ڕێککەوتنی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئاسۆکانی داهاتوو…نووسینی: ئیبراهیم حسێن
گرژی و ململانێی سەربازیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە هەموو ئەو ئەنجامانەی لێی کەوتەوە، تا ڕادەیەک ڕۆژئاوا و ئەمریکای بەو قەناعەتە گەیاند کە ئاسۆی تێکەڵبوونی کۆماری ئیسلامی لە ناو ڕێکخستنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، ئەوەندە بێ کێشە و بێ تێچوو نییە کە پێشتر وێنا دەکرا. ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک؛ یەکەمیان ئەوە بوو کە سەلمێنرا ئەم بابەتانە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە وجوودیتر و بنەڕەتیترن کە بتوانێت بە ئاسانی دەستیان لێ هەڵبگرێت، هەر بۆیە ئامادەن هەموو شتێک بخەنە سەر مێزی قومار و ئاستی مەترسییەکان تا دەتوانن بەرز بکەنەوە.
بۆ کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران ڕوون بوو کە ئەو مەرجانەی ڕۆژئاوا دەیانەوێت بۆ قبووڵکردنی ڕژێم وەک دیاردەیەکی “تێکەڵبوو” لە ناو پێکهاتەی سەرمایەداریی جیهانیدا، بە ئەگەری زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی پرسی مانەوەی ڕژێمەکە لەو شێوەیە ئێستای خۆیدا بگۆڕێ بە پرسێکی حەتمی، چونکە ئەو ڕەوەندە هەر ئەوەندەی دەستی پێکرد ئیتر بەرپێگرتنی مەحاڵ و ڕەنگە تا دوا خاڵی خۆی دەڕوا و کۆنتڕۆڵکردنی لە توانا دا نییە. ئەم نائارامییە لە ڕەفتاری باڵ و باندەکانی ڕژێمدا بەدی دەکرێت؛ تەواوی ڕژێمەکە چووەتە ژێر چەتری سوپا و کارەکتەرێکی نیوە مردوی شاراوەیان بۆ ویلایەت دەستنیشان کرد تا بڕیار و هەڵسوکەوتی ئەم قۆناغەی بە ناوەوه ئیمزا بکەن .
ئێستا وا دەردەکەوێت ئەو عەقڵمەندانەی تڕامپ باسی دەکردن لە ناو ڕژێمدا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەتوانێت ڕێگایەکی ئارامتر بێت بۆ پرسی مانەوە . ئەم جۆرە تەبایی و لێک تێگەیشتنە لانی کەم دەرفەتێکی تر بۆ کڕینی کات بە باڵەکانی ڕژێم دەدات و لە لایەکی تریشەوە، دەتوانن لە ناوخۆدا وەک سەرکەوتن بە چینی کرێکار، ژنان و ئەو مرۆڤایەتییەی کە ڕۆژمێری کۆتاییهێنان بە ڕژێم دەکەن، بیفرۆشنەوە.
دووڕیانی کۆماری ئیسلامی:
جگە لەوەی کە ئایا پۆزی “سەرکەوتن” کە ڕژێم لە گرژییەکانی ئەم دواییەدا لێی دەدات چەند ڕاستە یان وەهمە، واقیعەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە دووڕیانێکی یەکلاکەرەوە. ئایا کۆماری ئیسلامی مەرج و پێویستییەکانی بوون بە دەوڵەتێکی “تێکەڵبوو” لە ئابووری و سیستەمی ئەمنی ناوچەکەدا تێدایە؟ ئەگەر ئەم ڕێگایە هەڵبژێرێت، واتە دەبێت دەستبەرداری “هەناردەکردنی شۆڕش” و پەروەردەکردنی باندەکانی سەر بە سوپا ببێت، دەست لە عێراق و لوبنان هەڵبگرێت و دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل و جیهاد دژی ئیستکبار بپێچێتەوە. ئایا هیچ باڵێک لە ناو ڕژێمدا هەیە کە توانای بەرگەگرتنی تێچووی ئەم وەرچەرخانە ستراتیژییەی هەبێت؟
یان ئەوەتا هەمان ڕێبازی “ویلایەتی فەقیهـ” و بە بارمتەگرتنی وڵاتانی ناوچەکە و حوکمی سوپا هەڵدەبژێرێت، وەک ڕێگایەکی کەم تێچووتر بۆ مانەوەیەکی کورتخایەن.
واقیع ئەوەیە کە هیچ باڵێک لە ناو ڕژێمدا ئیرادەی تێپەڕین لەم دووڕیانەی نییە. ڕژێم لە تەڵەی ماهیەتی خۆیدا گیریکردووە. هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ڕۆژئاوا، تەنها کڕینی کاتە. ڕاستییە سادەکانی ژیان و ناکۆکی چینایەتی و پێگەیشتنی پڕۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی پێویست بۆ ئاڵوگۆڕێکی گەورە و تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێراندا، زۆر لە مانۆڕە دیپلۆماسییەکان بەهێزترن.
چینی کرێکار، ژنان و بزووتنەوەی خوازیاری ڕزگاریەکی متمدنانە، بە حیکایەتەکانی سەرکەوتنی درۆینە ئیتر بۆ ماوەیەکی درێژ بێدەنگ ناکرێن؛ لە ڕوانگەی ئەو مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمەتکێش وە بۆ ئەوان، پرسەکە تەنها ڕێککەوتنی سیاسی نییە، بەڵکو مافی ژیان و ئازادی و کۆتاییهێنانە بەو چەوسانەوەیەی کە لەژێر سێبەری ئەم ڕژێمەدا بەردەوامە. جەنگی کۆتایی، نەک لە ژوورەکانی دانوستانی نێودەوڵەتی، بەڵکو لە شەقامەکانی تاران و ناوەندەکانی تێکۆشانی سەرتاسەری ئێراندا یەکلایی دەبێتەوە.