دە ساڵ و حەوت سەرۆکوەزیران: قەیرانی سیستمی سەرمایەداری لە بەریتانیا…توانا محەمەد نوری
داڕووخانی یەک لە دوای یەکی حکومەتەکان لە بەریتانیا و گۆڕینی شەش سەرۆکوەزیران لە ماوەی تەنها یەک دەیەی ڕابردوودا (لە دەیڤید کامیرۆنەوە تا کییەر ستارمەر)، ڕووداوێکی ڕێکەوت یان تەنها شکستی تاکی ڕابەرەکان نییە. ئەم ڕاکردنە بەردەوامە لە کورسیی دەسەڵات، نیشانەیەکی ڕوونە لە قەیرانێکی ستراتیژی و پێکهاتەیی قووڵ لە ناو جەرگەی دیموکراسیی بۆرژوازیدا. کاتێک سیستمێک نەتوانێت بۆ ماوەی چەند ساڵێکی کەم سەقامگیریی سیاسیی خۆی بپارێزێت، ئەمە بەو مانایەیە کە مەکینەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە تووشی داڕووخانی ناوەکی بووە و چیتر ناتوانێت هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و واقیعی کۆمەڵگەدا دروست بكات.
ئەم زنجیرە دەستلەکارکێشانەوە خێرایانە، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیی دۆخی ئابووریی چەقبەستووی بەریتانیایە کە لە دوای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ەوە نەیتوانیوە ببوژێتەوە. لە دوای برێگزیتەوە، ئۆلیگارشی دارایی و پیشەسازیی وڵاتەکە تووشی سەرلێشێواوی بووە؛ وەبەرهێنانی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١٦وە تا ئێستا لە ئاستێکی نزمدا چەقی بەستووە. سیاسەتی ئابووری، نەک هەر نەیانتوانی کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن، بەڵکو هەڵاوسانیان بۆ ئاستی پێوانەیی ١١.١٪ بەرزکردەوە. کاتێک بنەمای ئابووری وڵاتێک لەسەر قەیران دامەزرابێت، جێگۆڕکێی کارەکتەرە سیاسییەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا تەنها هەوڵێکە بۆ کڕینی کات.
لێرەدا، “حزبی کرێکار” بە سەرۆکایەتی کییەر ستارمەر، وەک “هێڵی دووەمی بەرگریی بۆرژوازی” دێتە مەیدان بۆ جوانکردنی ڕوکاری سیستمەکە و پاراستنی قازانجی بانکەکان. بەڵام ئەم سیستمە تەنها پەنا بۆ حزبە سیاسییەکان نابات، بەڵکو سوود لە سەندیکا و نیقابە کرێکارییەکان وەردەگرێت وەک پۆلیسی ناوخۆیی چینی کرێکار. ئەرکی ئەم سەندیکایانە ئەوەیە کە ناڕەزایەتیی کرێکاران “کەنالیزە” بکەن و بیخەنە ناو چوارچێوەی سازشە بێماناکان لەگەڵ خاوەنکارەکان. ئەوان وەک “سۆپایەکی سەلامەتی”(Safety Valve) کار دەکەن تاوەکو ڕێگری بکەن لەوەی تووڕەیی جەماوەر لە سنوورە یاساییەکان دەربچێت و ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسیی شۆڕشگێڕانە. ئەوان بە ناوی “ئاشتیی کۆمەڵایەتی”، وزەی خەباتکارانەی کرێکاران لەناو دانوستانە دوورودرێژەکاندا دەخنکێنن و ناهێڵن ڕیشەی کێشەکە، کە خودی سەرمایەدارییە، بکرێتە ئامانج.
لە دیدگای مارکسیستییەوە، دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا تەنها لێژنەیەکی بەڕێوەبردنە بۆ ڕێکخستنی کاروباری چینی بۆرژوازی. کاتێک دەبینین ئەم لێژنەیە لە ماوەی تەنها یەک دەیەدا شەش جار سەرۆکەکەی دەگۆڕێت، دەردەکەوێت کە چینی باڵادەست خۆی تووشی “قەیرانی ئاسۆ” بووە. ئەوان چیتر ناتوانن پڕۆژەیەکی ئابووری یان کۆمەڵایەتیی درێژخایەن پێشکەش بکەن کە بتوانێت لانیکەمی شەرعییەت بۆ سیستمەکەیان بگەڕێنێتەوە. بۆ نموونە، کابینەکەی “لیز تڕەس” کە تەنها ٤٥ ڕۆژ بڕی کرد، نیشانی دا چۆن “دیکتاتۆریەتی بازاڕ” تەنانەت ڕێگە بە حکومەتە هەڵبژێردراوەکانی خۆشیان نادەن بڕیارێک بدەن کە کەمێک لە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی گەورە لابدات.
