنێت بۆ ڕاوکردنی قوتابییە کچەکانی و دروستکردنی فشار لەسەریان بۆ مەرامی تایبەتی، ئێمە لەبەردەم تاوانێکی پێکهاتەییداین. ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە بۆشاییدا گەشە ناکەن، بەڵکو هێز و بوێری خۆیان لە سیستەمێکی سیاسی وەردەگرن کە تێیدا یاسا بەپێی ویستی حزبەکان و سەرکردەکان دەچەمێندرێتەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە لێپرسینەوە و سەروەریی یاسا تەنها بۆ هاووڵاتیانی بێدەسەڵات و چینی چەوساوە بێت، سروشتییە کە خاوەن پێگەکان لە سایەی دڵنیایی لە سزا نەدان دەست بۆ ترسناکترین تاوانەکان ببەن، چونکە چاک دەزانن ئەو دەسەڵاتە حزبییەی لەپشتیانە، وەک قەڵایەکی پۆڵایین لەبەردەم هەر لێپێچینەوەیەکی یاساییدا دەیانپارێزێت. پێگەی دادگا و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستاندا کەوتووەتە ژێر پرسیارێکی قورسەوە، کاتێک تۆمەتێکی حاشاهەڵنەگری لەم شێوەیە کە بە بەڵگەی دەنگی و مەلەفی فەرمی بڵاودەبێتەوە، بەڵام هیچ دادگایەک ناتوانێت یان ناوێرێت ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە بکات، ئەمە پەیامێکی مەترسیدار و ئاشکرا دەدات بە کۆمەڵگە، هەرکەسێک لەژێر چەتری پاراستنی ئەحزابی دەسەڵاتداردا بێت، لەسەرووی یاساوەیە و پارێزبەندی ڕەهای هەیە، ئەم دۆخە نائومێدکەرە وایکردووە کە کچان و ژنانی گەنجی قوتابی، کە لە ڕاستیدا قوربانیی سەرەکی و چەوساوەی ئەم کەیسانەن، نەک هەر نەتوانن بە ئومێدی بەدیهاتنی دادپەروەری ڕوو لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، بەڵکو بەهۆی ترسی کۆمەڵایەتی، نەبوونی پاڵپشتیی دامەزراوەیی و هەڕەشەی بەردەوامی دەسەڵاتدارانەوە ناچار بە بێدەنگی و قبوڵکردنی ستەمەکە بکرێن. ئەمە بە تەواوی لوتکەی چەوساندنەوەی دووفاقی گشتییە، چەوساندنەوەی ڕەگەزی کە تێیدا جەستە و کەرامەتی ژن دەکرێتە کاڵا، و چەوساندنەوەی چینایەتی و سیاسی کە تێیدا خاوەن پێگە و سەرمایەکان مافی تەواوی دەستدرێژیکردنیان هەیە بەسەر ژاوەژاوی ژیانی ئەوانەی لە خوار خۆیانەوەن. بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز، یەکسانیخواز، داکۆکیکردن لە مافی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕادیکاڵانەی ئەم جۆرە دەستدرێژی و سووکایەتییانە، تەنها بابەتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ئەرکێکی بنەڕەتی و پێشمەرجی هەر خەباتێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئازادی. ناتوانرێت باس لە ڕزگاریی کۆمەڵگە و دیموکراسی بکرێت لە کاتێکدا نیوەی کۆمەڵگە، کە ژنانن، لە ژێر ترس و تۆقاندنی بەردەوامی گێچەڵی سێکسی و سوودوەرگرتنی ناڕەوادا بن لە شوێنەکانی خوێندن، کارکردن یان ژیانی ڕۆژانەیاندا. سیستەمی باوکسالاریی باو، کە ئێستا بە توندی لەلایەن هێزە چەکدار و چەتەکانی سەرمایەداریی حزبییەوە پاڵپشتی دەکرێت، مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنان و کچان وەک ئامراز و کاڵایەک دەبینێت بۆ کات بەسەربردن. کاتێک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی و خوێندنی باڵا کە دەبێتە حەوشەیەکی پشتەوە بۆ ڕاوکردنی قوتابییان و نوقمبوون لە حەزە قێزەونەکاندا، لێرەدا دەمامکی پیرۆزیی درۆینەی ئەم کارەکتەرانە بە تەواوی دادەماڵرێت. لە کۆتاییدا، ئەم دۆسیەیە و کەیسە هاوشێوەکانی تری پێشووتر، نیشانەی داڕمانی کۆتایی و بێ متمانەیی ڕەهای سیستەمی دادوەریی ئێستان لە کوردستان. خەبات دژی ئەم نادادپەروەری و دەستدرێژییە سیستماتیکییە ناتوانرێت و نابێت تەنها لە چوارچێوەی هۆڵە داخراوەکانی دادگاکاندا کورت بکرێتەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حزبدابن، بەڵکو ئەمە پێویستی بە هۆشیارییەکی بەرفراوانی گشتی و ڕێکخستنی جەماوەریی پێشکەوتنخواز، و ڕاپەڕینێکی فیکری و کۆمەڵایەتی هەیە دژی تەواوی ئەو بنەما سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە ڕێگە بە مانەوە و بەهێزبوون و پاراستنی ئەم جۆرە تاوانبارانە دەدەن. پاراستنی کەرامەت وماف و ئازادیی کچان و ژنانی ئەم نیشتمانە لە چنگی خاوەن دەسەڵاتە ستەمکارەکان، یەکەمین و گرنگترین هەنگاوە بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و دوور لە هەر جۆرە چەوساندنەوەو دەستدرێژییەک.