سیاسەتی چەوساندنەوەی ئابووری و داسەپاندنی “سیاسەتی دەستپێوەگرتن”(Austerity) کە بڕبڕەی پشتی هەموو پێکهاتە حکومییەکان بووە، بێ متمانەییەکی قووڵی دروست کردووە. کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەتایبەت کەرتی تەندروستی (NHS) کە ئێستا زیاتر لە ٧.٦ ملیۆن کەس لە لیست چاوەڕوانیدان، تووڕەییەکی بێدەنگ بەڵام قووڵی لە نێو چینی کرێکاردا چاندووە. لێرەدا، “حزبی کرێکار” بە سەرۆکایەتی کییەر ستارمەر، نەک وەک جێگرەوەیەکی ڕادیکاڵ، بەڵکو وەک “هێڵی دووەمی بەرگریی بۆرژوازی” دێتە مەیدان بۆ جوانکردنی ڕوکاری سیستمەکە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕاپەڕینێکی جەماوەری.
ئەم قەیرانە سیاسییە، ڕەنگدانەوەی “تاڵانی ڕێکخراوی” سەروەتی کۆمەڵگەیە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ١٠٪ی دەوڵەمەندترینەکانی بەریتانیا خاوەنی ٤٣٪ی تێکڕای سەروەتی نیشتمانین، لە کاتێکدا ٥٠٪ی دانیشتوانی وڵاتەکە خاوەنی کەمتر لە ٥٪ی ئەو سامانەن. ئەم جەمسەرگیرییە توندە لە سەردەمی حکومەتەکەی کییەر ستارمەردا چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. ستارمەر، کە بە ناوی “نوێنەرایەتی کرێکاران” هاتە سەر کار، لە ڕاستیدا بووەتە پارێزەری سەرسەختی هەمان ئەو سیستمەی کە سەروەت لە ڕەنجی کرێکارانەوە دەگوازێتەوە بۆ خەزێنەی بانکەکان. حکومەتەکەی ستارمەر بە پەنابردن بۆ “یاسا کۆنەپەرستە داراییەکان” و ڕەتکردنەوەی باجخستنە سەر دەوڵەمەندەکان، سەلماندی کە ئەم حزبە تەنها ئەرکی ڕێکخستنەوەی هەمان چەوسانەوەی پێشووی لە ئەستۆیە.
ئەم داڕووخانە سیاسییە ناتوانرێت لە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا داببڕێت. جیهانی سەرمایەداری بەرەو قۆناغێکی نوێی کێبڕکێی ئیمپریالیستی دەچێت، کە تێیدا چین و ڕووسیا بە ئاشکرا داوای دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوز دەکەن و هەژموونی بلۆکی ڕۆژاوا تەحەدا دەکەن. بەریتانیا، وەک هاوپەیمانێکی پیر و پاشەکشەخواز، باجی ئەم جەنگە ئابووری و سەربازییانە لە گیرفان و بژێویی کرێکاران دەردەهێنێت. تێچووی چەکداریی خەیاڵی و ئەو هەڵاوسانەی کە لە ململانێی وزە و بازاڕە جیهانییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی لەرزۆککردنی کابینە وزارییەکان لە لەندەن. بۆرژوازیی بەریتانی لە نێوان بەرداشی کێبڕکێی جیهانی و ناڕەزایەتیی ناوخۆییدا، چیتر ناتوانێت هاوسەنگییەکی جێگیر دروست بکات، ئەمەش وای کردووە کە هەر سەرۆکوەزیرانێک بێت، پێشوەختە مۆری شکستی لێدرابێت.
دیارە ئەم داڕووخانە سیاسییە لە لەندەن، تەنها قەیرانی ناوخۆیی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی تری “نەخۆشییە گشتییەکەی ڕۆژاوا”یە. لە فەرەنسا، سیستمە سیاسییەکەی ماکرۆن لەبەردەم هەڕەشەی جددیی حزبی “کۆبوونەوەی نیشتمانی” (بە ڕێبەرایەتی مارین لوپان) دایە، و لە بەریتانیاشدا حزبی “ڕیفۆرم یوکەی” (بە ڕێبەرایەتی نایجل فاراج) وەک جێگرەوەیەکی ڕاستڕەوی توند دەرکەوتووە. هەردوو ئەم بزووتنەوانە یەک جەوهەریان هەیە: ئەوان ناسیۆنالیزم و کینەی دژ بە کۆچبەران بەکاردەهێنن وەک چەکێکی ئایدۆلۆژی بۆ شاردنەوەی قەیرانی ڕاستەقینەی سەرمایەداری. ئەرکی فاراج و لوپان ئەوەیە کە تووڕەیی چینی کرێکار لە دژی “سەرمایە” لابدەن و بەرەو “بێگانە” و “سنوورەکان” ئاراستەی بکەن، تا جەماوەر نەتوانێت ڕێگەی ڕزگاریی ڕاستەقینە ببینێتەوە.
ئەم شانۆگەرییەی گۆڕینی بەردەوامی دەموچاوەکان، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر پووچیی دیموکراسیی پەرلەمانی. بە خەڵک دەوترێت کە ئەوان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن، بەڵام لە واقیعدا بڕیارەکان لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دەدرێن. ئەمە نیشان دەدات کە “سندوقی دەنگدان” تەنها ئامرازێکە بۆ شەرعییەتپێدانی دیکتاتۆریەتی سەرمایە. کاتێک باڵی “ناوەند” (وەک ستارمەر و ماکرۆن) شکست دەهێنن، بۆرژوازی پەنا دەباتە بەر ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان (وەک فاراج و لوپان) تا بە دروشمی “سەروەریی نیشتمانی” تەمەنی ئەم سیستمە پڕ لە قەیرانە درێژ بکەنەوە.
ئەم دەسەڵاتە تەنها بە زەبری هێز و یاسا حوکم ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی داگیرکردنی مێشکی کۆمەڵگەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. وەک مارکس دەڵێت: “فیکری زاڵی هەر سەردەمێک، فیکری چینی دەسەڵاتدارە”؛ لێرەشەوە بۆرژوازیی بەریتانی لە ڕێگەی سیستمە میدیایی و پەروەردەییەکانییەوە، هەوڵ دەدات “بێئومێدی” وەک واقیعێکی زانستی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. لە ژێر دەسەڵاتی کییەر ستارمەردا، فیکری “هیچ بەدیلێک بۆ سەرمایەداری نییە”(TINA) وەک تاکە عەقڵی سەلیم نیشان دەدرێت، تاوەکو هەر بیرۆکەیەکی سۆشیالیزم و گۆڕانکاریی بنەڕەتی بە “خەیاڵپڵاوی” لەقەڵەم بدرێت. ئەوان بە بڵاوکردنەوەی چەمکی “بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی”، وا لە کرێکاران دەکەن کە هەژاری و بێکاری وەک شکستی کەسیی خۆیان ببینن نەک شکستی سیستمەکە. ئەمە جەنگێکی ئایدۆلۆژیی قووڵە بۆ ئەوەی جەماوەر لە جیاتی تێکشکاندنی ئەم بازنە چەقبەستووە، تەنها خەریکی گۆڕینی شێوازی “بەڕێوەبردن” و تەسلیمبوون بە دیسپلینە داراییەکانی بازاڕ بن.
لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی ڕادیکاڵەوە، کێشەکە لە تاکەکەسەکاندا نییە، بەڵکو لەو پێکهاتەیەدایە کە تاکی چەوسێنەر بەرهەم دەهێنێت. ئەگەرچی بۆرژوازی تووشی داڕووخان بووە، بەڵام ئەمە بە تەنها نابێتە هۆی ڕزگاری. مەترسییەکە لێرەدایە کە بەهۆی نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی سۆشیالیزم و ڕێکخراو، تووڕەیی جەماوەر لەلایەن ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانەوە بقۆزرێتەوە. چارەسەری ڕاستەقینە لە ڕێگەی گۆڕینی سەرۆکێک بە سەرۆکێکی تر نایەتە دی، بەڵکو لە ڕێگەی گۆڕینی بنەڕەتیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتەوە دەبێت.
لەکۆتاییدا، ئەم دەیەی پڕ لە پشێوی، پێشەکی قۆناغێکی نوێیە. قۆناغێک کە تێیدا ڕوکاری جوانی لیبرالیزمی ڕۆژاوایی لێ دەبێتەوە و ناوەڕۆکە نادادپەروەرەکەی دەردەکەوێت. بۆرژوازیی ڕۆژاوایی چیتر ناتوانێت بە شێوازی کۆن فەرمانڕوایی بکات، و چینەکانی خوارەوەش چیتر ناتوانن بە شێوازی کۆن بژین. ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی دەسەڵاتداران، تەنها لەرینەوەی پێش بوومەلەرزە کۆمەڵایەتییە گەورەکانن. تەنها “ئیرادەی هۆشیارانەی چینی کرێکار” دەتوانێت لەسەر کەلاوەکانی ئەم سیستمە، جیهانێکی نوێ و ئازاد بونیاد بنێت.